
خوێندنەوەیەک بۆ پەڕتووکی «نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادێمیکی کوردی» نووسراوەی د. بەختیار سەجادی

جەعفەر قارەمانی
پوختە
کتێبی نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادیمیکی کوردی، نووسراوەی بەختیار سەجادی، ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن ئیجۆکەیشن لە هەولێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. سەجادی لەم پەرتووکەدا هەوڵی داوە زمانی کوردی لە کەنارەکانی دابڕانەوە بەرەو دەروازەکانی نوانەسازی و ئاماژەپێوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ببات. نووسەر لە ڕێگەی ئاراستەکردنی زنجیرەیەک پرسیاری ورد بۆ دامەزراوە فەرمییەکان، نەخشەڕێگەیەکی تەکنیکی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دادەڕێژێت. لەم کتێبەدا تەنیا کێشەکان بە شێوەی ڕەخنەیی دەستنیشان نەکراون، بەڵکوو توێژەر وەک ئەندازیارێکی بواری ئەکادیمی توانیویەتی گرێپووچکەی نێوان سیاسەتی زمان و تەکنۆلۆژیای زانیاری بکاتەوە. سەجادی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چاکسازیی زانستی لە کوردستان پێویستییەکی نیشتمانییە، بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانێکی زانستیی خاوەن ستاندارد بناسرێت.
ئەم بەرهەمە وەک یەکەمین کتێبی کوردی لەسەر سایتەیشن بۆ زمانی کوردی و ئیندێکسینگ بۆ توێژینەوەی کوردی دەناسرێت. ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە ئاشنابوونێکە بە «بەیاننامەی چاکسازیی ئەکادیمی» کە پێویستە هەموو لایەنەکان وەک ئەلفوبێیەکی بەڕێوەبردنی زانستی ڕەچاوی بکەن. سەجادی باس لە ئەزموونی گۆڤاری پژوهشنامە ادبیات کُردی دەکات کە وەک یەکەمین گۆڤاری کوردیی ناوەندی، توانیویەتی متمانەی ناوەندی زانستیی (ISC) بەدەستبهێنێت، خاوەنی ناسنامەی (DOI) بێت و لە ناوەندی (DOAJ) نوانەسازی بکرێت. ئەزموونی ئەم گۆڤارە دەیسەلمێنێت کە ئەگەر مێکانیزمە زانستییەکان بە دروستی جێبەجێ بکرێن، زمانی کوردی توانای ئەوەی هەیە جێگە و پێگەی خۆی لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا بکاتەوە.
لەم وتارەدا، بە شێوازی وەسفی ـ شیکاری، هەوڵ دراوە تیشک بخرێتە سەر چۆنیەتیی گواستنەوەی کایەی زانستیی کوردی لە دۆخی دابڕانەوە بەرەو سیستەمێکی نوانەسازیی جیهانی. ئەگەر ناوەندە پەیوەندیدارەکان پێشنیارەکانی ئەو کتێبە وەک پرۆگرامێکی کار وەرنەگرن، زمانی کوردی ناتوانێت ببێتە خاوەنی هاوکۆلکەی کاریگەری کە ئەمڕۆ پێوەری سەرەکیی متمانەی زانستییە.
وشە سەرەکییەکان: نوانەسازی؛ ئاماژەپێوی؛ نووسینی ئەکادیمیک؛ هاوکۆلکەی کاریگەری.
بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکە لە کۆی کرتە بکە سەر داگرتنی تەواوی وتارەکە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
ماڵی کتێبی کوردی