خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەدەبی رەخنە لە «ئافاقی شێعری نالی»دا؛ «مۆدێلێک بۆ رەخنەکاری»

ئەدەبی رەخنە لە «ئافاقی شێعری نالی»دا؛ «مۆدێلێک بۆ رەخنەکاری»

ئەدەبی رەخنە لە «ئافاقی شێعری نالی»دا؛ «مۆدێلێک بۆ رەخنەکاری»

 موراد ئەعزەمی

  • بەرایی:

ئەگەر ، لە دۆخێکی گشتی دا چەمکی ئەدەب (وێژە) شی کەینەوە، دوو لقی گشتی لێ دەکەویتەوە. یەکەم، (ئەدەب) بە واتا ئاشناوو باوەکەی، واتا کۆی بەرھەمە ئەدەبییەکان، لە شێعرو پەخشان و،  چیرۆک و رۆمان، بە دەق و مێژووی ئەدەبییەوە، کە سوژەی بەردەستی رەخنەیە. لقەکەی دی، ئەدەب بە مانای کۆی یاساو رێساو (ئەرێ و نەرێ)یانەی کە مەرجن بۆ داھێنانی دەقی ئەدەبی و، تەواوی ئەو شێواز و تەمھیدە داھێنەرانەیەی رێگە دەدەنە داھێنەری دەقی ئەدەبی بۆ دەربڕینی سۆز و ھزرو بیرۆکەکانی، واتا جوانی ناسی زمانی دەربڕین یان رێتۆریک( چەمکی رێتۆریک، لێرەدا رێک بە مانای جوانیناسیی زمانی دەربڕینە). لەو وتار و لێکۆڵینەوەیەدا، پێناسە دووھەمەکە، واتا رێتۆریکی رەخنە مەبەستی سەرەکییە. بە تەماین، بەدەم خوێندنەوەو شیکاری ” ئافاقی شێعری نالی ” جۆری ئەدەبیی داھێنراوی دەق بھێنینە بەر سەرنج. واتا جگە لەوەی بە دوای وەڵامی پرسیاری (شیکارییەکە چ دەڵێ و چۆن دەڕوانیتە نالی؟) داین، ھاوکات بە شوێن وەڵام دانەوەی ئەوەش داین  کە ( زمانی ئەو دەقە رەخنەییە، چۆناوچون پێک ھاتووە؟). بە کورتی، سەرەتا بەدوای چۆن گوتن دا ھەین ، لەگەڵ ئەوەی ئاوڕ لە چی گوتنیش دەدەینەوە. جا بۆیەش لێرە کاکڵی باس، یەکسەر جەنابی نالی نییە، تەنانەت خوێندنەوەی نالیش مەبەستی یەکەممان نییە. یەکەم، جوانی ناسی زمانی رەخنەکاری، یان رێتۆریکی رەخنەیە. مەبەستی دووھەم، ئەو پارادایمە تایبەتەیە کە نووسەر بە درێژایی رەخنەکاریی وردی نالی، رەخنەی پێ نووسیوەو، چوارچێوەو شێوەکارێکی دیاری بە شێوەی کردەکی لەبەر دەستمان دادەنێت، کە بەدەم ئەم وتارە، بە وردی و بە ھێنانەوەی نموونە لەم، باسی دەکەین.  ئەگەر بمانھەوێ مەبەستی ئەم وتارە لە چەند خاڵ دا چڕ کەینەوە دەگونجێ ئاوا بیت:

  1. شێوەی رەخنەکاری تایبەتی (ئافاقی شێعری نالی) بۆ خوێندنەوەی نالی و، شێوازێکی دیکەی نالی ناسی، جگە لەوانەی بەرلە خۆی.
  2. نالی و بەرھەمەکانی، بیانوویەکن، بۆ ئەوەی بەدەم شیکاری ئەم، تەرزو رەوشتێکی دیکەی رەخنەکاری دەقی ئەدەبی(بە گشتی) بە کردەوە نیشان بدرێت. ئینجا دیتنەوەو لێکدانەوەی تایبەتمەندیەکانی ئەم تەرزە رەخنەکارییە.
  3. تەتەڵەی ئەو زمان و ئەدەبییاتەی کە لە دوو توێی ئەو کتابەدا کاری پێکراوە. زمانێک کە خۆی لە قەرەی دەقە ئەدەبییەکە دەدات و، وەک ھاو رەگەز بن وایە.

بە گشتی بە دوو ئاراستەدا بە تەماین دەقی(ئافاقی شێعری نالی) بخوێنینەوە، ئاراستەی مێتۆدیک(خاڵی یەکەم و دووھەم) و، ئاراستەی ریتۆریک (خاڵی سێھەم).

الف. دوو باسی مێتۆدیک:

  1. شێوەی تایبەتیی رەخنەکاری ” نالی” لە( ئافاقی …) داو، ھەراوتر کردنی پانتای نالی ناسی:

لەو بەشەدا، بە تەماین ئەو مۆدێل و شێوازەی رەخنەنووس، نالی پێ دەخوێنیتەوە، شەرح بکەین. واتا بە تەماین بزانین، وێڕای خوێندنەوەکانی دیکەی شێعری نالی، وەک شەرحەکانی د. مارف خەزنەدار،  ماموستا مەسعوود محەممەدو مودەرریسەکان و رێبوار سیوەیلی و…، ( ئافاقی شێعری نالی) چۆن نالی دەخوێنیتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ئەو دوو باسە دەھێنینە گۆڕێ:

ا. لەبەریەک ڕانان و نیشان دانی بە کردەوەی ھەر دوو قۆناغی رەخنە، واتا قۆناغی رەخنەی سووننەتی و رەخنەی نوێ و شێوازەکانی ئەو دوو شێوە رەخنەیەو، شیکاری شێوازی بەرەوڕووبوونەوەی ھەرکام لەم دوو دەلاقەی نالی ناسی یە، بەو وزەو خەسڵەتە تایبەتانەی لە ناو زمانی نالی داھەیە(واتا مێتۆدی بەراوەردناسانە- تطبیقی – ، بە قالب و فۆرم و پێکھاتەو ریتۆریکەوە).

اا. وەدەست ھێنانی مۆدێل و شێوازێکی وێڕای ئەوانەی ھەن، بۆ ناسینی شێعری نالی. واتا بزانین (ئافاق…) چۆن، وێڕای ئەو ناسینانەی لەپێش دا کرابوو(موودەرریسەکان،مەسعوود محەممەد، مارف خەزنەدار، سیوەیلی و…) جارێکی دی و بە شێوازێکی مێتۆدیک ترو ئەدەبی تر، نالی مان پێ دەناسێنیتەوە؟

موودەرریسەکان، وەک بنیاتنەرانی نالی ناسی بە دەقەوە، بە شێوەی رەخنەی کلاسیک دێڕبە دێڕی ھۆنراوەکانی نالی، بە کەرەسەو ئامرازو تەکنیکەکانی بەلاغی و، بە ئیرجاع دانی ئەو شێعرانەی بەردەنگێکی تایبەتییان ھەیە( وەک شارەزوور ومەستوورەو حەبیبە) بۆ دەرەوەی ئاسەوارو، تەحلیلێکی مێژوویی- بیۆگرافیک، شەرحی نالی دەکەن( بڕواننە” دیوانی نالی/ لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریمی موودەرریس و…). ماموستا مەسعوود محەممەد(چەپکێک لە گوڵزاری نالی/ بانە/ چاپەمەنی مانگ، ۱۳۹۶)، بە روانینێکی فەلسەفی- زمانناسانە، دەلاقەی نۆژەنترو، خوێندنەوەی جیاوازتر دەخاتە بەردەست. د.رێبوار سیوەیلی(نالی، لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنیتە. ھەولێر، ئاکادێمیای کوردی. ۲۰۱۸/ کتێبی نالی)، بە جەخت کردنە سەر چەند قەسیدەی نالی( حوجرە، ھەی کەرێکم بوو، شارەزوور) و، بە روانگەیەکی مۆدێرن ترو، شیکارییەکی ئەدەبی-کۆمەڵناسانە، ھەتەری نالی ناسی بەربڵاوتر دەکەنەوە.

د.رەھبەر مەحموودزادە، لە (ئافاقی…) دا بۆ خۆی سەبارەت بەو خوێندنەوانە دەڵێ:

((من ھیچ کام لەم قسانە ڕەت ناکەمەوەو بە پێچەوانە پێم وایە دەلالەتی گرینگیان تێدایە و کەشفی جێگای سەرنجیان بۆ بەدیاری ھێناوین. بۆ چوونی من لەگەڵ ئەم بۆچوونانە پێکەوە کۆنەکراوە(مانعەالجمع) نین.)) ل۳۹

بەڵام بزانین جیاوازی سەرەکی و، تێپەڕاندنەکەی ( ئافاق…) لەچاو ئەوانی دی چییە. واتا ئەوەی خوێندنەوەی نووسەر لەوانی دی، لە پانتای نالی ناسی دا، جوودا دەکاتەوە چییەو، خوێنەری (ئافاق) دوای خوێندنەوەی ئەم، چی بە نالی ناسی کەیەوە زیاد دەبیت؟

 ئستراتێژی گشتی خوێندنەوەکانی بەرلە (ئافاق…)، لە یەکەم ھەنگاودا، لەسەر بنەمای رێتۆریکی بەلاغەت و ئیرجاع بۆ دەرەوەی دەق دامەزراوەو، لە راڤەو شەرحی ئەو شێعرانەی وەک دەربڕینی ئەزموونی خودی شاعیر دەچن(وەک پێ ھەڵاکووتن بە مەستوورەو حەبیبەو…)، وێڕای شەرحی بەلاغەتی شێعر، لەدوای ئەوە گەڕاون کە ئەو کەسانە کێ بوون و چ پێوەندییەکیان ھەبووە لەگەڵ نالی. لە (ئافاق…) دا، ئەو ئاراستەیە، لە بەرەو دەرەوە بوون، دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەق. نووسەر خۆی ئاوا باسی ئەو بابەتە دەکات:

” … لە جیھانی پێش مۆدێرن دا بۆ نووسین و خوێندنەوەی شێعری نەریتی، ریتۆریکێکی تایبەت لە گۆڕێ دا ھەبووە. ئەم رێتۆریکە لە وڵاتانی مسوڵمانی رۆژھەڵاتی ناوین دا وەک زانستی بەلاغەت ناسراوە.” (ئافاق…، ل۷۶)

لە دەوامی ئەو بابەتەدا، نووسەر ئستراتێژی خوێندنەوەکانی دی و، لە بەرامبەردا ھی خۆی، ئاوا بە چڕی باس دەکا، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەک بدا بە خوێنەر:

” … بەڵام ھەروەک گوتمان کەڵک وەرگرتنی بە تەنیا لە تەزادو تەشبیھ و ئیستعارە و کینایە مۆدێلێکی زۆرکارامەمان ناداتە دەست بۆ خوێندنەوەی شێعری نالی. کەڵک وەرگرتن لە ھەندێک تەکنیک کە بۆ نموونە تایبەتن بە چیرۆک و تەمسیل و چیرۆکی تەمسیلی و تەنانەت ھونەری نیگارکێشی و مینیاتۆڕ و ھتدیش، بۆ خوێندنەوەی شێعری نالی پێویستە.” (ئافاق…ل۷۸)

ئەو دوو تەمھیدە مێتۆدیکە، واتا تێپەڕاندن لە جەغزی بەلاغەت و، پەل ھاویشتن بۆ تەکنیکەکانی بواری گێڕانەوەو، وردەکارییەکانی جوانی ناسانەی نیگارکێشی و مینیاتۆڕ، ئستراتێژییەکە کە تایبەتە بە (ئافاق…) و، شێوازێکی داھێنەرانەی نوێن، بۆ شیکاری دووبارەو جیاوازو وردتری شێعری نالی.

بۆ پەرە پێدان بەو شێوازە نوێیەو، بۆ پتر ئامادە کردنی خوێنەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ نالی، دەق بە رەوشتێکی بەراوردکارانە، نموونە لە شێعرو ئەدەبی فارسی دەھێنیتەوەو، چەند دەقێکی سەعدی شیرازیمان بۆ لێک دەداتەوە:

(… بۆ روون بوونەوەی زیاتری باسەکە با ئاماژە بە چەند شێعری ناو بووستانی سەعدی بکەین. حەز دەکەم خوێنەر ئاگادار بکەمەوە ھەموو ئەو نموونانەی لە سەعدی دەیانھێنمەوە، دواتر لە باسێکی ھاوشێوە بۆ شێعری نالی بە کارم دێن.)(ئافاق…، ل۷۹)

نووسەر لە ئافاق، لە بەشی(تێپەڕاندن لە بووتیقای نەریتی بۆ خوێندنەوەی شێعری نالی)دا، بەو روانگانەی بەرلەمە رێی بۆ خۆش کردبوون، شێعری نالی بە چاوئەندازێکی نوێتر شی دەکاتەوەو دووبارە، بە شێوازی بەراوردکارانە، بۆ ئەوەی بە لەونێکی کردەکی و کانکریت ئەو مێتۆدە وەک نەریتێکی دیکەی نالی ناسی دابڕێژیت و، بۆ خوێنەری (ئافاق..) و تۆژەری نالی بە کار بێت، بە ھەرتک ئستراتێژی نەریتی باوو، شێوازی خۆی، دەقی نالی دەخوێنیتەوەو، لەبەر یەکییان ڕادەنێت بۆ ئەوەی تەوفیرییان وەبەر چاو بێت. بۆ نموونە خوێندنەوەی قەسیدەی (مەحبووبە…) لە لاپەڕەی ۸۵ و۸۶ و ۸۷ ی (ئافاق…) دا، کە بە ھەردووک پێوانەی نەریتی و خوێندنەوەی تایبەتی خۆی، قەسیدەکە شی دەکاتەوەو، ھەتەری مەعریفەتی خوێنەر سەبارەت بەو دەقە ھەراوتر دەکات.

ئەگەر لە بەرھەمەکانی دیکەی نالی ناسی دا، بابەت و کاراکتێری سەرەکی قەسیدەکانی( حەبیبەی خێل و، مەستوورەو، حوجرەو ھەی کەرێکم بوو)، بە بابەتێک ھاتوونەتە ئەژمار، کە تۆژەر بەسەری دا تێپەڕیت، یان نەھایەت وای دانێت کە ئەوانە دیاردەی ناو ژیانی شاعیر بوونەو لە ناچارییان پێی ھەڵگوتوون، بەڵام لە شێوە روانینی (ئافاق…)دا، جگە لەو تەمھیدو جوانکارییە ئەدەبییانەی لە ھەناوی قەسیدەکان دا ھەن، خودی ھەڵبژاردنی بابەتەکان، کە لە نەریتی ئەدەبی کلاسیک دا وەک سێ دیاردەی لاوەکی و کەم بایەخ و ناگرینگ دێنە ئەژمار، وەکوو جۆرێک بوێری و ڕچەشکێنی و نوێگەرایی لە لایەن نالییەوە باس دەکرێن. ئینجا نووسەر، نالی وەدەنگ دەھێنیت و وەک رەوایەتی یەکەم کەس ئاوا باسی ئەو بابەتە دەکات:

(… نووسینی ئەوەی جوانترین کەس، جوانترین وەسفی ھەیە، ھونەرێکی زۆر بەرچاو نییە. ئێوە کاراکتێرێک بدەن بە من کە لە تێگەیشتنی باودا نەک ھەر بە جوانترین کەس ئەژمار نەکرێ، بگرە ھەر بە جوانیش دانەنرێ. ئینجا تەماشای ئەو نیگارکێشییە بکەن کە من لەم کەسەی دەکەم. تەماشای ئەو سیمایە بکەن قەڵەمی من دەینەخشێنێ. ) (ئافاق…، ل۹۰)

ئەگەرئەوە وەک ھەنگاوی یەکەمی نالی ناسی (ئافاق…)، بە جەخت کردنە سەر جۆری تەححەددای نالی و، بە ھەڵبژاردنی بە عەمدی بابەتی پەراوێزی بۆ خوڵقاندنی شێعر بناسین، دووھەم ھەنگاو، کە (ئافاق…) بە سامانی نالی ناسی زیاد دەکات، ئستراتێژی ئیرجاع بۆ ناوەوەی دەقە. ئەو ئستراتێژییە بە تایبەت، زۆرێک لە گرێکانی ھەندێک بەرھەمی کێشە خوڵقێنی وەک (مەستوورە) دەکاتەوەو، شەرحێکی تەواو جوودا لەوانەی دی دەداتە دەست. بۆ تیۆریزە کردنی ئەو ئستراتێژییە نووسەر ئاوا لە (ئافاق…)دا شەرحی دەکات:

“… شێعر دەکرێ بە دوو ئستراتێژیی جیاواز بخوێنرێتەوە. ئستراتێژیی یەکەم ئەوەیە بۆ لێک دانەوەی شێعرەکە ماناکەی بە گشتی ئیرجاع بدەینەوە بۆ دەرەوەی دەق. ناوی ئەم ئستراتێژییە دەنێین ئستراتێژی دەرەکی….، ئستراتێژی دووھەم بۆ لێک دانەوەی شێعر ئەوەیە لە پلەی یەکەم دا ئەو ڕایەڵە مانایییەی خودی دەق دروستی دەکاو ئەم پێوەندییە مانایییانەی لە ناو خودی دەقەکەدادەگوورێن سەرنجیان پێ بدرێ و ئیرجاع بۆ دەرەوەی دەق لە ھەنگاوەکانی دواترداو بە داکۆکییەکی کەمترەوە بکرێ. ناوی ئەم ئستراتێژییە دەنێین ئستراتێژی ناوەکی…” (ل۹۶،۹۷)

نووسەر، بۆ خوێندنەوەی چەند دەقی کێشە خوڵقێن، لە چەن بەشی رەخنەکاری خۆی دا، بەو ئستراتێژییە نوێیەی خۆی کە خەریکە دایدەڕێژیت، بە سیستمی ئیرجاعی جیاواز و، پەل ھاویشتن بۆ پانتای گێڕانەوەناسی، (وەک خاوەن رەگەزی چیرۆک بوون و واقیعی ڕۆنراو) لە شێعری نالی داو، کەشفی ڕەگەزی مینیاتۆری لەودا، ئافاقێکی نوێی نالی مان بۆ وێنا دەکات.

لە شەرحی شێعری حەبیبەدا، بۆ بەرجەستە کردنی خوێندنەکەی خۆی بە پێی سیستمی ئیرجاعی ناوەکی، بە شێوازێکی بەراوردناسانە، سەرەتا خوێندنەوەی نەریتی و باوی ئەو دەقە دەھێنیتەوە، دوایەش خوێندنەوەی نوێ و جیاوازی خۆی دەداتە دەست. لەو خوێندنەوەیەدا، بە ئاوڕدانەوە لە تیۆرییەکانی گێڕانەوەناسی، پێمان دەڵێت کە، مەرج نییە حەتم مەحبووبە کەسێکی دیار لە مێژوو ھاوچاخی نالی بێت، بەڵکوو دەتوانیت کەسایەتییەکی داڕێژراوی داستانی بێت. نووسەر سەبارەت بەو ئستراتێژییە دەڵێ:

(نالی ئەگەر ئەو کاراکتێرە تازەیەی نەخوڵقاندبا، ئایا دەستی بۆ ئەو ھەموو وەسفە تازەو تەعبیرە نوێیانە ئاوەڵا دەبوو؟ نالی لەو شێعرەدا، ھەروەک زۆربەی شێعرەکانی دیکەی ئۆتۆبیۆگرافی نووس نییە بیھەوێ داستانی ژیانی خۆی بنووسێتەوە. نالی ئەدیبە. بۆ داھێنانە ئەدەبییەکەشی جاری وایە پێویستی بەمە ھەیە کاراکتێرێکی نوێ بھێنیتە مەیدانی کایەی ئەدەبییەوە.)(ئافاق…، ل۹۲ و ۹۳)

سێھەم ھەنگاوی شیاوی سەرنجی (ئافاق…)، بۆ نالی ناسییەکی ھەراوترو کارامەتر، ئاوڕ دانەوەی بۆ ئەو بەرھەمانەیە کە لە شیکاری و خوێندنەوەکانی دی دا بە ھێند نەگیراون و بە راگوزاری بەسەری دا تێپەڕیون و چی واشییان لەبارەی دا نەکوتراوە. ئەو ھۆنراوانەی کە: (… نەحوی شێعر ھەتا رادەیەکی زۆر عەڕەبی یە بەڵام موفرەدات و زاراوەکانی کوردین….( ئافاق…، ل۳۱۸). ئەو جۆرە ھۆنراوە تێکەڵاوانە بە (دەلالەت گەری نیشانەدار) ناو دەبات. بۆ نموونە باسی شێعری ( درونی لدارالشارەزور و بەردە…دیوانی نالی، ل۴۰۱/ نەشری سەلاحەددین ئەییووبی) دەکاو، لە ژێر سەردێڕی(پێشڕەوی بۆ ھەرێمی زمانی ئەوی دی و گۆڕینی ئستانداردی زمانی) دا، شەرحی دەکات و وەک ( پێشڕەوی نالی بۆ ناو ھەرێمی زمانی ئەوی دی و، ھەڵکەندنی مۆرکی تایبەتی خۆی لە ناو زمانی ئەوی دی دا) ناو دەبات.

ئەو سێ تایبەتمەندییە(۱٫ تیشک ھاویشتنەسەر تەححەددای نالی بۆ ھەڵبژاردنی بابەتی ناوازە، ۲٫ تیۆریزەکردنی ئستراتێژی ئیرجاع بۆ ناوەوەی دەق و خوێندنەوەی شێعرە کێشەدارەکانی نالی بەم ئستراتێژییەوە، ۳٫ ئاوڕدانەوەو خوێندنەوەی رێسامەندی شێعری نیشانەداری( پێشڕەوی زمانی بۆ ھەرێمی ئەوی دی). پێکەوە دەبنە نەریتێکی تایبەت و نوێی نالی ناسی کە لە دوو توێی (ئافاق…) دا تیۆریزەو دەکار کراوەو، بە سامانی نالی ناسییەوە زیاد کراوە.

  1. مۆدێلێکی دی بۆ رەخنەکاریی دەقی ئەدەبی:

 

( راستییەکی زۆر سادە بەڵام زۆر گرینگ ئەوەیە ئەدەبیات دەبێ بە مەنتیقی ئەدەبیات بخوێندرێتەوە نەک بە مەنتیقی مێژوو و راپۆڕتی ژوورنالیستی.)(ئافاق…، ل۱۱۲)

ئەوە یەکەم دەلاقەی (ئافاقی شێعری نالی)ە بۆ ئاشنا بوون لەگەڵ مۆدێلێکی نوێی رەخنەکاریی، کە بە تەمایە بەدەم خوێندنەوەی نالی، خەریتەکەی بکێشیتەوە.

لەو بەشەدا، بە تەماین بپەرژێینە سەر ئەو باسە مێتۆدیکە لە (ئافاق…) دا.

 لە پانتای شی کردنەوەو باس لە رەخنە، واتا بواری رەخنەی رەخنە، گەلێ رەهەندی جۆراوجۆر هەن بۆ هەڵبژاردن وەک دەروازەو مەدخەلی باس. وەکوو شێواز و مێتۆدۆلۆژی رەخنە، پیکهاتەو ڕێکی و یەکانگیری ئەم، هەڵبژاردنی تیۆری بە پێی وزەو زەرفییەتی دەق بۆ خوێندنەوەی ئەم، و… . لێرەدا، کارلێک و دانووستانی تیۆری و رەخنەو، شێوەی دەکارھێنانیان لە رەخنەکاری دا دێتە بەرباس. واتا بە گشتی، داڕشتن و بە کردەوە نیشان دانی شێوازو مۆدێلێکی جودا لە مۆدێلە باوەکەی رەخنەنووسی و، گەیشتن بە مۆدێلێکی دیکەی رەخنەکاری.

نووسەری(ئافاق…)، خۆی لە شوێنێکی (ئافاق…) دا، ھەر سەبارەت بەو بابەتە، وەک ئەوپەڕڕەخنە، دەڵێ:

(لێک دانەوەی دیوانی نالی لە لایەن مودەرریسەکانەوە ئەمڕۆ بۆ بەرەی نوێ بایەخێکی دووقاتی ھەیە. ھەم لێک دانەوەی شێعری دژوارو تێکچندراوی نالی یە و ھەم مۆدێلێکمان بۆ رادەنێ کە بە ھۆی ئەم مۆدێلەوە نەک ھەر شێعری نالی بەڵکوو بە گشتی شێعری نەریتیی پێ رەخنەکاری کراوە. بە دەربڕێنێکی دیکە لەم کتێبەدا ھەم راستەوخۆ شێعری نالی لێک دراوەتەوە و ھەم ناڕاستەوخۆ مۆدێلی نالی ناسی و لەویش واوەتر مۆدێلی رەخنەی ئەدەبیی باوی ئەو سەردەممان پێ ناسێنراوە.)(ئافاق…، ل۷۷)

نووسەر خەریکە باسی رەخنەکاری مودەرریسەکان دەکات، کەچی، وەک ئەوپەڕدەق یان ئەوپەڕ رەخنە، رێک باسی (ئافاق…) و، ئەو دوو ئاراستەیە دەکات کە لەودا کراوە، واتا خوێندنەوەی راستەوخۆی نالی و، داڕشتن و بە کردەوە نیشان دانی ناڕاستەوخۆی مۆدێلێک نەک ھەر بۆ نالی ناسی، بەڵکۆ بۆ رەخنەکاری دەقی ئەدەبی بە گشتی.

 یەک لە خەسارەکانی رەخنەنووسی، بە شێوەیەکی گشتگیر، دەورگێڕان و کارکردی ناڕێک و زەقی تیۆرییە لە ناو رەخنەدا. لە رەخنەنووسی باودا، سەرەتا باسێکی تیۆریکی تێرو تەسەل، سەبارەت بەو چاوئەندازەی قەرارە دەقی پێ بخوێنرێتەوە، دێت و، دوایە کەم تا کورتێک ئاوڕ لە خودی دەقی ئەدەبی دەدرێتەوە و ھەوڵ دەدرێت بە پێی تیۆرییە گۆرینەکە، لێک بدرێتەوە. بەڵام، لە مۆدێلی (ئافاق…) دا، تیۆری و خوێندنەوەی دەق، جودا لەیەک نین و، بەدەم تیۆری کاری، رەخنەکاریش بەڕێوە دەچیت و، بەدەم رەخنەکارییەوەش، تیۆری دادەڕێژرێت.

بۆ کردنەوەی دەروازەکانی ئەو باسە، وەک ئانالۆژیا(قیاس) و نموونە، باسێکی گێڕانەوەناسی دەهێنینە گۆڕێ. یەک لە ماکە سەرەکییەکانی دەقی گێڕانەوەیی(رەوایی)، داڕشتنی کەش و فەزاو کەسایەتییە. لە دەقی کلاسیک دا، بۆ نموونە رۆمانەکانی دۆما، تۆلستۆی، یان هۆگۆ و…، بۆ وەسفی فەزاو شوێن یان کەسایەتی، گێڕانەوە بە شێوەی کاتی رادەگیرێ و، تا مەودایەک، نووسەر دەپەرژێتە سەر وەسفی دۆخ، شوێن و کەش، یان کەسایەتی، بە وردەکارییەوە. واتا گێڕەڕەوە(راوی) کە لەو دەقانەدا پتر سێهەم کەس و زانای گشتینە، دەست لە گێڕانەوە هەڵدەگریت و، خەریک دەبیت بە وەسفی وردی کەس یان کەش. ئەو شێوە کلاسیکە، شێوەی وەستاو(ایستا) ی وەسفە. شێوەی دی، کە شێوەی مۆدێرنی داڕشتنی کەسایەتی و کەش و فەزایە، شێوەی ناوەستاو(پویا) یە. لەو شێوازەدا، دارشتنی کەسایەتی و کەشی گێڕانەوە، نەک دوای وەستانی رەوایەت، بەڵکوو هاوتەریب و هاوکات و هاوڕێ لەگەڵ گێڕانەوە سەردەگریت. واتا کەسایەتی و فەزا، لە هەناوی رووداوو دیالۆگەکانەوە بیچم دەگرن و خوویا دەبن. جووداوازی ئەو دوو شێوە سەرەکییەی گێڕانەوەناسی، دە جۆری کاردانەوەیان دایە لەسەر خوێنەرانییان. شێوەی کلاسیک و وەستاو، زانیاری وردو هەراو دەدات بە خوێنەر، بەڵام رەوتی سرووشتی و بەردەوامی گێڕانەوە تووشی پچڕان و وەستان دێت. وەک حاڵی سوارێک کە نەرم و خەرام خەریکی ئاژاوتنی ئەسپەو، یەکجێ لەمپەرێک لەبەر دەمی ئەسپ قووت دەبیتەوەو، رەق لە جێوە رایدەگریت. لە شێوازی مۆدێرنی ناوەستاو(پویا) دا، لەوانەیە وەک شێوەی وەستاو، زانیاری وردو هەراو نەدات بە خوێنەر سەبارەت بە کەسایەتی و کەش و فەزا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو زانیارییانە پەرژو بڵاو دەکات و لە ناو دیالۆگ و وەسفی رووداوو رەوایەت دا دەیپڕژێنیت، سوارە گۆرینەکەمان هەربەدەم نەرمەغاران یان تەقڵەوجلیتان زانیارییەکانیش وەردەگریت. لە رەخنەش دا، ئەو دوو شێوازە هەن. شێوازێک، کە دەتوانین ناوی بنێین لێک نەدراو، کە لەودا لە کاتی تیۆری داڕێژی دا، رەوایەتی رەخنە رادەوەستیت و، لە ساتەوەختی رەخنەدا، رەوتی تیۆریک رادەگیرێت. شێوازەکەی دی، مێتۆدی لێک دراوە، کە لەودا تیۆری و رەخنە لێک دراوو تێک چڕژاون و، وێڕای یەک و بە ھارمۆنیایەکی رەوان و بێ گرێ و لەمپەرو سەکتە رەوایەت دەکرێن. ئەگەر وەختایەکیش بە پێی حەوجێ و نیاز، رەخنەنووس ناچاربووبێ تیۆری راستەوخۆ بھێنیتە سەر رێگای خوێندنەوەی، یەکامەتی بەشێک و نموونەیەک لەو پاژەی بە تەمایە تاوو توێی بکات، لەسەرە رێگای خوێندنەوەی خوێنەر دادەنێت، تا چاوی خوێنەر رابێت و نابەئاگایانە بابەتەکەی بکەویتە ناو مێشک، جا دوامەتی باسە تیۆریکەکە، ھەر بەو راوێژو رێتۆریکی ئەو پاژە دەھێنیتە ناو پرۆسەی خوێندنەوەو، بناغەو ئاراستەی شیکارییەکەی دادەمەزرێنیت و، ئینجا بە شێنەیی و بە تەسەلی پاژەکە داوێتە بەر تیشکی رەخنە. ئەوە بە پێچەوانەی مۆدێلی باوی رەخنەنووسی، واتا مێتۆدی لێک نەدراوە، کە سەرەتا بەدەم راگیرانی رەوتی خوێندنەوە، رەخنەنووس یەکسەر و بە تێروتەسەلی دەپەرژێتە سەر تیۆری. لەودا تیۆری بە شێوەی سەربەخۆو دابڕاو لە دەقە ئەدەبییەکەی بەر خوێندنەوەی دەق، دادەڕێژیت، دوایە لە بەشی دووھەم دا بەو تیۆرییەوە دەق دەخوێنرێتەوە.

چەند نموونە لە (ئافاق…) لەو بابەتەدا، بۆ بەڵگەمەند بوونی باسەکە دەھێنینەوە.

لە بەشی یەکەم، لە لاپەڕەی ۱۷ دا، باسێک دێتە گۆڕێ کە بە بێ ئاماژەی راستەوخۆ، سەربە تیۆری فۆرمالیستی بوونەکەی پێوە دیارە، کە لەو رەھەندەوە یەک لە تایبەتمەندییەکانی شێوازناسانی مەحوی پێ وێنا دەکات:

(… چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوەی مەحوی لەگەڵ وشە و ئەم بار و ئەوبار کردن بە وشە و دووپات کردنەوەی وشە (خودا و باخودا، ناو ناو و ناو) و دۆزینەوەی ڕەگەزدۆزیی تەواو یان نیوەتەواو لە نێوان وشەکان دا(شۆخ و شێخ، خێر و خەیر) لە بەرانبەر یەک دانان و لەبەریەک ڕانانی وشە دژەماناکان(خێر و شەڕڕ، جەفا و وەفا، لوتف و قار) دەست تێ وەردانی ڕیزبەندیی باو لە سینتاکسی ڕستەدا( لوتفێ بە حاڵی من کە وتم ئەو وتی بە قار) ھەموویان نیشانەدەری تایبەتمەندیی شێوازناسانەی شێعری مەحوین.)

لە لاپەڕەی ۳۰ دا، بە بێ ئاماژەی راستەوخۆ، کەڵک لە یەک لە تیۆرییەکانی فۆرمالیستی، واتا رەگەزی زاڵ وەردەگریت:

(گۆڕانکاری ژانرە ئەدەبییەکان لە درێژایی مێژوودا دەگەڕێتەوە سەر شوێن گۆڕکێی رەگەزەزاڵەکان…. لەھەر دەورەیەک دا ڕەگەزێکی تایبەتە کە بە زاڵ بوونی خۆی ئەدەبییەتی دەق مسۆگەر دەکا.)

لە زۆر جێگادا، ھەست بە تارمایی تیۆرییەکانی گێڕانەوەناسی، لە پشت دەق دا دەکرێ، وەک لە لاپەڕەی ۳۲ دا، کە بە دەم شێوازی داڕشتنی کەسایەتی و ریالیسمی گێڕانەوە، کارکردی دیاردەی دزێوی وەک جنێودان، بە زەروورەتێکی رەوایەتیی بۆ قەسیدەی(ئەی دەراتوو لە دوو مەجرایی دوو میزابی مەبال….) و پەرداخی دژەقارەمان، دەسەلمێنیت: 

( … کاتێک نووسەر کەسایەتییەکی دژەقارەمان و ناڕێک و ناقۆڵا لەناو گێڕانەوە شێعرییەکەی دا پەرداخ دەکا، خەسڵەتی دزێو و دژوێنی ئەدەبیشی پێ دەدا…)

 

لە لاپەڕەی ۸۷ دا، باسی تەمھیدی ناسیاوی سڕینەوە لە روانگەی فۆرمالیستەکانەوە دەکا، ھاوکات دەقی پێ دەخوێنیتەوە، بە بێ پچڕان و دابڕانی پڕۆسەی رەخنەی دەق:

(… لەم ناوەدا ئەوەیلە ڕووی ئەدەبییەوە ڕوو دەدا جۆرێک ناسیاوی سڕینەوەیە. لە ڕوانگەی فۆرمالیستەکانی ڕووس ئەوەی دەقێک دەکا بە دەقێکی ئەدەبی، ناسیاوی سڕینەوەیە. … ناسیاوی سڕینەوەی ناو ئەم غەزەلە دەکرێ لە دوو ئاست دا چاو لێ بکرێ : ۱٫ ناسیاوی سڕینەوە لە بواری چیڕۆک دا ۲٫ ناسیاوی سڕینەوە لە بواری شێعر و وەسفی شاعیرانەدا.)

لە بەشی چوارەم، لاپەڕەی ۱۲۸ دا، بە دوو روانگەی تەفسیری عیرفانی و، دەروونشیکاری، لە ھەناوی رەخنەدا، بە رەھەندی شیکاریی بەراوردکارانە، ئاوڕ لە شێعری مەولەوی بەلخی دەدرێت و تاوو توێ دەکرێ و خوێنەر بۆ تاوو توێی نالی بەو روانگانەوە تەیار دەکات:

( ئەگەر لە ناو دیسکۆرسی ئیسلامی و عیرفانی دا قسە بکەین دەڵێین مەولانا ئەم وێنانەی لە کاتی ئەزموونێکی عیرفانی دا ئافراندووە. ئەگەر بە گوێرەی گوتاری یۆنگ قسە بکەین دەڵێین نابەئاگای نووسەر لەکاتی ئافراندنی ئەم وێنانە تێکەڵ بە ناخودئاگایەکی بە کۆمەڵ بووە کە ئەم ناخودئاگایە گەنجینەی ئوستوورەو ئارکی تایپ و ئەزموونە ئەوپەڕکاتی و ئەوپەڕشوێنییەکانی بەرەی مرۆڤە.)

 

لە لاپەڕەی ۱۳۴ و ۱۳۵ دا، باسی روانگەی عەینولقوزات سەبارەت بە فام کردنی دەق دەکا:

” … ھۆ جوامێر! ئەم شێعرانە وەک ئاوێنە بزانە. خۆ دەزانی ئاوێنە سیمایەکی لە خۆی نییە، بەڵام ھەرکەس بۆی بڕوانێ، سیمای خۆی تێ دا بەدی دەکا کە رەنگ دانەوەی رۆژگاری خۆیەتی…، بۆچوونی عەینوڵقوزات دەرحەق بە شێعر زۆر ئەمڕۆیی یە. ئەم بۆچوونەی عەینوڵقوزات زۆر لە قوتابخانەی ڕەخنەیی (وەرگرتن) و لە بۆچووی کەسانێکی وەک وۆڵفگانگ ئایزێر نزیک دەبیتەوە.”

شێوە روانینی عەینولقوزات سەبارەت بە شێعر و شیکاریی قەسیدەکەی بە ناوبانگی روودەکی بەو روانگەیەوە، دەبەستیتەوە بە سێ مەکتەبی (وەرگرتن) و (ھێرمێنۆتیک) و (دەروون ناسی) و، بەو پێشەکییەوە، دەپەرژێتە سەر خوێندنەوەی نالی. تیۆری، بەدەم خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییەوە( عەینوڵقوزات، روودەکی و دوایە نالی) خۆی دەردەخا.

لە لاپەڕەی ۱۴۵ دا، بەدەم ئاوڕدانەوە لە روانگەی بارت، ڕێ بۆ خوێندنەوەی دەق بەم روانگەوە، خۆش دەکات:

” بۆ خوێندنەوەی ئەم شێعرە)  ماتەم وەکوو زوڵفەینی سیەھ گرتی سەراپات( دەبێ لەبەر تیشکی رێنوێنییەکەی رۆلان بارت ھەنگاو ھەڵبھێنینەوە…

لەو بەشەش دا، سەرەتا دەقمان پێ دەناسێنیت و، زەینی خوێنەر تەیار دەکات بۆ ئەوەی کە تیۆری ھاتە گۆڕەپان، خۆی ھەست بەوەی بکات کە، بڕیارە ئەو دەقە بەو تیۆرییە دەخوێنرێتەوە.

لە بەشی پێنجەم لاپەڕەی ۱۵۳ دا، بە ھێنانەوەی تیۆری گێڕانەوەناسی و بەستنەوەی بە دەقی شێعری، رێ بۆ خوێندنەوەی شێعری نالی خۆش دەکات:

(… لەم نووسینەدا ھەتا ئێرە وێڕای گرینگی دان بە ڕەگەزە شێعرییەکان، گرینگی زۆریشمان داوە بە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە لە شیعری نالی دا… )

 

لە لاپەڕەکانی ۱۵۴ و ۱۵۵، بە خوێندنەوەی پشت ئەستوور بە پێکھاتەخوازی و کەشفی پێوەندییەکانی پاژو گشت، شێعری حەبیبە تەتەڵە دەکات:

(نالی لە ھەندێک شیعری دا جیھانێکی تری ڕۆناوە و واقیعی داستانی ئەوتۆی داھێناوە کە لەگەڵ جیھانی ناسیاوی دەوروپشتی ئێمە جیاوازی ھەیە…)

لەو بەشەدا، نووسەر، بەدەم ئاماژە بە تەمھیدی ڕۆنانی واقیعی داستانی، بە شێوازێکی پێکھاتەخوازانە و پێوەندی پاژەکان لەگەڵ یەک ولەگەڵ شاکیلەی دەق بە گشتی، جۆرێکی دیکە شیعری نالیمان پێ دەناسێنیتەوە.

لە بەشی دەیەم لاپەڕەی ۲۸۱ دا، لە شەرحی فۆرم و زمانی شێعری نالی و باسی (ئەوی دی) لەودا، کەڵک لە تیۆری لاکاتووش وەردەگریت، بە بێ ئەوەی پڕۆسەی رەخنە راگیرێت:

(… نالی ھێڵێک بە دەوری ھەندێک بۆچوون وھەندێک دیاردەدا دەکێشێ و وەک ناوکێکی سەخت دەیانناسێ و دەیانناسێنێ و لە ئاست ناوەڕۆکی ناو ئەم ناوکە سەختەدا ھەڵوێستێکی خۆپارێزانە و خاکەڕایانە دەگرێ.)

بە پێی مەجازی پاژ بۆ گشت، قەناعەت بەو چەند نموونانە دەھێنین و، دیتنەوەی شوێنەکانی دی دەھێڵینەوە بۆ خوێنەر.

وەک دەبینین، ئستراتێژی رەخنەکاری ئافاق، لەسەر بنەمای پێکەوە ھەڵسووڕانی رەخنەو تیۆری دامەزراوە. ئەگەر لە ھەندێک شوێنان دا( وەک لە بەشی دووھەم داو، ل ۵۸ و بەشی حەوتەم و،…) بە پێی حەوجێ تیۆری بە راشکاوی ھاتۆتە ناو دەق، دیسان جۆری دەکارکردنی لەگەڵ شێوازی با و تەوفیری ھەیەو، مۆدێلێکی دیار رەچاوکراوە بۆ ئەو مەبەستە. بەو جۆرە کە، بەرلە باسی تیۆریک، سەرەتا باسی دەقە ئەدەبییەکە دەکرێ و نموونەی بۆ دەھێنیتەوە، دوایە تیۆرییەکە کە قەرارە ئەوبەشە شی بکاتەوە دێت، دوایە بە ھەراوی دەق بە تیۆرییەکە دەخوێنیتەوە. واتا سەرەتا دەقی ئەدەبی دێت، دوایە تیۆری، دواجار رەخنە. سەرەتا زەینی خوێنەر بە دەق رادەھێنیت و دوایە بە تیۆرییکەوە دەق دەخوێنیتەوە.

 لە نەھایەت دا دیتنەوەی ئەو جێگایانەی کە تیۆری لە ھەناوی دەقی رەخنەدا تواوەتەوەو خوێنەری چالاک و ئاشنا بە تیۆرییە رەخنەییەکان، تارمایی تیۆری لەو بەر دیوی رەخنەکاریی دەقی ئەدەبی کەشف دەکات. بەو کەشفەی بە قەرا کەشفی ئەدەبییەتی دەقی ئەدەبی، ھەم چێژ دەبات و ھەم پشت ئەستوورو دەوڵەمەندبوونی رەخنە بە تیۆرییەوە ھەست پێدەکات.

  1. باسێکی ریتۆریکی:

 

دەقی ئەدەبی، بە زمان و ریتۆریکی ئەدەبی بەرھەم دێت و، دەقی رەخنەکاری، بە زمان و گوتاری فەننی. ئەوە پۆلێنی باوو چەسپاوی ئەو دوو بوارەیە کە بەڵگەنەویست دێتە ئەژمار. باسی ھاوڕەگەزیی و ھاوشێوەبوونی زمانیی ئەو دووپانتایە، باسێکی نوێیە. داڕشتنی زمان و رێتۆریکی رەخنەکاریی دەقێک، لە جۆری زمانی دەقی ئەدەبیی بەردەستی، ئەو شێوازو ئستراتێژی وتەمھیدە ڕچەشکێنانەیە کە سەرلەبەری (ئافاق…)ی پێ بەرھەم ھاتووە. (ئافاقی شێعری نالی) لەسەر داب و تەرزو رێتۆریکی زمانی تایبەتی نالی بەرھەم ھاتووە. واتا باسی داھێنەریی نالی و زمان و سەبک و سیاقی شێعری نالی، بە زمان و ریتۆریکی خودی ئەم کراوە. ئەو بابەتە، خاڵی بەرچاوی دەقی (ئافاق…)ە، کە وێڕای دوو خاڵە مێتۆدیکەکەی بەرلەمە باس کرا، ئەو دەقە رەخنەییە لە دەقەکانی ھاوشێوەی خۆی جودا دەکاتەوە. ئەوەی کە دەقی ئەدەبی بە زمان و راوێژو رێتۆریکی خۆی بخوێنرێتەوە، ھاوتەریب لەگەڵ ئستراتێژی لێک دراوی مێتۆدیکی باس کرا(-۲٫ ۲)، پێکەوە دەبنە ھۆی بەدی ھاتنی دەقێکی رەخنەیی داھێنەرانەی لە گوێن دەقی ئەدەبی، کە بۆی ھەیە وەک دەقی ئەدەبی بخوێنرێتەوە.

یەکەم مەنزل، بۆ دەست راگەیشتن بە نموونەی ھاورێتۆریکیی رەخنەو دەق، رووبەرگ و سەردێری کتێب، واتا (ئافاقی شێعری نالی)یە. بە دەم وەڵام دانەوەی یەکەم پرسیار کە بۆ خوێنەر ساز دەبیت، یەکەم ھاوشێوەیی زمانی دەق و رەخنە خۆ دەردەخات. بۆ چی (ئافاقی شێعری نالی)؟، بۆ ( ئاسۆکانی شێعری نالی) نا؟ نالی لە دیوانەکەی دا دەڵێ:

مەڵێ: دەشتە، بڵێ: دنیا ھەموو خانێکە ئەم حەوشە

چ حەوشێکە؟ کە ئافاقی حەصار، ئەفلاکی سەربانە… ( دیوانی نالی، ل۴۹۱)

 

ئەوە زمان و رێتۆریکی تایبەتی نالییە. ئاسۆ، مانای ھێڵی وێک کەوتنی زەوی و عاسمان، واتا( افق)ە. ھەر ئەوەندەو ھیچی دیش. دالێکی تاکە مەدلوولی و یەک رەھەندی. بەڵام ئەو نالییە کوردی زانەی کە وەختی خۆی، کاتی پێدا ھەڵکوتنی بە حوجرە شڕەکەی، بە راوێژێکی تەوس و تەنزاوی، بە کوردییەکی پەتی و خۆماڵی دەڵێ:

“… کاسە بۆیە لازمە تا ئاردەڵۆکی دەربدا

سەوڵی بۆیە لازمە، نەک جۆگەلە بیبا بە تاو،

 

… کاسەوو کەوچک، حەسیرو بەڕ لە ئاودا ھەروەکوو

کیسەڵ و ماسیی و جلە دێن و دەچن پرژو بڵاو،

… ئاسمان تەرزەی کە لێدا، بەردەبارانمان ئەکا

سوختەکانمان رادەکەن، پاڵوو پساوو قون دڕاو “

 

یان لە کاتی وەسفی گوێدرێژەکەی ئاوا کوردانە دەڵێ:

 

“… گوێ درێژی بار و کورتان بەرزو، پاڵانی بەزێن

چوست و وریاتر لە گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ”( نالی، ل۲۲۷)

 

ئاشکرایە کە بە عەمد ( ئافاق) لە جێی (ئاسۆ) دادەنێت. دیتمان کە (ئاسۆ) تاکە مانایەک ھەڵدەگری و تەواو. بەڵام تێرم(زاراوە) ی (ئافاق)، جگە لەوەی ھاوواتای(ئاسۆیە)، لەولاش ڕا پەل دەھاویتە دە پانتای فەلسەفەو عیرفانیش. ھەم سەیری (ئافاق و ئەنفوس) ی جیھانی عیرفانمان بۆ بانگ دەکات و، ھەم فرە نەزەرگەو چاوئەندازی مەیلەو فەلسەفەشمان وەبیر دەھێنیتەوە. جا بەو وەسفەوە، ھەڵبژاردنی ( ئافاقی شێعری نالی) لە باتی ( ئاسۆی شێعری نالی)، نیشانەی زیرەکیی نووسەرەو، پێمان دەڵێت کە قەرارە بە چ رێتۆریکێکەوە دەقی شێعری نالی شی بکرێتەوە. 

بابەتێکی سەرەکی دیکەی (ئافاق…) لە پڕۆسەی خوێندنەوەی نالی دا، باسێکی نوێ و داھێنەرانەیە، کە وەکوو کەشفێکی بارتی، چێژمان پێ دەبەخشێت. ئەو کەشفە، چەمکی (شکۆی زمان)ە لە شێعری نالی دا. نووسەری (ئافاق…)، دوای ئەوەی ھەنگاو بە ھەنگاو، بەدەم خوێندنەوەو شیکاری تایبەتمەندییەکانی زمانی نالی و، ھێنانەوەی نموونە، چاوی خوێنەر بەو چەمکە رادەھێنیت، ئاوا دەیناسێنیت:

 (… ئەوەی شکۆ دەدا بە پەیڤی نالی، هەر ئەم سیحری بەیان و حیکمەتی شێعرەیە کە هەتا کۆتاییی دیوانەکەی ” ئامادەبوونێکی راشکاوانەو بێ داشکاندن” ی هەیە.) ل٢٧

بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە جوانی ناسانەیەی شێعری نالی، تەحلیلێکی چڕو پڕ لە ماموستا مەسعوود محەممەد دەھێنیتەوە:

( بەشێکی بەرچاوی دیوانەکەی نالی بریتی یە لەم شێوە شێعرەی واتاسەختی وشەسەرکەشی داڕشتن مەحکەم) ل۵۶

دوایەش، لە زمان خودی نالییەوە ئەو پێناسەیە، وەک ئەوپەڕشێعرێک، ھەڵدەھێنجیت و، لە ھەناوی دەقی(مەستوورە) دەری دەکێشیت و، بۆ بەڵگاندنی ئەو بابەتە دەیھێنیتەوە. دوایەش، لە شەرحی ئەم دا، بەو ئەنجامە دەگا کە:

(ئەو دەقە ھەر ئەو دەقەیە کە ئێمە پێمان وایە شکۆی زمان تێی دا بە باشترین شێوە خۆی دەنوێنێ)ل۵۷

لە نەھایەت دا، پێنج خاڵان وەک پێنج سازدەر، بۆ تایبەتمەندی شکۆی زمان دەھێنیتەوە، کە بە کورتی دەبنە: جیاوازی لەگەڵ زمانی ئاسایی، فاخر (مەیلەو کەوناراو کلاسیک) بوون، خاوەنی مۆسیقای سەرنجڕاکێش و مەیلەو گشت و کڕژ، چەند توێژی بوونی مانایی، خاوەنی مانای قوڵی جێگای تێفکرین.

ئەوەی لێرە دەمانھەوێ وەک خاڵێکی رێتۆریکی(ئافاق…) ئاماژەی پێ بکەین، خاوەن شکۆ بوونی زمانی خودی رەخنەکاریشە، ھەروەک دەقی ئەدەبیی بەردەستی، واتا زمانی نالی. با بە چەند نموونان، ئەو بابەتە بەرھەست تر بکەینەوە.

ھەر لە پێشەکی دا بە زمانێکی خاوەن شکۆی لە گوێن زمانی نالی دەڵێ:

(من مێروولەیەک بوومەو بە گژ قوللەیی قاف دا چوومەو لەگەڵ پیاوێکی بیرمەندی عەشیرەتی جاف دا پەنجەم لێ داوە. کاری من کاری دووبەختی یە. یان ئەوەتا بە دەستمەوە ھاتووە یان نا. ئەگەر بە دەستمەوە ھاتبێ زۆر بەختیاربوومەو ئەگەریش نا، خۆزگە لە نرخی کاری نالیم کەم نەکردبێ.)ل۱۰

لە سەرەتاکانی رەخنەکاریشی دا، ئاوا بە زمانی شاعیرانەو، بە ھونەری بەلاغی و جیناسەوە، بە راوێژی نالی، باسی نالیمان بۆ دەکات:

( … کەم شاعیری نەریتی ھەیە بابەتی موناجاتی نەکردبێ بە ھانەو بەھانەی ھۆنینەوەی شێعر.) ل ۱۵

ھەر لەوێ دا، شکۆی زمانی نالی، بە زمانێکی شکۆدار ئاوا شرح دەکات:

(نالی شاعیرێکە خوێنەر لە شێعرەکانی دا نەک ھەر ” شکۆی شێعر ” بگرە شکۆی زمان و شکۆی ئەندێشەش بە دی دەکات. زمان لە شێعری نالی دا دیوی شکۆدارو سێحراوی خۆی بە دیار دەخات.) ل۱۵

لە لاپەڕەی ۱۰۴ دا ھەر بەو رێتۆریکە دەڵێ:

(ئەم چەمکانە ھەر چواریان تەعبیر لە بابەتێکی ” نەزانراو” دەکەن. نەزانراوێک کە بە ھۆی نەزانراو بوونی وشیاریی مرۆڤ دەبزێوێ و دەیکا بە کەسێکی پرسۆک و عەوداڵی دۆزینەوەی وڵام؛ دەیکا بە کەسێک کە تینووی خواردنەوەی چۆڕێک رووناکایی یە ھەتا بتوانێ تاریکایی شتە نەزانراوەکان بەم قومە ڕووناکییە بتارێنێ. ئینجا ھەندێک لەم نەزانراوانە ھەتاھەتایێ بە نەزانراوی دەمێننەوەو ھەرگیز دەستی ژیریی مرۆڤیان پێ ناگا. )ل ۱۰۴و ۱۰۵

بە روونی ئەو پاژە بەو تەمھیدە ریتۆریکانەی تێیدا دەکارکراوە، لە زمانی ئەدەبی نزیک دەبیتەوەو، لە پەیڤی ئیشک و رەقی تیۆریک دوور دەبیتەوە، ھاوکات دەلالەتی فەننیشی لە ھەناوی دا ھەڵگرتووە.

لەو دوو شوێنەش دا شوێن پێی نالی بە دیارو نەھان بە زمانی نووسەرەوە دیارە:

 (هەتا کۆتایی ئەم شێعرە ئەم دەربڕینە لێزمەئاسایە ناوەستێ و جبەخانەیەک لە تەعبیرات و وێچوواندن و وەسفی بێوچان و بەسەر یەک دا کەڵەکەکراو بەدوای یەک دادێن.)  ل٣١

 (کورد دەڵێ تۆز لە قوڕ هەڵناستێ. نالی تەپ و تۆزێکی لە قوڕ هەستاندووە تێی دا چاو چاو نابینێ. قیامەتێکی ساز کردووە، وەرەو سەیری کە.) ل٤٢

لێرەش لەوە شاعیرانەتر نەدەکرا وەسفی مەرگ کرابا، بەو تەرزەی لەو کۆپلەیەدا کراوە:

 ( ئەوەندەی مرۆڤ لە کاتی مەرگ دا لە خۆی پڕ دەبێ لە ھیچ کاتێکی دیکە ئەوەندە لە خۆی پڕ نییە. مەرگ بریتی یە لە ئەزموونی بەتاڵ بوونەوەی زەڕڕە بە زەڕڕەمان لە ھەموو ئەم پڕاییە. وا مەزەندە دەکرێ مرۆڤ لە کاتی مەرگ دا لە ھەموو کاتەکانی دیکەی ژیانی قورستر بێ. ئەم قورس بوونە بە ھۆی پڕ بوونیەتی لە خۆی. پڕ بوونیشی لە خۆی بۆ ئەوەیە کە دڵۆپ دڵۆپ لەم خودە بەتاڵ بێتەوە، واتە بمرێ.) ل٢٦٥

زمانێکی ئەدەبی، پشت ئەستوور بە بیرۆکەیەکی فەلسەفی سەبارەت بە مەرگ.

لە لاپەڕەی ۲۳۷ دا، لە شەرحی ” بەرەو موکریان” ی ھەژار، زمانی رەخنەی (ئافاق…) پتر شێعرە تا پەخشانی سادە:

(دوایێ مانگ ھەڵدێ و کۆمەڵێک ھەورەسپیلکەی بەردێ وەک مناڵی کزی باب ئاوارە بەپەلە بەرەو پیلی دەچن، مانگ ماچیان دەکات و لە باوەشیان دەکاو تیشکی زیوینیان بەسەردا بەش دەکا. دوای ئەمە منی شێعری بە خەیاڵی دەڵێ ھەستە شنەبام بۆ زین کە و سواری ئەم مانگەم بکە و وا بکە بتوانم بە وڵات دا بفڕم و سەیری خاکی موکری بکەم.)

ئەوەی لێرە پتر شایانی سەرنجە، کە رەخنەنووس خەریکە شێعرێکی ھەژاری موکریانی شەرح دەکات، رێک بە زمان و رێتۆریکی ھەژار ئەو کارە دەکات. شەرحەکەی سەرەوە لەگەڵ ئەو پاژەی شێعری ھەژار، کە بابەتی بەر دەستی رەخنەکارە،  بەراورد بکەن تاوەکوو ھاوڕەگەز بوونی زمانی رەخنەو دەقی ئەدەبی ھەست پێ بکەن:

(دە تۆش ھەستە خەیاڵی خاوم

من ئەگەر تۆم نەبێ زۆر داماوم

لەم ھەژارخانەیە بمھێنە دەرێ

بمبە دەشت و دەرێ بمگێڕە سەرێ

دەست وبردێ شنەبام بۆ زین کە

جێم لەگەڵ خۆت لە ھەیڤ دابین کە

سەیری خاکی موکریم دێ بە دڵا

تا نەچووین خۆم و دڵ و تۆش بەگڵا)

نووسەر لە پێناوی ھاوشێوە بوونەوەی پەیڤی رەخنە لە زمانی نالی، لە دەکار کردنی موفرەدات( وشەو زاراوەو ڕێکەوەند)ی پەتی وپاراویش غافڵ نابیت:

موفرەداتی وەک: (یەکامەتی و دوامەتی)،کە لە بەیتان وەرگیراوە لە باتی یەکەم و دووھەم،( ئادگار)، لە جیاتی شوێنەوار، (ئەوتۆ) لە جێی ئاوا…و، ڕێکەوەندی وەک (ھەزارەزیلە) لە جیاتی کۆمەڵی زۆر، (داگژان) لە باتی ھوروژم بۆ بردن و دەست بۆ بردن و…، زۆر شوێنی دیش کە دۆزینەوەیان دەھێڵینەوە بۆ خوێنەری چالاک.                  

  • کۆتایی:

 

قسە لەسەر دەقێکی رەخنەیی، لق و پۆی زۆری لێ دەکەویتەوە و کۆ کردنەوەی تۆزێ سەختە. لە لایەک باسی دەقی ئەدەبی دەکرێ و شێوەی خوێندنەوەی. لە لایەکی دی شێوازو سیاقی تایبەتی رەخنەکاری و مێتۆدی رەخنەنووسی. لە لایەکی دیش تایبەتمەندییەکانی ئەو ئەدەب و زمانەی کە رەخنەی پێ نووسراوە، ھەموویان بابەتی شایانی باسن.

(ئافاق …) دەقێکی رەخنەیی، ئەدەبی و داھێنەرانەیە. واتا ھەم رەخنەی ئەدەبییە، ھەم بە ئەدەبییات و ریتۆریکی تایبەت بە خۆی نووسراوە، ھەمیش داھێنەرانەیە. بەو جۆرە ھاوکات ھەم خوێندنەوەیەکی نوێی دەقێکی ئەدەبی کلاسیکە، ھەمیش مێتۆدێکی نوێی رەخنەکاریە.

ئەگەر ھەوڵ درابا ئەم وتارە لەوە تێرو تەسەل تر بایە، زۆر باسەکە لەوەی درێژتر دەبوو، بابەتی شایانی باسی زۆری تێدایە. بەڵام قەللەو دەللە کراوە و سێ بابەت لە کۆی ئەو بابەتانەی دەکرا بێنەبەرباس، رەچاو کراوە، بۆ ئەوەی بکرێ باسەکە رێک تر بکرێتەوە.

ئەو وتارە، ھەر ئەوەندەی پێ کراوە کە چەند سەرەداوان بداتە دەست خوێنەر، بۆ ئەوەی دواجار خوێنەر بەو سەرەداوانە تەیارتر بپەرژێتە سەر پرۆسەی خوێندنەوەی وردی ئەم دەقە.

لە ئەنجامی خوێندنەوەی وردی کتێبی (ئافاقی شێعری نالی) خوێنەری چالاک لانی کەم بەو سێ دەسکەوتەوە، ھەتەری مەعریفەی ھەراوتر دەبیت:

ئەلف. جۆرێکی دی نالی دەناسیتەوەو، زۆر یەک لە گرێ نەکراوەکانی، سەبارەت بە تاقمێک لە قەسیدەو غەزەلەکانی کێشە خوڵقێنی نالی بۆ دەبیتەوە.

ب. بەدەم نالی ناسییەوە، بە کۆمەڵە کەرەسەیەکەوە تەیار دەبیت بۆ خوێندنەوەی شاعیرانی دی و، تەنانەت دەقی رەوایی و ھەر دەقێکی ئەدەبی دیش.

پ. لەگەڵ ئەو تەمھیدە ئاشنا دەبیت کە، دەکرێ رەخنەش خاوەنی ئەدەبییەت بیت لە گوێن دەقی ئەدەبی و، بە زمانی دەقی ئەدەبی بەر دەستییەوە بپەرژێتە سەر خوێندنەوەی.        

 

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

رمان گابور نوشتهٔ سید قادر هدایتی به انگلیسی منتشر می‌شود

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *