ڕۆمان و ژیانەوە

ڕۆمان و ژیانەوە

دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

«کە ویستت بەباشی لە تواناییە شاراوەکانی جیهانی ژنێک تێ بگەی ئاوڕێک لە کاراکتەری پەریزاد بدەوە و بێدەنگییەکەی بکە بە پێوەری باوەڕی پتەو بە پلانێک کە بۆ بەجێهێنانەکەی دەبێ شەش ساڵی ڕەبەق خۆت نەبی و ئازاری خۆشاردنەوەیەکی دڵخوازانە بە گیان بکڕی.

کە ویستت باوەڕ بە خۆشەویستییەکی ئەفسانەیی بێنی سۆراغێکی شارێ بکە و لەسەر پشتی خەدەنگەکەی بیبینە چۆن بەرەو دوندی شاخان هەڵ دەکشێت تاکو دەستی ئەغیارانی پێ نەگات.

کە ویستت پێوەری وەفادارییەکی هەمەلایەنە بە خۆت و وڵات و ئازادی و مناڵت بێتە دەست هەمدیسان بڕۆوە سۆراغی تاج قەمەری شنۆیی هەڵوەدای قەزبێن و سپەهان و لە دەریای خۆشەویستی و بەرپرسیاریدا نوقم بە.

کە ویستت شینگێڕی ڕێهەڤاڵی ژینت بی بڕۆ سەیری دیمەنی شینگێڕیی پەریزاد بکە و گوێ لە زایەڵەی هاوارە بەرزەکانی بگرە و لەودیو چەپەرەکانی مێژووەوە وەفا و ئەڤین و ژیانەوە بکەرەوە بە میوانی دەروونی ماندووت و هەستی بریندارت.

کە ویستت تراژێدیای شکست بە هەموو لایەنەکانییەوە وێنا بکەی و هاواری تەنیایی و بێکەسیت بە زەقی ببینی لەگەڵ کاک ئاڵی، چاوەڕوانی وەڵامی هەرگیز نەهاتووی پسوولەکانی فریادڕەسیی بە و بۆ دواڕۆژەکانی داکۆکی لە کەرامەت و ئازادی بگری و شیوەن بگێڕە.

کە ویستت تامی مزری دەقێک بکەی کە گوزارە لە ئەڤین، شۆڕش، سەربەخۆیی، خەبات، ئاوارەیی، مرۆڤ، دوژمن، دێو، درنج، فریشتە، سروشت، ئایین، … دەکات بڕۆ لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا (بەردینە) بکڕە و لەسەر دەلاقەی ماڵەکەتی دانێ و لە هەموو بۆنەیەکی خۆش و ناخۆشدا لاپەڕەیەکی هەڵ دەوە و بە دەنگی بەرز بیخوێنەوە و دڵت بسپێرە بە بەردینە و چێژ وەرگرە لە دەقێک کە بە نەرمیی حەریرە، مۆسیقای شنەی کۆسارانەە، خوناوەی بەهارانە، گەرمای ژێر کورسیی زستانانە، ئارامیی شەوانی پاییزە، ڕووناکیی تریفەی مانگەشەوانە، زولالیی ڕووبارانە و سەوزایی پێدەشتی بەهارانە!

کتێبەکە لەوێ دابنێوە و سبەی و سبەی شەو و سبیانێ و سبیانێکانی دیکەش لاپەڕەیەکی دیکە هەڵ دەوە و لەگەڵ زمان بچووە جێژوانی خۆشەویستی و چێژ لە بوونت وەرگرە!»

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تاثیر سینمای چارلی چاپلین بر شخصیت های کتاب «از راحیل بانوی یهودی چه خبر؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *