ڕه‌وایه‌تی سێبه‌ره‌کان له وێنه‌کانی جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا
د.مه‌سعوود بینه‌نده
فۆتۆگرافی به پێچه‌وانه‌ی وێنای گشتی و باو، به‌رهه‌می گه‌شه‌ی ئامێره‌کان بۆ تۆمارکردن و وێنه‌هه‌ڵگرتن له جیهانی واقیع نییه، به‌ڵکوو به‌رهه‌می که‌لێن و دابڕانی ڕه‌وتی نواندنه‌وه‌ی واقیعه(representation of reality). هۆده‌ی تاریک(camera obscura) له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ئامێرێکی ئۆپتیکاڵ بوو که به‌پێی تیشکناسیی هه‌نده‌سی بانگه‌شه‌ی تۆمارکردنی “واقیع”ی به‌و چه‌شنه‌ی که “هه‌یه” ده‌رده‌بڕی. هه‌ر بۆیه له‌و قۆناغه‌دا ئه‌زموونی بینایی(vision) له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی واقیع و هه‌سته‌وه‌ری ساوانی(haptic)، وه‌کوو جاران په‌یوه‌ندییه‌کی بنه‌مایی هه‌بوو.
ئه‌وه‌ی وه‌کوو شۆڕشی فۆتۆگرافی ده‌ناسرێت به وته‌ی جاناتان کارێری(١٣٩٩) له ئاکامی “جیاکردنه‌وه‌ی بینایی له ساوانی(لامسه) به‌شێوه‌ێه‌کی بنه‌ڕه‌تی، سه‌ری هه‌ڵدا؛ جیاکردنه‌وه‌یه‌ک که توانی له ڕێگای ئهبستراکتبوونی بینایی و گونجاندنی له نێو کۆمه‌ڵێک له ته‌کنیکه‌کاندا، ناوه‌رۆکی بینایی تووشی گۆڕین و به‌رهه‌مهێنانه‌وه بکات”(ل ١٦). ده‌کرێت “ئاڵوگۆڕی بنچینه‌یی په‌یوه‌ندیی مرۆڤ له‌گه‌ڵ جیهان له ڕێگای بینایی”یه‌وه(هه‌مان، ل ١٩) وه‌کوو لێکه‌وته و پاشهاتی شۆڕشی کۆپێرنیکیی فۆتۆگرافی بزانین، که له‌وێوه بینایی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له بینه‌ر، گۆڕدرا بۆ فۆرمێکی ده‌رهه‌ست و ڕووت(abstract)، هه‌روه‌ها چه‌ندایه‌تی و ئاڵووێرکارانه. ئه‌م شێوازه له بینایی هاوکات که “واقیع”ی وه‌کوو خۆی تۆمار ده‌کرد، به‌کرده‌وه به‌شێ له “ڕه‌وتی قه‌یرانی نواندنه‌وه”ی به ئه‌نجام ده‌گه‌یاند. سه‌رهه‌ڵدانی نیگار‌کێشانی ئێمپێرسیۆنیست و پۆستئیمپێرسیۆنیست ئیمپێرسیۆنیست له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا که له مه‌به‌ستی مێژوویی نیگارکێشی، واته نه‌خشاندن و نواندنه‌وه‌ی واقیع(به‌و چه‌شنه‌ی که له ئارادایه)، پاشگه‌ز ببوونه‌وه له ڕاستیدا دژکرده‌وه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر هێزی فۆتۆگرافی بۆ”وێنه‌گرتن له واقیع” نه‌بوو به‌ڵکوو به‌رهه‌می ئه‌و گۆڕانکارییانه بوو که ئه‌نجامیان به‌ره‌وه قه‌یرانی نواندنه‌وه و داڕششتنهوهی واتای ڕیالیزم پێی هه‌ڵده‌نا.
له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا جووڵه و ئاڵووێری وێنه‌ی خۆسه‌ر، ئاماژه‌ی ده‌دا به سه‌رهه‌ڵدانی بینه‌ر و شێوازێکی نوێ له سووژه، که “سیسته‌می سه‌رانسه‌ربینی بینایی[۱]“ی له‌گه‌ڵ “کۆمه‌ڵگه‌ی نواندن[۲]“ی گیدێبۆر مۆتۆربه ده‌کرد. سووڕاندنه‌وه‌ی بێسنووری هێما و کاڵا و به‌رفراوانبوونی بێبه‌ربه‌ستی نیشانه‌کان، سووژه‌یه‌کی جهستهمهند و دیدهوهرانهی هێنایه پێش چاو که هه‌م وه‌کوو ئۆبژه‌ی ده‌سته‌مۆیی و هه‌م وه‌کوو سووژه‌یه‌ک بۆ بینایی سوبژێکتیڤ و تێگه‌یشتنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر ده‌هاته خه‌مڵاندن. له ئاوه‌ها که‌شوهه‌وایه‌کدا به وته‌ی واڵتێر بێنیامین هیچ ده‌سڕاگه‌یشتنێکی ته‌واو و بێگه‌رد به شتێکی تاک له ئارادا نییه و بینایی هه‌رده‌م وه‌کوو دیارده‌یه‌کی چه‌ندلایه‌نه و پلۆرال خۆ ده‌نوێنێت. جیهان له هیچ کاتێکدا وه‌کوو ئاماده‌بوون و له شێوازی حوزووردا خۆی ده‌رناخات و سووژه چ له پێگه‌ی بینه‌ری فۆتۆگرافی و چ له پێگه‌ی پیاسهکهرێکی چاوبگێڕدا به‌رده‌وام وه‌کوو شوناسێکی ناڕوون و کهلێنتێکهوتوو به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی فۆتۆگرافیدا، ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌کییه هاته ئاراوه که “وێنه چۆن هه‌ڵده‌سووڕێ؟”. ڕۆزالیند کراس(١٤٠٠)، ململانێی بابه‌تی بینراو(the seen) و بابه‌تی دیدهوهرانه(the visible) له‌م ڕه‌وته‌دا ده‌خاته به‌ر باس و ده‌ڵێ:”دیدهوهرانهبوون، به‌رده‌وام ئێمه له هه‌مبه‌ر بابه‌تی بینراو داده‌نێت له حاڵێکدا ئه‌وه‌ی نه‌بینراو ده‌مێنێته‌وه، خودی بابه‌تی دیدهوهرانهیه. که‌وایه لێره‌دا جیاوازیی نێوان به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بینراوی و شاراوه‌یی له ئارادا نامێنێت.”(له زاری دهقانی، ل ١١) واتای ئه‌م ڕسته‌یه ئه‌مه‌یه که سنووری بابه‌تی بینراو واته ئیزن به بینران و نه‌بینرانی شتێک له لایه‌ن سیسته‌می زاڵی دهیدهوهرانهوه دیاری ده‌کرێت، هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ته‌واوی ئه‌و شته نییه که بوونی هه‌یه و ئه‌وه‌ش که نابینرێت به شاردنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی په‌رده‌پۆش نه‌کراوه به‌ڵکوو نه‌دید کراوه و ته‌نانه‌ت به له‌قاودان و خۆیاکردنی ئه‌و بابه‌ته نایه‌ته پێش چاوان و نابێته مژاری بینایی هه‌مووان[۳].
دووربینی فۆتۆگرافی به وته‌ی ژاک ڕانسیه‌ر(١٣٩٣) وه‌کوو دابه‌شکردنی بابه‌تی به‌رهه‌ست(distribution of the sensible) له ڕێگای کرده‌وه‌ی جوانناسانهوه، شكڵ و فۆرمه‌کانی دیدهوهرانه و نادیدهوهرانه دابین ده‌کات و ده‌ست ده‌خاته نێو په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌بوون و شێوازه‌کانی بینین(ways of seeing) و به‌م چه‌شنه ڕیزبه‌ندی و ئاڕاسته‌یان ده‌گۆڕێت(ل ٣٩). ئه‌م په‌یوه‌ندییانه ده‌رفه‌تێک ده‌به‌خشێت به کێوین کارتێر[۴]، وێنه‌ی کچۆڵه‌یه‌کی ئه‌فریقی بهێنێته پێش چاوی هه‌موو جیهان، کچۆڵه‌یه‌ک که له برساندا له ئاستی مردندایه و داڵهلاشهخۆرێک له ته‌نیشتییه‌وه چاوه‌ڕوانی مردنی ده‌کات. به‌ڵام ده‌رخستنی ئه‌م وێنه مه‌رگه‌ساتباره ناتوانێت لۆژیکی ئه‌و سیسته‌مه نابه‌رابه‌ره‌ی دابه‌شکردنی بابه‌تی به‌رهه‌ست که هه‌ژاری و برسییه‌تیی بۆ به‌شێکی زۆر له منداڵانی کۆڵه‌واری جیهان پێکهێناوه، بهێنێته پێش چاو و ناوزڕاو و سووک و چرووکی بکات. ئه‌م شێوازه له ئاپاراتووسی بینین، به وته‌ی سووزان سونتاگ(١٣٩٢)، ئاکاری بینینی ئێمه‌ی له‌م سه‌رده‌مدا پێکهێناوه. دووربینی فۆتۆگرافی وه‌کوو ماشینێکی هه‌مووشتزان “چه‌کێکی هێرشبه‌رانه‌یه که توندووتیژییه‌کی بنه‌مایی له به‌کارهێنانیدا ئاماده‌یه”، توندووتیژییه‌ک که بووه به جۆرێک نێوه‌نجیی ده‌سه‌ڵاتی جیهانی، و وێنه و ئیماژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی نواندن وه‌کوو کاڵایه‌ک بۆ به‌رخۆریی به‌رفراوان(mass consumption)، به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه( له زاری پاپووا). ئه‌وه‌یه که سونتاگ پێی وایه وێنه‌کانی کاره‌سات، خه‌ریکن کاره‌سات بۆ به‌رده‌نگ ئاسایی ده‌که‌نه‌وه و ده‌یکه‌ن به مژارێکی پیاسهبینانه و که‌مته‌رخه‌مانه‌ی تاکه‌کانی سه‌رده‌م، ئه‌وانه‌ی که بیر و هۆشیان له لایه‌ن کایه‌ی بێبڕانه‌وه‌ی ئیماژهکانهوه مه‌نگ و ده‌به‌نگ کراوه و تووشی خه‌مساردی و خهمشهسهرێ هاتوون[۵].
وێنه و پراکتیسی وێنه‌گرانه له چوارچێوه‌ی میکانیزمه‌کانی پیشه‌سازیی فه‌رهه‌نگ و سه‌رچه‌شنه‌کانی پاپکاڵچهردا، و له ڕه‌وته‌کانی “تۆمارکردن و وشکههڵگهڕاندنی ئه‌زموون”، “زاڵبوون به‌سه‌ر ترس و ئاڵۆزکاویی شوێنی نامۆدا”، “گه‌شتیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی”، “خۆلێدان و خۆبهئهرکسپاردن له هه‌مبه‌ر دڵه‌ڕاوکێی ناکارابووندا”، “ئهرێوتن و سه‌لماندنی واقیع”، “بهرخۆراندنی شوێن و ئیماژ” و “پووچه‌ڵکردنه‌وه و ئاسایینواندنی کاره‌سات”، تووشیاری داهێزراوی و سستییه‌کی بنه‌مایی ده‌بێت به‌ڵام هیچکات به‌شێوه‌ی ته‌واو و هه‌مه‌لایه‌نه له ڕیزبه‌ندیی هێمایینی ئه‌و سیسته‌مه‌دا ڕۆ ناچێت. سه‌ره‌ڕای هاوده‌ستیی حاشاهه‌ڵنه‌گری چاوه‌زاری ماشینی دووربین و نیگای خوداسهروهرانه و سهرانسهربینانهی، ئه‌م هاوبه‌ندییه ناتوانێ زێده‌ی ئۆبژه واته بۆشایی بنه‌مایی شته‌کان هه‌ڵبلووشێت و ئاژاوه و ئاڵۆزکاوییان ڕاگیر بکات. کهلێنگهلێکی ڕاگیرنهکراوه له ڕیزبه‌ندیی هێمایینیدا خۆ ده‌نوێنێت که ده‌رفه‌تێک بۆ سه‌رهه‌ڵدانی کرده‌وه و ده‌ستوبردی سووژه دێنێته ئاراوه. واقیعمهندیی ئۆبژه و زێده/بۆشاییه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی، نیگای تێڕاماوی دووربین تووشی تێکشکاندنێکی مه‌عریفه‌ناسانه ده‌کات و شهپۆکی بوونناسانه‌ی ئۆبژه له به‌رهه‌مهێنان و سه‌رهه‌ڵدانی سووژه‌ی ناکاو و ناوه‌ختدا، تۆمار ده‌کات.[۶] ده‌کرێت له زاری بێنیامینه‌وه بڵێین وێنه سه‌ره‌ڕای که‌وتنه داوی گه‌رده‌لوولی نواندنه‌وه و بهئیماژبوون، ڕووشه و ئاسه‌وارێکی[۷] له “به‌ستێنی واقیع” له هه‌ناوی خۆیدا ڕاگرتووه. وێنه به هۆی هه‌ڵگرتن و تۆمارکردنی ئه‌م به‌رکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن، هه‌رکات بۆی هه‌یه به‌سه‌رهاتی مێژوویی خۆی له هه‌ڵگڵۆفین و تێکگووشینی ڕه‌وتی زه‌مه‌ن له چرکه‌ساتێکی ئێستادا بگێڕێته‌وه و به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت.
***
ڕابێرت کاپا(١٣٩٧) له ڕسته‌یه‌کی به‌ناوبانگیدا هۆشداری ده‌داته وێنه‌گر که ” ئه‌گه‌ر وێنه‌کانت ئه‌وه‌نده‌ی پێویست چاک ده‌رنه‌هاتوون، بزانه که به ڕاده‌ی پێویست خۆت له بابه‌تی وێنه‌که‌ت نیزیک نه‌کردوه‌ته‌وه”( له زاری مقیمنژاد، ل ١١٠). جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا به باشی ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی کاپای به‌کارهێناوه و وه‌کوو ته‌کنیکێکی تایبه‌تی، خۆماڵی کردووه‌ته‌وه. ڕه‌نگه یه‌کێ له هۆکاره‌کانی ئه‌م بابه‌ته، به‌رچاوبوونی ئه‌م نیزیکییه بێت له ژانری پۆرتێرهیتی جه‌مشیددا، به‌ڵام نیزیکی به ئۆبژه چ له ڕوانگه‌ی فه‌زایی و چ له سۆنگه‌ی ده‌روونییه‌وه(هاودڵیی وێنه‌گرانه) وه‌کوو یه‌کێ له ته‌کنیکه تایبه‌تییه‌کانی وێنه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده دێته ئه‌ژمار. ئه‌گه‌رچی کاراکتێره‌کانی وێنه‌کانی جه‌مشید کاراکتێرگهلێکی ماندوو و ده‌رده‌دار ده‌نوێنن به‌ڵام هاوکات به‌شێوه‌یه‌کی ئایرۆنی، شادمان و هیوادارن.
له وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا که من ناوم لێ ناوه: “ترس و گریان له کلۆزئاپدا و سووکبوون و شه‌رم له لانگشاتدا[۸]“، له ساتێکی هه‌ستیار و ناکاو(peripateia)دا که ئانری بێرسۆن(١٣٩٨) به خاڵی یه‌کانگیری شته‌کان و ته‌قینه‌وه‌یان له ته‌شقی هه‌ڵکشاندا ناودێری کردووه هه‌موو ئێلێمانه‌کانی وێنه، واته ئیماژ، په‌یکه‌ربه‌ندی و ناوه‌رۆک له‌پڕ یه‌ک ده‌گرن و له تێکئاڵانیاندا، زرت وێنه‌یه‌کی بێوێنه ده‌خولقێنن(بیت، ل ١٣٧). مۆمێنتی پرمه و پژانی گریان له ڕوخساری ئه‌م مێرمنداڵه‌دا ئه‌و ساته هه‌ستیار و ئاوسبهتهقینهوه(pregnant moment)یه که مه‌یلی وێنه‌گر بانگهێشت ده‌کات و قیژه‌ی له‌دایکبوونی وێنه به‌رز ده‌کاته‌وه. له یه‌که‌م ڕوانیندا بۆ ئه‌م وێنه‌یه شتێکی تایبه‌ت و نه‌ناس له هه‌ناوی ژێستی ئه‌م قوتابییه گچکه‌دا ده‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌م زایه‌ڵه‌یه ڕامانده‌چڵه‌کێنێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی له په‌یامه‌که‌ی تێبگه‌ین سرته‌یه‌ک به گوێماندا ده‌چرپێنێت. دۆخی خه‌مباری ئه‌م منداڵه هه‌ژاره وه‌کوو تیرێک دهمانپێکێت و ده‌روونمان بۆش ده‌کاته‌وه، واته به جۆرێک برینه‌کانمان ده‌کولێنێته‌وه و که‌لێنێک ده‌خاته گیانمانه‌وه. رۆلان بارت(١٣٩٩) ئه‌م دۆخه هه‌ژێنه‌ر و ڕاکێشه‌ره که بریندارمان ده‌کات و به‌ره‌و قووڵایی ناهوشیارمان ڕۆ ده‌نێت به ده‌سته‌واژه‌ی پۆنکتۆم[۹] وه‌سف ده‌کات. “پۆنکتۆم بانگه‌وازی خۆی به‌ره‌وڕووی مه‌یل ده‌کاته‌وه. بێئهختیار له ئاستی جیهانی شرۆڤهههڵگری ئیستۆدیۆم[۱۰] پهڕتر ده‌ڕوات، یاخود دزه‌ی تێدا ده‌کات، هه‌روه‌ها خاڵێکی لاوه‌کییه که وێنه‌گر ئاگاداری نه‌بووه”(شاوکراس، ل ١١٥). ته‌نانه‌ت ده‌کرێت پۆنکتۆمی ئه‌م وێنه‌یه واته ته‌واوی ئه‌و که‌شوهه‌وا دڵکوت و هه‌ژێنه‌ره‌ی که باسمان کرد له قه‌ڵش و که‌لێنه‌کانی سه‌ر دیواری پۆله‌که‌دا ببینینه‌وه. ڕووپه‌ڕی کۆن و هه‌ڵوه‌ریوی دیواره‌که ئه‌گه‌رچی به ده‌سته‌گوڵ و وێنه ڕازێندراوه‌ته‌وه به‌ڵام به دهمبازکردن و زارکردنهوه ده‌یهه‌وێت ته‌واوی ئه‌و ئازارانه‌ی له جه‌سته و ژێستی منداڵه‌که دایه به بێده‌نگی ده‌رببڕێت.
ڕووخسار، ژێست، جلوبه‌رگ و شوێنی ئه‌و کوڕه مێرمنداڵه ئاماژه به دۆخێکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی دژوار و ناهه‌موار ده‌دات که وه‌کوو ئاسته‌نگێک پێش به پێشکه‌وتن و فێربوون ده‌گرێت و هاوکات تاوانی ئه‌و کێشه‌یه له ئه‌ستۆی خودی مێرمنداڵه‌که ده‌هاوێت. ئه‌م دۆخه په‌راوێزییه که له‌مپه‌ر بۆ تێکه‌ڵبوون و توانه‌وه‌ی په‌راوێزکه‌وته له پانتایی ناوه‌ند داده‌نێت به وته‌ی ژیل دێلۆز چه‌شنێک ڕیزۆم و دۆخی مینۆره که به‌رهه‌ڵستی دۆخی ماژۆر ده‌بێته‌وه و تێکچڕژان له هاوسه‌نگی و تهواوکۆبوونیدا به‌دی دێنێت. نووسراوه‌کانی سه‌ر ته‌خته‌که که دورشمی شکۆ و واڵایی وڵاتی ئێرانی به‌رز کردووه‌ته‌وه نوێنه‌رایه‌تی گوتاری ماژۆر ده‌که‌ن، ئه‌و گوتاره‌ی که پشتئه‌ستووره به ده‌سه‌ڵات و باڵاده‌ستی و سه‌روه‌ری. ته‌واوی دۆخی کاره‌ساتباری ئه‌و مێرمنداڵه له پرمه‌ی گریانیدا و هه‌روه‌ها له ژێستی له‌ڕ و لاوازی جه‌سته‌یدا یه‌کانگیر ده‌بێت و وه‌کوو دژهستایلێکی فره‌ڕه‌هه‌ند و بێناوهند به‌ره‌نگاری ستایلی تاکناوهندی گوتاری داسه‌پێنه‌ری سیسته‌می په‌روه‌رده و ڕاهێنان ده‌بێته‌وه. له‌م وێنه‌یه‌دا ئۆپه‌راسیۆنی ڕیزۆماتیک و دژهنواندنهوهی جه‌سته‌ی منداڵه کوردێک، به کاویانهوه و بێزمان، ڕیتۆریکی ماژۆری زمانی زاڵ به‌ره‌وڕووی ته‌نگژه ده‌کاته‌وه.
پیتێر ڤوولێن(١٣٩٨) سێ چه‌شنه وێنه و وێنه‌گری له ژانری داکیۆمێنتاریی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌م جۆره پۆلێن ده‌کات: چه‌شنی ژۆرناڵیستی(جه‌خت له‌سه‌ر ڕووداو)، چه‌شنی ڕه‌وایه‌تی(جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌وت) و چه‌شنی هونه‌ری(جه‌خت له‌سه‌ر دۆخ)؛ و پێی وایه که وێنه‌ی هونه‌ری له ئاست جۆره‌کانی تری وێنه(به نموونه وێنهڕێپۆرتاژ)، لایه‌نی زه‌ینی و دهربڕێنهرانه(expressive)یان تۆختره و شێواز و ستایل له نێویاندا به‌رچاوتره(بیت، ل ١٣٣). وێنه‌کانی فهرجوهندیفهردا زۆرتر له خانه‌ی وێنه‌ی هونه‌ریدا داده‌نرێن، واته وێنه‌گه‌لێکی هونه‌ری له ژانری داکیۆمێنتاری که هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگای جۆرێک ڕیالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌نگ و ڕه‌نگی خه‌ڵک بنوێننه‌وه. خه‌ڵک له‌م وێنانه‌دا خه‌ڵکانێکی ئاسایین له به‌ستێنی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا، و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ێ گیرۆده‌ی کێشه و گرفته‌کانی خۆیانن به‌ڵام هیوادارانه ده‌ژین و ڕه‌نج و شادمانی پێکه‌وه له ئامێز ده‌گرن. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌م جۆره وێنانه به ئاڕاسته‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ده‌نگی بێدهنگکراوهکان و پرسی په‌راوێزکه‌وته‌کان به‌رز بکه‌نه‌وه و که‌ناڵێکی دیمۆکراتیک بۆ ده‌رکه‌وتن و ڕوخسارنواندنی ئه‌وانه‌ی بێڕوخسار کراون چێ بکه‌ن[۱۱].
وێنه‌کانی فهرهجوهندیفهردادا پیره‌مێرد، منداڵ، ژن، کرێکار، شوان، وه‌رزێڕ، خوێندکار، ئاسنگه‌ر و هتد، فیگۆرگهلێکی چالاک و بزۆزن به‌ڵام ماندووبوون و هێورییه‌کی قووڵ له ڕوخسار و کرده‌وه‌یاندا دیار و به‌رچاوه. ئه‌و به‌ستێنه خه‌ڵکناسانه و کۆمه‌ڵایه‌تییه که له وێنه‌کاندا خۆ ده‌نوێنێ، به باشی له گێڕانه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی ئه‌م ڕه‌نج و ئازارانه‌دا ئاماده‌یه و فامستی ئه‌م دۆخه ئاپۆریک و ئاڵۆزه به شێوازێکی ساده و ساکار ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. پۆرتێرهیتهکان و ڕه‌نگه تۆخ و کێوییه‌کانی وێنه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا جۆرێک داکیۆمێنتاریی کۆمه‌ڵایه‌تین که شه‌به‌نگێ له خه‌ڵکانی نیشتمانی کوردستان له به‌ستێنی ژیانی ڕۆژانه و هه‌روه‌تر له ئاسۆی خه‌ونه‌کانیاندا ده‌کێشێته‌وه. ئایرۆنی و پلاری ئه‌م وێنانه له هه‌مبه‌ر کارکردی پڕۆپاگاندادا ده‌وه‌ستێنه‌وه و وێنه‌ی بانگه‌وازی کاندیداتۆره‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیواره گڵێنه‌کانی کۆخهچۆڵه فه‌رامۆشکراو و په‌راوێزخراوه‌کان ده‌گۆڕێت بۆ چه‌شنێک “پڕۆپاگاندا به‌رهه‌ڵستی پڕۆپاگاندا”.
فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا له ڕێگای به‌کارهێنانی ئاوێنه و قاپ له هه‌ندێ له وێنه‌کانیدا، ژێستێکی چالاک له کاراکتێره‌کانی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌م چه‌شنه هونه‌رنواندن(photogenia)هدا به وته‌ی رۆلان بارت، په‌یامی ده‌روونی له‌سه‌ر په‌یامی بێڕهمزی کرده‌وه‌ی سه‌ره‌تاییی وێنه، تۆمار ده‌کات(سونسون، ل٤١). ئه‌م چه‌شنه به‌کارهێنانی “قاپ”ه، به شێوازێکی داهێنه‌رانه ڕه‌وایه‌تێک له قووڵایی وێنه‌کاندا ده‌هێنێته زار، گێڕانه‌وه‌یه‌ک که به‌پێی فره‌چه‌ندیی کادربهندیی و له ئاسۆی پێرێسپێکتیوی “کادر له کادر”دا، ئیماژه‌کان له قووڵایی وێنهلهپاشوێنهدا ڕۆ ده‌بات. “قاپلهقاپ(en-abyme) له وێنه‌گریدا واته وێنه‌کان چلۆن به گونجاندنی وێنه‌یه‌ک له وێنه‌یه‌کی تردا، وه‌کوو سه‌رچاوه ئاماژه به خۆیان ده‌ده‌نه‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گونجاندنی ئاوێنه له نێو وێنه‌دا ئامێرێکی ئایدیاله”(دردن، ١٣٩٩: ٤٧٨ ). ئه‌م دابڕانه له پێرێسپێکتیو، به‌شێوه‌یه‌کی بهدیهێنهرانه سووچی بینین و هێڵهڕێگای نیگای تاکڕه‌هه‌ندانه‌ی وێنه‌گر به‌ره‌وڕووی ته‌نگه‌ژه ده‌کاته‌وه و قه‌یرانی نواندنه‌وه له تێکدانی سنووره‌کانی دیتن و ئاقاره‌کانی ده‌روونی/ده‌ره‌کیی فه‌زادا، ئاشکرا ده‌کات. وێنه‌ی لهقاپکێشراو جێنشینی ڕوخساری که‌سه‌کان ده‌بێت، پیره‌مێردێ له ڕێگای ئاوێنه‌وه قاپی وێنه‌یه‌ک بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌به‌ستێت، تارامایی ڕوانینه‌کان له ئه‌ودیوی ده‌لاقه‌کانه‌وه چاویان به‌ره‌و ناشوێن بڕیوه. ده‌رگای ئاوه‌ڵا و ڕۆشناییی ناوه‌وه، گینگهڵهی داڵانه تاریکه‌کان له هه‌ناوی ئه‌وانه‌ی پشتی دیواره‌کان ده‌پرژێنن و قاپی وێنه‌یه‌ک بۆ نواندنیان به‌رهه‌م ده‌هێنن. هارمۆنیا و ڕێزمانی ئه‌م وێنانه له ڕه‌وتی “کادر له کادر”دا، دیالێکتیکێکی بێئه‌نجام له نیگاکان و قاپبهندییه بێکۆتاییه‌کان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن و ئاژاوه و قه‌یرانی بینین له وێنه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا وه‌پێش چاو ده‌خه‌ن.
ستوارت هاڵ(۱۹۹۷) سه‌باره‌ت به ڕه‌وتی نواندنه‌وه(representation) و ده‌وری زمان له پێکهاتنی واتادا سێ ده‌سته بۆچوونی جیاواز دیاری ده‌کات؛ یه‌که‌م ئه‌و بۆچوونانه‌ی که پێیان وایه که واقیع ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وڕاست و ئاوێنه‌یی له زماندا هه‌یه و زمان به شێوه‌یه‌کی ئاسایی و ڕاستوڕاست واتای ده‌ره‌وه‌یی ده‌گوێزێته‌وه(reflective)، دوویه‌م ئه‌و بۆچوونانه‌ی پێیان وایه زمان ته‌نێ مه‌به‌ست و که‌ڵکه‌ڵه‌ی خاوه‌نی ده‌ق(بێژه‌ر، نووسه‌ر یان نیگارکێش) ده‌رده‌بڕێت(intentional)، سێیه‌م ئه‌و بۆچوونانه‌ی که زمان به پێکهێنه‌ری واتا ده‌زانن(constructionist)(P. 15). بۆچوونی سێهه‌م پێی وایه نه واقیعی ده‌ره‌وه‌یی و نه مه‌به‌ست و ئه‌نقه‌ستی داهێنه‌ر هێچکام سه‌رچاوه‌ی واتا نین به‌ڵکوو ئه‌مه سیسته‌می نواندنه‌وه‌ی زمانه که له ڕێگای نیشانه و هێماکانیهوه واتا به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له هه‌ندێ له وێنه‌کانی فهرهجوهندی فه‌ردا ئاوێنه ده‌ورێکی سه‌ره‌کی ده‌بینێت و دۆخێکی ئاڵۆز بۆ پێگه‌ی بینه‌ر و بینراو و هه‌روه‌ها نیگای سه‌ره‌کی و ناوه‌ندی ساز ده‌کات. له‌م وێنه‌ی خواره‌وه، وێنه‌گر هه‌م له وێنه‌که‌دا هه‌یه و هه‌م نییه(کایه‌ی ئاماده‌یی و نائاماده‌یی)، واته وێنه‌گر له ئاوێنه‌دا ده‌رکه‌وتووه و هاوکات بێ‌نیشان(بێسه‌ر) کراوه. تێهه‌ڵکێشبوون و تێکپژانی نیگاکان ئاڕاسته‌ی نیگای سه‌ره‌کیی ون کردووه و ئێمه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک نیگای سه‌رگه‌رداندا به‌ره‌وڕوو ده‌بینه‌وه که هیچکامیان له پێگه‌یه‌کی باڵاده‌ستدا جێگیر نابن. ئه‌مانه و کۆمه‌ڵێ پرسیاری دیکه سووژه، ڕوانین، بینایی و بابه‌تی دیدهوهرانه پرۆبلێماتیک ده‌که‌نه‌وه و ئه‌و بۆچوونه ده‌سه‌لمێنن که نواندنه‌وه تووشی قه‌یران هاتووه و واقیع و واتای سه‌ره‌کی ون بووه[۱۲]
ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی وێنه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا که‌ڵکوه‌رگرتنی به‌جێ و تێکه‌ڵ به وه‌سواسه له ته‌کنیکی بینه‌رانه‌ی کۆنتراست. ڕه‌نگه‌کان و سێبه‌ره ڕۆشنه‌کان له هه‌ندێ له وینهکانیدا جار به‌ڕێکه‌وت و جار به‌شێوه‌یه‌کی ده‌ستکاریکراو؛ له ڕێگای ته‌کنیکی جواننوێنی(aestheticism)یه‌وه، تۆکمه‌یی و تیژایی یه‌کتریان به‌رجه‌سته کردۆته‌وه و جوانی و خۆبزواندنێکی تایبه‌تیان بۆ وێنه‌کان هێناوه‌ته کایه‌وه. سێبه‌ره‌کان له وێنه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا ته‌نیا ته‌کنیکێکی بینه‌رانه نین که وه‌کوو ته‌واوکاری که‌سه‌کان و شته‌کانی نێو وێنه‌کان کردار بنوێنن؛ سێبه‌ره‌کان موتیڤگهلێکی دژهواتاخوازن که له دووی هه‌موو فیگوره بینراوه‌کانی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ که‌وتوون و هه‌وڵی بهسێبهرکردنیان وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن.
ئه‌و پۆرتێرانهی هه‌موو ژیانی خۆیان له جه‌نگه‌ی ڕه‌نج، ته‌نیایی و پهراوێزکهوتندا تێپه‌ڕ کردووه و به‌رده‌وام له تارمایی سێبه‌ردا ژیاون، له ژێر قورسایی سێبه‌ری “سێبه‌ر”دا تووشی دڵه‌ڕاوکێیه‌کی مه‌نگ و مه‌رگئاسا هاتوون. له وینه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا هه‌موو شتێ به‌پێی باوی هه‌میشه‌یی ده‌ڕواته پێش و ئه‌مه له بۆچوونی بێنیامیندا ڕێک خودی کاره‌ساته. کاره‌سات له ئه‌گه‌ری ڕوودان و هاتونههاتدا نییه به‌ڵکوو هه‌مان سرووشتی وشکه‌ڕۆ و بێ‌گیانی سێبه‌ره‌کان و بهتارماییبوونهکانه که شه‌به‌نگی سێبه‌ره‌کانی له کۆبه‌رگی “شه‌به‌نگی کوردستان”دا به زار و په‌یڤی وێنه‌کان ڕه‌وایه‌ت کردووه.
ژێدەرەکان:
———————–
[۱] سهرانسهربین(Panopticon) شێوازێکی بیناسازی بوو که له لایه‌ن “جێرێمی بهنتام”ه‌وه گه‌ڵاڵه کرا و دواتر میشێل فۆکۆ بۆ وه‌سفی ته‌کنۆلۆژیای مۆدێڕنی چاوه‌دێری له به‌رهه‌مه‌کانیدا که‌ڵکی لێ گرت.
[۲] کتێبی «کۆمه‌ڵگه‌ی نواندن» له نووسینی گه‌ی دبور(١٩٣١-١٩٩٤) که به شێوه‌ی ئافۆریستی و له ستایلی ئێسه‌ی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بیدا نووسراوه، له ساڵی ١٩٦٧ له پاریس هاته وه‌شاندن. دبور کۆمه‌ڵگه‌ی نواندنی وه‌کوو شێوازێکی مێژوویی «له‌خۆنامۆیی له کۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ» ده‌زانی و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که سه‌رمایه‌داری زۆرتر له کاڵاکانی، نیشانه‌کانی به جیهان دهفرۆششێت.
[۳] بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماژه ده‌درێت به نهدیدهکردنی ئه‌تککردنی دووملیۆن ژنی ئاڵمانی پاش شکستی ئه‌و وڵاته له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا له لایه‌ن هێزه‌کانی براوه‌ی شه‌ڕ؛ هه‌روه‌ها ده‌توانین ئاماژه به نهدیدهکردنی کاره‌ساتی ئه‌نفال بده‌ێن که هێشتا وه‌کوو ژینۆساید دانی پێدا نه‌نراوه.
[۴] کێوین کارتێر(kevin carter)، فۆتۆژۆرناڵیست خه‌ڵکی ئه‌فریقیای باشوور، وێنه‌یه‌کی به‌نێوبانگی له‌ژێرناوی «منداڵ و داڵهلاشهخۆر» له ساڵی۱۹۹۳ له گۆڤاری نیۆیۆرکتایمزدا بڵاوکرایه‌وه. ئه‌م وێنه‌یه له ۲۳ مه‌ی ۱۹۹۴ له زانکۆی کۆلۆمبیای ئه‌مریکا خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ری برده‌وه. کێوین کارتێر له ٢٧ جولای ١٩٤٤ دا له پاش چه‌ند قۆناغ خه‌مۆکی و کێشه‌ی ده‌روونی خۆی کوشت.
[۵] سووزان سونتاگ له کتێبی سه‌باره‌ت به وێنه‌گری(۱۹۷۷)دا ئه‌م ڕاستییه ده‌رده‌بڕێت به‌ڵام پاشتر له کتێبی ئاوڕدانه‌وه له ئازاری ئه‌ویدی(۲۰۰۳) به جۆرێک له‌م بانگه‌شه‌یه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه.
[۶] ئه‌م باسه له لایه‌ن “ئادۆرنو” به‌شێوه‌ی زێده‌بوون و نه‌گونجانی واقیع له ژێر باندۆری چه‌مکدا ئاماژه‌ی پێکراوه. هه‌روه‌تر وه‌کوو نهناسبوون و ڕاگیرنهبوونی بابه‌تی واقیع(the real) له داڕێژگه‌ی بواری هێماییندا له لایه‌ن “لاکان”ه‌وه هاتووه‌ته به‌ر باس.
[۷] له نیشانه‌ناسی وێنه‌دا باس له‌وه ده‌کرێت که په‌یوه‌ندی وێنه له‌گه‌ڵ واقیعدا چۆنه، لێره‌دا ئاماژه به‌و ڕوانگه‌یه دراوه که ئه‌م په‌یوه‌ندییه به شێوه‌ی indexical ه، واته وێنه به‌رهه‌می به‌رکه‌وتنی ماددی و ماکهیی له‌گه‌ڵ واقیعدایه.
[۸] لێره‌دا “لانگشات”م به واتای دۆخی گشتیی شوێن به‌کار هێناوه، به‌پێی پۆلێنبه‌ندییه‌کانی کادربه‌ندی ئه‌م وێنه‌یه لانگشاتی مێدیۆمه نه‌ک لانگشاتی ته‌واو.
[۹] وشه‌ی Punctum، هاوتای لاتینی وشه‌ی Point ه، که بارت به پنتێک یان به‌شێک له وێنه‌ی ده‌زانێت که وه‌کوو دڕکێک له گیانی بینه‌ری هه‌ندێ له وێنه‌کان ده‌ئاڵێت و به خه‌ستی ده‌یگه‌زێت.
[۱۰] Studum واته ئه‌و پێشگریمان و به‌ستێنه فه‌رهه‌نگییه که واتای وێنه‌کانی پێ ده‌خوێنینه‌وه و به‌و چه‌شنه وێنه به شتێکی ئاشنا و ناسێنراو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین. بارت ئێستۆدیۆم له هه‌مبه‌ر پۆنکتۆمدا داده‌نێت به‌ڵام دریدا ڕه‌خنه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و بهرانبهرکێیه و پێی وایه هه‌رکامیان باڵکێشی ئه‌وی تر ده‌کات.(مه‌لکۆم بێرنارد له کتێبی په‌نجا نووسه‌ری سه‌ره‌کیی وێنه‌گری، ئێدیتۆری مارک دۆردێن، ١٣٩٩، ل ٢٣١ تا ٢٤٠)
[۱۱] How The Other Half lives
[۱۲] هاڵ جۆرێک له‌م لێکدانه‌وه‌یه له شرۆڤه‌ی فۆکۆ بۆ تابلۆی لاسمێنیناس(ده‌روه‌ست یان به‌رده‌ست) به‌رهه‌می نیگارکێشی سپانیایی سه‌ده‌ی هه‌ڤده، ڤێلاسکۆس(۱۵۹۹-۱۶۶۰)، ده‌بینێته‌وه و لێکدانه‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی بۆ ده‌کات.(هه‌مان سه‌رچاوه)
سه‌رچاوه‌کان:
——————
بیت، دیوید(١٣٩٨) مفاهیم عکاسی، ترجمه محمدرضا رئیسی و مارال زیاری، تهران: حرفه نویسنده
دهقانی، آرش و جهانیان، گلآرا(١٤٠٠) رؤیت پذیرى و عکاسى، مجموعه مقاله، تهران: عکسخانه، چاپ دیجیتال
رانسیر، ژاک(١٣٩٣) سیاست زیباشناسی، ترجمه امیرهوشنگ افتخاریراد و بابک داورپناه، تهران: نشر زاوش
سونسون، گوران(١٣٩٦) نشانهشناسی عکاسی(در جستجوی نمایه)، ترجمه مهدی مقیمنژاد، تهران: نشر علم
شاوکراس، ننسی ام(١٣٩٩) رولان بارت در “پنجاه نویسنده کلیدی عکاسی”، ویراستهی مارک دردن، ترجمه نسرین طالبی سروری و محمدحسین خسروی، تهران: نشر بیدگل
کرِری، جاناتان(١٣٩٩) بینایی و مدرنیته، ترجمه مهدی حبیبزاده، تهران: انتشارات بان
مقیمنژاد، مهدی(١٣٩٧) عکاسی و نظریه، تهران: انتشارات سوره مهر
پاپووا، ماریا(١٣٩٢) راهنمای عکاسی سوزان سونتاگ در عصر فرهنگ دیجیتال، در سایت:
http://akskhaneh.com/story/susan-sontag-photography-and-social-networking
Hall, Stuart(1997). The Work of Representation, In Cultural Representation and Signifying Practice, Sage Publication. In: http://www.sholetteseminars.com/wp-content/uploads/2020/09/hall-representation.pdf
داگرتنی تەواوی PDF