ئێژامەندی خانای قوبادی لە هزر و ئەندێشەی کوردیدا
کەیهان عەزیزی
ئەوەی کە مێژووی شێعری کوردی بۆ کام شاعیر و بۆ کام دیاردە و بۆ کام ڕوداو لە چ سەدەیەک دەگەڕێتەوە، گەلێ بیروڕای جیاواز و چەشناوچەشن لە ئارادان زۆر جاریش باسەکان ئاڵۆز و تەنانەت تێکەڵ و هەستاوین. لەوانەیە ئەم مێژووە بۆ پێش ئێسلام و لە سەردەمی کەوناراوە بۆ سەدەکانی یەکەم و دووهەمی کۆچی، لەوانەشە بۆ سەدەکانی چوارەمی کۆچی لە هەڵکشان و داکشاندا بێت، بەڵگەکان و بنەماکانیش بڕێجار یەکسەرە ناتەبان. دیارە هەر قۆناغ و دیاردەیەک بە ژێدەری شیعر و ئەدەبی کوردی هەژمار بکرێت، هەندێ گریمانە و بەڵگەی تایبەتیی پێویستە، واتە دەبێ لە پێشەوە دەیان پرس و ئەگەر و هۆکار، وڵام بدرێنەوە و بکۆشین چەند ڕەهەند پرسەکان شەنوکەو بکەین. ئەمەش لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی گەرەکە و لە مەبەستی ئەم وتارەوە دوورە. بەڵام کاتێ خوازیاریش بین سەرەتاکانی مێژووی شێعری بەرگری یان شێعری نەتەوایەتی دیاری بکەین، دووبارە و جارێکی تر لەگەڵ ئەو ئەگەر و مەگەرانەی کە بۆ سەرەتاکانی شێعری کوردی هەیە، لێرەش لەم جۆرە شێعرەدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە. چون زۆرجار سەرەتاکانی شێعری کوردی بە سەرەتاکانی شێعری بەرگرییەوە گرێ دەخوات و هەر دوو، یەک مێژوویان هەیە؛ واتە دەکرێ یەکەم شێعری کوردی، یەکەم شێعری بەرگریش بێت. ئەمەش خاڵێکی گرنگە لە مێژووی کورد، کە پێویستە ئاوری لێ بدرێتەوە و شرۆڤە بکرێت. لەبەر ئەوەی یەکەم شێعرەکانی ئەدەبی کوردی یەکەم هاوارەکانی گەلیشن. ئەمە ئەوە پێشان دەدات کە “مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی شێعری نەتەوەیی بۆ پێش بزووتنەوەی سیاسی دەگەڕێتەوە، ئەویش زیاتر لە ئەنجامی ئەو سۆز و هەستە نەتەوەیییە بوو کە چەوسانەوەی نەتەوەیی یان بێدەوڵەتی ورووژاندبوونی.” (ئەرسەلان بایز ئیسماعیل، ٢٠٣: ٩٢)
ئەگەر گریمانەکان و ئەگەرەکان، واتە ئەو پرسانەی لەسەر دەقی بەناوبانگی “هۆرمزگان” هەن بڕوێنەوە، بە دڵنیایییەوە ئەو دەقە بە نـمونەی هەرە باش و سەرکەوتووی شێعری بەرەنگاری هەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم دەقە بەم شێوازە کە ئێستا لە بەردەستمانە لە رووی ناوەڕۆکەوە مێژووەکەی دەبێ بۆ دەوروبەری سەدەی یەکەمی کۆچی بگەڕێتەوە، کەوابوو لە دیرۆکی بیر و هزری کوردیدا ئەم بەرهەمە بەم تەرزە، قەڵەمبازێکی ناوازەیە. بۆیە ئەگەر ئەم دەقە هی ئەو سەردەمە بێت، بۆ ئەدەبی کوردی بایەخێکی یەگجار زۆر و شوێندانەری هەیە و ئەدەبی کوردی نەتەنیا دەتوانێ پێی بنازێت، دەتوانێ لە زۆر باریشەوە وەک بەڵگەیەکی چەند لایەنە پشتی پێ ببەستێت. هەروەها ئەگەر ئەو ڕاڤەگەلەش کە بۆ دوو بەیتیەکانی”ماریفەتو پیر شالیاری” کراون ڕاست دەربچن، بەدڵنیایی ئەو دوو بەیتیانەش دەکرێ سەرەتاکانی شێعری بەرگری کوردی بن. بابا سەرهەنگ دودانیش لە سەرەتاکانی سەدەی چوارەمی کۆچی لە ڕێی دوو بەیتیە بەناوبانگەکەیەوە، یەکەمین جرەقەکانی شێعری بەرگری کوردی لێ داوە. نزیکی پەنج سەدە دواتر شاوەیس قولی، ڕاشکاوانە جەخت لە کوردبوون و ڕەگەزی خۆی دەکاتەوە.
پاش ئەم نمونانە، کاتێ لە سەرەتاکانی شێعری کوردی دوور دەکەوینەوە و ئێتر ئەگەر هەندێ وردە باسی دواتریش لەبەر چاو نەگرین، ئەحمەد خانی (١٦٥٠ – ١٧٠٧ ز) لە ڕێی بەرهەمی ئێژامەندی مەم و زینەوە لە ساڵی ١٦٩٢ی زایینی یەکەم سووچی شێعری نەتەوایەتی و شێعری بەرەنگاری چێ دەکات. ئەحمەد خانی سەرکەوتوانە بە هیوای پاشەڕۆژێکی گەش، ئەدەبی بەرگری ڕەنگڕێژ دەکات. نزیک بە نیو سەدە دواتر خانای قوبادی (١٧٠٠ – ١٧٧٠ ز) ئەو سووچەکەی ئەم سێگۆشە گرنگە دەکێشێتەوە. ئەگەر ئەحمەد خانی نوێنەری سەدەی هەڤدەهەم بێت، خانای قوبادی نوێنەری بێ ڕکابەری سەدەی هەژدەهەمی ئەدەبی گەلەکەمانە. لە سەدەی نۆزدەهەمیش لەسەر دەستی تەوانای حاجی قادر کۆیی (١٨١٦ – ١٨٩٧ ز) سێگۆشەکەی شێعری نەتەوەیی تەواو دەکرێت. ئەم سەردەمە واتە سەرەدەمی حاجی، لە مێژووی کورد، بە سەردەمێکی ناوازە و گرنگ و تایبەت ئەژمار دەکرێت. بۆیە لە حاجییەوە بیر و هزری نەتەوەیی ئێتر ڕەنگێکی ئەزموونکراو و خاوەن پێناسە وەردەگرێت.
لەم نووسینەدا هەوڵدەدەین دەور و پێگەی خانا لە بیر و هزری نەتەوەیی وەک یەکێ لە کاریگەرترین و گرنگترین سێکوچکەی شاعێرانی نیشتمانی لە سەردەمی کلاسیکدا زیاتر لە ڕێی موتیڤەکانی کورد و کوردستانەوە بە جەختکردن لەسەر شیرین و خهسرهو و دیباچەکەی، بە تایبەت لە ڕووی شناس و نەریتی کوردییەوە شی بکەینەوە. تا بزانین خانا لە ڕووبەری فەرهەنگ و سیاسەت و ئەندێشەدا لەم ڕۆژگارە بۆ گەلی کورد دەتوانێ چ ڕۆڵێک بگێڕێت.
جێگای ئاماژەیە ئەو وتارە بۆ یەکەمجار لە یەکەمین کۆنگرەی سەراسەریی شاعیری ناوداری کورد خانای قوبادی لە شاری جوانڕۆ پێشەکش کراوە.
بۆ داگرتنی تەواوی وتارەکە لە ۲۳ لاپەڕەدا کرتە بکە سەر داگرتنیPDF
داگرتنیPDFبۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.