ناساندنی کتێبی “جریان شناسی شعر کوردی هورامی از ابتدا تاکنون”, عادڵ محەمەدپوور، نەشر ئێحسان، ١٣٩٢
ئامانجەکانی نووسینی کتێبی “جریان شناسی شعر هورامی”:
? تەرح/پلان، یەکەم: نەخشە ڕێگایەکە بۆ چاندن و داڕشتن و تێئۆریزە کردنی شێعری کوردی هورامی کە لەم بەستێنەدا نووسراوە. ئەم کتێبە چوارچێوەیەکی بابەتی و ئەدەبیە کە بە شێوەی شێوازناسانە و رەچەڵەکناسانە، مێژووی چواردە سەدەی شێعری هورامی لە سەر بەرجەستەیی شێوازی تاکی شاعێران ڕوخسارناسی، بەهرە ناسی و نرخ ناسی کردوە و ئاوڕی لە سەرجەم پێکهاتەی قۆناغەکانی مێژووی شیعر و ئەدەب داوەتەوە. گوزارەی ڕەوت ناسی (جریان شناسی شعر کوردی هورامی) سنووردار نیە وەک چەمکێکی فرانە و واتەزا، دەلاقەی ئاوەڵا و کراوەیە و باس لە ڕەخساندنی مەودایەکی بزاوتەتر دەکات بۆ خودی نووسەر یام نووسەرانیتر کە لەو پێناوەدا پەرە بدەن بە بابەتەکە و لەو بەستێنەدا کتێب یام کتێبیتری لە سەر بنووسرێت.
? دۆزی سەرەکی نووسەر لەم کتێبەدا نووسینی میژووی ئەدەبی هورامی و ژیاننامەی شاعێران نەبوە بەلکوو بیرۆکەی گڵاڵەیەک بوە بۆ لێکۆڵینەوە و خستنە ڕووی بنەما و چلۆنایەتی تەشک گرتنی سەرهەڵدانی ڕەوتی شێعری هورامی و دابەشکردنی قۆناغەکان بە کەڵک وەرگرتن لە سێ بابەتی شێوازناسی ، مێژووی ئەدەبی و زمانەوانی.
? نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبەدا پێی وابوە کە خوێندنەوەی زانستی و سەردەمیانەی زمان و ئەدەبی هورامی لەسەر بنەمای جیاوازیی تەشک و ناوەڕۆک، ئەرکێکی هەنووکەییه و ڕەنگاڵە کردنی هەیکەڵی زمان و ئەدەبی کوردی بە تێکڕای لێدەکەوێتەوە.
?لەم کتێبەدا بە دەقی نویساری سەلمێندراوە کە شێعری هۆرامی لە نەفەسێکی بەردەوام و پڕۆسەیەکی نەپساو و یەک چەشن پێکهاتوە کە تا وەکوو ئەمێستاکە بە شێوەیەکی دیالێکتیکی بەردەوامیی بە خۆیەوە گرتوە، بگرە وەکوو هەر رەوتێکی ئەدەبی، بەرز و نەوی هەبوو بێت، بەڵام لە هیچ سەردەمێکدا، نە داتەپیوە و نەوەستاوە بەڵکوو نۆرمە سەرکییەکانی ئەم شێعرە حوزووریان نواندوە و کاریگەری داناوە(بە نموونە ژێدەربوون بۆ بەربڵاوکردنی مێژوو ئەدەبی کوردی و ئوسلووبی بڕگەی هورامی و کاریگەری لە سەر مامۆستا گۆران و نوێخوازی …) و ئێستاش لە دوو شێوازی جیاواز«کلاسیک» و «ئەمڕۆ»دا بەردەوامە و شاعێران خەریکی تەجروبەی داهێنانن ئەمەش وێنایەکی سروشتی و هارمۆنیاییە بۆ ئەو ڕەوتە شێعرییە.
?لە ڕوانگەی “تەرح”دا زمان و ڕەوتی شێعری هورامی بە شێوەی رەچەڵەکناسانە و شێوازناسانە، بە دوو کەرتی پێش ئیسلام و پاش ئیسلام خانەبەندی کراوە. پێش ئیسلام تەنیا ئەو توخمە هورامیانە دەگرێتەوە کە لە ئاوێستا و دەقە پەهلەویەکان مەوجوودن، دەبنە سامانێکی هاوبەش بۆ شارستانیەتی زاگرۆس نشینەکان. بەڵام پاش ئیسلام، دەقە نووسراوەکان کۆنکرێتن و ئەو نەمامەی کە لە (هورمزگان)ەوە گۆپکەی کردبوو و لە (بیسارانی)دا بوو بە باخچە و لە (سەیدی)دا رەنگاڵە بوو و لە (مەولەوی)دا گەیشتە سەمەر و لە پاش مەولەوی و هەنووکەش لە بەهرە و داهێناندایە.
? سەرەتای دەسپێکی نوێخوازی شێعری هۆرامی. نووسەر بۆ یەکەم جار لە بەستێنەی نوێخوازیدا بە شێوەیەکی مەنهەجی و نرخاندن، بەشێکی سەرەکی ئەم کتێبەی تایبەتکردوە بە دەسپێکی ڕسکان و فراژوێ بوونی سەرهەڵدانی شێعری هاوچەرخی هورامی و ئەو دەقانەی لەو سێ چوار دەهەدا کە ئەرکی مێژووییان نەخشاندوە و زەمینەیان بۆ تازەگەری ڕەخساندوە، ئاماژەی پێکردون. شێعری ئێستای هورامی ئەگەرچی لە چاو شێوەکانیتری کوردی بە هۆی بڕێ میکانیزمەوە، دێر هاتە نێو گۆڕەپانی نوێخوازیی شێعری کوردییەوە بەڵام خۆشبەختانە کەند و لەندەکانی خۆی بەزاندوە و ئێستا کەوتوەتە سەر رێ و ڕێچکەی هەبوون. خاڵی بەرچاو لەم پڕۆسەدا کرانەوەی ئاسۆیەکە بۆ ئەو شاعێرە لاوانەیە، کە خەریکن بە لەونێکیتر لە شێعری ئەمڕۆی هورامیدا گۆپکە دەکەن. مادام لە ماندوویەتی، خوێندنەوە و داهێنان و سلوکی هونەری و بەردەوامی نەهەراسێن و بگەنە «خۆ دەوامی» بێگومان «بەردەوامی» و داهاتووی شێعری هاوچەرخی هورامی پڕ ڕووناهیتر دەبێ.
♦️ئەندامانی هێژا؛ جێی ئاماژەیە کە ڕەچاو کردنی ماڤی نووسەران و بڵاڤۆکەکان و پاراستنی ماڤی کۆپی ڕایت، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پەێڕەوی کاری کەناڵی “ماڵی کتێبی کوردی”یە و فایلی تەواوی کتێبی “جریان شناسی شعر کوردی هورامی از ابتدا تاکنون” لە سەر ئیزنی نووسەری بەرهەمەکە و وەک دیارییەک لە لایەن بەڕێزیانەوە بۆ ئەندامانی کتێب دۆستی کەناڵ پێشکەش دەکرێت.
بەم بۆنەوە کەناڵی “ماڵی کتێبی کوردی” بە ناوی بەڕێوەبەران و ئەندامانەوە سپاس و پێزانینی تەواوی خۆی بۆ نووسەر و لێکۆڵەری توانا بەڕێز عادل محەمەدپوور ڕادەگەینێت و دەسخۆشی دیارییە ناوازەکەیان دەکات.
❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.