«بەندەر فەیلی» نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «بەندەر فەیلی»، بەختیار عەلی، ۴۶۰ لاپەڕە، چاپەمەنی ڕەهەند، سلێمانی ۲۰۲۲.
ڕۆمانێکی نوێی نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی بەناوی «بەندەر فەیلی» بڵاوکرایەوە، ڕۆمانەکە باس لە ژیانی منداڵێکی کوردی فەیلیی دەکات، کە لە زینداندا لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت.
بەندەر فەیلی لە ساڵی ۱۹۸۰ دا لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغداددا لەدایک دەبێت. لە بەر چەند هۆیەکی نادیار و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت، دەبێت منداڵەکە لە زیندان بمێنێتەوە و لەوێ گەورە ببێت. چیرۆکی ئەم کتێبە بەسەرهاتی ژیانی بەندەر و وردبوونەوەیە لە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەبوونی، باسکردنی ئەو شتە بچوکانەیە کە هەنگاو بە هەنگاو و پلە بە پلە بەندەر بەسەر پەیژەی ژیانێکی سەختدا سەردەخەن. کتێبەکە لەسەرخۆ و بە ڕەوتێک کە خێراتر نییە لە ڕەوتی ژیانی بەندەر خۆی، چیرۆکی ساتە گرنگەکان و هەڵچوونە دەرونییە کتوپڕەکانی کەسێک دەگێڕێتەوە کە لە زیندانە هەمیشەییەکەی خۆیدا کەمترین دەرفەتی هەیە دونیا ببینێت و تێیبگات. بەندەر لە جیهانێکدا دەژی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، بەرەی فەرمانبەرانی زیندان لەگەڵ بەرەی زیندانییان و مەحکومەکان، بەرەی ئەوانەی کاروباری مەرگ ڕێکدەخەن لەگەڵ بەرەی ئەوانەی بەرەو مەرگ بەڕێدەکرێن. بەندەر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی قوربانیی ئەو هێزە گەورانەیە کە بە مێژووی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن، بێئەوەی ئەو هیچیان دەربارە بزانێت یاخود بیانناسێت یان تێیانبگات، ئەو منداڵێکە دەرکراوەتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێپەڕینی هەموو گەردەلول و ڕەشەبا توند و وێرانکەرەکان دەکات لەسەر جەستەی خۆی. ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان دروستیدەکات تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی ئەم کارەیە، وەک گێڕەرەوەی کتێبەکە لە سەرەتادا دەڵێت، ئیشەکە تێڕامــان و قووڵبوونــەوەیە لــە دەرونــی ســادە و ســاکاری مەخلوقێــک کــە جیهانــی بــە جۆرێــک بۆ بچوککراوەتــەوە، دواتــر هەمــوو شـتێکی بێبایـەخ، لای ئـەو بەرتەقـای دابەزین لەسـەر ڕووی ئەسـتێرەیەکی نامــۆ، گــەورە و گرنــگ دەردەکەوێت. گواستنەوەی ئەو ناکۆکییە بۆ خوێنەر، بەشێکە لە خواستی ئەم تێکستە، چۆن کەسێک هەموو ئەو شتانە سەیر دەبینێت کە چاو و نیگا و ئیدراکی ئێمە ئاسایی و بێبایەخ تەماشایاندەکات. جیهانی بەندەر جیهانێکە تا دوا ئەندازە بچوککراوەتەوە، بەڵام لە خودی ئەو بچوککردنەوە و بەرتەسککردنەوەیەدا چییەتی و چۆنێتی ئەم جیهانە ڕوونتر لە هەر ڕوانینێکی فراوانبیندا “پانۆرامایی” دەردەکەوێت. ڕۆمانەکە بیرهێنانەوە و ئاوڕدانەوەیەکیشە لە تراژیدیایەکی گەورە و ترسناک و فەرامۆشکراوی میللەتەکەمان کە تراژیدیای کوردانی فەیلییە … بەندەر فەیلی تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو میتافۆرێکە بۆ میللەتێک هەمیشە دۆخی زیندان و نامۆبوون دەژی.
لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە: «مرۆڤ مەخلووقێکی بکوژە و هیچ شتێک تینوێتی ئێمە بۆ کوشتن ڕاناگرێت. هەر یەک لە ئێمە جگە لە هەندێک کەسی نزیکی خۆمان، لامان گرنگ نییە دەمرێت و کێ دەژی، ژیانی ئادەمیزادەکانی دی لە دیدی مرۆڤدا شتێکی لابەلایی و بێبایەخە»
بەختیار عەلی ڕۆماننوس و شاعیر و ڕۆشنبیری كوردە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە سەرەتای هەشتاكان قەسیدەی (نیشتمان)ی نوسیوە، لە نەوەدەكانیش چەندین وتار و بابەتی نوسیوە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.
بەختیار عەلی لە كۆتایی نەوەدەكان هەرێمی كوردستانی بەجێهیشتوە و چووتە ئەڵمانیا و تا ئێستاش هەر لەوێ دەژی بەشێك لە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی بۆ چەندین زمانی بیانیی وەرگێڕدراون.
بەختیار عەلی چەندین خەڵاتی ئەدەبیی لەوانە خەڵاتی “نیلی زاکس”ی وەرگرتووە.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە