ناسنامەی کتێب: ” کۆچی شامار “: فەرهاد حەیدەری گۆران؛ وەشانگەی “ئاگاه و بان”؛ ۲۰٨ لاپەڕە، ساڵی چاپ ۱۳۹۷
کۆچی شامار گێڕانەوەیەکی جیاواز لە بوومەلەرزەکەی کرماشان
?ڕۆمانی “کۆچی شامار” لە نووسینی فەرهاد حەیدەری گۆران، نووسەر و توێژەری ناسراوی کوردی دانیشتووی تارانە و کۆچی شامار بە زمانی فارسی وەک پێنجەمین ڕۆمانی کە لەلایەن وەشانگەی “بان و ئاگاه”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
فەرهاد حەیدەری گۆران، نووسەری کورد کە بە کوردیی خوارین و فارسی دەنووسێت، ئەمە پێنجەمین ڕۆمانییە کە چاپ و بڵاو دەبێتەوە و پێشتر کتێبەکانی: “ئەفسانەی ڕەنگەکانی دۆنادۆن، کەتیبەخوێندنەوەی وێرانی، تەنگەنەفەسی” چاپ و بڵاو بووەتەوە و پاش ڕۆمانی “تەنگەنەفەسی” کە ساڵی ۲۰۱۶ لەلایەن فازڵ مەحموودەوە وەرگێڕادراوەتە سەر زمانی کوردی و ماڵی وەفایی چاپی کردووە. تەنگەنەفەسی لە ئێران پێشوازییەکی زۆر لێکرا، ئەمە نوێترین ڕۆمانی نووسەرە و بە گوتەی خۆی لە هەفتەی یەکەمدا ۵۰۰ دانەی لێ فرۆشراوە و ئەمە نیشانەی پێشوازییە لەم ڕۆمانە.
?وەشانگەی “ئاگاه و بان” لە پشتە بەرگی “کۆچی شامار”ەوە نووسیویانە: “کۆچی شامار، ڕۆمانێکە کە ژیانی کۆچەر و لێقەوماوێکی کورد دەگێڕێتەوە. شامار، پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان، لە کاتی تازیەدا بە ناچاری دایکی خۆی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ بەجێ دێڵێ و بە کۆمەڵێک دەقی ئایینی و بیرەوەری و سەربردەی ژیانی سەردەمی خوێندکاریی خۆی، ڕوو لە تاران دەکات”.
لە درێژەدا نووسیویە: “شامار لە کاتێکدا لەناو کەمپی ڕزگاربوەکاندا دەژیت، تووشی شڵەژانی دەروونی دەبێت و شاهێدی مەرگ و لەناوچوونی خۆی و هەموو ئەو کەسانە دەبێ کە ناویان لە دەفتەری یادداشتی ڕۆژانەیدا دەیاننووسێت.” ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی چەند ڕەهەندییە، لە سەرقاڵیی زەینیی کارەکتەرەکانەوە، بۆ سەردەمی قاجاڕەکان تاکوو ژیان و نیشتەجێبوون لە شوێنە داگیرکراوەکان، لە گەیشتن بە دۆنادۆنی لەناو دەق و دەفتەرە کۆنەکانەوە بگرە تا باسکردنی جەستەی ئەوانەی تووشی برینی ساڕێژنەکراو هاتوون.
?لە درێژەدا باس لەوەش کراوە: “شامار، لەڕاستیدا وێنا و دیوێکی دیکەی کەسێتیی مێژووە لە ڕۆمانی “تەنگەنەفەسی”دا، ڕۆمانی پێشووی فەرهاد گۆران، کە بە گوتەی خۆی چەند کەس لە ڕەخنەگر و خاوەنڕایانی ئەدەب، بە باشترین ڕۆمانی سەردەمی ژیانی خۆیان ناویان بردووە. گێڕەرەوەی کۆچی شامار، لە شوێنێکدا لەزاری باوکییەوە دەڵێ: ئەستێرەی بەختیان خامۆش کردم. کە واتە تێدەکۆشێ بە بانگهێشتکردنی ئەو کچەی خۆشی دەوێ، تیشک و درەوشانەوەیەک لەو ئەستێرەوە وەربگرێ و تاریکیی داهاتووی پێ ڕووناک بکاتەوە.
ڕۆمانی کۆچی شامار، لەدووتوێی ۲۰۸ لاپەڕە لە تاران و لەلایەن وەشانگەی “بان و ئاگاە”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
?بەڕای ڕەخنەگر و خاوەن ڕایانی ئەدەب، ئەم بەرهەم نوێیەی فەرهاد حەیدەری گۆران، خەمنامەی سەرسامهێنەری مرۆڤی هاوچەرخ و نوێنگەی تراژیدیای نەتەوەی کوردە، هاوکات گێڕانەوەیەکی تراژیکیە لە ژیانی مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕن.
?فەرهاد حەیدەری گۆران، نووسەر و توێژەری کورد کە بە دوو زمانی کوردیی خوارین و فارسی دەنووسێت، لەدایکبووی ۱۹۷۴ی کرماشانە و تا ئێستا پێنج ڕۆمانی بە فارسی و کوردیی خوارین نووسیوە و بەرهەمەکانی بە زەمانەکانی” ئینگلیزی، سویدی، عەرەبی و هەنگاری” وەرگێرادراون. ڕۆمانی “تەنگەنەفەسی” کتێبێکی سێیانەیە کە بەرگی دووەمی ساڵی ۲۰۰۹ لەلایەن وەشانگەی “ئاگە”وە چاپ کراوە و کۆچی شامار ڕۆمانێکە لەڕاستیدا دەبێ وەک دەفتەری سێیەمی تەنگەنەفەسی لەقەڵەم بدرێت.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.