
نووسین به کوردی، سه‌ودا به فارسی؛ سه‌ندرۆمی وه‌رگێڕان‌سالاری
ڕەزا عه‌لیپوور
۱- پاسکاڵ کازانۆڤا لە کتێبی “کۆماری جیهانیی ئەدەبیات“دا نیشانی داوه کە سیستەمی ئەدەبیی جیهان پێکهاتەیەکی نایەکسانی ھەیە: زمانە باڵادەستەکان لە ناوەنددان و زمانە بچووکەکان له که‌ناردا. لە ڕیزبەندیی ئەدەبی جیهانیدا، زمان و کولتوورە پەراوێزی و که‌مینه‌کان ناچارن مه‌شرووعیه‌ت و بایه‌خداریی خۆیان لە ناوەندە زمانییە زه‌به‌لاح و گەورەکان وەربگرن و تێکەڵی هێڵی پانی ئەوان ببن. په‌ساپۆرتی ئەو جاده و تێکەڵبوونهش وەرگێڕانە. که‌واته ئاساییە زمان و ئەدەبیاتی کوردی کە لە پەراوێزی سیستەمی جیهانیی بەرهەمهێنانی ئەدەبیدایە، خواست و پێویستییەکی بەهێزی ببێت بۆ ڕۆیشتنه ناو ئەو بازاڕانە. وەرگێڕان لە وەها دۆخێک‌دا وه‌ک بونیاد، شاڕێگایە بۆ دەربازبوون لە لۆکاڵیزمی زۆرەملێ و چوونە ناو گه‌ڕیانی جیهانیی ئەدهبیاتهوه.
هه‌ڵبەت لۆژیکی ناوەند/په‌راوێز تەنیا لە بواری وەرگێڕان یان بڵاوکردنەوەدا ناوه‌ستێت، تارمایی و سێبەر دەخاتە سەر پێکهاتەی زه‌ینی و بایه‌خبه‌ندیی نووسەران، ڕەخنەگران و تەنانەت خوێنەرانیش.
٢- کازانۆڤا وێڕای باس له نابه‌رابه‌ری، وەرگێڕان به ده‌روازه‌ی ڕزگاریی نووسەرانی پەراوێزی دەزانێت، ڕاسته، بەڵام من لە ڕوانگەی کەسێکەوە کە لە ناو زمانێکی داپڵۆساودا ده‌ژیم و له ئەدهبێکی پەراوێزخراودا ده‌نووسم، پێموایە هه‌ندێجار وه‌رگێڕان ده‌توانێت مه‌ترسی و خه‌ساریشی له‌گه‌ڵدا بێت. دیاره کازانۆڤا وەک نووسه‌رێکی زمانی باڵاده‌ست، دژواره بتوانێت له هه‌موو ترس و نیگه‌رانیی نووسەری په‌راوێزنشین تێبگات.
له‌م پێناوه‌دا باسی وەرگێڕانی کوردی بۆ فارسی ده‌که‌م. سەرەتا دوو ڕوونکاری؛
یه‌ک: به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ زەرووره‌ت و پەرەپێدانی وەرگێڕاندا هه‌م، تا ئاستی سازکرانی بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان.
دوو: ئەم باسه گشتییه و هه‌موو نووسه‌ر و وه‌رگێڕێک ناگرێته‌وه، به دیاریکراوی زیاترین تیشکی له سه‌ر ئەو
وەرگێڕ و شاعیر و نووسه‌ر و ته‌نانه‌ت خوێنەر و ڕەخنهگرانهیه کە له جیاتیی مژووڵ بوون به جیهانی کوردییه‌وه، یان بەلانی زۆرەوە پێدانی سه‌رنج و سیله‌چاوێک، که‌چی هه‌ردوو چاو و دڵیان له “تاران“ە.
۳- سه‌باره‌ت به دۆخی هه‌بوو کێشە نه‌ک له وه‌رگێڕان، لە وەرگێڕان‌سالاری (Translation Supremacy )ییەوە دەست پێدەکات.
وەرگێڕان‌سالاری واته پرۆسه‌یه‌ک کە ناوه‌ندێتی، لە دەقی سه‌ره‌کی و زمانی ده‌سپێک و سه‌رچاوه‌وه، بدرێتە ده‌قی وه‌رگێڕدراو و زمانی مه‌به‌ست. بەهای ئەدەبی نەک به‌پێی توانستی ده‌ق له زمانی کوردی‌دا، بەڵکو به‌پێی پێگە، تیراژ و په‌سه‌ندکرانی لە زمانی فارسی‌دا دیاری بکرێت.
جیهانی ئەمڕۆ جیهانی وه‌رگێڕانە بۆیە ڕێژه‌یه‌ک له وهرگێڕسالاری قبووڵ کراوه، لەوانەیە ژیری ده‌سکرد بتوانێ له هێژمونییهکهی کەم بکاته‌وه، دیاره لە زمان و ئەدەبی کوردی‌دا له‌به‌ر نه‌بوونی بنبنیاد دوورین له ئیمکانه‌کانی ژیریی ده‌ستکرد، بۆیه ئەو هێژمونیه بەمزووانه جێپێی لەق نابێت. لەملاشهوه گرنگایه‌تیی وه‌رگێڕان بۆ ئێمە واده‌کات بپرسین وەرگێڕان‌سالاری چۆن کار ده‌کات؟
۴-کاتێک کرده‌ی وەرگێڕان، ڕۆڵی واسیته و گه‌یه‌نه‌ر تێدەپەڕێنێت و خۆی دەبێتە پێوەر و دیاریکه‌ر، ئیتر وەرگێڕان نه‌ک درێژەدەری بەرهەمهێنان و ناسێنه‌ری جیهانی که‌مینه به باڵاده‌ست، بەڵکوو ده‌کارێ ببێته نوێنەری پاساوکه‌ر و ته‌نانه‌ت ئامرازی درێژەدان به ژێرده‌ستیی کولتووری. وەرگێڕان ئامرازێکە بۆ پەیوەندی و فراوانکردنی ئەدەبیات. بەڵام وه‌رگێڕان‌سالاری، دەبێتە میکانیزمێک بۆ دووبارە بەرھەمھێنانەوەی ھەمان نایەکسانی کە دەبوو بیشکێنێت. چونکوو له چاو و ئاوێنه‌ی “ئەویدیی گه‌وره‌وه”، جێگرەوە و دیاریکه‌ری نرخ و بایه‌خی ده‌قی په‌راوێزە. وەرگێڕەکان ڕۆڵی نێوانجی و واسیته‌ی ڕەواییدان و مهشروعیەتبەخشین، دەگێڕن. ئەوان دیاری دەکەن کام نووسەر لە زمانەکانی دیکە «شایانی وه‌رگێڕان»ە و کام نا. لە ئەنجامدا، تەرجومه دەبێتە جۆرێک لە ناوەندی هێزی ئەدەبی. بۆیە هەڵبژاردنی ده‌ق بۆ وەرگێڕان، ده‌بێته پێوەر بۆ نرخاندنی ئەده‌بی، ئەویش لەچاوی کو‌لتوور و زمانێکی دیکه‌وه.
ئاساییە وه‌رگێڕ لەم پێگەیه‌دا فووی تێبکرێت و ببێتە سوژه‌یه‌کی سه‌رتر و کاریگه‌رتر لە ڕەخنهگر و نووسەر.
له‌م لۆژیکە سه‌قه‌ته‌دا، نووسینی سه‌ره‌کی به ناکامڵ ده‌بینرێت، دەقێک کە هێشتا وەرنەگێڕدراوە وەک ئەوەیه “عه‌یبدار و ناکامڵ“ بێت، گه‌ر وه‌رگێڕدرا، ئیدی ئه‌رج و قوربی ده‌چێته سه‌ر و بە ده‌قێکی “موعته‌به‌ر و بایه‌خدار” داده‌نرێت.
۵- وەرگێڕان‌سالاری چی دیکه ده‌کات؟ نووسین و زمانی کوردی لە ڕاستەڕێی داهێنان دوور ده‌خاته‌وه، له ناوه‌ڕۆکی واقیعی و ڕەخنهیی بەتاڵی دەکاتەوە.
چۆن؟ کاتێک ده‌ق پێوەندیی خۆی، به جیهان و زمانی کوردییەوە، بە ناوکۆ و واسیته‌ی ئەویدییەوە ببینێ، بەها و ئیعتباری بەرهەمەکە ئیتر لە ڕوانگەی ڕەخنهگر و خوێنەری کوردەوە و نیسبه‌ت و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ جیهانی کوردی‌دا دیاری ناکرێت، بەڵکو لە ته‌ئیید گرتن و حوکمدانی دەرەکییەوە (لێرەدا فارسی) سەرچاوە دەگرێت.
خه‌ته‌ری ئەم میکانیزمه ئەوەیە ئەدەبیاتی کوردی لەبری ئەوەی جیهانی خۆی به پێی نیاز و ویستی خۆی دروست بکات، چاوەڕێی مۆری سەلماندن و ڕەزامەندیی ئەویدی و ده‌م و داخوازیی ئەوان ده‌بێت.
جیا له لایه‌نی ده‌روونی و خۆ به سووک زانینی ئەم حاڵەتە، کێشە ئەوەیە بە پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه و هه‌راوزه‌نای وه‌رگێڕه‌کان، مه‌یدانی جیددیی ئەده‌بیاتی فارسی، بۆی مه‌به‌ست نیه چه‌نده ده‌قه‌که‌ت لەگەڵ پێوانەکانی ئەودا ڕێک خراوه یان نا. هه‌رچه‌ند هەندێک لە وه‌رگێڕه‌کان (که هه‌موویان کوردن و تاقه یه‌ک فارس ده‌قی کوردی وه‌رناگێڕێت) ئاماده‌ن به پێی مه‌یل و مه‌زاجی فارسهواری ده‌قه کوردییه‌که بگۆڕن، یان ئەونده ده‌ستچنانه ده‌ق هه‌ڵده‌بژێرن که دنیای ئەو شاعیره، ناقس و شێوێنراو نیشان ده‌درێت. بۆ نموونه لە ئەزموونی شیعری کوردی ته‌نها چه‌شنێکی تایبه‌ت ده‌کرێتە فارسی وه‌ک شیعری شێرکۆ بێکەس، له ئەزموونه مه‌زن و ڕەنگاڵەکەی شێرکۆ بێکەسیش ته‌نها چه‌ند ده‌قی دیار و ساده‌ی، چه‌ندین جار چه‌ندین وه‌رگێڕ وهریدەگێڕنەوە، واته ئەو شیعرانه‌ی که دڵنیان زه‌وق و چه‌شه و ئایدیۆلۆژیای باڵاده‌ست قبووڵیان ده‌کات.
۶-لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، ده‌گه‌ینه دیاردەیەکی تر، دەتوانین ناوی بنێین سه‌ندرۆمی وەرگێڕ – ژینه‌ر.
لەم حاڵەتەدا وەرگێڕ خۆی وەک ژیانده‌ر و ڕزگاریده‌ری بەرهەمەکە دەبینێت.
له‌گه‌ڵ دەقەکەدا وه‌ها دەجووڵێتەوە ده‌ڵێی خۆی دروستکەری سه‌ره‌کییه، نووسەریش تەنیا واسیتهیهکە کە مادەی خاوی بە زمانێکی “ته‌ریک و کز“ دابین کردووە و ته‌نها به وه‌رگێڕان و بردنه ناو بازاڕی زمانی دووه‌م و سەردهسته که کامڵ و ڕزگار ده‌بێت، بۆیە ڕێگا به خۆی ده‌دات چۆنی پێخۆشه به پێی مه‌یل و مه‌زاجی فارسهواری ده‌ست بباته ناو ده‌قه کوردییه‌که، نووسه‌ریش گه‌ر پێ بزانێ فزه ناکات؛ چونکوو ئەوەی بۆ گرنگه ده‌قه‌که‌ی وه‌رگێڕدرابێت و له‌سه‌ر ده‌ستی وه‌رگێڕ و به سیحری زمانی دووه‌م له ” فه‌وتان و بیرچوونەوە” ڕزگار کرابێت.
ئاساییە نووسه‌رێک بەو تەڵەوە ببێت، ئیتر بۆ جیهانی کوردی و خوێنەری کورد نانووسێت؛ بەڵکوو بۆ وەرگێڕ، بڵاوکەرەوەی فارسی و داخواز و چاوه‌ڕوانیی ئەو ده‌نووسێت. که‌واته هەر لە سەرەتاوه ده‌بێ وا بنووسێت وەرگێڕ ڕووی تێبکات و هه‌ڵیببژێرێت و ڕەزامهندیی خوێنەر و ناشری فارس وه‌ربگرێت.
لێرەدا زمان ساف و مه‌سره‌فی، فۆڕم کلیشه‌یی و بێ کێشە دەبێته‌وه، دەق پێوەندیی ئاڵۆز و سروشتیی خۆی بە جیهان و زمان و به‌رده‌نگی کوردییەوە لەدەست ده‌دات، دانانی پارامتری خۆماڵیش لە ده‌قدا، نه‌ک بۆ که‌شف و به‌رهه‌مهێنانی جیهانی کوردی و پەرەدان به زمانه‌که‌ی، به‌ڵکوو بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنه‌ری ناکورد دێته ناو ده‌قه‌که‌یه‌وه. هەڵبەت پێدانی وێنەی ئێگزۆتیک بە بینه‌ری ناکورد و فێستیڤاڵەکان له فیلمی کوردی‌دا باو بووه.
هه‌ڵشکانی ئەزموونی فیلمگلی فێستیڤاڵی، ده‌توانێ ئەم ده‌رسه‌ی بۆ سەودا و مامه‌ڵەی وه‌رگێڕان و ئەدەبی کوردیش ببێت جیهان تەنها کاتێک باش گوێت لێده‌گیرێت که له‌پێشدا مانا و بەها لە زمانی خۆتدا بدۆزێتەوە. ئەو جیهانه تایبه‌ته‌ی ڕوو لە خۆی و به‌رده‌نگی خۆی دروست ببێت، چاکتر ده‌چێته بازاڕ و کۆماری جیهانیی ئەدهبیاتهوه تا ئەو ده‌قه‌ی به قه‌سد و ویستی ئەویدی بنووسرێت.
گه‌ر ده‌قه‌کانتان له زمانی یه‌که‌مدا (کوردی) کهمگیان و نیوه‌گیان بێت، له زمانی فارسی و دووه‌مدا (به نیخه‌نیخی زۆربەی وەرگێڕی ئێستا) نابووژێنەوە، ده‌مرن.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە
ماڵی کتێبی کوردی