خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / تێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان چالاکانی بواری منداڵان لە کوردستاندا دروست بووە

تێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان چالاکانی بواری منداڵان لە کوردستاندا دروست بووە

ئارەش میهرەبان، توێژەری بواری ئەدەبی منداڵان: تێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان چالاکانی بواری منداڵان لە کوردستاندا دروست بووە

نووسەر و توێژەری ئەدەبی منداڵان بە ئاماژەدانی بە چالاکییەکانی ساڵانی ڕابردوو لە بواری منداڵ و مێرمنداڵان لە کوردستاندا وتی: بە گشتی دەبینین کە تێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان چالاکانی بواری منداڵاندا دروست بووە.
ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان خاوەنی سێ بەرهەمی نووسراوە و چوار بەرهەمی وەرگێڕان بۆ منداڵانە و کۆمەڵێک توێژینەوەی لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبی منداڵان ئەنجام داوە. لە ئێستادا ئەم نووسەرە خولی چیرۆکنووسیی ئۆنلاین بۆ منداڵان و مێرمنداڵان بەڕێوە دەبات و لەم پەیوەندییەدا وتووێژێکمان سەبارەت بە پێگە و جۆری ڕوانینی کۆمەڵگا بۆ تەوەری منداڵان و ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا ساز کردوە.

سازدانی دیمانە: شنۆ نووری

 

   ۱- بنەمای ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا تا چەنێک بایەخی پێدراوە؟

 ئارەش میهرەبان: گرینگیدان بە بەردەنگی منداڵ بە زمانی کوردی لە سەدەکانی پێشوو لە لایەن شاعیران و نووسەرانەوە بایەخی پێدراوە. بەلەونێک دەتوانین بێژین لە هەر قۆناغێکدا بە زمانی کوردی منداڵان جێگای بایەخ بوون و بە فەرمی ناسێندراون. لە ساڵانی پێشوودا چالاکییەکی زۆر ئەنجام دراوە کە هەمووی دەرخەری گرینگیدانە بە تەوەری منداڵان. لە ئێستایشدا ئێمە شاهێدی چالاکیی باش و بەرچاوین لەم بوارەدا. لە درێژایی ساڵدا کتێبگەلێکی زۆر بۆ چینی منداڵ و مێرمنداڵ بە زمانی کوردی نووسراون، هەندێ کات شاهێدی بەڕێوەچوونی کۆڕ و دانیشتنی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بووین و فێستیڤاڵی شوناس کە ئەمساڵ چوارەمین خولی خۆی بەڕێوەبرد، یەکێک بووە لەو هەوڵە گرینگانە بووە لەم بەشەدا کە بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە بەردەنگەکانی منداڵان، بنەماڵەکان و چالاکانی بواری منداڵان لە ئاستی وڵاتدا بەڕێوە چووە. هەروەها کۆمەڵێک کارگا لە بوارەکانی چیرۆکنووسی، چیرۆکبێژی، شانۆی منداڵان و هتد هەموویان لە ڕەوتی پەرەپێدان و گەشەی زەینیی منداڵاندا بووە بەڕێوەچوون و بێگومان لە داهاتوویشدا درێژەیان دەبێت. بە گشتی تێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان چالاکانی بواری منداڵان لە پارێزگادا دەبینین کە هیوادارم چالاکییەکانی داهاتوو گەشەیەکی باشتر و زانستیتر بە خۆیەوە بگرێت و ئاکامێکی باش و پڕ لە بەرووبوومی بۆ منداڵان هەبێت.

 

۲- پێگە و ڕوانینی کۆمەڵگەی ئێستا بۆ دوو بابەتی ” قۆناغی منداڵی” و ” کتێبی منداڵان” چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئارەش میهرەبان: پێویستە ئەم دوو پرسیارە بەسەر دوو جۆردا دابەش بکەین؛ بەشی یەکەم دەبێت منداڵ وەکوو واتایەکی بیۆلۆجیکی لەبەرچاو بگرین کە لە تەمەنێکی دیاریکراوی گەشەییەیدایە وە هەندێک تایبەتمەندیی جیسمی وەکوو باڵا، کێش، هێزی جەستە و ڕادەی گەشەی عەقڵیی منداڵان دەچێتە ئەم بەشەوە. بەشی دووهەمیشی ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ منداڵ وەکوو واتایەکی کۆمەڵایەتییە کە لێرەدا بوونی ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییەیە کە دەبێتە دیاریکەری واتای منداڵی. لە چەند سەدەی پێش منداڵان لە قۆناغێکی زۆر خواری تەمەنیان دەچوونە نێو بازاڕی کارەوە و بارودۆخێکی دژواریان هەبوو، بەم جۆرە منداڵ قۆناغێکی بە ناوی قۆناغی منداڵی لە دەست دەدا و دەچووە نێو قۆناغێکەوە کە دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتییەکان دەبووە گرینگترین بابەتی منداڵان و بنەماڵەکانیان. لەو قۆناغە مێژووییەدا هاوکات لەگەڵ گەشەی بایۆلۆجیکی منداڵ، دەبوایە کار و پیشەیان دەست پێبکردایە و چالاکیی جەستەیی لە پێش هەموو شتێکەوە بووە و بنەماڵەکانیش منداڵانیان وەکوو هێزی کار بەکار دەهێنا. بەڵام بە گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵگە، کۆمەڵگە بایەخێکی زۆرتری دا بە واتای منداڵی و سەدەیەکی خولقاند کە بە نێوی سەدەی منداڵییەوە ناوزەد کرا. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بێژین کە واتای منداڵی بەرهەمی قۆناغی مۆدێڕنیزمە. یانی بارودۆخەکە بۆ گەشەی منداڵان گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی بە خۆیەوە گرت و بۆچوونی کۆمەڵگە لە هەمبەر واتای منداڵییەوە گۆڕانکارییەکی زۆری بە خۆیەوە بینی. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە ئێمە شاهێدی گەشەیەکی بەرچاوی ئەو چالاکییانە بووین کە لە ڕەوتی گەشەی منداڵاندا کاریگەریان هەبووە. ناوەندگەلێک دروست بوون کە لە ڕەوتی بەدیهێنانی مافی منداڵاندا چالاکییان دەنواند و هەنووکەیش ڕەوتی گەشەی ئەم ناوەندە جیهانییانە لەم ڕێگایەدا دەبینین. بە گشتی ئەگەر بمانهەوێت بگەیەنە ئاکامێک لەم قسانەدا، دەتوانین بێژین کە ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ واتای منداڵی ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی بووە؛ هەرچەند نابێت کێشەکانی ئەم بەشە لە بەرچاو نەگیردرێت کە منداڵانێک لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە کە واتای منداڵیی خۆیان لە دەست داوە و بارودۆخێکی دژواریان لە ژیانیاندا هەیە و لە پێداویستی و هۆگرییەکانی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە. بە نیسبەت کتێبی منداڵانیشەوە دەتوانین بێژین کە هاوکات لەگەڵ گەشەی واتایی کۆمەڵایەتیی منداڵ لە کۆمەڵگەدا، بەرهەمهێنانی کتێبی منداڵان ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی بووە و منداڵان دەتوانن بچنە نێو دنیای خوێندنەوە و لە هەموو ڕوویەکەوە گەشە بکەن. گرینگیدان بەم بابەتە پێداویستیی گرینگیی کۆمەڵگەیە کە دەبێت بە نیگایەکی تایبەتەوە بۆی بڕوانن و لە ڕەوتی کۆمەڵایەتی بوونی قۆناغی منداڵی و بە فەرمی ناساندنیان هەوڵێکی زیاتر بدرێت. 

 

۳- ڕادەی کاریگەریی کتێب بە سەر زەینی منداڵەوە تا چ ڕادەیەکە؟

 ئارەش میهرەبان: زەینی منداڵان لە قۆناغی سەرەتایی ژیانیانەوە زۆر هەستیار و کاریگەرە. لەم قۆناغەدا، ڕەوتی گەشەی ناسینەیی و کۆمەڵایەتیی گەشە دەکات و هەر تەجروبەیەک کە منداڵان لەگەڵیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر زەین و ڕەوشتیان لە داهاتوودا دابنێت. لە قۆناغی سەرەتایی ژیاندا، مێشکی منداڵ لە ڕەوتی گەشە و گەورەبووندایە و توانایی ناسینەیی و کۆمەڵایەتیی منداڵ بەرەو گەشەکردن دەڕوات. بە واتایەکی دیکە لەم قۆناغەدا، مێشکی منداڵان بە خێرایی زانیاریی نوێ وەردەگرێت و بە دوای تەجروبە و چالاکیی بەردەوامە بۆ باشترکردنی کارکردی خۆیان. شێوازگەلی توێژینەوەیی و پەروەردەیی کە لە لایەن دایک و باوکەوە دەدرێتە منداڵان، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر بەسەر کەسایەتی و ڕەوشتی منداڵاندا دابنێت. بە واتایەکی دیکە، شێوازگەلێکی ناجۆر و دژوارانە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی باوەڕبەخۆبوون و کۆنترۆڵی خودی ئەو منداڵە ، هەروەها تەجروبەی کۆمەڵایەتیی منداڵان، وەکوو پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەکان، بنەماڵە و کەشی ژیان، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر بەسەر ڕەوشت و کەسایەتیی داهاتوویانەوە دابنێت. کەوایە دەتوانین بێژین هۆکارێکی جۆراوجۆر دەتوانن بەسەر زەینی منداڵاندا کاریگەری دابنێن و لە ئاکامدا، لێهاتووییەکانی ناسینەیی و کۆمەڵایەتییان لە داهاتوودا کاریگەریی دادەنێت. بەم هۆکارە، چاودێری و بایەخدان بە پێویستییەکانی منداڵان لە قۆناغی سەرەتایی ژیاندا زۆر گرینگە و دەبێت لە شێواز و ڕێکارگەلێکی شیاو بۆ پەروەردەیان کەڵک وەربگیردرێت. لەم نێوانەدا کتێبیش لە ڕەوتی گەشەی منداڵاندا کاریگەرییەکی زۆری هەیە و ئەم کاریگەرییە نابێت لەبەرچاو بگیردرێت. بێگومان خوێندنەوەی کتێبی شیاو لە کەشخەیی و خۆشیی منداڵان، گەشەی کەسایەتی و پەروەردەبوونیاندا… شوێن دانەر دەبێت. لە بەرانبەردا ئەو کتێبانەی کە ناوەڕۆکێکی شیاویان نییە و منداڵان ماندوو دەکەن، ئاکامێکی پێچەوانەی دەبێت. خوێندنەوەی کتێب لە لایەن منداڵانەوە، لەگەڵ زۆرێک لە بابەتەکانی کۆمەڵگە و ئەو بارودۆخانەی کە لە داهاتوودا لەگەڵیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە ئاشنایان دەکات. کتێبخوێنی دەبێتە هۆی گەشە و بەهێزکردنی بیر و هۆشی منداڵان، لە کەشخەیی و ڕۆحییەی منداڵدا کاریگەرییەکی ئەرێنی بەجێ دە‌هێڵێت و لە دنیایەکی قەرەباڵغ و تەنراودا کە لە لایەن گەورەکانەوە دروست کراوە دووریان دەخاتەوە. 

 

۴- تا چەنێک گرانبوونی کتێبی منداڵان دەتوانێت لە دەست گەیشتنیان بە بەرهەمی شیاو کاریگەر بێت؟

 ئارەش میهرەبان: وەها بابەتێک بێگومان بێ کاریگەری نییە و یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵان دەستان بە کتێبی باش و شیاو ڕانەگات. من ئەمساڵ لە پیشانگای کتێبی تاران شاهێدی ئەم کێشە بووم کە بەشی زۆری ئەو کەسانەی لەوێدا بوون، گلەییان لە گرانیی کتێبەکانی بەشی منداڵان و مێرمنداڵی پیشانگا بوو. بەداخەوە بە هۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە کە چوارچێوەی کتێبی منداڵان بە لە چاو کتێبەکان و سەرچاوەکانی تایبەت بە گەورەساڵ هەیانە، کتێبی ئەم بەشەیش گرانییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە گرینگ بۆ بەرهەم هێنانی کتێبی منداڵان بارودۆخێکی تایبەت لەبەرچاو بگیردرێت کە منداڵ بتوانێت بە هێورییەکی زۆرەوە کتێبی خوازیاری خۆی بەکار بهێنێت و لەگەڵیدا گەورە بێت. بوونی شێوەکارییەکی تایبەت، ڕەنگ و پەڕەبەندی، جۆری چاپ و چوارچێوەی کتێبەکە، ئەو تایبەتمەندییانەن کە کتێبی منداڵان لە کتێبی گەورەساڵ جیا دەکاتەوە کە بەداخەوە ئەم گرانییە لە بەشی کتێبی منداڵاندا زیاتر خۆی نواندووە بە جۆرێک ئەمساڵ شاهێدی زۆربوونی نرخی کتێبگەلی ئەم بەشە بووین. ئەمە خۆی دەتوانێت زەربەیەکی گەورە بدات لە ڕەوتی کتێبخوێنیی منداڵان و لە کتێب دووریان بکاتەوە؛ هاوکات دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگە و منداڵان بەرەو ڕەوتگەلێکی دیکە بکشێنێت. لەم نێوانەدا وەشانگەکان بە هۆی کەمکردنەوەی نرخی چاپەوە، یا دەبێت کتێبەکە بە شێوازێکی کەمتر لە نۆرماڵ و ناستاندارد بە چاپ بگەیەنن یا بە نرخێکی زیاترکتێبەکان بفرۆشن کە ئەو تێچووەی کە لە چاپدا سەرفیان کردووە بێتەوە دەستیان؛ نووسەرانیش بۆ ڕوودانی ئەم بارودۆخە بێگومان ناڕازین و پێیان خۆشە کە بەرهەمەکانیان لە بارودۆخێکی باش و نرخێکی گونجاودا بگاتە دەستی خوێنەرانی بچووکی خۆیان.

 

۵- ئێوە ئەمساڵ کارگایەکی ئۆنلاینی چیرۆکبێژیتان بۆ منداڵان داناوە، چیرۆکبێژی چ کاریگەرییەک لەسەر منداڵان دادەنێت؟

 ئارەش میهرەبان: چیرۆکبێژی یەکێکە لەو شێوازە کۆن و کاریگەرانە بۆ ناساندنی دنیای دەورووبەر بە منداڵان. چیرۆکبێژی دەتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنیی زۆر بەسەر منداڵاندا دابنێت. یەکێک لەو خاڵە گرینگانەی کە دەبێتە هۆی بەهێزیی شێوە و خەلاقییەت لە منداڵاندا، چیرۆکبێژییە. چیرۆکبێژی یارمەتی منداڵان دەدات تا ئەو وێنایەی سەبارەت بە دنیای دەورووبەریان هەیە بەهێزتر بکەن. ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی بەهێزیی خەلاقییەت و بیرکردنەوە لە خودی منداڵاندا. لە هەمان کاتدا باشتربوونی زمان لە منداڵاندا یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزتر بوون و فێربوونی وشەگەلی نوێ و بەهێزتربوونی پێکهاتەی زمانییان. هەروەها منداڵان بە گوێگرتن لە چیرۆکگەلی جۆراوجۆر، توانایی بیستن و پەیوەندیی زمانییان بەهێزتر بکەن. ئەو چیرۆکانەی کە لە چیرۆکبێژیدا بەکار دەڕۆن، بریتین لە کەسایەتیگەلێکی جۆراوجۆر کە لەگەڵ بابەتگەلێکی وەک هاوڕێیەتی، هاودڵی و هاوکاریدا ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەم چیرۆکانە یارمەتی منداڵان دەدەن تاکوو تواناییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بەهێزتر و باشتر بکەن. هەروەها چیرۆکبێژی منداڵان دەخاتە نێو دنیای چیرۆک و خەیاڵی خۆیان و ئەو سترێس و دڵەڕاوکێیانەی هەیانە کەمتری دەکاتەوە. چیرۆکبێژی دەرفەتێکی باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵاندا کە دەبێتە هۆی بەهێزیی پەیوەندیی نێوان گەورەکان و منداڵان. هەندێک لە باشترین بیرەوەرییەکان بۆ منداڵان، گوێگرتنە بۆ ئەو چیرۆکانەی کە دایک و باوک و گەورەکانیان بۆیان دەگێڕنەوە. بە گشتی، چیرۆکبێژی فام و تێگەیشتنێکی باشتر لە دنیای دەورووبەر دەداتە منداڵان کە دەتوانن لێهاتووییە جۆراوجۆرەکانی خۆیان بەهێزتر بکەن و کەڵک لەو تەجروبە باش و بەنرخانە وەربگرن کە لە نێو چیرۆکەکاندا دەگێڕێنرەوە. 

 

۶- چۆن دەتوانین منداڵان لەگەڵ کتێب¬دا ئاشنا بکەین؟

 ئارەش میهرەبان: خوێندنەوە چالاکییەکی گرینگە بۆ گەشەی منداڵان و قازانجێکی زۆری هەیە بۆیان کە من لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم. یەکەم ئەوەی کە دەبێتە هۆی باشتربوونی گەشەی ناسینەیی. خوێندنەوە وشەدانی منداڵان زۆرتر دەکات، تێگەیشتن و توانستە ڕەخنەییەکان لە گەشەی مێشکی منداڵدا کاریگەرە. دووهەم ئەوەی کە خوێندنەوەی یارمەتیدەری منداڵانە بۆ ئەوەی بتوانن توانستە زمانییەکانی خۆیان وەکوو ڕێزمان، نەحو و پێکهاتەی ڕستەیان باشتر بکەن. سێهەم خەلاقییەت و خەیاڵ لە منداڵاندا گەشە پێ دەدات و خەیاڵیان بەرهەم دەهێنن. چوارەم ئەوەی کە هاودڵی و توانستە کۆمەڵایەتییەکانیان پەرە پێ دەدات. خوێندنەوەی چیرۆکێک کە کەسایەتی و بارودۆخێکی جۆراوجۆری هەیە، لە تێگەیشتنی منداڵ و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتریندا کاریگەری دادەنێت. پێنجەم لە ڕووی خوێندنی قوتابخانەیشەوە کاریگەرییەکی زۆری هەیە. ئەو منداڵانەی بە شێوازێکی ڕێکووپێک کتێب دەخوێننەوە، لە ڕووی خوێندنەوە باشتر دەچنە پێش، لەبەر ئەوەی کە تێگەیشتنێکی باشیان لە زمان هەیە و بنەمای زانستیان بەرفراوانترە. بە گشتی، خوێندنەوە ڕەوشتێکی باش و شیاوە کە قازانجێکی زۆری لە گەشەکردن منداڵاندا هەیە. بە گشتی ئەم بابەتە پەیوەستە بە ڕادەی لێهاتوویی دایکان و باوکان و کەسانێک وەکوو مامۆستایانی قوتابخانە و ئەو ناوەندانەی لە گەشەی بیر و هزری منداڵاندا چالاکی دەکەن. زۆر گرینگە ئەم کەسانە بتوانن وەکوو ڕێنموونێک منداڵان لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە هەڵبژاردنی کتێبی شیاو بۆ منداڵ ڕێنموونی بکەن. لە ئێستایشدا بە بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسانی دەکرێت هەڵبژاردنی شیاو ئەنجام بدرێت. بە گشتی بە باوەڕی من ڕادەی کتێبخوێن بوونی منداڵان زێدەتر پەیوەستە بە کۆمەڵگە و ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی گەشەی منداڵاندا کاریگەرییان هەیە و پەیوەندییان هەیە لەگەڵیاندا. لە کۆتاییدا وەکوو پێشنیار من چەند نموونەیەکتان پێشکەش دەکەم. بە کتێبی سادەوە دەست پێبکەن، زۆر گرینگە بە کتێبگەلێکەوە دەست پێ بکەن کە خوێندنەوەی بۆ منداڵان ئاسان بێت. ئەم بابەتە دەبێتە هۆکارێک بۆ زۆربوونی باوەڕبەخۆبوون لە منداڵاندا و بەرەو خوێندنەوەی زیاتر هانیان بدات. خوێندنی بە دەنگی بەرز، خوێندن بە دەنگی بەرز بۆ منداڵان دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ باشتربوونی توانایی خوێندنەوەیان. ئەمە ڕێگایان پێ دەدات تا وشەکان بە باشی دەربڕ بکەن، بیبیستن و یارمەتییان دەدات کە واتای وشەکان بزانن. خوێندنەوە بکەن بە سەرگەرمییەک بۆ منداڵان، هەوڵ بدەن خوێندنەوە بکەنە چالاکییەکی سەرگەرمکەر بۆ منداڵان. ئێوە دەتوانن ئەم کارە وەکوو کەڵک وەرگرتن لە دەنگی پێکەنیناوی، دروستکردنی شێوازگەلی تایبەتی دەنگی یا تەنانەت کەڵک وەرگرتن لە ئەنجامدانی خودی چیرۆکە. کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا، بەرنامەکان و ئەو ماڵپەڕانەی کە دەتوانن لە ڕەوتی خوێنەربوونی منداڵاندا کاریگەرییان هەبێت. ئەم بەرنامانە زۆربەی کات کەڵک لە یارییەکان و ئەو چالاکییانەی کە پەیوەندییەکی هاوبەشیان لەگەڵ مرۆڤدا هەیە کەڵک وەردەگرن تا خوێندنەوە سەرنج ڕاکێشتر بکەن. دەبێت ئەمەش لەبەرچاو بگیردرێت کە هەر منداڵێک بە شێوازێکی جیاواز فێر دەبێت، کەوایە گرینگە بنەماڵە و ڕاهێنەران سەبریان هەبێت و بگەن بە ڕوانگەیەک کە باشترین ئاکامی بێت بۆیان. بە تێپەڕبوونی کات، زۆربەی منداڵان دەتوانن لێهاتووییەکانی خۆێندنی خۆیان باشتر بکەن و هۆگرییەکی زۆرتر بۆ خوێندن پەیدا بکەن. 

 

https://www.ibna.ir

دەقی سەرەکیی ئەم وتووێژە بە زمانی فارسی، لە لایەن خانمی شنۆ نووری ئەنجام دراوە و لە ماڵپەڕی هەواڵنێری ئیبنا بڵاو کراوەتەوە.

مافی وەرگێڕانی دەقی ئەم وتووێژە بۆ ماڵی کتێبی کوردی پارێزراوە و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە. 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *