خانه / دسته‌بندی نشده / کۆڕێکی گەرم بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیریی «قوباد جەلیزادە»

کۆڕێکی گەرم بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیریی «قوباد جەلیزادە»

کۆڕێکی گەرم بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیریی «قوباد جەلیزادە»

رۆژی چوارشەمبە رێکەوتی چواری جۆزەردانی ۱۴۰۱، بە ئامادە بوونی دەیان کەس لە شاعیران، نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ لە شاری کۆیە و لە «گالەری ئاغالە» بە هاوبەشی «رێکخراوەی کوردستان دیالۆگ» و «ناوەندی توێژینەوەیی زەریاب» کۆڕێکی رەخنەیی بۆ بەرهەمەکانی «قوباد جەلیزادە»ی شاعیر و نوێترین بەرهەمی «دکتۆر رێبوار سیوەیلی» بە ناوی «کتێبی قوباد» بەڕێوە چوو.
لەو کۆڕە دا کە لە لایەن دکتۆر دەریا مامۆستا و بەڕێوەبەری بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی کۆیە پەنێلەکانی بەڕێوە چوو دوو نووسەر و توێژەری رۆژهەڵاتی کوردستان «دکتۆر رەهبەر مەحموودزادە»ی رەخنەگر و «یوونس رەزایی» شاعیر دوو وتاری جیاواز پێکەش ئامادە بووان کرا.
رەهبەر مەحموودزادە سەرەتا باسی شێوازی کاری توێژینەوەیی لەسەر ئەدەبیات کرد و پاشان لەمەڕ بەرهەمەکەی دکتۆر رێبوار سیوەیلی دوا و جیاوازی ئەو بەرهەمەی لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکانی خستە روو، لە درێژەی باسەکە دا پەرژایە سەر باسی شێعری قوباد و لەسەر ساکار بوونی شێعری قوباد جەلیزادە و ئەو دەرفەتانەی ئەو شێوە زمانە بە شاعیر و نووسەری دەبەخشێ بەتەسەلی دوا.

ئەو گوتی: یەکێک له ماناکانی “ڕووت بوون” له شێعری قوباددا بریتییه له ساده بوونی زمانەکەی. له ڕوانینی باودا زمانی شێعر چ لەباری وشەوە و چ لەباری سینتاکسەوە زمانێکی ئاسایی نییه. بەرچاوترین دەرکەوتەی نائاسایی بوونی زمان له شێعری نەریتیدا کێش و سەروایه و له شێعری نوێشدا لادان له نەحوی باوه. کێش و سەروا سروشتی شێعر له مۆسیقا نزیک دەکەنەوە، ئیماژ و وێنەکانی خەیاڵیش سروشتی شێعر له نیکارکێشی نزیک دەکەنەوە. ئیتر شێعر بەم شێوەیه دەبێته سەمای ڕەنگەکان و سەمای دەنگەکان. بەڵام شاعیرێکی وەک قوبادی جەلیزاده، خۆی لەم دەرەتانە باوەی شێعر واتە نامۆ کردنی زمان بەخاوەن ناکا و زمانێک به سادەترین شێوەی دەربڕین هەڵدەبژێرێ. بەڵام له بەرانبەردا شێعری خۆی به دەرەتانێکی نوێ تەیار دەکا. ئەم دەرەتانە نوێیه بریتییه له نامۆ کردنی نیکا. کەواتە له هەموو زمانەکاندا و له هەموو زەمانەکاندا، دەرەتانە سەرمەدییەکانی شاعیر لەم دووانە بەدەر نین: نامۆ کردنی زمان و نامۆ کردنی نیگا. قوبادی جەلیزاده وەستای دەست‌ڕەنگینی ئەوەی دووەمیانە.

له بەشی دووەمی کۆڕەکەدا «یوونسی رەزایی» شاعیر و توێژەر وتارێکی لەسەر «جیاوازی خوڵقاندن و ناسیاوی باو» لە شێعردا خستە روو. ئەو سەرەتا خاڵە جیاواز و هاوبەشەکانی شێعری قوبادی لەگەڵ شاعیرانی پێش خۆی و هاسەردەمی خۆی خستە بەر باس. پاشان یەکێک لەو خاڵە جیاوازییانەی وەک تەوەری سەرەکی باسەکەی شیکردەوە و بەلەنگەر لەسەر ناوندێتی لە شێعری قوباد دا و دۆزینەوەی ئەو خاڵەی قورسایی کاری ئەوە «باسی ژن»ی بە هەموو ئاراستەکانییەوە لە وتارەکەی دا زەق کردەوە. ئەو نووسەرە باسی سێ شوناسی جیاوازی ژنی لە شێعری قوباد دا هێنایە گۆڕێ. هەر کام لەو سێ شوناسەشی لە لەگەڵ ئەو هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتیانەی بواریان بۆ خوڵقانیان رەخساندووە بە جودا و بە پێی دەقەکانی شاعیر پێناسە کرد. ژنێک بە شوناسێکی ئیروتیکییەوە کە شاعیر بۆ وڵامی ویستە رووحییەکانی دەیهێنێتە پانتای شێعرەوە. ژنێک بە شوناسێکی نەتەوەییەوە لە چوارچێوە و سیمای دایک و نەنک دا. ئەو کاراکتەرە شێعرییە وڵامی ویست و پرسیارەکانی پێوەندیدار بە خاک و نیشتمانەوە دەداتەوە و هەڵگری کولتوور و لە لایەکی دیکەوە نەهامەتییەکانی مرۆڤی کوردە. ژنێکی دی بە شوناسی هاوسەرەوە. بە ئامادەبوونێکی رۆژهەڵاتیانەوە لە دەقی شاعیردا دەردەکەوێ. هاوسەرێک کە چاودێر و نیگەران و کۆڵەکەی ماڵ و …ی شاعیرە و شاعیر وەک پیاوی خۆی دەبینێ و شاعیریش ئەو ژنە بەهەمان شوناسی تایبەتی خۆیەوە دەردەخا. رەزایی لە کۆتایی ئەو بەشەدا کوتی قوباد جەلیزادە ژنی خاوەن شوناسی یەکەم رووتتر دەردەخا و ئەوانی دی لە ژێر پەردەی کولتوور و بنەماڵەدا بە پۆشتەیی دێڵێتەوە.

 

لەبەشێکی دیکەی وتەکانی دا باسێکی مامۆستا رێبوار سیوەیلی لەسەر قوبادی جەلیزادە خستە ژێر تیشکی رەخنە و شیکردنەوە و لە مرۆڤی نیاندرتال دوا. پاشان پێوەندی ئەو مرۆڤەی بە شێعری قوبادوە و بە پێی نووسینەکەی سیوەیلی خستە بەرباس. ئەو ئاماژەی بەوە کرد ئەو چەشنە مرۆڤەی سیوەیلی باسی دەکا و بە نیاندرتاڵ ناوی دێنێ جیاوازی لەگەڵ مرۆڤی هۆمۆساپینس و بیرکەرەوە هەیە. بەڵام مرۆڤی شێعری قوباد هاوشێوەی مرۆڤ لە دۆخی سروشتی دایە کە هابز و رۆسۆ بە دوو شێوەی جیاواز باسی دەکەن و ئاماژەی بەوە دا مرۆڤی ناو شێعری قوباد دووری و نزیکییان لەگەڵ مرۆڤی دۆخی سروشتی چییە. لایەنێکی دیکەی باسەکە تەرخان کرا بۆ ژنی ئوستوورەیی و بە نموونە ژن لە ئوستوورەی گیلگەمیش دا. هەروەها باسی ئەوەی کرد ژن لە شێعری قوباد دا جیاوازی و خاڵەهاوبەشەکانی لەگەڵ ئەو جۆرەی ژن چییە.

لە کۆتایی دا بە خستنە بەرباسی ئیرۆتیزم لە شێعری قوباد و لە ئەدەبی زارەکی کوردی دا، چەشنی نیگا و ئاراستەی مرۆڤی کورد و شێعری قوبادی خستەبەر تیشکی سەرنج و تێڕامان.

برگەی سێهەمی کۆڕەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی شێعر لە لایەن قوباد جەلیزادەی شاعیرەوە.

جەلیزادە وێڕای بەرز نرخاندنی وتارەکانی ئەو کۆڕە و جیاوازی ئەو شێوە روانینانە بۆ شێعر بە خوێندنەوەی دە بەرهەمی نوێی شێعری بەشداری کۆڕەکە بوو.

برگەی چوارەم بریتی بوو لە وتارێکی کورتی «دکتۆر رێبوار سیوەیلی». ئەو نووسەرە سەرەتا باسی جۆرەکانی خوێندنەوەی دەقی کرد و پاشان شێوازی کاری خۆی لە کتێبی قوباد دا خستە بەرباس. باسی ئەو زنجیرە کتێبەی کرد کە لە سەر شاعیرانی پێشووی ئەدەبیاتی کوردی نووسیونی. باسی «کتێبی نالی»، «کتێبی حاجی قادر»، «کتێبی گۆران»، «کتێبی قوباد» و دوا بەرهەمی خۆی واتە «کتێبی ساڵم» ی کرد و هۆکاری ئەوەی کە بۆ قوبادی لە ریزی ئەوانە دا هێناوە لەلایەن دکتۆر رێبوار سیوەیلییەوە قسەی لەسەر کرا. ئەو هەروەها مرۆڤ و جۆری روانینی شاعیری بۆ دیاردەکان و ژن و چەمکی رووتی شیکردەوە.

بەشی کۆتایی کۆڕەکە بە درانی خەلاتی رێزلێنان لە شاعیر بە توانا و داهێنەر قوبادی جەلیزادە و واژۆی دوابەرهەمی چاپکراوی مامۆستای رەخنەگر و نووسەر دکتۆر رێبوار سیوەیلی واتە «کتێبی قوباد» کۆتایی پێهات

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

گرشەی کوردستان پێشەنگ لە ڕۆژنامەگەریی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *