خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / وتووێژی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی

وتووێژی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی

وتووێژی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە زمانی دانمارکی

ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە دانمارکی، پڕۆژەی وەشانخانەی ئاژانسی شیعر: “Det poetiske bureau”یە لە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنەڤیا وەستۆی گرتووە و سەرپەرەشتی پڕۆژەکە شاعیر و ئێدیتۆری ناسراوی دانماڕکی “تۆڕڤاڵد بێرتلسێن”ە، کە یەکەم جار لە گەڵ ئالان پەری وتووێژی لە سەر کراوە و دواتر ئەرسەلان چەڵەبی و دارا کوردۆی وەک وەرگێڕ و یارمەتیدەری پڕۆژەکە ناساندووە. بە گشتی پێنج کەس وەکوو وەرگێڕ و ئیدیتۆڕ کار بۆ پرۆژەکە دەکەن.

ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە دانمارکی، شیعرەکانی هەر چوار بەشی کوردستان دەگرێتە خۆ و لە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی شیعر وەرگێڕان دەکرێت و تایبەت بە یەک یا دوو زاراوەی تایبەت نییە لە زمانی کوردیدا. زۆرترین فۆکووس دەکرێتە سەر ئەو شاعیرانەی بە کوردی نووسیویانە! ئەو ئانتۆلۆژییە خۆ لە نزیکەی ۷۰۰ لاپەڕە دەدات و بە هەر دوو زمانی دانماڕکی و کوردی بڵاو دەبێتەوە! هەر شاعیرە و چەند شیعر و یەک پاڕاگڕاف لە بیوگڕافییەکەی دادەندرێت. ئەو ئەنتۆلۆژییە تایبەت کراوە بۆ شاعیرانی دوای ۱۹۷۰ی زایینی هەتا ئێستا و لە ساڵی ۲۰۲۰ لە دانماڕک و ئەسکەندەناڤیا و هەروەها ئاستی ئورووپادا بڵاو دەبێتەوە!

پڕۆژەی ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە دانمارکی، تایبەتە بە شیعری مۆدێڕنی کوردیی و بانگەشەی ناردنی شیعری نەکردووە و خۆیان شیعرەکان هەڵدەبژێرن و زۆرتر جەخت لە سەر ئەوە دەکرێت کە هەر سەردەمە و شاعیری تایبەت بە خۆی تێدا بێت و پێشمەرجیش ئەوەیە کە دوو کتێب یان لانیکەم کتێبێکیان چاپ بووبێت. هەروەها شیعرەکان بۆ وەرگێڕان بشێن و لە قەوارەی ئەو زمانە لاتینەدا لەکل دەربێت و بڵاو نەبوونەوەی شیعری شاعیرێکی تر لەو ئەنتۆلۆژییەدا بەو مانایە نییە کە شیعرەکەی مۆدێڕن یان باش نییە بەڵکوو بەو پێیەی ئەو ئەنتۆلۆژییە وەک یەکەم جار تاوی داوەتە دەقی هەموو بەشەکانی کوردستان و لەبەر ئەوە رێگەی ئەوە نادا ئاوڕ لە هەموو دەقەکان بدرێتەوە، بەڵکوو لە هەر سەردەمەی یەک یان دوو شاعیر هەڵدەبژێردرێت ولە کۆتاییدا و پێش چاپیش ریزبەندی ناوی شاعیرەکان بڵاو دەکرێتەوە.

ئەو ناوانە بەشدار و بەرهەمهێنەری ئەو پڕۆژەیەن: تۆڕڤاڵد بێرتلێسێن، ئێدیت و پێداچوونەوەی کۆتایی، ئالان پەری سەرپەرشتی و وەرگێڕانی شیعرەکانی کوردستانی باشوور و هەروەها پێداچوونەوە بە سەر وەرگێڕانەکانی ئەو دوو وەرگێڕەی تر.

ئەرسەلان چەڵەبی سەرپەرەشتی و وەرگێڕانی شیعرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەکات

دارا کوردۆ و محەممەد ئەردەم سەرپەرشتی و وەرگێڕانی بەشی کوردستانی باکوور و رۆژئاوادەکەن.

هەروەها نووسەری کورد: ئۆڕهان دووگووڕ وەکوو یارمەتیدەری پڕۆژەکە بۆ ناساندنی ئەو شاعیرە کوردانەی بە تورکی نووسیویانە.

هەموو شیعرەکان لەپاش وەرگێڕان لە لایەن تیمەکەوە کۆبوونەوەی بۆ دەگیرێت و لە قەوارەی زمانیکی پوخت و شاعیرانەی دانماڕکیدا لە کل دەردێت و ئیدیت دەکرێتەوە.

Thorvald Berthelsen

Af: Thorvald Berthelsen

Oversatte fra dansk til kurdisk: Arsalan Chalabi
Antologi på originalsproget og dansk med nye kurdiske lyrikere fra 1970erne og frem til i dag

Antologien Ny kurdisk lyrik vil omfatter den væsentligste moderne kurdiske lyrik fra en tid, hvor selvstændighedsbevægelsen er vokset. Den omfatter som den første lyrikere med tilknytning til alle fem områder af Kurdistan (armensk, iransk, irakisk, syrisk og tyrkisk) uanset om de bor i landet eller i exil og uanset hvilket sprog de skriver på. Kurdisk har jo været forbudt. Den bliver flersproget – dels det originalsprog, digtene er skrevet i, og dels dansk. Udgives 2020 af Det Poetiske Bureaus Forlag i serien om ny lyrik fra brændpunkter i Verden, hvis kultur er ukendt for os andre. Omfanget vil være ca. 700 sider med ca. 50 lyrikere. Redaktionen består bl. a. af Alan Ishaq Sliman (Pary), Arsalan Chalabi, Dara Kurdo, Mahmut Erdem og Thorvald Berthelsen. Antologien er støttet af Statens Kunstfond i Danmark.

تۆڕڤاڵد بێڕتێلسێن شاعیر و ئیدیتۆڕی ناسراوی دانماڕکی و بەرپرسی پڕۆژەی ئانتۆلۆژی شیعری نوێی کوردی، سەبارەت بە سەروبەندی ئەم پرۆژەیە بۆ ماڵپەڕی  ماڵی کتێبی کوردی ئاوا دەدوێت :

“ئەنتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە زمانی ئۆڕجیناڵ و دانماڕکی لە دەهەی حەفتای زایینی سەدەی بیستەم تا نها  دەگرێتەوە. ئەنتۆلۆژی شیعری نوێی کوردی ئاوڕ لەو سەردەمە دەداتەوە کە شیعرە گرینگەکانی مۆدێڕنی کوردی کەوتە گاگۆڵکە و پێگەیشت. ئەو ئانتۆلۆژییە هۆنراوەکانی شاعیرانی هەموو ئەو وڵاتانەی وەکوو “ئەرمەنییا، ئێران، ئێراق و تورکییە و سوورییە و هەروەها ئەو شاعیرانەی لە دەرەوە ئەو جوگڕافیایە دەژین و لە تەبعید دان  بە هەر زمانێک کە دەنووسن، هەروەها  لە بیرمان نەچێت کە کوردی وەکوو زمانێک قەدەغە بووە! ئەو ئەنتۆلۆژییە چەند زمانەیە، واتە زمانی ئۆڕجیناڵ و لە پاڵییەوە زمانی دانمارکی”

ئانتۆلۆژیی شیعری نوێی کوردی بە دانمارکی، لە ساڵی ۲۰۲۰ دا لە لایەن وەشانخانەی دانماڕکی Poetiske Bureaus  چاپ و بڵاو دەبێتەوە. پڕۆژەی ئەو بڵاڤوکانە هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەو بەشە لە جیهانی ئێمە کە نەناسراو ماوەتەوە، خۆ لە نزیکەی ۷۰۰ لاپەڕە دەدات و سەرجەم پەنجا شیعر لە هەموو بەشەکان لە خۆ دەگرێت.

تیمی وەرگێڕان و ئیدیت: ئالان پەری، ئەرسەلان چەڵەبی، دارا کوردۆ، مەهمووت ئەردەن، تۆماس بێرتێلسێن. ئەو ئەنتۆلۆژییە لە لایەن بنکەی هونەری دانماڕک پشتگیری و ساپۆڕت دەکرێت.”

دەقی وتەکانی ئالان پەری بۆ ماڵپەری ماڵی کتێبی کوردی:

“سەرەتا پێش ساڵ و نیوێک شاعیری دانیمارکی تۆڤارڵد ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ من باسی کردو وتی ئێمەی دانیماڕکی و ئەسکەندەناڤیایی زۆر لەبارەی ئەدەبی کوردی نازانین، بۆیە بە ڕای هەردوو لامان بڕیارمان دا ئەم ئەنتۆلۆژیایە بەرهەم بینین. من دوو شاعیری ترم ڕاسپارد لەلای تۆڕڤاڵد وەک یاریدەدەر بۆ پرۆژەکە، ئەوانیش ئەرسەلان چەڵەبی و دارا کوردۆ بوون. سەرەتا دەبوایە لیستی شاعیرەکان ئامادە بکەین و هەتا ئێستاش چەندین جار کۆبووینەتەوە و بڕیار درا کە ئەو شاعیرانە هەڵبژێرین کە لە ساڵی ١٩٧٠وە بەرهەمیان هەیە و پێویستە هەر شاعیرێک لانی کەم پێشتر دەفتەرە شیعرێکی بڵاوکردبێتەوە. ئەنتۆلۆژیایەکە بە دووزمان دەبێت، زمانی ئۆرجیناڵی تێکست کە کوردییە لەگەڵ زمانی دانمارکی کە هەر شاعیرێک ٥ شیعری وەبەر دەکەوێت و کورتەیەک لە ژیانی ئەدەبی شاعیرەکە. بڕیار وایە ئەم  ئەنتۆلۆژیایە لە هەموو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا کۆڕ و سێمینار و ناساندنی تایبەتی بۆ بکەن بەو پێیەی زۆربەی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا زمانێکی هاوبەشیان هەیە.”

دەقی وتەکانی ئەرسەلان چەڵەبی بۆ ماڵپەڕی  ماڵی کتێبی کوردی:

“وەک هاوڕێیانی تر باسیان کرد من بەشی رۆژهەڵاتم پێیە و هەوڵ دەدەم ئەو بەشە بکەمە سێ فایلی تایبەتی کەلهوڕی و سۆرانی و هەروەها ئەو شاعیرە کوردانەی بە فارسی دەقیان هەیە و نووسیویانە بە تایبەت لە ناو خانمەکاندا! هیوادارین و هەموومان هەوڵ دەدین لە ڕیگەی لینکێکی تایبەت و فەرمییەوە لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەو کتێبانە بنێرینەوە کوردستان و خەڵکی ئەوێش بتوانێ لە کتێبخانەکانی شارەکان بیکڕن.”

جێگای ئاماژه‌یه‌ وه‌رگێڕانی وته‌کانی تۆڕڤاڵد بێڕتێلسێن ، له‌ ئه‌ستۆی ئەرسەلان چەڵەبی بووه.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *