خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «گۆران» نوێترین بەرهەمی دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی بڵاوکرایەوە

کتێبی «گۆران» نوێترین بەرهەمی دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی بڵاوکرایەوە

کتێبی «گۆران» نوێترین بەرهەمی دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی بڵاوکرایەوە

نزار سابیر

ڕێبوار سیوەیلی دەمێکە کارایانە خەریکی دیزاینکردنەوەی پەیوەنديی ئێمەیە بە خۆمانەوە؛ بە خۆشەویستانمان و بە لەشمانەوە؛ بە دنیای ئینتەرنێت و خواردنی سەر خوانمانەوە؛ بە شوناس و شوێن و نیشتیمانەوە. بەڵام ماوەیەکە خۆی تەرخان کردووە بۆ دیزاینکردنەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنێکی یەکجار گرنگی ژیانی ڕۆشنبیریمان، کە تاکە کۆڵەکەی بەرجەستەبوونی کەلتووریمانە وەک نەتەوەی “کوردزمان”؛ ئەوەیش پەیوەندیمانە لەگەڵ گەورەشاعیرانمان و میراتی شیعری‌یان. ئەمە کارێکی هەتا بڵێیت گرنگە.

دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی

خۆشبەختین ئێستا ڕێبوار سیوەیلی‌یەکمان هەیە؛ هاتووە یەک یەک ئەو چەکمەجانە دەکاتەوە و دەقەکان دەخاتەوە بەر خوێندنەوە؛ بەوەش، بمانەوێ و نەمانەوێ، ناوماڵە شیعری‌یەکە دیزان دەکاتەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ کەلوپەلی ئەو شاعیرانەدا نوێ دەکاتەوە. بە نالی دەستی پێ کردووە و بە حاجی قادری کۆیی‌دا هاتووە و ئێستاش لەلای گۆران گیرساوەتەوە. کتێبیکیشی لەسەر مەحوی هەیە و هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.

پاڵپشتی سیوەیلی بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەو شاعیرانەمان ڕێبازی لێکۆڵینەوەکانێتی، کە خۆی ڕایگەیاندوون و بە گشتی بە فرەمێتۆدی و لە هەندێک کتێبیشی‌دا بە تایبەتی بە دیاردەناسی ناویان دەهێنێ. هەرچەندە ئەم ڕێبازە زانستی-فەلسەفيی‌یانە لە دنیای لێکۆڵینەوەدا نوێ نین و لەلای خۆیشمان تاقیکراونەتەوە. بەڵام ڕێبوار یەکەم لێکۆڵەرە کە بە شێوەیەکی سیستیماتیک و ڕاگەیەنراو و بەم قەبارە و ئەندازەیە بەم میتۆدانەوە لەو شاعیرە گەورە و گرانانەمان نزیک دەبێتەوە. هەر ئەمەشە خاڵی جیاکەرەوەی سەرەکيی ڕێبازی کارکردنی ڕێبوار لەسەر ئەو شاعیرانە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی.

گرتنەبەری پتر لە میتۆدێک یارمەتی ڕێبواری داوە دەستکراوانەتر دەست بۆ ئەو شاعیرانە ببا، بە سوودوەرگرتن لە تێکەڵکردن و بەکارهێنانی داتای چەندانەی وەک ئامار و بەرواردکاری و وەسفکاری و داتای چۆنانەی بەدەستهاتوو لەئەنجامی تێبینیکردن و لێکدانەوە بۆ نموونە. هەرچەندە دەکرێ لێکۆڵەر خۆبەخۆ فرەمیتۆدانە کار بکا بێ ئەوەی پێ بزانێ. بەڵام ڕێبوار بەئاگایانە و ڕاگەیێنراوانە بەو جۆرە کار دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە، خەسڵەتی میتۆدانەی بەرچاو لای ڕێبوار ڕێبازی دیاردەناسی یان فێنۆمینۆلۆژیا‌یە، هەر وەک خۆیشی لە پتر لە کتێبێک و شوێنێکدا باسی دەکا.

دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی

بەم میتۆدەوە ڕێبوار سیوەیلی خۆی لە قاڵبە کۆنەکان ڕزگار دەکا و دەقی شاعیرە گەورەکانمان سەرلەنوێ دەخوێنێتەوە. لەڕێی بەشکردنی ئەزموونکردنەکانی خۆیەوە لەگەڵ ئەو دەقانەی هەڵیاندەبژێرێ ئێمەی خوێنەر بەرەو ڕووی ئەزموونکردنێکی نوێ دەکاتەوە، کە مەرج نییە هەموو جارێک و لە هەموو شوێنێکدا پۆزەتیف سەرسامت بکا؛ بەڵام هەموو جارێک و لە هەموو شوێنێکدا دەتخاتە پەیوەندییەکی نوێوە لەگەڵ ئەو دەقانەدا و وێناکانی ناو سەرت لەسەر شاعیرەکانیان دەگۆڕێ.ڕێبوار پاسیڤانە چاوەڕێی دەقەکان ناکا، خۆیان بێنە گۆ؛ بەڵکو کارایانە ئێخەیان دەگرێ و دەیانهێنێتە درکاندنی ئەوەی خۆبەخۆ نایڵێن، ئەوەی ئەم بە هۆشیارییە ئەزموونکراو و ئاراستەکراوەکەی خۆی لێیان دەردەهێنێ. لەو دەقانەدا کە ڕێبوار دەیاندوێنێ، نالی، کە بە “شەهسواری بەلاغەتی کوردان” دادەنرێ، بە بەلاغە ماڵی بەلاغە کاول دەکا؛ حاجی قادر، کە بە شاعیری پێشەنگی بیری نەتەوایەتی ناوی دەرکردووە، ئەوەندەی ئاوارەیەکی شوێنناسە ئەوەندە نەتەوەخواز نییە؛ گۆران، کە وەک خوای وەسف ناوی ڕۆیشتووە، جوانی وەسف ناکا بەڵکو دایدەهێنێ. ڕێبوار نالی و حاجی و گۆرانێکی دیکە دەهێنێتە دنیاوە. ئەوەش لە منداڵدانی دەقەکانەوە دەمامانێنێ. ڕێبوار خۆی لە پیشەکيی کتێبی (نالی لە “بەلاغە”وە بۆ “مۆدێرنیتە”)دا دەنووسێ: “وشەکان ژیانی خۆیان دەژین و بەردەوامیش مانای دیکە بەرهەم دەهێنن. ئەوەی شیعر دەمرێنێت کۆنیی وشەکانی نییە، بەڵکو خۆبەستنەوەیە بەو ڕوانگە مردووانەوە بۆ زمان، کە ناهێڵن ژیانی وشەکان ببینین و مانا نوێیەکانیان ئاشکرا ببن. وشەیەک لە پێشزەمینەیەکی تایبەتدا بەرهەمدێت و شتگەلێک دەڵێت، بەڵام شتگەلێک دەشارێتەوە. من بە دوای نەگوتراوییەکەیدا وێڵم و شەیدای شاراوەییەکەیم.”

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *