خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا

ناسنامه‌ی کتێب: «ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا»، فەرهاد شاکەلی، وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ سوداد ڕەسووڵ، خانه‌ی موکریانی ۲۰۱۹.

سوداد ڕەسووڵ

مەم و زین وەک شاکارێکی ئەدەبی کوردیی سەدەی حەڤدەیەم لە زۆر ڕووەوە لەسەری نووسراوە و بە زمانی جیاواز توێژینەوەی لەسەر کراوە. دەکرێ بڵێم تا ئێستا هیچ دەقێکی ئەدەبی کوردی ئەوەندەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی چ لە ناوەخۆ و چ لە دەرەوەش لەسەری نەنووسراوە و بایەخی پێ نەدراوە. ئەوەی زیاتر وای کردووە کە ئەم داستانە جێگەی سەرنجی نووسەران و توێژەران بێت، هەر بە تەنیا بابەتی داستانەکە نییە کە داستانێکی دڵدارییە، بەڵکو چەندین ڕەهەندی دیکەی گرنگ لەم داستانەدا هەن کە هەر لە زووەوە سەرنجی نووسەرانی بۆ خۆی کێش کردووە.

ئەم داستانە لە ڕووی زمانەوە، ئەو زمانەی کە پێی نووسراوە دەقێکی گرنگی سەدەی حەڤدەمی زمانی کوردییە، مێژوویەکی گرنگە بۆ گەشەکردنی ئەدەبی کوردی لەو سەدەیە، هەروەها دەکرێ لە ڕووی زمانەوانیی مێژووییەوە بایەخی پێ بدرێت کە چۆنیەتی گەشەکردنی زمانی کوردی نیشان دەدات، لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوانەی کە ئەم داستانە ئاماژەی پێ داوە، ژینگەی کۆمەڵاتی و سیاسی و ئەو سەردەمەی کوردستان وێنا دەکات، کە دەکرێ لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە لێی بڕوانین، وێنەیەکی ژیانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی دەخاتە بەر چاو. 

لە سەرووی هەموو ئەمانەوە یەکێک لە بابەتە هەر گرنگەکانی ئەم داستانە دیباچەکەیەتی  کە ئەحمەدی خانی تێیدا مەبەست و ئامانجی خۆی ڕوون دەکاتەوە بۆچی و لەبەر چی ئەم داستانەی نووسیوە:

شەرحـــــا غەمـێ دل بکــم فەســـانە

  زینێ و مـــــەمی بکــــم  بەهـــــانـــە

 لەم دیباچەیە خانی بە شێوەیەکی سروشتی و خۆڕسکانە بیری کوردانەی دەبزوێ و باس لە چەوسانەوەی گەلی کورد دەکات لە ژێردەستی ڕۆم و عەجەم و داخ و حەسرەت هەڵدەکێشی کە بۆچی گەلی کورد هەر بە ژێردەستەیی ماوەتەوە و نەیتوانیوە وەک نەتەوە گەورەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ببێت بە خاوەن پاشا و خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ  بە زمان و کولتووری خۆی.

ئـــەز مـــــامە د حیـــــکمەتا خــــودێــــدا

کـــــــورمـــــانج د دەولــــــــەتا دنێـــــــدا

ئایا ب چ وەجهی مانە مەحرووم؟

      بیلجوملە ژ بۆ چی بوونە مەحکووم؟

ئەم هەستە ناسیۆنالیستییەی کە لەم دیباچەیەدا هاتووە هەر لە زووەوە بووە بە جێگەی بایەخدانی نووسەرانی کورد و کوردناسە ڕۆژئاواییەکان. ئایا ئەمە دەکرێ بە ناسیۆنالیزم دابنرێت یان هەستێکی ئاسایی هەموو شاعیرێکی ئەو سەردەمە بووە بۆ وڵات و گەلەکەی؟ بۆیە ئەم باسە لە نێو توێژەران وەک باسێکی پرسهەڵگر جێگەی مشتومڕ بووە. هەندێک پێیان وایە ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردییە کە بە پێش شۆڕشی فەرەنسی کەوتووە واتە پێش ئەوەی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا بڵاو ببێتەوە ئەم هەستە لای خانی هەبووە.

لەم کتێبەدا فەرهاد شاکەلی هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر ئەم لایەنەی داستانی مەم و زین. ئەم کتێبە  کە نامەی ماستەرە لە ساڵی ١٩٨٣ لە سوێد بە ئینگلیزی نووسراوە و پێشکەش بە زانکۆی ئوپسالا کراوە. بێگومان نووسینی ئەم توێژینەوەیە بۆ ئەوسا هەنگاوێکی گرنگ و بەرچاو بوو بۆ شیکردنەوەی دیوە ناسیۆنالیزمەکەی مەم و زینی خانی. ناوبراو بەوردی پێدا هاتووە ئەو شیعرانەی کە باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات ڕوونی دەکاتەوە و شرۆڤەیان دەکات. لە هەمان کاتدا دەقە شیعرییەکان بە سەردەمی خۆی گرێ دەدات، کە ئەوسا کوردستان لە نێوان هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی دابەش بووە، و کوردستان بووە بە مەیدانی شەڕەکانی ئەم دوو زلهێزە ناوچەییە. هەر ئەم ڕووداوانەش لەو سەردەمە شاعیرێکی وەک خانییان هان داوە کە داستانی مەمی ئالان کە داستانێکی فۆلکلۆری بووە بە ئاگاییەوە بکات بە هەوێنی شاکارە ئەدەبییەکەی و داستانێکی دڵداری  وەک مەم و زین بە شیعر بهۆنێتەوە و لەگەڵیدا هەستی نەتەوایەتی و کوردانەی خۆی دەرببڕێت.

هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم توێژینەوەیە لە لایەن چەندین نووسەر و توێژەری کورد و ئەوروپییەوە ئاوڕی لێ دراوەتەوە و چەندین توێژەر لەسەریان نووسیوە وەک  مایکڵ شایەت، ئەمیر حەسەنپوور، جۆیس بڵۆ، مایکڵ ئێپەڵ، مارتین ڤان بروننەسێن، محەمەد ئەمین بۆزئارسلان، هاشم ئەحمەدزادە، .. تاد.

بێگومان کتێبێکی لەم جۆرە و سەبارەت بە بابەتێکی وەها گرنگ، دەبوایە هەر لە زووەوە بە کوردی لەبەر دەستی خوێنەری کورددا ببوایە، کەچی تەرجەمەی بۆ زمانانی ئەوروپی و زمانانی دەوروبەر بە پێش تەرجەمە کوردییەکەی کەوتووە. هەر دوای دەرچوونی وەک نامەی ماستەر لە ساڵی ١٩٨٣ چەند ساڵێک دواتر تەرجەمەی زمانی سوێدی کراوە. لە ساڵی ١٩٩٢ دەقە ئینگلییزییەکە وەک کتێب لە لایەن ئینستیتوتی کوردیی برۆکسێلەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، چەند ساڵێک دواتریش بۆ تورکی تەرجەمە کراوە. لە ساڵی ١٩٩٥ تەرجەمەی عەرەبی کرا و لە بەیرووت بڵاو کرایەوە. هەرچەندە نووسەر خۆی لە نەوەدەکان بەشێک لەم کتێبەی لە گۆڤاری هێڤی کە لە پاریس دەردەچوو بڵاو کردووەتەوە و دواتریش لە گۆڤاری مامۆستای کورد لە سوێد بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام هەموو کتێبەکە نەکرابوو بە کوردی.

ئەوە بوو داوام لە نووسەر خۆی کرد کە ڕێگەم بدات ئەم کتێبە تەرجەمەی کوردی بکەم، چونکە زۆر پێم گرنگ بوو وەک کتێب لە کتێبخانەی کوردیدا هەبێت، ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ڕازی بوونی خۆی دەربڕی. منیش بە تاسەوە دەستم پێ کرد و سەرجەم کتێبەکەم تەرجەمەی کوردی کرد. ئەم کتێبە سێ ساڵ پێش ئێستا  تەرجەمەی تەواو بووە، بەڵام بە هۆی هەندێک کاری تەکنیکی و چاپەوە بڵاوبوونەوەی دوا کەوت.

ئەم کتێبە لە سێ بەش پێک دێت، بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ ژیانی ئەحمەدی خانی، بەشی دووەمی باسی بەرهەمەکانی خانی دەکات، چونکە لە پاڵ ئەم داستانە خانی چەند بەرهەمێکی دیکەی بە کوردی هەیە وەک فەرهەنگۆکی نووبارا بچووکان و عەقیدا ئیمان.  بەشی سێهەمی کە سەبارەت بە ئەسڵی بابەتەکەیە و درێژترین بەشە، تەرخان کراوە بۆ شیکردنەوەی ئەو شیعرانەی مەم و زین کە باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن.

لەبارەی چۆنیەتیی تەرجەمەکردنەوە، خۆم وەک کەسێک کە پسپۆریم لە تەرجەمەیە، هەوڵم داوە لە تەرجەمەکردنی ئەم کتێبەدا پشت بە تەرجەمەی واتایی ببەستم و خۆم بە دوور بگرم لە تەرجەمەی حەرفی کە کوشتنی تەرجەمەیە. پێم وایە ئەم میتۆدە، تەرجەمەی واتایی، باشترین جۆری تەرجەمەیە، لەم میتۆدە، وەرگێڕ لە زمانی سەرچاوە، واتا و کولتوور دەدۆزێتەوە ئەوجا ئەو واتایە دادەڕێژێتەوە و بەبێ دەستکاری و بە ئەمانەتەوە دەیگوێزێتەوە بۆ زمانی بەرانبەر، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات شێواز و ڕەوانبێژیی دەقەکەش بپارێزێت، بۆیە هەوڵم داوە بە ڕادەیەک تەرجەمەکە ڕەوان و پاراو بێت و دەقەکە ئەوەندە کوردی بێت کە خوێنەری کورد دەیخوێنێتەوە هەست نەکات ئەو دەقە لە ئینگلیزییەوە تەرجەمە کراوە.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ناساندنی کتێبی فەرهەنگێ کوردی-ئینگلیزی به‌رهه‌می پڕۆفیسۆر مایکڵ چایت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *