بۆ کۆچی دوایی مامۆستا حەکیم کاکەوەیس
? دوکتۆر هێمن خورشید
….مردنی هه‌ر ئازیزێكمان به‌شێك له وجوودمان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته ژێر گڵ، تا وای لێ دێت له كۆتایی ته‌مه‌ندا، ته‌نیا جه‌سته‌یه‌كی خاڵی له ڕووحمان لێره ده‌مێنێته‌وه، بۆیه زۆر به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ده‌بین و خۆیشمان به‌ره‌و لای خۆشه‌ویسته‌كانمان ڕێگه‌ی سه‌فه‌ر ده‌گرینه به‌ر.
خوات له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مه جوانه بێنازه‌كه‌ی ئه‌م هه‌واره بێكه‌س و بێخودانه.
خوات له‌گه‌ڵ پیاوه ئازاكه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار جورئه‌تت كرد و به چیای بیری مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌ددا هه‌ڵزنایت و هێشووه ترێی بیری ئه‌وت لێ كرده‌وه و بۆ ئێمه كردت به شه‌ربه‌ت.
خوات له‌گه‌ڵ ئه‌ی ئه‌و زاته‌ی به‌ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ركووكه‌وه، به گه‌رووی پڕ له گریان و به ناخی پڕ له ئاخه‌وه بۆ دواكه‌وتوویی و خۆخۆریی میلله‌ته‌كه‌ت، له‌ناو جه‌رگه‌ی جێی پلان و پیلاندا سه‌رت نایه‌وه!
هێدی هێدی مردنمان لا شیرین ده‌بێت، هه‌ر ڕۆژه‌ی كه‌سێ ده‌ڕوات و كۆڵێ یادگاریی ژیانمان لێ ده‌ستێنێت و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یاننێژێ…
دڵم هێنده‌ی (حه‌سار) ته‌نگه و حه‌ساری خه‌م ده‌وری داوه، ناخم هێنده‌ی دووكه‌ڵه‌كه‌ی باوه‌گوڕگوڕ ته‌می ژانی لێ نیشتووه…
تۆ ڕۆیشتی و هێشتا كوردستان بێنازه، تۆ ڕۆیشتی و هێشتا ماره‌كانی زووحاك داوای مێشكۆڵه‌ی نوێ ده‌كه‌ن…
خودات له‌گه‌ڵ مامی شیرین، نووسه‌ره بێنازه‌كه‌ی شاری بێ‌ناز…
? کورتەیەک لە ژیاننامەی نووسەر و وەرگێڕ حەکیم کاکەوەیس
حەکیم کاکەوەیس، ساڵی ۱۹۴۹ لە گوندی “حەساری گەورە”ی نزیک شاری کەرکووک لەدایک بووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە و بۆ خۆێندنی باڵا ڕوویکردۆتە سلێمانی. ساڵی ۱۹۷۳ بەشی بیرکاری لە کۆلیژی زانست لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.
دوای زانکۆ تاکوو کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە. هاوینی ۱۹۷۵ لە بەغدا وەکوو فەرمانبەری پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پلاندادان دامەزراوە و تاکوو ساڵی ۱۹۸۰ بەردەوام بووە.
پاشان لە زاخۆ کراوەتە سەربازی یەدەگ و دوای ماوەیەک کە شەڕی عێراق- ئێران دەست پێدەکات، داوای لێ دەکەن ببێتە بەعسی و ئەوێی جێ هێشتووە و لە ساڵی ۱۹۸۴ خۆی دەگەیێنێتە وڵاتی سوید و لەوێ دەگیرسێتەوە.
حەکیم کاکەوەیس، لە ساڵی ۲۰۰۰ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە خانەنشین کراوە. دوای گیرۆدەبوونی بە نەخۆشی، وڵاتی سوید جێ دەهێلێت و دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کوردستان و لە گوندی حەسار لە کەرکووک، ژیانی خۆی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەر بردووە.
حەکیم کاکەوەیس، زیاتر لە عەرەبی و سویدی بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. زۆربەی بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد کوڕی مەلای گەورەی کۆیەی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
وێڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەدەم ئازاری نەخۆشییەوە دەیناڵاند، بەڵام وەک کەسێکی پشوودرێژ و ماندوونەناس، بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕان و نووسین بووە، زمانزانی و وردبینی، شارەزایی و سەلیقەی لە بواری وەرگێڕان و هەستیاریی لە هەمبەر زمانی کوردی، ئەویان کردبووە کەسێکی ناسراو و خۆشەویست و بەرهەمە وەرگێڕاوەکانی بە هەند وەردەگیران.
سەرەنجام شەوی ۱۸-۱۱-۲۰۱۸ لە کاتی سەردانی بۆ بەغدا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارەدا لە تەمەنی۶۹ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
? بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:
– لسان الکرد. نووسەر: مەسعوود محەمەد، وەرگێڕان بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس
– حەجێکیتر بۆ بەردەرگای (خەتێ)ی زانا، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس
– کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت؟، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆکوردی: حەکیم کاکەوەیس
– رۆمانی گورگی رووتەڵان، وەرگێڕانی لە سوێدییەوە بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس
– رۆمانی کۆلارەفڕێن، بەرهەمی رۆماننوسی ئەفغانی خالید حوسێنی، وەرگێڕانی بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس
_ ڕۆمانی بەزمی تەگەکە، نووسینی ماریۆ بارسا یووسا، وەرگیڕانی حەکیم کاکەوەیس
_ چیرۆکی مەملەکەتی سەگەکان، نووسینی حەکیم کاکەوەیس
_ پرسیارەکان هێشتا تینووی وڵامن، چاوپێکەوتن لە گەڵ حەکیم کاکە وەیس
بەم بۆنە خەمناکەوە، بە ناوی ماڵی کتێبی کوردی، نووسەری بابەت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی کتێب، پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قەڵەمی کوردی بە گشتی و كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی کاکەوەیس بە تایبەت دەکەین.
ڕۆحی شاد و یادی پیرۆز
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.