ئایا دەکرێ لە دوای کارەسات شیعر بهۆنینەوە؟
بۆ ئەو گیانبەختکراوانەی لە ئەنفالی کوردستاندا چاویان بڕییە چاوی گۆڕهەڵکەنەوە
کاوان محەمەدپوور (ڕەخنەگری ئەدەبی)
«پاش شەڕ، مردووەکان یەک پرسیاریان لە هەموو ڕزگاربووەکان دەکرد: ئایا دەتوانن چیرۆکی ئێمە بگێڕنەوە؟؛ ئێمە ئێستا وڵامەکەی دەزانین: نا. ئێمە چیرۆکی ئەوانەمان بۆ ناگێڕدرێتەوە و هەرگیزیش ئەم کارەمان پێ ناکرێت. ئەوانەی قسەیان کرد، قسەکانیان نەبیسرا؛ ئەو چیرۆکەی ئێوە بیستتان، ئەو چیرۆکە نەبوو وا ئەوان وتیان.»/ ئێلی ویسێل
سڵاڤۆی ژیژەک لە پێشەکی کتێبی: (توندوتیژی،شەش ڕوانینی ژێرچاوی) لە زمان (فاین ئیشتاین)ـەوە بیرەوەرییەکی جێی سەرنج لە شاعیری سەردەمی ستالین، (ئانا ئاخماتووا) دەگێڕێتەوە: «ئانا ئاخماتووا لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە ئەو کاتەی لەوپەڕی یەکلاکردنەوەکانی ستالین، لە ڕیزێکی درێژدا لە بەر دەم زیندانی لینینگراد چاوەڕێ بووە هەواڵی کوڕەکەی-واتە “لێف”- بزانێ چی بەسەر هاتووە: ڕۆژێک کەسێک لە ناو ئاپۆرەی خەڵکەکەدا منی ناسیەوە. لە پشت سەرم ژنێکی گەنج کە لە سەرمان لێوی شین هەڵگەڕابوو و بەدڵنیاییەوە هەرگیز منی بە نێو نەدەناسی[ڕاوەستابوو]. ئەو پاش بیستنی ناوم لەو سستییەی کە هەمووانی داگرتبوو هاتە دەر و بە ورتە پرسی- لەوێ هەمووان بە ورتە قسەیان دەکرد- «ئایا دەتوانی ئەم دۆخە وەسف کەی؟» من وڵامم داوە «بەڵێ دەتوانم». لێرەدا بوو کە بزەیەکی بێگیان و تیژتێپەڕ نیشتە سەر ڕوخساری، ڕوخسارێک کە ئیتر شێوەی مرۆڤی نەدەدا.» (ژیژک، ١٣٩٧: ١٣-١٤). ئەم بیرەوەرییە- هاوشێوەی خودی ژیژەک- ئێمە بەرەو ڕستە بەناوبانگەکەی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) سەبارەت بە «شیعر و کارەسات» دەبا: «هۆنینەوەی شیعر لەدوای ئاشۆویتس دوورە لە شارستانیەت و فەرهەنگ». ڕستەیەک کە ساڵی (١٩٥١) لە وتارێکدا نووسرا و تەوەرەکەی ڕەخنەی فەرهەنگ و کۆمەڵگا بوو و تا ئەمڕۆکەش بە گوتەی مایکڵ هانبورگێر «سەبارەت بە نەبوونی دەرەتان بۆ نووسینی شیعرە لیریکەکانی پاش ئاشۆویتس کتێب و وتارگەلێکی زۆر نووسراوە، چ بگا بە هۆنیەوەی شیعر سەبارەت بەو» (اباذری و دیگران،۱۳۷۲: ٢٤٦). (هێربێرت مارکوزە)ـش لە یادداشتێکدا بە ناوی: «شیعری لیریک لەپاش ئاشۆویتس»، جارێکیتر ناوەرۆکی ئەم ڕستەی ئادۆرنۆ، لە ئاستی پرسیارێکی بنەمایی بۆ نووسراوەکانی خۆی گەڵاڵە دەکات. بە بڕوای مارکوزە دەکرێ لە دوای ئاشۆویتس شیعر بهۆنرێتەوە بەڵام بە مەرجێک: «[…] ئەگەر شیعر، لە چوارچێوەی نامۆبوونێکی ئاشتینەخوازانەدا، ئەو سامناکییەی کە هەبوو و بەردوام بوونی هەیە، سەرلەنوێ ئاراستە بکاتەوە» (مارکوزە، بیتا).
بۆ داگرتنی تەواوی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی پی دی ئێفی ۱۰ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF
داگرتنی PDFhttps://research.uok.ac.ir/~zbezdoode
ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.