سه‌روا: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكاریی بهراوردکارییە له شیعری كوردیدا، دوکتۆر عه‌زیز گه‌ردی، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر ١٩٩٩، ٣٧٢ لاپه‌ڕه.
دوکتۆر فه‌ره‌نگیس قادری
?هه‌ڵسه‌نگاندنی کتێبی “سه‌روا: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكاریی بهراوردکارییە له شیعری كوردیدا”
كتێبی سه‌روا كه نامه‌ی دوكتورای عه‌زیز گه‌ردییه، لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی فراوانی سه‌روا یان قافیهیە له شیعری كوردی له سه‌ره‌تاوه تا سه‌ده‌ی بیسته‌م. عه‌زیز گه‌ردی ره‌خنه‌گر و نووسه‌رێكی زۆر وردەکاری کارایە كه فراوانی و قووڵایی كاره‌كانی له زۆربه‌ی ره‌خنه‌گرانی كورد جیاوازی ده‌كات. سه‌روا به‌رهه‌می ماندووبوونی چه‌ندین ساڵه و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی دیوانی زیاتر له ٦٤ شاعیری كلاسیك و نوێیه له هه‌ر سێ زاراوه‌ی سۆرانی، كرمانجی، و هه‌ورامیدا. ئه‌گه‌رچی رێژه‌ی شاعیرانی سۆرانی له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا زۆرتره، به‌ڵام هێشتا به به‌راورد له گه‌ڵ به‌رهه‌می دیکەی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، چ به سۆرانی و چ به كرمانجی، یه‌كێك له فراوانترین به‌رهه‌مه‌كانه له رووی گرینگی دان به ئه‌ده‌بی كوردی بە زاراوه جیاوازه‌كان. له گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی شانزه ساڵ له بڵاوبوونه‌وه‌ی، سه‌روا به‌رده‌وام گرنگترین سه‌رچاوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌روای كوردی بووه. به‌داخه‌وه سه‌روا دووباره چاپ نه‌بووه‌ته‌وه و هه‌رئه‌وه‌ش وای كردووه ده‌ست خستنی كارێكی زه‌حمه‌ت بێت.
له كوردیدا زۆر كه‌م له سه‌ر سه‌روا نووسراوه، بۆیه كتێبی سه‌روا وه‌كوو یه‌كه‌م هه‌نگاوی زانستییانه بۆ ناسینی سه‌روای كوردی و رۆڵی له هه‌ڵبه‌ستی كوردیدا، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له دیراساتی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی پڕ كردوه‌ته‌وه. هه‌روا به ده‌رخستنی ورده‌كارییه‌كانی سه‌روای كوردی ده‌رفه‌تی پێداچوونه‌وه و ساغ كردنه‌وه‌ی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی دروست كردووه كه زۆرجار به هۆی ناشاره‌زایی ئه‌و كه‌سانه‌ی دیوانه‌كانیان چاپ كردووه پڕن له هه‌ڵه‌ی ره‌وانبێژی. گه‌ردی پێویستیی پێداچوونه‌وه‌ی دیوانه شێعرییهكان وه‌كوو یه‌كێك له هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی سه‌روا ناو ده‌بات، هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه هه‌تاكوو ئێستا ئه‌م مه‌سه‌له زۆر سه‌رنجی ره‌خنه‌گری كوردی رانه‌كێشاوه.
كتێبەکە له چوار به‌ش پێك دێت: به‌شی یه‌كه‌م وه‌كوو زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له باشووری كوردستان پێناسه‌ی گشتیی بابه‌ته‌كه، واتە سه‌روایه، له شیعری جیهانیدا كه زیاتر زانیاریی گشتییه و به‌شی دووهه‌م دێته سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی سه‌روای شیعری كوردی و سه‌روا له ئاستی ده‌نگ و وشە. به‌شی سێهه‌م چۆنییه‌تی دابه‌شبوونی سه‌روا له دێڕ و جۆره شیعرییه‌كاندا، وه‌كوو قیتعه و غه‌زه‌ڵ و قه‌سیده، باس ده‌كات و له به‌شی چواره‌م نووسه‌ر هه‌وڵی نیشاندانی په‌یوه‌ندی نێوان سهرواناسی و ره‌وانبێژی ده‌دا و كه‌م و كورتییه‌كانی سه‌روای شیعری كوردی و هۆی روودانیان روون ده‌كاته‌وه.
له ده‌ستپێكی كتێب گه‌ردی ئاماژه‌یه‌كی ره‌خنه‌ییانه به‌و به‌رهه‌مانه ده‌كات كه پێش ئه‌و له سه‌ر سه‌روا نووسراون و هه‌ڵه‌كانیان نیشیان دەدات. بۆ نموونه، ئاماژه به كتێبی ئه‌نجومه‌نی ئه‌دیبانی ئه‌مین فه‌یزی (١٩٢٠) ده‌كات كه له باسی مه‌وله‌وی به‌كارهێنانی سه‌روای موتهناوب به جێگه‌ی سه‌روای مه‌سنه‌وی له قیتعهیهكدا له گه‌ڵ شیعری” فه‌ڕه‌نگ”ی به‌راوه‌رد ده‌كات، و چونكه دڵنیایه مه‌وله‌وی نموونه‌ی وای له كه‌س نه‌دیوه به “حوسنی ته‌بیعه‌تی” شاعیری گرێ ده‌دات. گه‌ردی، لێكدانه‌وه‌كه‌ی فه‌یزی، كه له زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان له سه‌ر مه‌وله‌وی دووپات بووه‌ته‌وه، ره‌د ده‌كاتەوە و نیشانی ده‌دات كه هۆكاری ئه‌و جۆره سه‌روایه “ناچاری” و “قافیه ته‌نگی” بووه، نه‌ك لاساكردنه‌وه‌ی شیعری فه‌ڕه‌نگی یان حوسنی ته‌بیعه‌تی (ل ١٢). گه‌ردی به دروستی گرفتی گه‌وره له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی پێشوو، و له نه‌تیجه، نهبووهنی زاراوه‌ی تایبه‌ت به سه‌روا ده‌زانێت، بۆیە ناچار دەبێت له به كارهێنانی زاراوه‌ی عه‌ره‌بی، فارسی و ئه‌وروپی (ل ١١). نووسه‌ر له ده‌ستپێك كۆمه‌ڵێك زانیاری گرینگ سه‌باره‌ت به وشه‌ی سه‌روا، و زاراوه هاوماناكانی (وه‌كوو “قافیه” و “دواخشت” و … هتد)، و مێژووی به‌كارهێنانیان له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌خاته روو. هه‌روه‌ها به كورتی مانای سه‌روا لای شێخ نووری، سه‌جادی، و خه‌زنه‌دار، و ریشه‌ی بۆچوونه‌كه‌یان روون ده‌كاته‌وه.
له به‌شی یه‌كه‌می كتێبەکە، نووسه‌ر باسی ئه‌ركی سه‌روا له شیعر و زه‌رووره‌تی بوون یان نه‌بوونی ده‌كات. له‌م به‌شه‌دا گه‌ردی شاره‌زاییه‌كی ورد له سه‌ر سه‌روا له شیعری عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌وه‌ی له سه‌ر سه‌روا به‌م زمانانه نووسراوه نیشان ده‌دات و تێبینییهكانی به ئاماژه پێدان به سەرچاوەی عه‌ره‌بی، فارسی، و ته‌نانه‌ت ئینگلیزییش، ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات. به‌مه‌ش كتێبی سه‌روا نه ته‌نیا ده‌بێت به مه‌رجه‌عێكی گرینگ له سه‌ر سه‌روای كوردی، به‌ڵكوو ده‌بێت به مه‌رجه‌عێكی گرینگ له سه‌ر سه‌روا به زمانی كوردی. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر زانیارییه‌كی گشتی له سه‌ر سه‌روا له ئه‌ده‌بی لاتینی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، فارسی، عه‌ره‌بی، عیبری، و سریانی پێشكه‌ش ده‌كات. تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرینگی گه‌ردی ئه‌وه‌یه كه به به‌ڵگه قسه ده‌كات وهه‌ر بۆچوونێك تاقی ده‌كاته‌وه. بۆ نموونه له‌م به‌شه‌دا كاتێك پێوه‌ندی سه‌روا (به تایبه‌ت ڕه‌وی) به كێشی شیعره‌وه تاوتوێ ده‌كات، “زانستیترین شێوازی” دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به ده‌رخستنی جەدوەلێکی فراوان له سه‌ر هه‌موو شیعری كوردی ده‌زانێت، به‌ڵام چونكه ئه‌وه له به‌ر زۆری به‌رهه‌م زه‌حمه‌ته، له ئاستی تاكه شاعیرێك (له نالی دا) ئه‌نجامی ده‌دات (ل ٥٦-٥٧). له‌و جەدوەلە گه‌ردی ده‌ری ده‌خات كه نالی ته‌نیا ٧ كێشی به‌كارهێناوه، كه چواریان (ته‌ویل، ره‌جه‌ز، موجته‌س، به‌سیت) هه‌ركام ته‌نیا یه‌ك هۆنراوه‌یان پێ داڕێژراوه و هه‌زه‌ج، ڕهمهڵ، و موزاریع زۆرترین رێژه‌یان هه‌یه. هه‌روه‌ها له جهدوهلهكه رێژه‌ی به‌كارهێنانی ڕه‌وی جیاجیا له سێ كێشی سه‌ره‌كییه‌كه ده‌خاته روو. له كتێبی سه‌روا چه‌نده‌ها جه‌دوه‌لی وای تێدایه كه ئاماده‌كردنی هه‌ركامیان ماندووبوونێكی زۆری پێویسته. تاقه‌ت و وردبینی وا له به‌رهه‌می هیچ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرێكی تری كورد نابینرێت.
له كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م گه‌ردی جۆره‌كانی سه‌روا ده‌ست نیشان ده‌كات و ورده‌كارییه‌كی زۆر ده‌نوێنێت (ل ٨٠-١٠٨). سه‌روا ده‌توانێت له روانگه‌ی ئاسۆیی و لایه‌نی وشه‌یی (سه‌روای سه‌ربه‌خۆ، موورهدهف، مه‌حجووب، مه‌حجووب موڕهددهف)، به پێی ژماره‌ی سه‌روا له ئاستی ئاسۆییدا (تاك سه‌روا، جووت سه‌روا، سه‌روای سییانه)، به پێی شوێینی ئاسۆیی وشه‌كانی سه‌روا له كشانی دێڕه شیعر (سه‌روای كۆتایی، ناوه‌وه و سه‌ره‌تا)، یان لایه‌نی ده‌نگ (به پێی دوا ده‌نگی سه‌روا، مه‌ودای ده‌نگه‌كان، جۆری ده‌نگه‌كانی سه‌روا، ده‌نگه‌كانی پێش ڕه‌وی، و كێشی زه‌رب) دابه‌ش بكرێت. هه‌ركام له‌م ئاستانه دیسان جۆری جیاجیایان هه‌یه كه گه‌ردی به نموونه روونیان ده‌كاته‌وه.
به‌شی دووهه‌می كتێب لێكۆڵینه‌وه‌ی سنوور و ره‌گه‌زه‌كانی سه‌روای شیعری كوردییه كه له سێ به‌شی ده‌نگه‌كانی سه‌روا، وشه‌كانی سه‌روا، تێكه‌ڵ بوونی كۆتاییه‌كان پێك دێت. له كوردیدا سه‌روا به‌بێ هه‌بوونی بزوێنێك یان دوان دروست نابێ، به‌ڵام بزوێنی درێژ ده‌توانێت به ته‌نیا ئه‌ركی سه‌روا ببینێت و ببێ به “ره‌وی” (ل ١١١). ره‌وی “دوا ده‌نگی بنچینه‌یی وشه‌ی ڕه‌سه‌نی سه‌روایه و هۆنراوه‌ی له سه‌ر بنیات ده‌نرێ … وه‌كوو هۆنراوه‌ی دالی و میمی و نوونی و …” (ل ١١٢-١١٣). ره‌وی له كوردیدا كۆمه‌ڵێك مه‌رجی هه‌یه كه گه‌ردی شییان ده‌كاته‌وه (هه‌مان لاپه‌ڕه). رەوی ده‌توانێت بزوێن (ا، ێ، ۆ،وو، وێ) یان نه‌بزوێن بێت و گه‌ردی به نموونه هه‌موو جۆره‌كانی نیشان ده‌دات. گه‌ردی نه‌تیجه‌ی لێكۆڵینهوهکەی له سه‌ر رێژه‌ی به‌كارهێنانی ده‌نگه‌كان (٣٧ ده‌نگ) له دیوانی ٦٤ شاعیری كلاسیك له جه‌دوه‌لێك پێشكه‌ش ده‌كات (ل ١٢٦) كه زۆر سه‌رنجڕاكێشه. گه‌ردی نیشانی ده‌دات كه مه‌حوی به به‌كارهێنانی ٣١ ره‌وی جۆراجۆر پله‌ی یه‌كه‌می له ناو شاعیران هه‌یه و مه‌ستووره به ٢ ره‌وی ئاخرین. ده‌نگه‌كانی (ن، ر، ا) زۆرترین رێژه‌ی به‌كارهێنان هه‌یه و (پ،ث، ئ) كه‌مترین ڕێژه. هه‌روه‌ها نیشانی ده‌دات كه رێژه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌نگانه‌ی تایبه‌تی كوردین (گ، پ، چ، ژ، ڤ) زۆر كه‌مه. نووسه‌ر لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکەیدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی “پێش ره‌وی” و “پاش ره‌وی” پێش سه‌روا (حاجب)” و “پاش سه‌روا (ره‌دیف)” و جۆره‌كانیان ده‌خاته به‌رباس. پاش سه‌روا (ره‌دیف) كه دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌كه وه‌كوو خۆی له كۆتایی دێڕه شیعرییه‌كان له شیعری كوردی وه‌كوو شیعری فارسی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیاره، به‌ڵام له عه‌ره‌بی نه‌بووه (ل ١٦١-١٦٢).
به‌شی سێهه‌می كتێبەکە دابه‌شبوونی سه‌روای شیعری كوردی تاوتوێ ده‌كات و كۆمه‌ڵێك زانیاری گرینگ سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی هۆنراوه‌ی كوردی و تایبه‌تمه‌ندییان له روانگه‌ی سه‌رواوه ده‌خاته روو. نووسه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی سه‌روا له تاك، سێیینه، چوارینه، پێنجینه، شه‌شینه، حه‌وتینه، ههشتینه، نۆیینه، دهیینه، قیتعه، غه‌زه‌ڵ، قه‌سیده، ته‌رجیع به‌ند، ته‌ركیب به‌ند، موسته‌زاد، ته‌سمیت، و موهششهح باس ده‌كات و هاوكات زانیاریی گرینگ له سه‌ر هه‌ركامیان پیشان ده‌دات. بۆ نموونه پیشانی ده‌دات كه له به‌رهه‌می ٢٨ شاعیری كلاسیكی ٣٠٩ تاك هه‌یه كه شێخ ره‌زا به ١٠٢ تاك زۆرترین به‌رهه‌می تاكی هه‌یه و سه‌یدی، نالی، زیوه‌ر ومه‌حوی هه‌ر كام به یه‌ك تاك كه‌مترین (ل ١٩٦). كتێبی سه‌روا مه‌عده‌نێك له زانیاری وا وردی تێدایه كه ده‌توانێت ده‌ستپێكی لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی زۆر گرینگ بێت له ئه‌ده‌بی كوردیدا. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا گه‌ردی كۆمه‌ڵێك زانیاریی زۆر گرینگ له سه‌ر غه‌زه‌ڵی خۆماڵیی كوردی به زاری هه‌ورامی ده‌خاته ڕوو كه زۆر جێگه‌ی سه‌رنجن. بۆ نموونه له ئه‌نجامی لێكدانه‌وه دیوانی ١٠ شاعیری هه‌ورامی، و پیشاندانی ئه‌نجامه‌كانی له جه‌دوه‌لێك، نیشانی ده‌دات كه له غه‌زه‌ڵی هه‌ورامی دێڕی یه‌كه‌م و دووه‌م هاوسه‌روان (ل ٢٧٣-٢٧٤).
له به‌شی چواره‌م، كه به‌شی كۆتایی كتێبی سه‌روایه، گه‌ردی رۆڵی سه‌روا له جوانكاریی و ره‌وانبێژی شیعری كوردی ده‌خاته به‌رباس و جۆره‌كانی جوانكاری سه‌روا به نموونه و ورده‌كارییه‌كان نیشان ده‌دات. له باسی جوانكاریی سه‌روا ١١ جۆری جوانكاریی وه‌كوو “سه‌روای ئهڵقهبهند”، “سه‌روای چوارگۆشه‌یی”، “سه‌روای وشهبڕ”، و … هتد شی ده‌كاته‌وه. گه‌ردی هه‌روه‌ها نیشانی ده‌دات كه “شاعیرانی كورد له مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ سه‌روا ههریهكی مۆركی خۆی هه‌یه” و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان له په‌یڕه‌وكردنی لایه‌نێكی هونه‌ری سه‌روادا هه‌یه (ل ٣٥٥). بۆ نموونه جزیری له “تهشتیر” و “سه‌روای ناوه‌وه” و به‌كارهێنانی “سه‌روای وشهبڕ”، سالم له هونه‌ری “تكریر” و “ذوقافیتین”، و شێخ نووری له داهێنانی قالبی “موسته‌زاد” و “ئۆپه‌رێت” جوانكاریی تایبه‌تیان هێناوه‌ته ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه (ل ٣١٣-٣٢٥).
گه‌ردی ئه‌م به‌شه به شرۆڤه كردنی كه‌م و كورتییه‌كانی سه‌روای شیعری كوردی و هۆكاره‌كانی ته‌واو ده‌كات و دوو جۆره كه‌م و كورتی باس ده‌كات: “كه‌م و كورتی ده‌نگ و ئاوازی سه‌روا”، و “كه‌م و كورتی زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگیی سه‌روا” (ل ٣٢٦-٣٤٩). ئه‌وه‌ی زۆر سهرنجراكێشه له‌م به‌شه‌دا گه‌ردی هه‌وڵی ده‌رخستنی هه‌موو كه‌م و كورتییه‌كانی سه‌روای له شیعری شاعیرانی كورد به هه‌ر سێ زاراوه داوه. بۆ نموونه له كه‌م و كورتییه‌كانی ده‌نگ وه‌كوو گۆڕانی ده‌نگی ره‌وی هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له شیعری كوردی پێش هاتووه كۆكردوه‌ته‌وه. به‌مه‌ش یارمه‌تی خوێندكار و رهخنهكار ده‌دات كه به چاوێكی تیژترهوه شیعر بخوێنێته‌وه و له گه‌ڵ نرخاندنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شاعیرانی كورد كه‌م و كوڕییهكانیشیان هه‌ڵسه‌نگێنێت.
داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.