خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «حەقیقەت و پیاوی زانا» وەرگێڕانی سەیدقادر هیدایەتی بڵاوکرایەوە

کتێبی «حەقیقەت و پیاوی زانا» وەرگێڕانی سەیدقادر هیدایەتی بڵاوکرایەوە

کتێبی «حەقیقەت و پیاوی زانا» وەرگێڕانی سەیدقادر هیدایەتی بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «حەقیقەت و پیاوی زانا»، نووسەر: بەهرام بەیزایی، وەرگێڕ: سەیدقادر هیدایەتی، نیگارکێش: مورتەزا مومەییز، چاپەمەنی خانی ۱۴۰۰.

حەقیقەت و پیاوی زانا، نوێ‌ترین بەرهەمی سەیدقادر هیدایەتییە کە لە فارسییەوە کردوویەتییە کوردی. ئەم کتێبە، نۆڤلێت یان کورتەڕۆمانێکە لە وێنەی شازادە چکۆلی ئێگزۆپێری، ماسییە ڕەشە گچکەی سەمەد بێهرەنگی، و بەرهەمەکانی سێلوێرستاین. یانێ لە ڕێزەی ئەو بەرهەمانەیە کە بۆ لاوان نووسراوە بەڵام تەمەن ناناسێ و گەورە و چکۆلە ئەتوانن ببنە بەردەنگ و خوێنەری و چێژی لێ وەرگرن.

بەهرام بەیزایی زۆرتر وەک نووسەری شانۆ و دەرهێنەری سینەما ناسراوە و ئەو کتێبە تەنیا بەرهەمی داستانی و چیرۆکیی ئەوە.

حەقیقەت و پیاوی زانا، بەسەرهاتی زەینە نەسرەوتوو و ئۆقرە نەگرتووەکانە. کوڕە چکۆلەیەک وشەی حەقیقەتی بۆ ئەبێتە پرس و ڕووحی ئەو بە جۆگەلەی لیخنی مەوجوود ڕازی نابێ و ئەڕوا تا بە دەریای حەقیقەت بگا.

بەسەرهاتی ئەو کوڕە چکۆلە، چیرۆکی هەموو بیرمەندان و سەرگوروشتەی هەموو شەیدایانی فکر و ڕێبواران و عاشقانی ڕێگەی ئازادی و ڕاستەقینەیە.

حەقیقەت و پیاوی زانا، وەبیرهێنەرەوەی زۆر ڕۆمان و کەسایەتی ترە، وەک: گیلگەمێش، دۆن‌کیشۆت، شازادە چکۆل، ماسییە ڕەشەی بێهڕەنگی، بارۆنی سەردارەکانی کالوینۆ، سیدارتهای هێرمان‌هێسێ و دەیان نموونەی تر…

کوڕە چکۆلەی بەیزایی وەکوو هەموو تامەزرۆیانی فکر و فەلسەفە و تینووانی حەقیقەت، گوێ بۆ وەسوەسەکانی ژیانی ڕۆژانە داناتەپێنێ و بەردەوام لە گەڕان و بەدواداچوون و پرس و جۆ و تەجربە و ئەزمووندایە…

چیرۆکەکە وەک شانۆیەک لە چەندین ئیپیزۆد پێک هاتووە و دوای هەر دیمەن و ئیپیزۆدێک کوڕەکە هەست دەکا گەورەتر بووە.

زمانی گێڕانەوە تەنانەت هی دیالۆگەکانیش هەندێ جار زمانێکی کەونینە و گەلێ جار شاعیرانە و بیرمەندانەیە.

بەهرام بەیزایی مامۆستای دیالۆگ‌نووسییە، دیالۆگی قورس و قووڵ و فەلسەفی.

 ئەم چیرۆکە پڕناوەرۆکە خوێنەر هان ئەدا بیر بکاتەوە و لە ژیان و لە دەوروبەری ڕامێنێ و بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی سیاسیی ئێستای ڕازی نەبێ.

بانگهێشتە بۆ گەڕان و نەسرەوتن و هاندەرە بۆ پرسیار کردن و قانع‌نەبوون بە وڵامەکان.

دەرسە بۆ ئەو بیر و ڕا و زەینە وشکانەی پێیانوایە تەنیا حەق هەر بەوانە و حەقیقەت هەر لای ئەوانە…

تەواوکەری ئەو چیرۆکە بیردۆزە، نەقاشییە سەرنج‌ڕاکێشەکانی مورتەزا مومەییزە کە بە باوکی گرافیکی ئێران ناسراوە.

هیوادار و تەمایەرین خوێنەری کورد، بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە، بە وەرگێڕانی بەڕێز سەیدقادر هیدایەتی، چێژ وەرگرێ و کەڵکی لێ ببینێ…

داگرتنی فایلی پادکەست

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تاثیر سینمای چارلی چاپلین بر شخصیت های کتاب «از راحیل بانوی یهودی چه خبر؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *