
ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆمانی «تەنگەنەفەسی» لە نووسینی فەرهاد ح. گۆران وەرگێڕانی د. فازڵ مەحموود

دەنگی برینداری داڵاهوو/ سارۆ خوسرەوی
ڕۆمانی «تەنگەنەفەسی» لە نووسینی فەرهاد گۆران، بەشی دووەمی سێبەتەی «دەربەدەری»یە کە بەم دواییە بە هەوڵی بڵاوکراوەی «کتێبی ئەرزان» لە ستۆکهۆڵم – سوێد بڵاو کراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە و بەشی سێیەمی (کۆچی شامار) پاڵێوراو و هەروەها براوەی خەڵاتی میهرەگانی ئەدەب بوون لە ئێران. سێبەرەیەک کە هەر بەشێکی، کارەساتێک لە چل ساڵی ڕابردووی گەلی کورد دەگێڕێتەوە. کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی گوندەکانی زەردە، باوەیادگار و نەساردیرە لە ناوچەی داڵاهوو، دوو دەیە دوای ڕووداوەکەشی هەر لە چاوی میدیاکان شاراوە مابوو.
لە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٦٧، چەندین فڕۆکە بە ئاسمانی داڵاهووەوە دەرکەوتن و تاوانێکی گەورەیان تۆمار کرد. ٢٨٥ منداڵ، ژن و پیاوی یارسانی لە هەمان ڕۆژدا گیانیان لەدەست دا و هەزاران کەسی دیکەش تووشی نەخۆشییە کوشندەکانی پێست، سی، ڕیخۆڵە و مێشک بوون. کارەساتێک کە تا ئێستا بە شێوەیەکی شیاو باسی لێوە نەکراوە و بەشێکە لە مێژووی فەرامۆشکراو.
“تەرمەکان…تەرمەکان … مرۆڤەکان تا لێواری مەرگ پێکەنیبوون. لە پلەی گەرمی ١٠٥ دا پێکەنیبوون.”
ـ تەنگەنەفەسی (۲۰۲۶)، و: فازڵ مەحموود، کتێبی ئەرزان، ستۆکهۆڵم. لاپەڕەی ۹۳٫
هەر خشتێکی ڕۆمانی «تەنگەنەفەسی» لەسەر ئەم ڕووە تراژیدییە بنیات نراوە. ڕۆمانەکە بە کەژاڵ، غەزاڵ و ڕەباب دەست پێدەکات – سێ خوێندکاری ئەدەبیات لە تارانی دەیەکانی حەفتا و هەشتای هەتاوی کە بڵاگ دەنووسن – و کاریگەریی نووسین و یادەوەرییە پارچەپارچەکەیان لە پایتەختی ئێرانەوە تا کەمپەکانی پەنابەری و ئاوارەیی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا درێژ دەبێتەوە؛ گێڕانەوەیەک تێکەڵ بە خەیاڵ و یادەوەری و بەڵگەنامە.
کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە تەنها ڕابردوو ناگێڕنەوە، لە ڕابردوودا دەژین؛ هەر یادکردنەوەیەک، بوونیان لە نوێوە پێناسە دەکاتەوە.
لە ڕووی فۆڕمەوە، «تەنگەنەفەسی» یەکەمین ڕۆمانە لە ئاستی ئێران و کوردستاندا کە پێکهاتەکەی لەسەر بنەمای فەزای وێب و تیۆریی بەستەرەکان (هایپەرلینک) بنیات نراوە و وەک گێڕانەوەیەکی ڕاستەقینە لە بوونی ڕۆژانەی ئێمە لە سەردەمی ئینتەرنێتدا ناسراوە.
گرنگترین لایەنی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە نووسەر بە شێوەیەکی فراوان لە فۆڕمی گێڕانەوەی دەفتەر و دیوانە کۆنەکانی یارسان کەڵکی وەرگرتووە. تێکەڵکردنی سیمبوول، ئەفسانە و جیهانبینیی قووڵی ئایینی یاری لە دەقێکی ئەدەبیی مۆدێرندا، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام فەرهاد گۆران بە لێهاتووییەکی زۆر و تێگەیشتنێکی قووڵ لەم ئایینە، توانیویەتی ئەو ڕۆحە لەگەڵ ڕوانگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخدا تێکەڵ بکات و دەقێکی ئەدەبیی بەرز و پڕناوەڕۆک بخوڵقێنێت. ڕۆمانەکە پڕە لە سیمبوولە یارسانەکان؛ لە «داری ساجنار» کە لە باوەڕی یارسانیدا دارێکە کە پیر بنیامین – یەکێک لە حەوت پیرە دامەزرێنەرەکەی نیزامی یارسان – بووەتە دڵۆپە ئاوێک و لێی ڕواوە، تا «کانیی هانیتا» کە لە کانیی ژیان و شیفا گۆڕاوە بۆ سەرچاوەی مردن. هەروەها مەقامەکانی تەمبوور وەک بەرهەمهێنەری ڕیتمی نووسین، و جەژنی خاونکار وەک مێژوویەک لە بەرخۆدان، لە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن.
لە ڕووی شێوازی گێڕانەوەوە، ڕۆمانەکە پشت بە تەکنیکێکی داهێنەرانە دەبەستێت و لە گێڕانەوە هێڵییە باوەکان دوور دەکەوێتەوە. لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، تەوەری سەرەکیی ئەوە ژیان، زمان و بوونی مرۆڤی کوردە. هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەگران بە هاوڕاستا لەگەڵ چەمکی «ئەدەبیاتی کەمینە» لە قەڵەمیان داوە. لە ئاستی ستراتیژیی دەقیشدا، نووسەر لە هەوڵێکی ئاگایانەدایە بۆ زیندووکردنەوە و دەنگپێدان بە سوبژێکتیڤیتەی بێدەنگی یارسانی کە تا ئێستا لە ژانری ڕۆماندا باس نەکراوە؛ هەر لەبەر ئەمەش تەنانەت نیشانەکان و زمانی ئەو نیزامە سیمبوولیک و زاڵەی زمانی فارسی تێکدەدات.
«تەنگەنەفەسی» یەکێکە لە وردترین و درەوشاوەترین ڕۆمانەکان کە لە بوون و نەبوونی خەڵکی یارسان کۆڵیوەتەوە و لە ناو فەزایەکی کۆمەڵایەتیی زاڵەوە بەرەو دەربڕینی حەقیقەت بردوویەتی.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی