خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئاسۆ سافت، ئاسۆیەکی نوێی تەکنۆلۆژیا بۆ زمانی کوردی

ئاسۆ سافت، ئاسۆیەکی نوێی تەکنۆلۆژیا بۆ زمانی کوردی

ئاسۆ سافت، ئاسۆیەکی نوێی تەکنۆلۆژیا بۆ زمانی کوردی

«تایپی دەنگی ئاسۆسافت» یەکێک لە پڕۆژەکانی ماڵپەڕی ئاسۆسافتە و لە مانگی ڕابردوودا دەستی بە کار و چالاکی کرد. بەم بۆنەوە ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ دوکتۆر ئاران ئەمینی ئەندامی دامەزرێنەری ئاسۆ سافت وتووێژێکی رێکخستووە، لە درێژەدا خوێنەری ئەم دیمانەیە بن.

سازدانی دیمانە: نووشین مەحموودی

 

  ۱- تکایە ئاسۆ سافت بناسێنن، کەی و بە چ مەبەستێک دامەزراوە؟

 د. ئاران ئەمینی: ئاسۆسافت ساڵی ۲۰۱۳ دامەزراوە. ئاسۆسافت گرووپێکی توێژینەوە و پەرەدانە کە ئامانجی سەرەکیی پەرەدانی سەرچاوەکانی زمان و تەکنۆلۆژییەکانی زمانە بۆ زمانی کوردی. مەبەست لە تەکنۆلۆژییەکانی زمان سەرجەم ئەو نەرمامێرانەن کە کاری پێواژۆی دەنگ و دەقی کوردی دەکەن و هەلی ئەوە دەدەن بە بەکارهێنەر کە لە ڕێگەی دەق یان دەنگەوە لەگەڵ کۆمپیوتەر پەیوەندی بگرێت.

 

 ۲- دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئاسۆ سافت لە چ کەسانێک پێک هاتووە؟

د. ئاران ئەمینی: سەرەتا سێ کەس وەک دەستەی دامەزرێنەری ئاسۆسافت دەستمان بە کار کرد کە من و هاوڕێیان د. هادی وەیسی و د. هاوڕێ حوسێنی بووین. پاشان گرووپەکە گەورەتر بوو و ئێستا نزیکەی بیست کەس وەک توێژەر و پەرەدەر لەم تیمەدا کار لەسەر زمانی کوردی دەکەن.

 

 ۳- بوارەکانی چالاکیی ئاسۆ سافت بناسێنن؟

 د. ئاران ئەمینی: چالاکییەکانی ئاسۆسافت لە سێ پۆلی سەرەکی پێک دێن کە ئەوانیش دابینکردنی سەرچاوەکانی زمان، ئامێرەکانی پێواژۆی زمان و تەکنۆلۆژییەکانی زمانە. مەبەست لە سەرچاوەکانی زمان ئەو دراوە و داتاسێتانەن کە بۆ بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان پێویستن. ئەوانیش بریتین لە هەر دوو جۆری داتای دەنگ و دەق کە بۆ ئامانجی جیاجیا دیزاین دەکرێن و پاش کۆکردنەوە و خاوێنکردنەوە بۆ پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان وەک وەرگێڕانی ماشین، بەرهەمهێنانی دەق، ناسینەوەی ئاخاوتن، ناسینەوەی ئاخێوەر، دیاریکەری بەشەکانی ئاخاوتن و هتد کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. ئامرازەکانی پێواژۆی زمانیش بۆ خاوێنکردنەوەی دەق، یەکدەستکردنی دەق، پارسێری وشەسازی و تەگێری بەشەکانی ئاخاوتن و هتدن کە تاکوو ئێستا لە ئاسۆسافتدا چەند دانە لەو ئامرازانە پەرە دراون. دوا بەشی کارەکانیش تەکنۆلۆژییەکانی زمانە کە کاری سەرەکیی ئاسۆسافتە و تاکوو ئێستا لەسەر هەڵەگری ڕێنووس، ناسینەوەی ئاخاوتن و گۆڕینی دەق بە دەنگ لە ئاسۆسافتدا کار کراوە. لەپاڵ ئەمانەشدا، دەستکەوت وداهێنانی ناو پڕۆژەکان بە شێوەی وتاری زانستی لە کۆنفرانس و گۆڤارە زانستییە نێونەتەوەییەکاندا بڵاو دەکەینەوە. هەروەها هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو بوارانە ناوەرۆک بە زمانی کوردی بەرهەم بهێنین و زاراوە و دەستەواژەکانی بواری پێواژۆی زمانی سروشتی و ژیریی دەستکرد وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی.

 

 ۴- کاراکردنی «تایپی دەنگی ئاسۆسافت» چ ماوەیەکی خایاند و دیتابەیسەکان بە چ شێوازێک کۆکرانەوە و ڕێکخران؟

 د. ئاران ئەمینی: لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کە ئاسۆسافت دامەزرا دەستمان بە دیزاین و کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی کرد کە بۆ وەشانی یەکەمی ئەو سیستمە سێ سەرچاوەی سەرەکیمان پێویست بوون. یەکەمیان کۆرپسی دەقە کە بە کۆمەڵە دەقێکی گەورە دەگوترێت. یەکەم جار لە سەرچاوەکانی سەر ئینتەرنێت و لە پەرتووکە کوردییەکان نزیکەی ١٨٦ ملیۆن وشە دەقمان کۆ کردەوە. سەرچاوەی دووەم وشەدانێکی گەورە بوو کە لەو دەقانە دەرهێنراوە و سەد هەزار وشە بوو. سەرچاوەی سێیەم کۆرپسی دەنگی پێ دەگوترێت کە ئەوەش دەوروبەری ٥٠ کاتژمێر دەنگە کە بە تایبەتی بۆ ئەو کارە دیزاین کراوە. بۆ وەشانی یەکەم نزیکەی سێ تا چوار ساڵمان پێ چوو کە دێمویەکمان بۆ ویندەوز دروست کرد. بە هۆی گۆڕانکاریی خێرایی ئینتەرنێت لەم ساڵانەدا و ئاسانکاریی بۆ بەکارهێنەران وشانێکی وێبمان پەرە داوە کە ئێستا لەبەر دەستی بەکارهێنەراندایە.

 

 ۵- بەکارهێنەران لە چەند ڕێگاوە دەتوانن لەم نەرمەواڵە کەڵک وەربگرن؟ (ئاپ و ماڵپەڕ و …)

د. ئاران ئەمینی: بە شێوەی ماڵپەڕ بۆ بەکارهێنەران بەردەست و هەروەها ئەی.پی.ئای ئامادە کراوە کە بەرنامەسازەکان دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن و لە بەرنامەکانیاندا خزمەتگوزاریی ناسینەوەی ئاخاوتن زیاد بکەن.

 

 ۶- ئەم تایپە دەنگیە تایبەتە بە کوردی ناونجی یان زاراوەکانی تری کوردی دەگرێتەوە؟

 د. ئاران ئەمینی: تاکوو ئێستا تەنیا بۆ شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست بەردەست خراوە. بەڵام هاوڕێیانمان خەریکی کۆکردنەوەی دراوە بۆ کوردیی ژووروون و دووەم زاراوە کە زیادی بکەین کوردیی ژووروو دەبێت. بە داخەوە تاکوو ئێستا دراوەیەکی بەرچاو و پێویستمان بۆ زاراوەکانی هەورامی و کوردیی خواروو بۆ کۆ نەبۆتەوە کە هیوادارین لە داهاتوودا بۆ ئەو زاراوەنەش زۆرتر هەوڵ بدەین و کارێکیان بۆ بکەین.

 

  ۷- ڕێژەی وردبینی و دروستنووسی «تایپی دەنگی ئاسۆسافت» چەندە؟

د. ئاران ئەمینی: دەوروبەری ٩٠ لەسەد وشەکان بە دروستی تایپ دەکات. ئەو ڕێژەیە بۆ دەقی ئاسایی زۆر بەرەوسەرترە بە شێوەیەک کە بەکارهێنەر بە دەگمەن تووشی وشەی هەڵە دەبێت. لە ڕاستیدا سیستمەکە هەر وشەیەک بناسێتەوە بە ڕێنووسێکی ستاندارد و دروست دەینووسێت و ئەوەش پێشتر بە کارکردن لەسەر دراوە و وشەدانی سیستمەکە کۆنترۆڵ کراوە.

 

 ۸- بۆ باشتری کەڵک وەرگرتن لە تایپی دەنگی ئاسۆ سافت چ پێشنیارێکتان بۆ بەکارهێنەران هەیە؟

 د. ئاران ئەمینی: بە گشتی ئەو سیستمانە لە شوێنێکدا باشتر کار دەکەن کە ژاوەژاوی لێ نییە و مایکیش زۆر دوور نییە. هەروەها ئەو سیستمانە لەسەر بنەمای زمانی ستاندارد کار دەکەن. بۆ وێنە کەسێک کە لە بنزراوەی ئەردەڵانیدا لەجیاتی “چووە” بڵێت “چووگە” لەوانەیە نەیناسێتەوە. هەمان شت بۆ بنزارەکانی تریش ڕاستە. لە داهاتوودا دەکرێت سیستمەکان زیاتر لەگەڵ بنزارەکانیش بگونجێنرێن بەڵام وردەکارییەکی زۆر و دراوەی پێویستە کە ئێستا ئەو شتەمان ڕەچاو نەکردووە.

 

 ۹- لە تایپی دەنگی دا ڕەچاوی هێماکانی خاڵەبندی کراوە؟ ئەگەر کراوە بە چ شێوازێکە؟

 د. ئاران ئەمینی: لەو وەشانەی ئێستادا ئەو کارەمان نەکردووە. ئێستا بەو سەرچاوە دەقە گەورەی کۆمان کردووەتەوە و بە مۆدێلە زمانییە گەورەکان، کە لەسەر ئەوانیش تا ڕادەیەک کارمان کردووە، دەتوانین ئەو بژاردەیە زیاد بکەین و لە داهاتوودا ئەو کارە دەکەین.

 

۱۰- بەکارهێنانی زیاتری بەشە جیاوازەکانی ئاسۆسافت یارمەتیدەرە بۆ بە پیتکردنی دیتابەیسکانی؟

 د. ئاران ئەمینی: بەڵێ سیستمەکانی ژیریی دەستکرد تاکوو دراوەی زۆرتریان پێ بدرێت و ئەو دراوە جیاوازیی زیاتر لە خۆ بگرێت باشتر دەبن. بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کە هەر ساڵە و تا ڕادەیەک ئەو سیستمانە باشتر ببن. ئەگەر بە دەوروبەری سێسەد کاتژمێر دەنگی تۆمارکراو گەیشتووینە وەردبینیی نەوەد لە سەد، بە هەزار کاتژمێر دەنگ چاوەڕێ دەکرێت کە ڕێژەی هەڵەکان دابەزێت بۆ چوار لە سەد و بگرە کەمتریش. ئەوە شتێکە کە بۆ زمانە دەوڵەمەندەکان لە ڕووی سەرچاوەوە بەدی هاتووە. بۆ وێنە ناسینەوەی ئاخاوتن لە زمانی ئینگلیزیدا توانیویەتی لە ژێرنووسکردنی فیلمدا لە مرۆڤ تێپەڕێنێت.

 

 ۱۱- بنکەدراوەی ئاسۆ سافت لە چەند وشە پێکهاتووە ئایا زمانە زانستییەکان ڕووماڵ دەکات؟

 د. ئاران ئەمینی: ئاسۆسافت یەک بنکەدراوە یان دروستتر بڵێین یەک کۆرپسی بەرهەم نەهێناوە. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، کۆرپسی دەق، کۆرپسی دەنگ بۆ ناسینەوەی ئاخاوتن و ئاخێوەر، کۆرپسی دەنگ بۆ گۆڕینی دەق بە دەنگ و کۆرپسی دیکەش بۆ وێنە شیکاریی لایەنگیری و وشەدانی ژمێرکاری لە ئاسۆسافتدا پەرە دراون و هەروا لە هەوڵی زیادکردنی ئەو سەرچاوانەداین. ئەگەر بە دیاریکراوی سەبارەت بە کۆرپسی دەقی ئاسۆسافت قسە بکەین وەشانی یەکەمی ١٨٦ ملیۆن وشە بوو کە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە. وەشانی دووەمی کە بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە، دەوروبەری ١ ملیارد وشەیە.

 

 ۱۲- شێوازی تایپ کردنی ژمارەکان بە رەقەمە یان پیت؟

 د. ئاران ئەمینی: بە پیتە، بەڵام بە پێچەوانەی هێماکانی خاڵبەندی کە لە نێوان شێوەی پیت و خودی هێماکەدا دەکرێت لێڵی دروست بێت، بۆ پیتەکان زۆر سادەیە و وەک بژاردەیەک ئەوە زیاد دەکەین. دیارە ئەم پرسیارە و پرسیاری هێماکانی خاڵبەندیش دوو پرسیاری زۆر باشن کە خۆشمان بیرمان لێ‌کردوونەتەوە و لە سیستمێکی پێشکەوتووی تایپی ئۆتۆماتیکدا زۆر پێویستن کە بە دڵنیاییەوە زیادیان دەکەین.

 

 ۱۳- بۆ گەشەپێدانی زیاتری پرۆژەی ئاسۆسافت چ بەرنامەیەکتان هەیە؟

 د. ئاران ئەمینی: ئاسۆسافت تیمێکی کراوەیە و چاوەڕێ دەکەین هەم لە ڕووی تیمەکەوە زیاتر گەورە ببێتەوە و کەسانی پسپۆڕی زۆرتر بۆ کار لەگەڵ زمانی کوردی و بە گشتی تەکنۆلۆژییەکانی زمان لە ئاسۆسافتدا پێ بگەن. هەروەها بۆ پڕۆژەکان هەوڵی بەردەوام هەیە کە داتاکان باشتر و گەورەتر بکەین و لەگەڵ دوایین تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد خۆمان بگونجێنین. چونکە لەم ساڵانەدا بەرەوپێشچوونێکی زۆر خێرا لە بوارەکەدا هەیە و هەوڵی ئێمەش ئەوەیە کە لە دوایین تەکنۆلۆژییەکان لە ئاستی جیهانی دوا نەکەوین.

https://asosoft.com

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *