ناساندنی کتێبی فەرهەنگێ کوردی-ئینگلیزی بهرههمی پڕۆفیسۆر مایکڵ چایت
ئەم فەرهەنگە، گشتگیرترین فەرهەنگی کرمانجی – ئینگلیزییە کە تاکوو ئێستا بەرهەمهاتووە و تایبەتە بە، بەکارهێنانی نوێی زاراوەی کوردیی کرمانجی، کە زاراوەی سەرەکیی کوردانی تورکیا، سوریا، و بەشێك لە کوردانی ئێران و عێراق و هەروەها کوردانی سۆڤییەتی پێشووە. مایکل چایت کە بە هۆی زانستی قووڵ و بەربڵاوی سەبارەت بە زاراوە سەرەکییە کوردییەکان ناسراوە، تێیدا کۆمەڵێک زانیاریی بەڵگەیی سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی زانستی وشە پێشکەش دەکات. سەروشەکانی فەرهەنگ بەربڵاون و بە پێی باری وشەکان لە ڕوی ڕەچەڵەکناسی، چەند واتایی، جیاوازیی شێواز، هاوواتایی، ڕستەی نموونە و گەردانکردن لێکدراونەتەوە. ئەم ناوڕۆکە، سەرچاوەیەکی بە پیزی بۆ زمانناسان، هەروەها مێژووناسان، فۆلکلۆرناسان، مرۆڤناسان و قەومناسان پێکهێناوە.
مایکل چایت، پێڕستسازی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کتێبخانەی گۆنگریسی ئەمریکایە. پێشتر سەرنووسەری باڵای بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا و مامۆستای کوردی زانکۆی پاریس و ئەنستیتۆی کوردیی واشنگتۆن بووە.
مایکل چایت ساڵی ١٩٥٧ لە بنەماڵەیەکی جووی شاری سینسیناتیی ئۆهایۆی ئەمریکا لە دایکبووە. چایت سەبارەت بە زمانەکان و فەرهەنگەکان هەستیارییەکی قووڵی هەیە.
چایت سەبارەت بەم بەرهەمە دەلێت: ئامانجی من لەم فەرهەنگەدا، دابینکردنی زۆرترین زانیاری سەبارەت بە سەروشەکان بووە؛ لە دوو ڕەهەندی، زانیاریی مێژوویی بە دایبنکردنی ڕەچەڵەکناسیی دەنگی زمانناسانە و زانیاریی هاوکات، لە رێگای ڕستە نموونەییەکان بۆ هەر واتایەکی وشەی دیاریکراو، جیاوازیی شێواز و هاوواتایی و هەروەها گەردانکردنی کردارەکان و ناوەکان. سەرچاوەی داتایی من لە نووسراەکانی فۆلکلۆر، وێژە، ڕۆژنامەگەری، و هەروەها کۆمەڵێ کۆکراوەی خۆم کە هەموویان بە پێی فەرهەنگە کوردییە نووسراوەکان هەڵسەنگێندراون، پێکهاتووە. هەروەها سەرچاوە کتێبناسییەکان بە پێی دەرفەت بۆ خوێندەوەی زیاتر دانراون. بە پێی زانیارییەکانی سەبارەت بە گۆڕانکاریی ناوچەیی، ئەو درەفەت ڕەخساوە کە نەخشەی دابەشکاریی زاراوەکان دیاری بکرێت. بە کورتی، بەکارهێنانی فەرهەنگەکە تەنیا بۆ کوردەکان و کوردناسەکان نییە، بەڵکوو بۆ توێژەرانی بوارەکانی زمانناسی، بریتی لە زاراوەناسی، لێکۆڵینەوەی ڕێزمانی، و زمانناسیی مێژویی ئێرانی و هیندۆئۆرووپایی و هەروەها، فۆلکلۆر، مێژوو، وێژە و ڕۆژنامەگەری بە کەڵکە.
فەهەنگی کوردیی کرمانجی_ ئینگلیزی کە ساڵی ٢٠٠٢ لە لایەن چاپەمەنیی زانستگای ییل بڵاوکراوەتەوە، گەورەترین و گشتگیرترین بەرهەمی نێوان ئەو دوو زمانەیە. نووسەر ماوەی ١٦ ساڵ لە سەر ئەم فەرهەنگە ٨٤٦ لاپەڕەییە کاری کردووە. نووسەر لەم بارەیەوە دەڵێت: ” حکوومەتی تورکیا هەمیشە ئەو ئایدیایەی بڵاوکردۆتەوە کە زمانی کوردی بوونی نییە، لەم ڕووەوە ئەم فەرهەنگە مەزنە، باشترین شایەتە بۆ بەرپرچدانەوەی ئەم ئیدیعایە.”
چایت کە سەبارەت بە زیاتر لە ٣٥ زمان کاری زانستیی کردووە، لای پرسیارە کە لە بەر چی زۆربەی ئەو چالاکوان و سیاستڤانانەی کە بۆ ماڤی کورد هەوڵ دەدەن، خەڵک هاندەدەن کە زمانی کوردی بپارێزن، لە کاتێکدا کە بە شێوازێکی گاڵتەئامێز زۆربەیان بە زمانی کوردی نائاخاڤن و ئەگەریش کەڵکی لێ وەرگرن، لە ماڵدا و لە گەڵ منداڵەکانیاندا بەکاری ناهێنن.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.