خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمانی «هاوژان» بەرهەمی ڕەند زارعی بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی «هاوژان» بەرهەمی ڕەند زارعی بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی «هاوژان» بەرهەمی ڕەند زارعی بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی هاوژان، ڕۆمانێکی کۆمێدییە کە باس لە پێکدادانی نێوان دوو نەسلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ لە ئێران دەکات. چیرۆکەکە بەسەرهاتی دوو گەنجە کە شەیدای هونەر و مۆسیقای کوردین و دەیانهەوێ وەدوای خەون و خەیاڵەکانی خۆیان بکەون و هەربۆیەش دواجار بڕیار دەدەن ببنە گۆرانیبێژ، بەڵام لەم ڕێگایەدا تووشی گەلێک لەمپەر و بەربەست دەبن. یەکێک لەو لەمپەرانە ئەو تابۆیانەن کە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا زاڵن و بەشێکی دیکە لەو لەمپەرانە ئەو خەون و خولیایانەن کە بنەماڵە بۆیان داناون.

ئەو شەوە باوکم هەرچەندە بە تەنیا لەو ژوورە دانیشتبوو، کەچی هەر بۆڵاندی و جاروبار بە دەنگی بەرز کە هەموومان گوێمان لێ بێت قسەی دەکرد. هەر جارەی بە شتێکییەوە دەگرت. دەیگوت بە شەق دەمنێرێتەوە بەر خوێندن و ئەگەر سەد هێندەش داهاتووم تاریک بێ، باشترە لەوەی گەلۆر دەرچم. دەیگوت ئەگەر هەر نەبێ وەبەر کار و سەنعاتم دەنێ، خۆ هیچ نەبێ بەشی تێچووی ئەو نانە دەردەهێنمەوە کە لەو ماڵەدا دەیخۆم. تاوێک دواتر بڕیاری دەدا ژنم بۆ بهێنێت و بە دەنگی بەرز باسی ئەوەی دەکرد بە ژنهێنان دەمکاتە پیاو و عاقڵ دەبم. دەیگوت کوڕ ئەگەر ژنی هێنا، دادەسەکنێ. دەبەسترێتەوە! لەپڕ حەزی خوێندنی ئایینی و مەلایەتیش لە بیری باوکمدا دەپشکووتەوە، کەچی هەموو جارێک کە بیری قسەکانی مەلا جومعە و کەتنەکەی من دەکەوتەوە، خوێنی پیس دەبوو و جنێوی بە عەرز و عاسمان دەدا. (لاپەڕە ٧٤)

خانخولەی کەرناس، مەلا جومعە و حاجی ڕەحیم هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تا ئەو دوو کوڕە ببنە مەلا و خوێندنی ئایینی تەواو بکەن. عەلی (عەلی کەرناس) و حەمدۆڵڵا (مەلا حەمدۆ) کە وەک دوو منداڵی سەرلێشواو لەلایەک لەژێر فشاری بنەماڵەدا دەبێ ببن بە مەلا و لەلایەکی تر بەپێی حەزی خۆیان حەز دەکەن ببنە گۆرانیبێژ، لە نێوان دوو دنیا و خەونی تەواو جیاوازدا بەردەوام تووشی پێکدادان و لێک تێنەگەیشتن و گەلێک بەسەرهاتی جۆراوجۆری خۆش و ناخۆش دەبن.

بە تووڕەیی و لەبەر ددانییەوە کە دیاربوو دەترسا مەلا جومعە بێتە دەر و بمانبینێ، گوتی: ”شێت بووی؟ دەستت دادەوە، وازم لێ بێنە، بڕۆ. باشە ئەمن کوتم مەبە بە مەلا، خۆ نەمکوت لێم ببە بە لۆتی!“ (لاپەڕە ٣٥)

ڕۆمانی هاوژان، ڕۆمانێکی کۆمێدییە، بەڵام گەلێک ڕووداوی ناوخۆش و تڕاژیدیش لەو بەسەرهاتەدا ڕوو دەدەن. ئەم ڕۆمانە باس لەو تۆرەمەیە دەکات کە لە دوای شۆڕشی ٥٧ لەدایکبوون کە هەم لەلایەن دەسەڵات و هەم لەلایەن بنەماڵەوە وەک پێویست لێیان تێنەگەیشتن.

ڕۆمانی هاوژان، دووهەمین ڕۆمانە لە نووسینی ڕەند زارعی کە لە توێی ١٧٠ لاپەڕەدا، لە وڵاتی سوید لەلایەن چاپەمەنی ٤٩کتێب ۴۹books چاپ و بڵاو کراوەتەوە. نووسەر لە ناساندنی ڕۆمانەکەدا نووسیوویەتی کە ئەم ڕۆمانەی پێش ڕۆمانی هانا، واتە لە ساڵی ٢٠١٩ (١٣٩٨) نووسیوە، بەڵام چاپ و بڵاوبوونەوەی کەوتۆتە دوای ڕۆمانی هانا.

 

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *