خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەو پیاوەی لە پێکەنینا جوان بوو

ئەو پیاوەی لە پێکەنینا جوان بوو

ئەو پیاوەی لە پێکەنینا جوان بوو

فەرهاد هادی

دەوروبەر بیست ساڵ پێش بوو، شەوێک لە ماڵی مامم بووم کە بەیانی زوو بە دەنگی شین و گریانی خەڵکی گەڕک، لە خەو ڕاچڵەکاین! کە هەواڵمان زانی؛ گوتیان: کوڕێکی دەرهاوسێ، جوانە‌مەرگ بووە! ئەو ڕۆژە کە چووینە پرسەی ئەو لاوە، کاک باستم بینی کە وەکوو برای کۆچکردوو، خەڵک سەرخۆشی لێ‌دەکرد. ئەوە سەرەتای ئاشنایەتیم لە گەڵ کاک باست بوو کەدواتر تا کاتی جوانە‌مەرگ بوونی خۆیشی درەێژەی کێشا.

لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا هەرگیز پێش نەهات کە نێوانمان تێک‌بچێ یا بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێ، ئاگامان لە یەک نەبێ. پێکەوە چەندین سەفەری دوور و نزیک و چەندین کاری هاوبەشمان کرد.

کاک باست چالاکێکی بواری فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتی بوو کە لەم ساڵانەی دواییشدا هەستا بە دەرکردنی دووحەوتەنامەی “ئاڵا”. کاک باست وەکوو سەرنووسەری ئاڵا، لەگەڵ ئەوەیدا دەس‌تەنیا بوو، بەڵام توانی هەم زۆر کەس و لایەن بناسێ و بیکا بە بەردەنگی خۆی و هەم سه‌ربەخۆیی خۆی بپارێزێ. هەروەها لە ئۆفیس و کافە کتێبی “ئاڵا”ش، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی بەنرخی بەڕێوە برد کە هەر هەموویان، ئاماژە بوون بۆ نەتەوەیی بوون و لە هەمان‌‌کاتدا سەربەخۆیی ئەو ناوەندە و بەرپرسەکەی.

دیارە هەموومان وەک مرۆڤ، تێکەڵاوێکین لە باشە و خراپە، لە بەهێزیی و لاوازی، لە زانیین و نەزانی، لە دلۆڤانی و دڵڕەقی، لە هێوریی و تووڕەیی! جا ڕادەی هەر کام له‌و تایبەتمەندییانە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە دەگۆڕدرێ.
بەڵام دڵڕەقترین مرۆڤەکانیش، خاڵی نیین لە مێهرەبانی و بەرزترین کەسەکانیش بێ بەش نیین لە ئاست‌نزمی.
دیارە جیا لە جەنایەت و دزێوی، کەسمان نییە بە درێژایی ژیانی، کاری خراپی نەکردبێت و تووشی هەڵەی گەورە نەبووبێت. بەڵام هەڵە‌تاکتیکییەکانمان زۆر گرینگ نییە! بەڵکوو گرینگ ئەوەیە، ستراتژی ژیانمان هەڵە نەبێ و بۆ هەمیشە ڕێگای ناڕاست نەگرین و نەکەوینە بەرەی ناحەقەوە!

کاک باستیش وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگایە بە دەر نەبوو لە خاڵی لاواز و بەهێز، بەڵام ستراتژی ژیانی لە سەر حەق و بەرگری لە خەڵک و نەتەوەکەی بوو.

بەلای منەوە کاک باست چالاکێکی مەدەنی بوو. چالاک بوون و چالاکیی مەدەنی لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا، هەم ئەرکێکی گرینگ و ئەستەمە و هەم زۆریش پێویست. بۆیە ئەوەی کاک باست دەیکرد بەلای منەوە هیچی کەم نەبوو لە زۆر کاری پڕۆفیشناڵ کە دەرکەوتە و لێکەوتەی بەرچاوی بۆ کۆمەڵگای کوردستان نییە و ڕەنگە لە دوواڕۆژیشدا هەر نەیبێ!

ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمە زۆرتر پێویستی پێیەتی؛ تێک‌ئاڵان و تلاندنی سەرجەم چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگایە بە چالاکی مەدەنییەوە و ئاور دانەوە و چاوەدەێرییە بە سەر سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا و جمگەکانی دەسەڵات و کەڵک‌ وەرگرتنە لە بچووکترین کەلێنەکانی. ئەوە ڕێک ئەو ڕێگایە بوو کە کاک باست گرتبوویە بەر. بەدەر لە چۆنیەتی و چۆنایەتی ئەو شێوە کارکردنە، بە بۆچوونی من ئەو ڕێگایە هەم واقیع‌بینانەیە و هەم هەرگیز بە بێ دەستکەوت نابێ.

دیارە لە کۆمەڵگای ئێمە‌دا ئاساییە کە ئەو شێوە کارکردنە و ئەو کەسانەی بەو شێوە کار دەکەن، زۆر ڕه‌خنە و بگرە هێرشیان بکرێتەسەر.

جیا لەوە کاک باست بەهۆی یەک تایبەتمەندی خۆیەوە زۆر جار ڕەخنە و تەنانەت هێرشی دەکرایە سەر. ئەویش ئەوە بوو کە لە گەڵ ئەوەیدا هەرگیز دژایەتی زۆر تۆندی هیچکەس و لایەنی نەدەکرد بەڵام هاوکات هەرگیز لە هیچ کەس و لایەنیش ڕازی نەبوو و زۆر بە ڕاشکاوانە و ڕووبەڕوو، ڕەخنەی لە کەسەکان دەگرت و هەوڵی هاوڕەنگ‌بوونی لە گەڵ کەس نەدەدا.

بە گشتی وەکوو کەسێ کە کاک باستم لە نزیکەوە دەناسی؛ دوو تایبەتمەندی ئەو پیاوە بەلای منەوە زۆر جوان و جێگای ڕێز بوو.

یەکەم ئەوەی کە هەرگیز نەمبینی لە دڵەوە نفرەتی لە هیچکەس بێت یا خۆ بۆ هەمیشە بتۆرێ و واز لە هاوڕێیەتی کەسێ بهێنێ! جا با ئەو کەسە زۆریش دژی بووبێت و خراپەی لە گەڵ کردبێ.

دووهەم ئەوەی کە بە پێچەوانەی بڕێ کەس کە لە نێو خەڵکدا بەناوبانگ و چالاکن، کەچی لە ماڵەوە پەیوەندییان لە گەڵ بنەماڵەکەیاندا تەواو نییە؛ کاک باست نموونەی کوڕێکی زۆر باش بۆ باوک و دایکی و برایەکی دڵسۆز بۆ بنەماڵەکەی بوو.

کاک باست هەموو تەمەنی تەرخان‌کرد بۆ خزمەت بە باوک و دایک و براکەی. جۆرێ لە خزمەت‌کردن و پشوو درێژی، کە لەم سەردەمەدا نموونەی زۆر نییە.

کاک باست زۆر جار مەجلسی دۆستانەمانی جێ‌دەهێشت و لە سەفەر و سەیران چاوپۆشی دەکرد تا لە خزمەت باوکیدا بێ کە چەندین ساڵ بوو بە هۆی نەخۆشی شەکرەوە لەسەر جێگە بوو.

کۆچی دوایی چەن حەوتە پێشی باوکی بەڕێزیان، هیوای ئەوەی لا درۆستکردین کە کاک باست هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێ که ژیانی هاوبەش پێک‌بهێنێ و نەختێ بحەسێتەوە. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەوودای نەدا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ‌کردین.

هاوڕێیەتی من و کاک باست بە مەرگی براکەیەوە دەستی‌پێکرد و بە مەرگی خۆیەوە کۆتایی پێهات. بەڵام یاد و ناوی هەرگیز کۆتایی نایەت. جوان لە بیرمه کە دوای مەرگی دایکی پێ‌گوتم: “تا دایکت ماوە ژن بهێنە با دواتر پەشیمان نەبیتەوە، کە بۆچی دایکتت خۆشحاڵ نەکرد! دایکی من زۆر بە ئاوات بوو ژن بهێنم کەچی نەمهێنا. ئێستا خۆشحاڵ نەکردنی دایکم وەکوو داخێک لە سەر دڵم ماوەتەوە!”

هەر کاتێ ڕەخنەی توندی لێ‌دەگیرا یا هێرشی ناڕەوای دەکرایە سەر، تەلەفوونی بۆ دەکردم و دەردەدڵی دەکرد و بەم ڕستە کۆتایی بە قسەکانی دەهێنا: “مێژوو بڕیار دەدا”! منیش هەموو جارێ ئەو قسەی “عەلی شەریعەتی”م بۆ دەگوتەوە کە دەڵێ: “ڕەوتی ژیانت بەرگریت لێ‌دەکا و زەمانیش بێ تاوانیت دەسەلمێنێ.”

کاک باست زۆر خۆلیا و ئاواتی گەورە گەورە و نیشتمانی هەبوو. زۆر ئاگاداری چتە وردەکان بوو! زۆر خەیاڵی لای کێشەکانی کوردستان و بە تایبەت شاری سنە بوو. من شاهدم کە چەندین جار بۆ دەرکردنی ئاڵا، پارەی لە خەڵک قەرز کرد، بەڵام کۆڵی نەدەدا.

بۆ من، کاک باست پێش ئەوەی چالاکی مەدەنی یا ڕۆژنامەوان بێ؛ هاوڕێیەکی خۆشەویست بوو کە نۆکتە خۆشەکان و پێکەنینە زۆر جوانەکەی، کۆڕی دۆستانەمانی شاد دەکرد. کاک باست بۆ من ئەو پیاوە بوو کە لە پێکەنینا جوان بوو و ئەو شێوە پێکەنەیم بۆ هەمیشە لە بیر دەمێنێتەوە و هەردەم غەریبی دەکەم.

 سەرچاوە: حەوتەنامەی دەنگی کوردستان

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *