
سەردەمی بێ‌متمانەیی بە وشە
ڕەزا عەلی‌پوور
۱- له‌م ڕۆژانه‌دا که ناوچه‌که و کوردستان له ناو قه‌یراندا ده‌ژی (ئەده‌بیاتی کوردی لە چی بنووسێت و چی بکات باشه؟). ئەمە ئەو پرسیاره بوو که هاوڕێیەک لێی پرسیم، ده‌مزانی پێش‌گریمانه‌ی به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که هه‌ڵەیە، هه‌روه‌ها بیانوو‌گرتنه به زمان و ئەده‌بی کوردی، ئەویش لە دۆخێک‌دا کە سووژە و نووسه‌ری کورد بێ ویستی خۆی، لە قەیراندایە. سه‌ره‌ڕای ئەمانه بۆ به‌شی دووه‌م (چی بکات؟)که‌وتبوومه ڵاڵەپهته و نه‌مده‌زانی ده‌بێ چی بڵێم و وەڵام و ئایدیایه‌کی ڕوونم نەبوو. ماوه‌یه‌که ئەده‌بیاتی فه‌ڕانسە و چه‌ند هەفتەیەکه لویی فێردینان سێلین دەخوێنمه‌وه، سێلین لە دۆخێکی شێواوتر و نامسۆگەرتر له ئێسته‌ی ئێمه نووسیویه‌تی. دیاره وه‌ڵامه‌که‌م به‌و هاوڕێیە نوسخه‌یه‌کی فه‌رانسه‌وی و سێلینی نییە، بەڵکوو بیرکردنه‌وه له شێوازی هەڵوێستی سێلینە له هه‌مبه‌ر زمان و ئیمکانی وتندا، له سەردەمێکدا کە وشە و زمان متمانه‌یان پێ ناکرێ، سه‌رگه‌ردانی زاڵە و ئاسۆیەکان لێڵن، دروشم و ڕیتۆری سواو و زمانی فەرمی، کرۆک و مانای وشەکانیان خواردۆ‌ته‌وه. لەم دۆخە قه‌یراناوییه‌دا که وشەکان لەلایەن سیاسەت، میدیا، ئایدۆلۆژیا و تەنانەت بازاڕەوە داگیر و بێ‌ئێعتبار و بێ‌بایه‌خ کراون، کاری نووسەر بەرهەمهێنانی ئالتێرناتیڤ و وەڵامی گەورە نییه، نووسینی هەمان پتەپت، ڵاڵەپهته و نه‌توانایی له ده‌ربڕین (بێکێت ئاسا)، یان داهێنانی چه‌شنه‌زمانێکی دیکەی چاوه‌ڕواننه‌کراو (وەک سێلین) ده‌توانێ بەشێک لە وەڵامەکە بێت.
٢- لە پاش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م، ئەده‌بیاتی فه‌ڕەنسی چه‌ند په‌رچه‌کرداری له هه‌مبه‌ر جه‌نگدا نواند. داداییزم و سوریالیزم (بۆ جه‌نگی جیهانیی یه‌کەم) ئێگریستانسیالیزمی ئەده‌بی و پاشان ئەبزورد، ئەمانه سێ په‌رچه‌کرداری کۆیی و ناسراون که دۆخی ئینسان و جیهانی پاش شه‌ڕیان به‌رجه‌سته و شرۆڤە ده‌کرد و ئەم سێ خوازیارییه زۆربەی نووسه‌رانیان لەخۆ ده‌گرت.
له‌م نێوانه‌دا سێلین پێگەی جیا و ئاوارته بوو، هه‌ر له یه‌که‌م کتێبه‌وه ڕێگا دژوارە‌که‌ی خۆی گرته‌به‌ر و لە هیچ خانه‌یه‌کدا نه‌توایه‌وه. سەبارەت بە سێلین و جیهانه ئەده‌بییه‌که‌ی زۆر نووسراوە. په‌خشانی بوێرانە، زمانی ئارگۆئاسا، موسیقا و ده‌نگی نه‌بیستراو، گێڕانه‌وه‌ی ڕاشکاو، نیگای ڕەخنه‌یی و بێ بەزه‌یی، وەک تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی ده‌قه‌کانی خراونەته به‌رباس. دژواره وتەیەکی تازه بخرێتە سەر خوێندنەوە و لێکدانه‌وه ورده‌کان. لەم پێناوه‌دا ئەوەی بۆ من بەشێوەی که‌سه‌کی جێی سه‌رنجه، تێگەیشتنە لە جوری کارکردنی زمان و ئاپاراتوسی زمانیی سێلین، به تایبه‌ت له دوو ڕۆمانی «سه‌فه‌ر بۆ بنه‌تای شه‌و»، «مه‌رگی قیستی» و نۆڤێلێتی «پایپی شکاو-معرکه». که وه‌ڵامن بەو دۆخە
٣- به کورتی مەبەست لە ئاپاراتوسی زمانی، کۆی ئەو ستراتیژی و میکانیزمە زمانیانەیە کە نووسه‌ر هه‌ڵیانده‌بژێرێت بۆ گێڕانه‌وه و‌مانا ڕێکده‌خات. ئەمه‌ش هاوکات و یه‌کانگیر له‌گه‌ڵ ڕووداو و ناوه‌رۆک و ڕەگه‌زه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمان و چیرۆکدا پێکدێت. سه‌باره‌ت به سێلین، ترازانێک هەیە و ده‌ڵێی ئاپاراتوس پێشوه‌خته ئاماده‌کراوه، بۆیە نه‌ک هه‌ر گێڕانه‌وه، بەڵکوو ناوەرۆکیش به دووی خۆیدا ڕاده‌کێشێت. واته زمان و لۆژیکی زمانیی سێلین، پێش ئەوەی لە خزمەتی ناوەڕۆکدا بێت، یان له‌گه‌ڵیدا له دایک ببێت وه‌ک ماشینێکی خۆبژیو کار دەکات و ئەمە ئاپاراتوسی زمانییە ڕێسای بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک دیاری دەکات. لێرەوە کاری ئەو ئاپاراتوسه ده‌بێته ئەوەی بایەخ و چەمکە باوەکان لە ڕژیمێکی ماناییەوە دەربهێنێت و بیباته ناو ڕژێمێکی مانایی دیکەوە، دیاره ئەمەش نەک له‌ڕێگای بەڵگاندن و باسی ده‌رهه‌ستی فەلسەفییه‌وه، بەڵکوو بە میکانیزمی ئەده‌بی ڕوودەدات.
۴- ئاپاراتوسی زمانیی سێلین، هاڕە‌ئاسا بە چەند قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت. ۱-چەمکی بەرز یان پیرۆز لە شوێنی ئاشنا و باوی خۆی هه‌ڵده‌که‌نرێت و دەخرێتە بەستێنێکی نامۆ و دژبەخۆی، وەک ستایشی ترسنۆکی لە جه‌رگه‌ی جه‌نگ و له سەنگەردا ، دڵداری له شێتخانه و دۆستایه‌تی له نەخۆشخانەدا، پاکیزه‌یی و وه‌فا له کۆلونیادا، شەرەف و ئابڕوو لە قەحبەخانەدا و… شوێنه جیاجیاکانی ڕۆمانه‌کانی سێلین که که‌سێتی سه‌ریان پێداده‌کات، ته‌نها پڕکه‌ره‌وه‌ی جێی بەتاڵی پلۆت نین، به‌ڵکوو وه‌ک تاقیگه‌یه‌کن بۆ لە مه‌حه‌ک دان، له ئێعتبار خستن و وردکردنی بایە‌خ‌و بابه‌ته‌کان۲- بە زمانێکی ئارگۆ، سووک و گفتوگۆیی، به دەوری چەمک و بایخه‌که‌دا دەسوڕێتەوە. به ڕیتم، بە ساڕستە و بازدانی بەلەزی مانایی، به لوول‌خواردن به ده‌وری باسه‌که‌دا، به زمانی ڕژد‌و‌تاڵ، شکۆ و قورسایی ڕیتۆریکی هه‌رچی بابه‌تی پاک و پیرۆزە ده‌شکێنرێت. ئەم ئارگۆیە ته‌نها نایه‌ت له ده‌قدا دانیشێ بەڵکوو زمانی باوی نڤیسار تووشی کێشە ده‌کات.
۳- به ئایرۆنی و ته‌نزی ڕەش، به توانج و ته‌شه‌ر، ترسناکترین و جیددیترین بابه‌ته‌کان ده‌کرێنە ده‌سمایه بۆ گالته و گه‌پ و له سیحر و پیرۆزی داده‌ماڵرێن ۴- چەمکی ئابستراکت و ئەخلاقی، دەگوازێتەوە بۆ ئەزموونی جەستەیی و به‌ده‌نمه‌ند. واتە بەهای وەک بنه‌ماڵە، هاوڕێیەتی، نیشتمان، شەرەف یان خۆشەویستی، وه‌ک باسگه‌لی زه‌ینی ئاراستە ناکرێن، به‌ڵکوو لە ڕێگای جەستەی بریندار، خوێن، نەخۆشی، ماندووبوون یان ئارەقەوە مانای نوێ په‌یدا ده‌که‌ن، بۆنموونه شەهیدبوون و قاره‌مانێتی لای سێلین کۆمەڵێک دیارده‌ی ئەخلاقی و زه‌ینی نییه به‌ڵکوو ده‌بێتە جه‌سته‌ی خوێناوڵ و بۆنی گه‌ده و گیپاڵی هەڵدڕاو.
۵-لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا، هەر مانایه‌کی ئاماده و هەر بابه‌تێکی جوان و پیرۆز و به‌رزه‌جێ بخرێتە ناو ئەم ئاپاراتوسەوە، نەک هەر لە جوانی و شکۆ و دەسەڵاتی واقیعی و نمادینی دادەبەزێت، بەڵکو لە ڕژێمێکی مانایی جیادا پێناسه ده‌کریته‌وه. واتە چەمکەکە لە ڕژیمی جوانیناسه‌کی، ڕۆمانتیک، ئەخلاقی یان متافیزیکیه‌وه هەڵده‌که‌نرێت بۆ به‌ستێنێک چاوه‌ڕواننه‌کراو و له‌وێدا ده‌هاڕدرێت.
سێلین نیشانی دا لە سەردەمی بێ‌متمانەیی بە وشە، ئەرکی ئەدەب ته‌نها پاراستنی زمانی باو نییە، بەڵکوو داهێنانەوەی زمان و جوانیناسیی ناجوانییه. به کورتی ئاپاراتوسی زمانی سێلین هەوڵێکە بۆ ئەوەی زمان لە ژێر ڕژێمی ڕیتۆریکی و سیاسیی باودا دەربهێنرێت و دووبارە بە جەستە، دەنگ و ئەزموونی ژیا‌و، مانای تازه وەربگرێته‌وه.
۶-لە کۆتاییدا، ئەم پرۆسەیە لە زمانی که‌سێتی/ گێڕەوه‌رێکەوە ده‌گێڕدرێتەوە کە بۆ وته و که‌سێتیی خۆی، هیچ بەرزی و سه‌رترییه‌کی ئەخلاقی و فیکری دانانێت. گێڕەوەر و کەسێتیی «فێردینان» وەک فەیلەسووف، مامۆستای زانکۆ و پێغەمبەر قسە ناکات بەڵکو وەک کەسێکی ڕاکردوو، پەڕاوێزی، بریندار و شکستخواردوو له خۆیشی ده‌دات، ئەم دوخه جیا له‌وه‌ی ده‌بێتە مەرج و پاڵنەر بۆ کارکردن و باوەڕوەرگریی ئەو ئاپاراتوسە، به‌ڵکوو جورێک گێڕانه‌وه‌یه به زمانی سووک و بازاڕی و به کرده‌ده‌رهێنانی هێزی زمانی ئارگۆ، له به‌رامبه‌ر زمانی ڕەسمی و ئەدیبانه و قه‌یرانی کردنی ئەو زمانه، ئەمەش نزیکه له مانایه‌کی ئەو چه‌شنه‌نووسینەی که دولۆز به ناوی ئەده‌یی که‌مینه ستایش و باسی ده‌کات. واته سازکردنی زمانێکی دیکه له هه‌ناوی زمانی گشتی و باودا.
گه‌ر بەخێرا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سەرەتا، وه‌ک له نموونه‌ی سێلیندا بینرا، نه به قڕوقه‌پ و نه به ژاوه‌ژاو، له پێگەی په‌راوێز و بە زمان و نیگای که‌سه‌کی، ده‌کرێ پرسیاری «چۆن نووسین» ببێتە پرسیاری سەرەکی و جێی «چی نووسین» بگرێته‌وه.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی