خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / له بەر درگای ژوورێک تایبەت بە خۆ

له بەر درگای ژوورێک تایبەت بە خۆ

له بەر درگای ژوورێک تایبەت بە خۆ

وتارێک سەبارەت به ژنانی نووسەری کورد و هەر سێ ستەمی ڕەگەزێتی، نەتەوەیی و چینایەتی

نووسەر: ژینا مودەڕس گورجی

ژیان له بەر ڕۆشنایی ئەدەبیات باشتر دەناسرێ و لەگەڵ دیتراندا دابەش دەکرێت. جیهانی بێ ئەدەب، جیهانێکی ناشارستانی و نەزانه و باشترین تایبەتمەندییەکەی سازان و ملدانی مرۆڤ به دەسەڵاته. ئەم دنیایه دەبێته دنیایەکی غەریزەیی بۆ دابینکردنی پێداویستییه سەرەتاییەکان، ترس له نەناسراوەکان، ژیان تێکەڵ به تاریکی و ڕەشبینی دەبێ و مرۆڤ وا هەست دەکا ژیان هەمیشه هەر وا بووه و ناتوانێ بیگۆڕێت. ئەم وتەی یۆسا له کتێبی (بۆچی ئەدەب) له کابوس و مۆتەکەیەک دەچێت. و لەم مۆتەکەدا زۆرێک له ژنان ژیانیان تێدا به سەر بردووه. 

پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و چەندلایەنەی ئەدەب، دەسەڵات و ئازادییەکه که نکۆڵی لێ ناکرێت. و من لەم نێوەندەدا لەم داڵانه تاریکەدا به شوێن خۆم و به شوێن دایەگه ورە کانما دەگەڕم.

ویرجینیا وۆڵف؛ نووسەر، ڕەخنەگر، خاوەنی دەزگای چاپ و فیمینستی ئینگلیزی (۱۸۸۲-۱۹۴۱ زایینی) لە کتێبێکدا له بە ناوی “ژوورێک تایبەت بە خۆت” هۆکارەکانی ئەم بابەته تاوتوێ دەکا که بۆچی هەتا ئێستا ڕێژەی ژنانی ڕۆماننوس کەمه. کاتێک ئەم کتێبەم دەخوێندەوه ئەم پرسیاره له لام دروست بوو که یەکەمین نووسەری ژنی کورد کێ بوو؟ زۆرێک له ئێمه یەکەمین نووسەرە پیاوەکانی کورد دەناسین. عەرەب شەمۆ باوکی چیرۆکی مۆدێڕنی کوردییه. بەڵام یەکەمین نووسەری ژنی کورد کێیه یان کێ بوون؟ یان هەر ئێستاش که ئەم باسه دەخوێننەوه چەند دانه ژنی نووسەری کورد دەتوانن ناوبرده بکەن که کتێبەکانیان له کتێبخانه یان لە کتێبفرۆشیدا هەیه؟ ویرجینیا وۆڵف بۆ گەڕان به دوای پرسیارەکانیدا کتێبخانەیەکی مەزنی هەبوو سەرەڕای ئەوەی تاکه ژنی توێژەری کتێبخانه بوو چەندین کاتژمێری بۆ خوێندنەوه و تێڕامان، لێبکۆڵم و شیکاریی ئەم بابەته تەرخان دەکرد. بەڵام ئەگەر هەر کام له ئێمه بمانهەوێ سەبارەت به ژنانی نووسەری کورد لێبکۆڵین بکەین سەرچاوەی کەم و سنووردارمان له بەر دەسته. چوونکه ئێمه وەک کورد به هۆی هەلومەرجی سیاسی، جوگرافی و ئابووری وەکوو ئینگلەندییەکان خاوەن نەتەوەی خۆمان نەبووین. _ ئەگەرچی یەکێک له هۆکارەکانی ئەم بابەته ئینگلەنده._  من هەموو لاپەڕەکانی پێڕەستی کتێبە مێژووییەکانی مێژووی ئەدەبی کوردیم هەڵداوه: مێژووی ئەدەبی کوردی نووسینی مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی نووسینی مامۆستا عەلائەدین سەججادی، مێژووی ئەدەبی کوردی له سەرەتاوه هەتا جەنگی جیهانیی یەکەم له نووسینی جەماڵ ئەحمەدی. گێرانەوەی مودێرنی کوردی له نوسینی فەرهاد شاکلی. پێڕستێکی دوور و درێژم له پیاوانی نووسەر، شاعیر، نوسەر، مێژوونووس و…. بینی. جگه له ناوی مەستوورەی ئەردەڵان که شاعیر و مێژووزانه ناوی هیچ ژنێکی دیکەم لەم پێڕستانەدا بەدی نەکرد. من وەک ئافرەتێک لە چیرۆک، ڕۆمان و شێعرهای زۆرێک بووم. منی ئافرەت وەک دۆست، عاشق و هاوسەر، وەکوو شەڕڤانانی ڕێگەی ئازادی و قوربانیان ڕۆڵم بینیوه و ئۆبژه بووم. بەڵام وەک داهێنەری بەرهەمێک ناوم تۆمار نەکراوه و سووبژه نەبووم. ئێوه سەیر کەن دەڵێم تۆمار نەکراوه. چوونکه بێگومان من هەقایەتبێژ، خەیاڵپەروەر و بیرمەند بووم بەڵام وەکوو بەشێکی زۆری کوردستان بەڵگەی نووسراو له بەر دەست نییه.

چیرۆک، خەیاڵ و بیری من زارەکی بووه. وڵامی پرسیارەکانم له شوێنێکی بیرەوەری، له سوچ و قوژبنی کومێدێکی کۆن، له پەستووەکان، چێشتخانه، له سەر سەرینەکان، له گوێی ڕووبارێ، له قەدپاڵی چیایێ، له یادەوەریی کۆنی پیر و بەساڵاچوواندا چاوەڕوانه. به وتەی وۆڵف دەبێ له ژیانه فەرامۆشکراوەکاندا بۆی بگەڕێی، له ڕێڕەوە ڕووننەکراوەکانی مێژوو که پەیکەری چەندین نەوەی ئافرەتانی تێدا سڕدراوەتەوه. مێژوو؛ مێژووی ڕەچەڵەکی نێرینەیه. ئێمه سەبارەت به ڕابردووانی باوکیمان زانیارییمان هەیه ئەوان فڵان پۆستیان هەبوو، فڵان یاسایان جێبەجێ کرد، سەرباز یان کرێکار بوو، ئازادیخواز بوون و… بەڵام چی له بارەی ڕابردووانی دایکیمان دەزانین؟ هیچ بێجگە نەریت نەبێ! ئەو جوان بوو. داوێنپاک بوو. ئیماندار بوو. هاوسەرگیرییەکی مێژوویی هەبوو. خاوەنی چەند منداڵ بوو. دایکێکی نمونه بوو. ژنێکی بەوەفا و بەئەمەگ بوو. بەڵام من زانیاریی زیاترم دەوێ و بەرپرسایەتیی نەبوونی ئەم زانیارییانه له ئەستۆی نەریته. من بەردەوام بۆ ژنانی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی کورددا دەگەڕم.

یەکەمین ژنانی چیرۆک نووسی کورد کێ بوون؟

پرسیارەکانی خۆمم ئاراستەی کۆمەڵێ توێژەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆ کرد. هیچیان وڵامی منیان نەدەزانی. پرسیارەکەمم به کوردی و فارسی له گۆگل کرد بەڵام وڵامێکم دەست نەکەوت. پرسیارەکەم به ئینگلیزی له گوگل کرد وتارێکی دکتۆر هاشم ئەحمەدزادەم دۆزییەوه  و  تێگەیشتم وڵامی بەشێک له پرسیارەکانم له کتێبێک بە ناوی (زمان، ئەدەب و ناسنامە) له نووسینی هاشم ئەحمەدزادەیه.له وتارێکدا له ژێر ناوی ڕۆمانی کوردی و ژنانی ڕۆماننووس. لەم وتارەدا هاتووه که: نه‌سرین جەعفەری لە مەهاباد لە سالی ۱۹۹۸ واتە بیست و دوو ساڵ لەموبەر یەکەمین ڕۆمانی کوردی بە ناوی( بڵیند و نەوی)  چاپ بووە. ئەم ڕۆمانه ناوەڕۆکێکی مێژوویی، عاشقانه به تێمێکی کۆمەڵایەتییە کە بەتایبەت پرس و کێشەکانی ئافرەتانی له خۆ هەڵگرتووه. بەڵام دەچێته چوارچێوەی ڕۆمانه مێژووییەکان و هێمایەکی ڕوونی شێوازی ژیان و نەریتەکانی قۆناغێکی مێژووییه. ژیانی گوندنشینان، دەسەڵات و باڵادەستیی بێ‌پێچ و پەنای پیاوان له دەوری باوک، برا، شوو مێرد. فۆلکلۆرەکان. ئاستەنگەکانی ژیان، بوونی تۆخی خورافه، فرەژنی، جۆری پەیوەندییەکانی ژنان لەگەڵ یەکتر و باسەکانی پەیوەست به کورد و کوردستانه. ئەم ڕۆمانه به وێرژەنی ژنانەی قەڵای دمدمی عەرەب شەمۆ دەزانن. که لەم چیرۆکەدا دەوری ژنان لەو ڕووداوه مێژووییەی قەڵای دمدم پیشان دەدات.

دووهەمین ڕۆمان (کۆچ)ـه له نووسینی مەهاباد قەرەداغییه. مەهاباد قەرەداغی وەک ژنێکی شاعیر، و چالاکی بواری ژنان و کومەڵایەتی و زمانناس ناسراوە. ڕۆمانی کۆچ ڕۆمانێکی سیاسی کومەڵایەتییە.کاراکتێری یەکەمی ڕۆمان ژنێکی تەمەن بیست و پێنج ساڵانه بە نێوی نەورۆز. ئەو ژنێکی ڕچەشکێن و ئازادیخوازە. لەبەر نووسینی شێعرێک زیندانی دەکرێ و… . ئەم ڕۆمانە لە سویید چاپ  و بڵاو کراوه.

سێهەمین ڕۆمان «شەدەی سەرگەردان و کۆمەڵە چیرۆکی تەیر و ئەڤین و ئەژدەها» له نووسینی زەێنەب یووسفی لە سنەیە. کە له ساڵی ۲۰۰۳ چاپ بووە. ئەم چیرۆکه لە سەر ئەنفالە و ئەم ڕۆمانە وەک نموونەیەکی پۆستمۆدێرن له قەڵەم دەدرێت.

یەکەمین ژنان کوردیش کە بە ئینگلیسی کتێویان نوسی ئاڤا هوما و کازیوە سالح بون.لە سالی ۲۰۱۲ و ۲۰۱۱.کە هەردووکیان ئەندامی پێن و کاندیدی خەلاتی جیۆانی نەجیب مەحفوز و فرانک اوکانر بون.

ئەم مێژووانه کاریان کرده سەرم و منیان خسته بیر و تێڕامانەوه.

ژنانی کورد بوچە ئەونە دێر چیرۆکیان نوسی و بلاویان کردووه؟ 

ویرجینیا وۆڵف هەر لەو کتێبەدا هەندێک مەرج بۆ به نووسەربوون به گرنگ دەزانێت. ژوورێک تایبەت بە خۆت که ناوی کتێبەکەیه یەکێک لەم مەرجانەیه. ژوورێک تایبەت بە خۆت چەند مانا و ڕەهەند له خۆ دەگرێت. ڕەهەندی ئابووری؛ ژنێک که سەربەخۆیی ئابووری هەیه بۆ ئەوەی بتوانێ ژوورێکی تایبەت به خۆی هەبێت. ئاسوودەیی؛ ئەم ژنه دەبێ هەندێ کاتی تایبەت به خۆی هەبێ بۆ ئەوەی بیر بکاتەوه، خەیاڵپەروەری بکا، بخوێنێتەوه و لەم ژوورەدا سەبارەت به خۆی بنووسێ، بخوێنێتەوه؛ واته خوێندەواری هەبێ و به خوێندنەوه دەستی به سەرچاوه بگا، بیر بکاتەوه، خەیاڵپەروەری بکا، سەفەر بکا، هەڵسوکەوت بکا، تاقی بکاتەوه و… بۆ ئەوەی بنووسێ. ئەمانه بابەتی خوازیاری وۆڵف بوون. بێگومان ئەمانه پێویستن بەڵام ئەوەی منی خەمینتر و تووڕەتر دەکرد ئەوە بوو که یەکەمین مەرجی گرنگ بۆ نووسەربوون نووسین و خوێندەوه بوو و ئێستاش وایه که ڕابردووانی دایکی و دایەگه ورە کانمان لێی بێبەش بوون. هەم مافی خوێندن و خوێندەواربوون و هەمیش خوێندن به زمانی دایکی. بێبەشیی لە خوێندن به زمانی دایکی له خوێندەن یان له قوتابخانه یەکێک له هۆکارەکانی دیکەیه. فارسی، تورکی و عەرەبی له زمانه سەپێنراوەکانی دیکەن. تەنانەت له ئێستاشدا ئەو ژنانەی که نووسەرن و چیرۆک و ڕۆمان دەنووسن و کتێب چاپ دەکەن زۆربەیان لە ئێران به زمانی فارسییه چوونکه ئەوان له قوتابخانه به فارسی، عەرەبی، تورکی فێری خوێندن بوون. هەر له منداڵییەوه هەتا زانکۆ بەم زمانانه ئینشایان نووسیوه. بەرهەمی به ناوبانگی ئەدەبی جیهانیان به زمانێک خوێندۆتەوه که زمانی کورد نەبووه. ئەگەرچی له ئێستادا به خۆشحاڵییەوه به هۆی بوونی زانکۆی نادەوڵەتی و زانکۆ و پەروەرده له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بارودۆخەکە گۆڕانی به سەردا هاتووه.

من “سیاسەت و دەسەڵاتێک تایبەت به خۆ”ش به چەمکی ژوورێک تایبەت به خۆت زیاد دەکەم. کوردستان له درێژایی مێژوودا به هۆکاری دیاریکراوی سیاسی، ئابووری له بارودۆخێکی باشدا نەبووه. له درێژایی مێژوودا نایەکسانی و ستەمی نەتەوەیی و له پاڵیشیەوه پیاوسالاری و چینایەتی ئەم سێ ستەمە له پاڵ یەکتر وای کردووه یەکەمین ڕۆمانی ژنی کورد هی  بیست و دوو ساڵ بەر له ئێستا بێت. وەک وترا بە هۆی ڕەگی ئەو سێ ستەمە، له کوردستانیش هاوشێوەی زۆر شوێنی تر  ئاسایش و ئێمکانات بۆ ڕەگەزێک و نەبوونی ئاسایش و ئێمکانات بۆ ڕەگەزەکەی دیکه بووه. دایکانی ئێمه سیاسەتمەداران، پێشمەرگەکان، پیشەسازان، کرێکاران، ئازادئەندێشان، شاعیران و نووسەرانیان بە دونیا هاورگە بەڵام خۆیان مافی خوێندن، ئازادی و سەربەخۆیی ئابوورییان نەبووه.

ئێمه له کوردستان هەژاریی ئابووری و کۆمەڵایەتیمان لەبەر هۆکاری سیاسی و ستەمی نەتەوەیی به ئەزموون کردووه و به هۆی پیاوسالاریش ستەم ڕەگەزێتیمان تاقی کردۆتەوه که هەر هەموویان پێکەوه له پەیوەندیدان و یەکتر بەهێز دەکەن. بارودۆخی ژنان له کوردستان بۆ من بارودۆخێکی لێکدژانەیه. 

مەگی هام  دەڵێ: ژنان له سۆنگەی نێوان‌کەلتووری، له هەندێ بێچمی دەسەڵات له بڕیاردان و دەوره کۆمەڵایەتییەکان سوودمەند دەبن. بەڵام به هۆی ئەوەی چالاکیی پیاوان چەقی بەهای کەلتوورییه له هەموو کەلتوور و فەرهەنگەکاندا سەرچاوەی شەرعێتیدان به دەسەڵاتیش پیاوانن.

ئێمەی ئافرەتانی کورد له  زۆر ڕووەوه پێگەیەکی تایبەت و  باشمان بووه و ئێستاش هەمانه.خۆمان له پیر و بەسڵاچووانی بنەماڵاەمان بیستووه و بینیومانه و هەروەها ڕۆژهەڵاتناسانێکی وەکوو “تۆمابۆوا”، “نیکتین”، “میجێرسۆن”، “مینۆرسکی” و “ویچۆلیسکی” که سەردانی کوردستانیان کردبوو له نووسراو و کتێبەکانیاندا باسیان له ئازادی و بووێریی ژنانی کورد کردووه. ئەوان نووسیویانه پۆشاک و حیجابی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی دیکەی نەتەوەکانی دەوروبەریان جیاواز و تایبەت بووه. ڕووخۆشی، له ناو کۆمەڵبوون، پێداگریی له سەر هەڵپەڕکێی ژن و پیاو له تایبەتمەندییه باسکراوەکانی دیکەیه. هەروەها کاتێک که دایکێک بوێر و سەرکەوتوو بوایه منداڵەکانی بەتایبەت کوڕەکانی به ناوی دایکیانەوه دەناسران. بەڵام له هەمان کاتدا به هەر ڕەگ و بنچینەیەکەوه له زۆر ڕووەوه ڕووبەڕووی دۆخی نایەکسان بووینەتەوه ئەو کێشانەی که داوێنگیری ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی خۆرهەڵاتی ناڤین و ئاسیا بووه داوێنی ئێمەی ئافرەتانی کوردیشی گرتووه: وەکوو هاوسەرگیریی ناچاری، تەڵاقی ناچاری، سونەت کردن fgmیان خەتەنە، خۆسووتاندن، ژنکوژی، قەتڵی نامووسی، دووگیانبوونی نەخوازراو، به ئەزموونکردنی توندوتیژیی جۆراوجۆر، میرات و دییەی نایەکسان، بێبەشبوون لە خوێندن، دەستڕاگەیشتنی نایەکسانانه به سەرچاوەکان و … . ئەم ژنه چۆن دەتوانێ کتێب بنووسێ؟ ئەویش ڕۆمان و چیرۆک؟ 

دایەگه ورەکانمان که زۆریان خوێندەواریی نووسین و خوێندنەوەیان نەبووه. و هەر ئێستاش که ئەم دەقە دەخوێننەوه زۆر ژنی گەنج هەن که هێشتا خوێندەواریی خوێندن و نووسینیان نییه. ئەم ژنه گەنجانه که به هۆکاری ئابووری و کەلتووری که ڕەگەکەی دەچێتەوه سەر سیاسەت له خوێندن دابڕاون. بەتایبەت کچان له گوندەکان. زۆربەمان له دایەگه ورەکانمان یان دیکەی ئەو ژنانەی که خوێندەواریی نووسین و خوێندنەوەیان نەبووه بیستوومانه که پێیان وتوون خوێندن چ سوودێکی بۆ ژن هەیه؟ به نیازن نامەی خۆشەویستیی بۆ پیاوان بنووسن؟ بەڵام ئەوان دەیانوت ئێمه خوێندەواریمان بۆ خۆمان دەویست بۆ ئەوەی ژیانێکی باشترمان هەبێت مەگەر جیاوازیی ئێمه لەگەڵ براکانمان چییه؟! بەڵام پیاوسالاری ئەوەندەی دەسەڵات هەبوو که مافی خوێندن و نووسین له نەنکەکانمان زەوت بکات. چوونکه باش دەیزانی خوێندن و نووسین یەکێک له ڕێگه گرنگەکانی گەیشتن به ئازادییه و ئازادیی ژنان بۆ هەموو ستەمەکان مەترسیداره. بەلام ژنان و پیاوانی زوربش بوون کە هەولیان ئەدا بو مافی ەوێندن بو کەنیشکەکان وەکو: مەریەم شامسر لە بنەمالەی ئەردەلان لە سنە ۱۳۱۹، حەبسە خانی نەقیب۱۹۲۴-۱۸۹۱ لە سلێمانی، حاجی قادری کویی، موفتی پێنجوێنی، کەزازی لە کرماشان ۱۳۰۲، عالە خانم جاف ۱۹۲۴-۱۸۵۹ لە هەلەبچە ، روشەن بەدرخان ۱۹۱۳ لە قەیسەریە و….

بەلام هەر هەموو ئەم کەسانه له سەردەمی ژیانی خۆیاندا سەر بەو بنەماڵانه بوون که هەم له چینی مامناوەند بوون و هەم به جۆرێک له جۆرەکان دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییان هەبوو. حه‌تا مەستوره ئەردەلانیش کە تەنیا ژنێکە لە کتێبەکانس میژوی ئەدەبی کوردی ناوی هەس لە بنەمالەی قادری و جا ئەردەلان بوو. کە بنەمالەیک دولەمەن و سەر بە دەسەلات بوونی ئه گەرچی ئەمانه له بەهاکانیان کەم ناکاتەو. بەڵام چ ئەم ئافرەتانه چ دایکانی ڕابردوومان خاوەن و هەڵگری ئەدەبی زارەکی بوون. هەکایەت، ڕاز، شێعر، مەتەڵ، شینگێڕی و….که پشتاوپشت گوازراونەتەوه. هەموومان هەکایەتمان له دایەگه ورەکان خۆمان له بیر ماوه و ئەوانیش له نەنکەکانی خۆیان، بەڵام هەر هەموویان قەدەغەکراو بوون. قەدەغەکراو له  نووسین و خوێندنەوه. قەدەغەکراو لەو بابەتانەی که پێشتر باس کرا و به وتەی باتلەر قەدەغەکردن: بێچمێکی دەسەڵات، پێکهاتەیەکی مێژوویی دیاریکراوه. و پێکهاتەکانی بەشخوراوی کاریگەری له سەر بێچمگرتنی شوناس دادەنن. شیلا ڕۆبۆتام له کتێبی ژنانی تێکۆشەر سەرچاوەی دەسەڵات له وشیاری و زماندا دەزانێت. ناوبراو دەڵێ دەسەڵات بەشێکه له سرووشتی زمان و زمان خۆی ئامرازی باڵادەستییه.

ئەوەیکه ژنان له چ هەلومەرجێکدا ژیان به سەر دەبەن وڵامی ئەم پرسیارەیه که بۆچی یەکەمین ڕۆمانی ژنی کورد هی بیست و دوو ساڵ لەمەوبەرە. پێداگریی تەواو، بێ پێچ و پەنا و ئیغڕاقییانه له سەر پاکداوێنیی ژنان له درێژایی مێژوودا وای کردووە کە هەست و ئەزموونی کونجکۆڵی، خەیاڵپەروەری ئاواتی نووسەرایەتی له ژنان زەوت بکرێت. زەینی نووسەر و هونەرمەند دەبێ ئازاد و ئازادئەندێش بێ. دەبێ بڵێسەدار و ئاژاوەیی بێت. خاکەڕا و وەفادار به سیاسەت و نەریت نەبێت. سەرکەش و لاسار بێت.  و له درێژایی مێژوودا زۆربەی ئەم چەشنه ژنانه سڕێنراونەتەوه و ئافرەتانی دیکه له ترسی سڕاندنەوه وازیان هێناوه. بیر له خوشکی عەرەب شەمۆ، مارف خه‌زنه‌دار، عەلائەدین سەججادی، قزڵجی و… دەکەمەوه کە له چ بارودۆخێکدا بوون. و زۆر ئافرەتی دیکه که ئەگەر هەلومەرجیان لەبار بووایه دەیانتوانی ئاسەواری زۆر و جیاواز بخولقێنن بۆ ئەوەی پەیوەندییمان لەگەڵیان نەپچڕابایه. ئەوانە تێپەڕی بەڵان له ئێستادا ژنانی نوێ نه تەنیا پەیوەستێک له سەر مێژوو دەنووسن بەڵکوو دەیانهەوێ سەر له نوێ مێژوو بنووسنەوه. ئەوان ڕەخنه له دەسەڵات دەگرن، دەیناسن، له دژی دەوەستنەوه و خۆیان دەسەڵات دەگرنه دەست و ئەنووسن و ئەنووسن و ئەنووسن. خوێندن و نووسینی ژنان له گرنگترین ڕێگاکانی ئازادیبەخشیی ژنان له هەموو کۆمەڵگاکانه.

_______________

سەرچاوەکان:

– ئەحمەدزادە هاشم، زمان، ئەدەب و ناسنامە، چاپه‌مه‌نی مانگ

-شاکلی فه‌رهاد، گێرانەوەی مودێرنی کوردی، چاپەمەنی مادیار

 -وولف ویرجینیا، اتاقی از آن خود، نوربخش صفورا، نشر نیلوفر

-یوسا ماریوبارگاس، چرا ادبیات،کوثری، عبدالله، نشر لوح فکر

– نجم عراقی منیژە و همکاران، زن و ادبیات، پژوهشی نظری درباره‌ی مسائل زنان، نشر چشمه

سەرچاوە: گۆڤاری “تفکر انتقادی”

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *