«ئەو هاوارەی نەبیسترا» نوێترین ڕۆمانی ئارام محەمەد بڵاوکرایەوە
وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)، ڕۆماننووس ئارام محه‌مه‌د چاپ و بڵاوکردەوە.
ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی هونەریی و مێژووییەوە، ئاوڕی لە کەسایەتی و بنەماڵە و خەون و ئارەزووەکانی (دڵدار)ی شاعیر داوەتەوە. جێیی ئاماژه‌یه دوای ڕۆمانی (ڕۆژێك له‌و ساڵانه هه‌ڵده‌گرم)، ئه‌مه دووه‌م ڕۆمانی نووسه‌ره، له وه‌شانی نووسیار چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانە ئارام محەمەد دەڵێت: “ئەگەر گێڕانەوەیەکی گشتیی ئەدەبی جارێک دژوار و سەخت بێت، گێڕانەوەیەکی بایۆگرافی له فۆڕمی ڕۆماندا دەیانجار زەحمەتترە، چونکە نووسەر لەبەردەم پرسیارێكدایه، چۆن ئەو دیمەن و وێنە ناته‌واو و تۆزلێنیشتووانه بگوازێتەوە و هاوسه‌نگی ئێستاتیكیش بپارێزێت؟ وێنه‌كان بە دەیان ڕووداوی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی داپۆشراون و لە چەندان لاوە شێوێنراون، ڕووخساریان ناناسرێتەوە. ئەوە بە تەنیا ئەدەبه وەک هێزێکی ڕزگارکەر دێت ڕۆح بە بەر چیرۆکێکی له‌بیرچووه‌وه ده‌كاته‌وه. هێزی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه له‌وه‌دایه، تیشكێكی تایبەتی هەیە و ورد درز و کون و قوژبنەکان ڕووناک دەکاتەوە. ئەو دیوه‌ی فۆتۆ پێشانی نادا، مێژوو بە گرنگی نازانێت، یاداشت تۆماری ناکات و له هەقایەت و سەربردەی زارەکیش فه‌رامۆش ده‌كرێت، گێڕانەوە لە قووڵایی و لە تاریکییه‌وه وێنەی دەکێشێت. خوێنەر دەتوانێ وێنای ژیانێکی تەواو بزربوو بکات، كه نه بیستوویەتی، نه بینیویه‌تی و نە قەت خوێندوویەتیەوە.”
لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە: وه‌ک بریندارێکی به‌جێماو، به ڕۆحێكی هه‌لاهه‌لا، لاشه‌م به‌دوای خۆمدا ڕادەکێشا. بۆ ئه‌وه‌ی بنووسم پێویستیم به هه‌ناسه‌ی قووڵ و تووڕه‌بوون بوو. ده‌منووسی و نه‌مده‌زانی چ ده‌نووسم. وه‌ک ته‌رزه وشه‌كان بەر کاغەز دەکەوتن. كاغه‌ز له ده‌ستمدا لۆچ ده‌بوو، کون‌کون دەبوو، ده‌دڕا. هه‌موو گیانم ئاره‌قی لێ ده‌چۆڕایه‌وه. وه‌ک عاشقێک دەبوو بنووسم، ده‌منووسی و ده‌مسڕییه‌وه. ئه‌نگوستم وه‌ک پێنج چه‌قۆ له كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م ئاڵابوون. ده‌ستم خوێنی لێ ده‌هات. باکم نه‌بوو، با ئه‌نجن ئه‌نجن بێت جه‌سته‌م، با وه‌ک هه‌ڵۆیه‌كی ناو قه‌فه‌ز خه‌ريکی خواردنی خۆشم بم، ده‌بوو بنووسم. دواجار نووسیم: كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه، كورد زیندووه.
ئارام محەمەد لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٥، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی زانكۆی دهۆكە، ئێستا دانیشتووی هەولێرە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەكان چەندان وتار و لێكۆڵینەوە و وەرگێڕانی ئەدەبی بڵاو كردوونەتەوە. براوەی خەڵاتی لاوی ساڵه بۆ ڕۆمان و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكه له فێستیڤاڵی گەلاوێژ.
بەرهەمەكانی نووسەر:
۱- ڕۆمانی (سەمای سڕبوون) ساڵی ۲۰۱۲/ چاپخانەی هێڤی.
۲- ڕۆمانی (خەوتوو) ساڵی ۲۰۱۴/ چاپی خانەی ئەربیل.
۳- ڕۆمانی (مەرگی مێژوونووس) ، ساڵی ۲۰۱۶/ چاپی ناوەندی ئاوێر.
۴- كۆمەڵە چیڕۆكی (دەرگەكانیش هیلاكن) ساڵی ۲۰۱۸/ چاپی ناوەندی ئاوێر.
۵- ڕۆمانی (ڕۆژێك لەو ساڵانە هەڵدەگرم) ساڵی ۲۰۲۰/ وەشانی نووسیار. (ئه‌م ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه بۆ زمانی عه‌ره‌بی له ئوردن چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه.)
۶- (پۆوڵ ڕیکۆر و پرسی گێڕانەوە) ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پڕۆژەی ڕێگە و دەزگای ڕۆسا/ ساڵی۲۰۲۱.
۷- (ئادۆرنۆ و ڕەخنەی کەلتووری) ڕەخنە و لێکۆڵینەوە/ پڕۆژەی ڕێگە و دەزگای ڕۆسا ۲۰۲۱.
۸- ڕۆمانی (ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا) ساڵی ۲۰۲۲/ وه‌شانی نووسیار.
بۆ بەردەستخستنی ئەم بەرهەمە سەردانی چاپەمەنی خانی بکەن
بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە