خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی”ڕابردووە هاودژەکان” نووسینی دوکتۆر ئازاد حاجی ئاقایی

ناساندنی کتێبی”ڕابردووە هاودژەکان” نووسینی دوکتۆر ئازاد حاجی ئاقایی

ناسنامەی کتێب: “ڕابردووە هاودژەکان؛ خوێندنەوەیەکی دیسکۆرسیڤ لە ناسیونالیزمی کورد”، ئازاد حاجی ئاقایی، دەزگای جەماڵ عیرفان، سلێمانی، ۲۰۱۵.

ناساندنی کتێبی “ڕابردووە هاودژەکان؛ خوێندنەوەیەکی دیسکۆرسیڤ لە ناسیونالیزمی کورد”

?بە پێچەوانەی زۆر ئایدۆلۆژیای وەک مارکسیزم و سۆسیالیزم، فاشیزم یان لیبەراڵیزم یان زۆر قوتابخانەی فکری وەک کۆنسێرڤاتیزم، ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایێکە کە ناکرێ کەسێکی بونیاتنەر یان تیۆریسیەنێکی سەرەکی بۆ دەستنیشان بکرێ؛ هاوکات ئەم ئایدۆلۆژیایە خاوەن ئەو توانست و پۆتانسیەلەیە لەگەڵ تەواوی ئایدۆلۆژیا و قوتابخانە فکرییەکانی‌تر بچێتە ژوان. هەر ئەمە وایکردوە لە ناو جیهانی سیاسەتدا ناسیۆنالیزم بەردەوام خوێندنەوە و تەفسیری جیاوازی بۆ بکرێت و لە بەستێنی سیاسی-کۆمەڵایەتی جیاوازدا ئاراستە و ڕەهەندی جیاواز بە خۆیەوە بگرێ. لە ناسیۆنالیزمی ئایینی هیندوسیەکانەوە بگرە تا ناسیۆنالیزمی سیکیۆلاری فەرەنسیەکان، لە ئاوێتەبوونی تیۆلۆژیای مەسیحیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بزاڤە ناسیۆنالیست-ڕزگاریخوازەکانی ئەمەریکای لاتین تاکوو بزوتنەوە چەپە ناسیۆنالیستەکان، توانیویەتی لەسەر گۆڕانی نەخشەی سیاسی جیهان کاریگەری هەبێ.

?لەم ناوەدا زۆرجار بەو هۆیەی کە ناسیۆنالیزم پوتانسیەلی هەنگاونانی بەرەو فاشیزم لە خۆوە نیشانداوە وەک نەخۆشی سەردەمی مناڵی و سورێژەی ڕەگەزی مرۆڤ پێناسە کراوە، بەڵام ئەم ئایدۆلۆژیایە لە تەواوی جیهاندا زیاتر لە سەدەیەکە وەک هێزێکی سەرەکی دابینکەری ئاڵ و گۆڕە جیهانییەکان، وەک نەخشەیەکی مەعریفی بۆ بینین و لێکدانەوەی جیهان و لە ئاکامدا پردی نێوان جیهانی هزر و جیهانی کردەوە بینراوە؛ تا ڕادەیەک باندۆری ئەم ئایدۆلۆژیایە وایکردوە مرۆڤ نەتوانێ هەنگاو بنێتە ناو جیهانی دەرەوەی نەتەوەکان.

?ئەم ئایدۆلۆژیایە لە کوردستانیش وەک وڵاتانی‌تر بە پێی بەستێنی سیاسی- کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی دەسەڵات لە بەشە جیاوازەکان هەروەها و نەریتە زاڵەکانی ناو وڵات خووخدەی تایبەت بە خۆی وەرگرتوە، بۆیە سەرەڕای ئەوەیکە لە زۆر لایەنەوە لەگەڵ هێڵە سەرەکیەکانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم گوونجاوە بەڵام تایبەتمەندی زۆر کۆنکرێتی ئەم بەستێنەشی بەسەردا زاڵە، هەر لەم ڕووەوە ناکرێ ئەم ئایدۆلۆژیایە وەک چەمکێکی کۆنکرێت پێناسە بکرێت. ئەمەش لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی چەمکی شوناس، وەدواکەوتنی سەرهەڵدانی چەمکی شوناسی مۆدێڕن بە نیسبەت گەلانی‌تری ناوچە و چۆنیەتی پێناسەکردنی ئەوانی دیکەی خۆی بە ڕوونی دەردەکەوێ. هەر بۆیە کتێبی ڕابردووە هاودژەکان بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستیانە، بەکەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی دژایەتییە بنەماڵەییەکانی ڤیتگێنشتاین هەوڵیداوە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چۆنیەتی پێکهاتنی شوناسی مۆدێرنی کورد و وەدیارکەوتنی پەیڤی نەتەوەخوازانە لەپانتایی سیاسی-کۆمەڵایەتی کورد بدا بەدەستەوە.

?پرسیارێکی سەرەتایی سەبارەت بە گێڕانەوە و حەکایەت کردنی ناسنامە لە دەسپێکی سەدەی نۆزدە و ڕەوتی بێچم گرتنی ئەم شوناسە، ئاڵ و گۆڕەکانی ئەم شوناسەو شێوازی جومگەبەندیکرانی ئەم شوناسە، وەدیار کەوتنی پەیڤی نەتەوەخوازی لەژێر کاریگەری هەژمون بوون و جێگیربوونی ئەم شوناسە و دواتر خولقانی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کوردە.

?ئەوە پرسیارێکە توێژەر ناچار دەکات هانا بۆ ئەو پەیڤانە ببات کە نزیکەی سەدساڵ لەمەوبەر نوسراون و ئێستاکە لەناو دەقی قەتیس ماوی ڕۆژنامەکان، بیرەوەرییە کاڵبووەکان ژەنگی ڕابڕدویان لەسەر نیشتوو؛ وە دەنگهێنانی هەرکام لەم دەقانە لەوانەیە تاڕادەیەک وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارە سەرەتاییانە بێت.

?ئەم کتێبە سەرەڕای ئەوەی چۆنیەتی بێچم گرتنی چەمکی ناسنامەی کورد و دەرکەوتنی سیما جیاوازەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لەناو پانتایی گشتیی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کورد لە سەردەمانی نێوان ساڵانی ١٩٠٠ تا ١٩٤٥ وەک ڕابردوو دەگرێتە خۆی بە هیچ شێوازێک ناچێتە ناو خانەی مێژوونووسیەوە؛ بەڵکو تەنانەت لەبەر دەکارهێنانی تێڕوانینێکی ناوازە لەسەر مێژوو لەوانەیە گرێبەستە باوەکانی مێژوونوسینەوەش سەبارەت بە کورد و شوناسی کوردی تووشی پرسیار بکات؛ لەبەر ئەوەی گێڕانەوەی ئەم کتێبە وەدیارکەوتنی شوناس و دواتر دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کورد لەناو ڕەوتێکی یەکگرتوو و بەردەوام پێکهاتو بە هۆی تاقە بنەمایەک لە بەستێنێکی کاتی یان گەشەیێکی بەردەوام لەسەر بنج و بناوانی خۆی بە درێژایی زەمەن لەبەر چاو ناگرێت؛ بەڵکو هەوڵدەدا بە لەبەرچاو گرتنی ڕابردوو وەک پێکهاتەیەکی ژێر کاریگەری پەیوەندیەکانی هێز، بە خوێندنەوەیەکی ناوڕێچکەیی چەمکی شوناس و ناسیۆنالیزم وەک دیسکۆرسێک لێی بڕوانرێت کە بەردەوام لەناو خۆی بە هۆی پەیوەندییەکانی هێز، لە حاڵی گۆڕان و دابڕان دایە و لە لایەکی تریشەوە بە هۆی ئاڵ و گۆڕەکانی ژینگەی دیسکۆرسی دەوروبەری خۆی، هەم کاریگەری لەسەر توخمەکانی ناوەوەی خۆی دادەنی و هەم خۆشی کاریگەری لەسەر ژینگەی دیسکۆرسیڤ دەبێ.

?بەڵام ئەم کتێبە بۆ ئەوەیکە نەکەوێتە داوای لێکدانەوەی باو لە سەر ناسیۆنالیزم، هەوڵیداوە بۆ چوونە ناو جیهانی زێهنی دەستەبژێرە کوردەکان میتۆدی “ڕاڤەی ڕەخنەگرانەی دیسکۆرس” بەکار بینێ و ئەمە جیاوازیی ئەم کتێبە لە گەڵ کتێبەکانی‌تری پەیوەندیدار بە خویندنەوەی ناوسیۆنالیزمی کوردە. ئەم خوێندنەوە دیسکۆرسیڤەش لە مێژوو دەستەبەر نابێ جگە بە چوونە ناو جیهانی زمان و تێڕامان لە زمان وەک سەرمایەیەکی (دەسمایە) سیاسی لە پێناو خوڵقاندن و کێشانەوەی سیماکانی جیهانی مرۆڤ و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی دەرفەتی تێڕوانینی مرۆڤ لە جیهان و وەگەڕخستن و وروژاندن لە پێناو مەبەستێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی.

?بە لەبەرچاو گرتنی ئەم خاڵە هەوڵێکی زۆر دراوە تاکوو ئاراستەی توێژینەوە، ڕووەو نزیک بوونەوەیەک لە دوو چەمکی سەرەکی هێز و سیاسەت هەنگاو بنێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەم خاڵە حاشا هەڵنەگرە کە بێ ڕەچاوکردنی چەمکی هێز و نەبینینی چەمکی هێز لەپشتی هەرکردەوەیێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ناکرێ  هەنگاو بنرێتە ناو گۆڕەپانی سیاسەت. لەسەر ئەم بنەمایە پێویست بوو تێڕوانینێکی زانستیانە ڕەچاو بکرێت کە هەڵگری باشترین دەرەفەتی خوێندنەوەی بۆ دیاردەیەکی سیاسی و رابڕدوو و مێژوو هەبێت تاکوو لە لایەک بتوانێ چەمکی هێز لەناو ڕابردوو و دیسکۆرس دەسنیشان بکات و هەمیش باشترین دەرفەت بۆ خوێندنەوەی دەق بڕەخسێنیت.

?لە ڕووی مێتۆدناسییەوە، ئەم لێکۆڵینەوە؛ لەپێناو بەدیهێنانی ئەم مەبەستە “لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەی دیسکۆرس” بە گۆنجاوترین میتۆد (کە تاکوو ئێستا لە پانتایی لێکۆڵینەوەی سیاسەت لە ناو کوردستان و هەم بە زمانی کوردی زۆر کەم دەکار هاتووە) دەزانێت؛ کە هەم دەتوانێ ڕەوتی هێز لەناو دەق (زارەکی و نڤیساری) بە وردی نیشان بدات و هەمیش توانست و ڕێکاری بۆ هەڵوەشاندنەوە و سەر لە نوێ بیناکردنەوەی دەق هەیە؛ لە ناو ئەم میتۆدەشدا ئاوڕێک لە ڕێچکەی “لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەی مێژوویی بۆ دیسکۆرس” دراوەتەوە و هەوڵ دراوە لێکدانەوەکە بابەتیانەتر ئامانجە سەرکییەکانی خۆی بپێکێ.

?ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی (پێناسەیەکی تیۆری بۆ چەمکەکان و بابەتی سەرەکی کتێبەکە) لە هەشت چاپتەر پێکهاتووە. بەشی یەکەم بابەتێکی تیۆرییە لەژێر سەڕدێڕی “لە ئایدۆلۆژیاوە بەرەو لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە لە زمان”. ئەمە هەوڵیکە لە پێناو دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەکی تیۆر بۆ ئەم کتێبە و پێناسەکردنی چەمکە سەرەکیە دەکارهاتووەکان، لەم بەشەدا بەگرینگی پێدانی دیسکۆرس و خوێندنەوەی چەمکە پەیوەندیدارەکانی ئەم دەستەواژەیە، پەیوەندیەکانی هێز لە ناو گۆڕەپانی دیسکۆرسیڤ دێنە بەر باس و لە دواییدا میتۆدی دەکار هاتوو بۆ ئەم کتێبە باسی لە سەر دەکرێت.

?دووهەم بەشی ئەم کتێبەش هەر بەشێوازی تیۆر لە پێناو دابینکردنی بناخەیەک بۆ توێژینەوەی چەن مژاری لە یەک جیا، بەڵام هاوپەیوەند سەبارەت بە دیرۆک، بیرەوەری و حەکایەتکردنی، ڕابردوو وەک ناسیۆنالیزم هاتۆتە بەر باس و لێکۆلینەوە و دواتر ئەم بابەتە جیاوازانە و دەرکەوتەی ئەم بابەتانەی لە زمانی ناسیۆنالیزم لە ناو جیهانی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن خوێندۆتەوە و کاریگەریەکانی رۆژنامەی لە سەر بڵاوکردنەوەی نەتەوەخوازی شرۆڤە کردووە. لەوانەیە ئەم دووبەشە بە تێڕوانینی خوێنەر کەمێک زۆر بووبێ؛ بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئەدەبیاتی کوردی بە شێوازێکی ئەکادیمی و ئاراستەکراو، ئەم بابەتانە کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە، هەوڵ دراوە بە تێر و تەسەلی باسیان لە سەر بکرێت.

?لە بەشی سێهەم بە دواوە مژاری سەرەکی ئەم کتێبە دەس پێدەکا؛ ئەم بەشە وەک گەشتێکی خێرا ئاوڕدانەوەیەکە لەسەر ئەو تێبینیانەی تاکوو ئێستا لەسەر چەمکی شوناسی کورد کراون. لەم بەشەدا هەوڵدراوە بیروڕای پسپۆران لەسەر چۆنیەتی وەدیارکەوتنی شوناسی کورد وەک ئاوێنەیەک لەبەرابەر یەکتری دابنرێت و لایەنە جیاواز و زەقەکانی ئەم بۆچونانە نیشان بدرێن. لەکۆتاییدا نوسەر پێناسەی خۆی لەسەر چەمکی شوناس و دیسکۆرسی ناسیۆنالیزم باسکردووە.

?بەشی چوارەم تایبەت کراوە بە خوێندنەوەی زۆر وردی “رۆژنامەی کوردستان” (١٨٩٨ز) و نیشاندانی چۆنیەتی دەرکەوتن و نواندنەوەی شوناسی کوردی لە یەکەم چرکەساتی نواندنەوەی وەک دەقێکی مۆدێرن. لەم بەشەدا هەوڵ دراوە هاوتەریب لە گەڵ خوێندنەوەی پەیڤی کوردستان، بەستێنی کۆمەڵایەتی-سیاسی کۆمەڵگای عوسمانی و ئەو هەلومەرجەی بوو بە هۆکاری دەرکەوتنی ئەم پەیڤەش بەوردی باسی لەسەر بکرێت.

?”کرده‌وه‌ی دیسکۆرسیڤ و مشتومڕی زمانی لە ١٩٠٨ز تا شەڕی یەکەمی جیهانی” سەردێڕی پێنجەم بەشی ئەم کتێبەیە و لەم بەشەدا نواندنەوەی پەیڤی شوناسی کوردی لە زاری چەن ڕۆژنامەی گرنگی بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی وەک: “گازەتەی تەعاون و تەرەقی” و “ڕۆژی کورد” و “هەتاوی کورد” دەخوێندرێنەوە و ئەو جیهانەی ئەم ڕۆژنامانە بۆ کێشانەوەی شوناسی کوردی هێڵکاریان کردووە لێکدانەوەی رەخنەگرانەی زمانیان لەسەر دەکرێ.

?لە دایکبوون و گەشەی شوناسی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی بەشێکە سەرەنجی زۆرتری خۆی بۆلای هەڵسەنگاندنی بەستێنی کۆمەڵایەتی-سیاسی ئێران وکوردستان لە دوایین ساڵانی دەسەلاتداری قاجارەکان و ویستی بە مۆدێڕنکردنی ئێران ڕادەکێشێ. ئەم بەشە بەستێنێک بۆ خوێندنەوەی پەیڤی ناسیۆنالیستی کورد لە زاری “نیشتمان”ی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد” و دواتر پەیڤ و کردەی ناسیۆنالیستی لە کۆماری کوردستان و “رۆژنامەی کوردستان” لە بەشی دواتر دەستەبەر دەکا.

?دوایین بەشی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ژێر سەردێڕی “گرینگترین دەسکەوتەکان” هەوڵدەدا لەسەروی دەقەکان ڕاوەستێت و گرینگترین دەسکەوتەکانی ئەم توێژینەوەیە بخاتە ناو خانەی خوێندنەوەیەکی تیۆریک، تاکو لە دوایین بەشدا خوێندنەوەی هێڵی پەیوەندیەکانی هێز لە دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کورد و یەکەم هەنگاو بۆ دروست کردنی مۆدێلێک لەم دیسکۆرسە دەستەبەر بێت.

?ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠١٥ لە سلێمانی لە لایەن دەزگای جەمال عیرفان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

?دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان لە وتووێژی تایبەت لەگەڵ ماڵی کتێبی کوردی سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت: “بابەتی بەرباسی ئەو کتێبە یەکێکە لە مژارە پڕ مشتومڕەکانی گوتاری سیاسی_ ڕۆشنبیریی کوردی بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی. بەڵام ئەوەی سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە ئەو کتێبە لە پێگەی توێژینەوەیەکی جیدیدا، لە لایەکەوە هەڵگری مۆرک و تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی توێژینەوەی زانستی و ئاکادێمیکە و، لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی زمانییەوە نەک هەر پەخشانێکی پاراوی ئاراستە کردووە بەڵکوو بە وردبینیشەوە سەرنجی داوەتە دانانی هاوواتای کوردی بۆ چەمک و زاراوە تیۆریک و ڕەخنەییەکان.”

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *