خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنێکی کورتی ڕۆمانی کۆبانی

ناساندنێکی کورتی ڕۆمانی کۆبانی

توندتر لە تێلی تەمبوور، خاوتر لە ماڵێ جاڵجاڵووکە

ناساندنێکی کورتی ڕۆمانی کۆبانی

وریا غەفووری

میشێل زۆفا، نووسەر و ئەدیبی ئەورووپی دەڵێ: “دەبێ کارێک بکرێ کە مێژووی کۆمەڵگا لە ڕێگەی ئەدەبیاتی ئەو کۆمەڵگایەوە، بخوێنرێتەوە.”

گەلێک نووسەر بە خوڵقاندنی بەرهەمی ئەدەبی کە مێژوو دەگێڕێتەوە، هەر وەک زۆفا دەڵێ مێژووی کۆمەڵگایان بە ئەدەبیات نووسیوەتەوە تاوەکوو بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە.

لە بواری ڕۆمان‌نووسی لە زمانی کوردیدا هەندێک بەرهەم لە سەر ئەم بنەمایە خوڵقاوە، هەرچەندە کە ناکرێ بە ڕۆمانی مێژوویی بەناو بکرێ، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە بە پێی هەندێک دەیتا و زانیاریی مێژوویی نووسراون و بابەتی ڕۆمانەکە هاوکاتە لەگەڵ هەندێک ڕووداوی مێژوویی، دەتوانن هەڵگری هەندێک زانیاریی بە نرخی مێژوویی بن کە لە مێژوونووسیدا تۆمار ناکرێن، بەڵام لە دوو توێی ڕۆماندا دەگێڕدرێتەوە. هەندێک لەم بەرهەمانە، دەرەنجامی ئەزموونی خودی نووسەرە لەو قۆناغەی تێیدا ژیاوە و هەندێکیشیان بەرهەمی لێکۆڵینەوەکانی نووسەرە.

ڕۆمانی کۆبانی لە نووسینی جان دۆست، ڕۆمان‌نووسی کوردی خەڵکی کۆبانی، یەک لە ڕۆمانەکانی جان دۆستە کە بەرهەمی ئەزموونی ژیانی خودی نووسەرە و قۆناغێک لە ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە کە خودی نووسەر تێیدا ژیاوە. هەوێنی گێڕانەوەکە ڕووداوێکی سیاسی هاوچەرخە، کە یەک لە کەڵکەڵەکانی نووسەرەکەیەتی.

کۆبانی قەڵای بەرخۆدانی کوردان لە سەدەی ٢١، ڕۆژگارێک لە ساڵانی ٢٠١٤ و سەرەتاکانی ٢٠١٥، سەردێڕی سەرەکیی زۆربەی میدیا و ڕۆژنامەکانی جیهان بوو. بەڵام بەرخۆدانی کۆبانی، کافکا گوتەنی لە “لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا نەنێژرا” و لە سەردەستی نووسەرانی بەتوانای وەک جان دۆست بووە مژاری هەرمانترین ڕۆمانەکان. کافکا لە شوێنێکدا وتبووی ڕۆژنامە جێی ناشتنی هەواڵەکان و هێمای گەندەڵیی شارستانییەتە. بەڵام کۆبانی ئەمەی بەسەر نەهات و لە دەق و شیعر و بەرهەم ئەدەبییەکاندا تاهەتایە دەمێنێتەوە.

تێکۆشان و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی کۆبانی و خەڵکی کورد بە گشتی بۆ پاراستنی ئەم شارە و خاوێن کردنەوەی لە هەوری ڕەشی داعش کە ئاسمانی شاری تەنیبووەوە، بابەتی سەرەکیی ڕۆمانی کۆبانییە. ڕۆمانی کۆبانی لە واتایەکدا بەرگریی نووسەرەکەیەتی لە شارەکەی لەو کاتەدا کە وەک خۆی دەڵێ نەیدەتوانی چەک هەڵگرێت و پارێزگاریی لێ بکات، بەڵام بە قەڵەمە ڕەوان و زمانە پاراوەکەی ئەم شارەی پاراست. گێرانەوەی ئێش و ئازاری شارێک کارێکی ئەستەم و دژوارە، بەڵام جان دۆست لە کۆبانیدا باسی ئێش و ئازاری شارەکەی دەکات و توانیویەتی بە سەر ئەم دژوارییەدا سەرکەوێ.

جان دۆست لە خوڵقاندنی فەزا، ڕووداو و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانیدا، لێهاتووە. هەندێک جار ڕۆ دەچێتە قووڵترین توێژە شاراوەکانی کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە و وەک نیگارکێشێکی لێهاتوو بە لێدانی چەند قەڵەم لە سەر تابلۆیەک، پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سەرەڕای هەموو تێکچڕژاوییەکانی، بە چەند دێڕ یان لە یەک دوو دیالۆگی کورتدا، وێنا دەکات.

لە ڕۆمانی کۆبانیدا کە وەک خۆی دەڵێ لە ڕووی قەبارەوە گەورەترین ڕۆمانی جان دۆستە، هیچ کەسایەتییەک لە ناوەندی ڕۆمانەکەدا نییە. ئەم ڕۆمانە پاڵەوانی سەرەکی نییە، چونکە ڕۆمانەکە لە چەندین گۆشە نیگاوە دەگێڕدرێتەوە و کەسانی جیاواز بە گۆشەنیگای جیاوازەوە و لە شوێنە جیاوازەکانی ڕۆمانەکەدا گێڕەوەی ڕەوتی چیرۆکەکەن.

یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جان دۆست ئەوەیە کە هەڵدەبژێرێت، دەسڕێتەوە، کورتی دەکاتەوە، فراوانی دەکات. وێناکان، فەزاکان، کەسەکان و ڕووداوەکان لە پلانە جیاوازەکاندا دەنوێنێت، پێکەوە پێوەندیان دەدات، و لە ئەنجامدا چێرۆکەکە وەها بەرفراوان دەکات کە خوێنەریش دەباتە نێو خودی ڕووداوەکان و ئەویش لە گۆشەنیگای خۆیەوە لە ڕووداوەکان دەڕوانێ.

جان دۆست لە ڕۆمانی کۆبانیدا پێگەیەکی تایبەتیی بۆ ژن و ئەو بەرخۆدانە قارەمانانەی لە سەردەستی ژنان لە کۆبانی چ وەک دایک و چ وەک شەڕڤان ئەنجام درا ڕەچاو کردووە و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە دەوری ژن لە خۆڕاگرییە مەزنەکەی کۆبانیدا نەکراوە و بە جوانترین شێوە ئەو ئاستەی ژنی کورد پێی گەیشتووە لە کەسایەتی دایکی خۆی و دیجلەی فەرماندە و ڕەوشەنی شەڕڤان و ئایشێدا وێنا دەکات.

کۆبانی بە خۆڕاگریی کچان و کوڕان و خەڵکەکەی لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بەڵام لە قەلەمی ڕوان و زمانی ئەفسانەیی جان دۆستدا بۆ هەمیشە هەرمان کرا. جان دۆست کە خۆی خەڵکی کۆبانییە و زیاتر لە سی ساڵ تەمەنی خۆی لەم شارەدا بردووەتە سەر، بە وردی ئاشنای مێژوو، جوغڕافیا، ئەدەبیات، کولتوور و زانیارییە دەروونی و کۆمەڵناسییەکانی ئەم ناوچەیە و ئەمەش وا دەکات کە لە ڕۆمانەکەیدا بە ئاسانی خەیاڵی خوێنەر بە دەستەمۆی وشەکان بکات و بە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا بیگێڕی و بۆ هەموو سووچ و قوژبنێکی شاری ببا و لە گردەکانی مشتەنوور و تل‌شەعیر ڕایگرێت و دیمەنی شاری پێش هاتنی پەتای دەوڵەتی ئیسلامی پێ پیشان بدات و دواتر بەناو وێرانەکانی شاردا بیگێڕێ و وای لێ بکات قووڵ قووڵ هەست بە سەرجەم ئازارەکانی شار لە دوای پەتای داعش بکات.

جان دۆست لە ڕۆمانی کۆبانیدا لە کەسایەتیی ماڵباتی حەم‌زراڤی موهاجیر کە پێشمەرگە و چەکداری شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیرانە، باسی نەهامەتی و شکست و سەرهەڵدانەوەی کورد بە گشتی دەکات. لەگەڵ خۆی دەتباتەوە پیران و سەرانی سەر سێدارە و شۆڕشێکی تێکشکاوت پیشان دەدات و دەتهێنێتەوە شەقامەکانی کۆبانی و لە کۆڵانێکی پڕ لە داعشدا جێت دێڵێ و ناچارت دەکا خۆت وەک خوێنەر خەیاڵت بکەی بە ڕابەر و بە کۆڵانە لە خوێن گەوزاوەکانی کۆبانیدا بگەڕێی تا لە ناکاو حەموودێی خوشکەزای دەرکەوێت و لێت بپرسێ ئەوە لێرە چ دەکەی؟

لەگەڵ خۆی و بە یارمەتیی زمانە سیحراوییەکەی لەگەڵ باران دەتبا و دەتداتە دەستی جەللاد و داتدەنێ و دەتکاتە شاهیدی سەربڕینی لاوانی کورد بە دەستی داعش و لەوێوە هەڵتدەگرێ و دەتهێنێتەوە نێو شەڕی مان و نەمانی کۆبانی و لەگەڵ ڕەوشەن دەتباتە شەڕێکی قورس و نابەرانبەر و لە کۆتاییدا وات لێ دەکا دیسانەوە ببیتەوە شاهیدی سەربڕێنی کچێکی چواردە ساڵەی ئاشقی نەبەکام.

گەر یەک لە کارکردەکانی ئەدەبیات وەک گۆنتەر گراس دەڵێ “ڕاپۆرتێکی هونەرمەندانە” و “تۆمارکردنی مێژووی مرۆیی” لە ڕۆماندا بێ، ڕۆمانی کۆبانی دەکرێ وەک یەک لە جوانترین و بەبایەخترین و تەواوترین گێڕانەوەی جۆش و خرۆشی کچان و کوڕانی کۆبانی لە پاراستنی شارەکەیان و خوڵقێنەرانەترین ڕاپۆرتی هونەری لە ژیانی کۆمەڵاتیی کۆبانی لە سەرەتای دامەزراندنی شارەکەوە تا ڕاماڵێنی هەوری ڕەشی داعش لە ئاسمانی ئەم شارە، بێتە ئەژمار.

منیش وەک وەرگێڕ هەوڵم داوە لە نێو وشە بە وشەی گێڕانەوەی ئێش و ئازارەکانی کۆبانیدا بژیم و لەگەڵ دێڕ بە دێڕی گێڕانەوەکەدا بچمە کۆبانی و حەڵەب و تونس و جزیرە و بگەڕێمەوە و لەگەڵ شەڕڤانانی بچمە شەڕی داعش و لەگەڵ خەڵکەکەی ئاوارە بم و دواتر بە ئازادکردنی کۆبانی خۆشحاڵ بم و بگەڕێمە نێو کاولەکانی شار و هەست بە خەمی قووڵی کۆبانی بکەم.

وەرگێڕانی کۆبانی بەرهەمی نزیکەی دوو ساڵ ماندوو بوونی وەرگێڕەکەیەتی و هەوڵ دراوە وەک خۆی بگوازرێتەوە، هەر هەڵە و کەم و کورتییەکیش هەبێ لە ئەستۆی منی وەرگێڕە.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *