خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “هاوزێ” نوێترین بەرهەمی دلاوەر ڕەحیمی

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “هاوزێ” نوێترین بەرهەمی دلاوەر ڕەحیمی

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “هاوزێ” نوێترین بەرهەمی دلاوەر ڕەحیمی

هاوزێ، یان دۆنادۆنەکەی دلاوەر

✍ بەهزاد ئەحمەد

• رۆڵ گۆرینەوە لە نێوان خوێنەر و نوسەردا

هاوزێ نۆبەرەی رۆمانی دلاوەر رەحیمی ە، رۆمانێک پڕ لە جەنجاڵی، جەنجاڵییەکی دوو لایەنە، لە رویەکەوە بەویست و لە رویەکی ترەوە ناچارانە. بە ویست جەنجاڵ کراوە تا نووسەرەکەی بتوانێت ڕۆڵی نووسەر و خوێنەر تێکەڵ بە یەکتر بکات، بەوشێوەی لە هەرکوێدا خوێنەر پێی خۆش بوو، خۆی بخاتە رۆڵی نوسەرەوە. بە ناچاری جەنجاڵە بۆ ئەوەی بە لەدەستدانی سەرەتا و کۆتایی چیرۆک، شیانی لەدەست نەدانی توانای گێڕانەوە بپارێزرێت، چونکە هاوزێ ڕۆمانێکە بێ سەرەتا و بێ کۆتایی، تەنها ناوەراستی گێڕانەوەکەیە و لە ناوڕاستیشدا هیچ چاوەڕوانیەک نییە بۆ گەیشتن بە دۆخێکی تر.

کاتێک ئەڵێم ناوەراستی گێڕانەوەکەیە، ئەمە بەو مەبەستە نایەت کە باسێک سەرەتا و کۆتاییەکەی قرتێنراوە، بەڵکو بەکارهێنانی ناوەراست لێرەدا گوزارشتی تری هەیە، بۆ تێگەیشتن لەمە نموونەی رووداوێک ئەهێنمەوە: کەسی یەکەم تۆمەتێک بۆ کەسی دووەم دروست دەکات، کەسی دووەم کەسی یەکەم دەکوژێت… لێرەدا سەرەتای رووداو دروستکردنی تۆمەتە لە لایەن کەسی یەکەم و کۆتایی روداو کوشتنی کەسی دووهەمە لە لایەن کەسی یەکەمەوە.

بەڵام لە هاوزێدا ئەمە وا رونادات، نەک لەبەر درێژکردنەوەی باسەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لێرەدا بکەر و بەرکار ونن، دیار نییە مامەکانی باوکیان کوشتووە یان جاشەکان؟ تەنانەت خودی هاوزێ یان دۆنادۆنی دلاوەر، ئاماژەیەکی ناڕوون هەڵئەگرێت کاتێک کەسێک سزا دەدرێت بە تاوانی کەسێکی تر، ئایا ئەمانە لە بناغەوە هەریەک کەسن و یارییەکی پێویستە بۆ گەشتن و مانەوە لە ناوەڕاستدا؟ یاخود شتێکی ترە؟

هەرچۆنێک بێت،لێرەدا نووسەر ئەیەوێ پێمان بڵێت منیش وەک ئێوە خوێنەرم و لەم ناوەڕاستی رێگایە هیچ هێزێکم نییە تا گێڕانەوە ببەمە شوێنێکی تر، هۆکارەکەش ئەوە نییە کە نەتوانم رووداو دروست بکەم، یان چێژ بەرهەم بهێنم، بەڵکو ئەوەی دەستم دەگرێت ئەرکی گرانی پرسیارە، چوون دروستکردنی پرسیار و دامەزراندنەوەی لە ناو ڕووداودا، هەندێک لە دەسەڵاتەکانی خاوەندارێتی و خولقاندن لە نووسەر زەوت دەکات و دەیخاتە ناو سنوورێکەوە کە ئیتر نەتوانێت هەرچیی ویست، بیڵێ و هەرچی بەدەمیاهات لێی نەوەستێت.

جا دۆخی نووسین لەم رۆمانەدا لە دۆخی خوێندنەوە بێهیواترە، کاتێک ئەم رۆمانە ئەخوێنیتەوە ئەتوانی نووسەرەکەی ببینیت چۆن دۆش داماوە لە هیوا بەخشین بە دۆخێک کە تەنها بە کەمێک دەسکاری، ئەکرێت لە شاکارێکەوە بگۆڕدرێت بە گێڕانەوەیەکی بێگیان (ئەگەرچی چێژبەخشیش بێت).

بەهەمان شێوەش ئامادەیی ناخودئاگا و دۆخی ئیرۆسی ناو ئەم ڕۆمانە هەمان هۆکاری بێ دەسەڵاتی نووسەری لە پشتن، کاتێک ناتوانیت لەبەر ئەوەی تابۆیە یان بۆ خاتری هەر بیانوویەک دەستبەرداری بەشێکی ناوەکی و زۆر هەستیاری کاراکتەرەکانت بیت.

ئەتوانم بڵێم لە هیچ ڕۆمانێکی کوردیدا هێندەی ئەم ڕۆمانە دۆخی ئیرۆس بەوردی و بێ پەردە نەورووژێنراوە، وردەکاری هەستەکی ناو سێکسم لە رۆمانی کوردیدا بەمشێوە نەدیووە، ئەم باسە پانتاییەکی زۆری هەیە، هۆکەیشی ئەگەرێتەوە بۆ ژینگەی کاراکتەرەکان، شێوەژیانی کاراکتەرەکان و شوێنی گەشەیان، تەنانەت دۆخی زیندانیش بۆ کاراکتەرێک دنەدەری دروستبوونی ئەو کەشەیە.

ئەشێت دووبارەبوونەوەی ئەم کەشە ئیرۆسییە لە هەمان دەستەوەستانی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەڵبەت ئەم دەستەوەستانە بە هیچ جۆرێک ناچێتە شوێنی بێتوانایی، بەڵکوو دۆخێکە کە نووسەر گێڕەرەوەکان دەخاتە ناو رووداوێک یان چەند رووداوێکەوە و ئازادیان ئەکات و ئیتر ناخوازێت بە کاریگەری ئەم بجوڵێن، یان دروستر ئەگەر کاریگەریەکیش بکات نایەوێت لە راستی و دروستی گێڕانەوەکان کەم بکاتەوە، بەو مانایەی ڕووداوەکان بە کاراکتەرە ڕاستەقینەکانی خۆیانەوە هەبن وەک ئەوەی کە هەن، هەر ئەمەش وایکردووە ئەم ڕۆمانە لە شیعرێکی درێژ بچێت کە شاعیرەکەی بەسەر نوسینیەوە بمرێت، یان بکوژێت، یان خۆی بکوژێت.(هەڵبەت ئەم ئەگەر و نەگەرانە ، ئەگەر و نەگەری ناو خودی رۆمانەکەن)

سەرەڕای ئەوەش هیچ قسەکردنێک لەسەر ئەم ڕۆمانە ناکرێت یەک ئاراستە بێت، هیچ لێکدانەوەیەک بەبێ ئەگەر و نەگەر لەسەر ئەم ڕۆمانە دروست نییە، لەبەرئەوەی ژینگەی دەقەکە خۆی ژینگەیەکی پڕ لە دوودڵی و دڵەڕاوکێیە، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت بە یەک جۆر  و یەک ئاراستە، پرسیار لە هەر پنتێکی ناو چیرۆکەکە بکەین، هاوکات ئەمە گەڕان بۆ هەر وەڵامێک لەناویا دەکاتە گەڕانێکی بێ مانا.

ئیتر لێرەوە ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو لە گێڕانەوە دەکەوێت و دەکەوێتە دۆخێکی ئەنتۆلۆژییەوە کە ئیدی ناتوانین بەو شێوە کە ئێمە دەمانەوێ مامەڵەی لەگەڵ بکەین بەڵکو ئەبێت بەو شێوە بیبینین کە خۆی بوونی هەیە.( دۆخی ئەنتۆلۆجی ناو ئەم رۆمانە زۆر بابەتێکی پێویست و هەستیارە، کە دەکرێت لە هەلێکی تردا لەبارەیەوە بدوێین).

 

• یادەوەری وەک ئاسمانی رۆمانەکە

ئاسمان کە لە شێوەی سەقفێکی شیندا بەپانتایی زەوی کێشراوە، سەقفێکی ڕاستەقینە نییە، تەنها لە ناو بینینی ئێمەدا وەک سەقفێکی شین لە ڕۆژدا خۆی نمایش ئەکات و لەشەودا ئەبێتە چادرێکی ڕەش و تاریک. وێنا کردنی یادەوەری ناو ڕۆمانەکە بەم ئاسمانەی ناو سروشت وێناکردنێکی پڕاوپڕە، چۆن؟

بەدرێژایی ڕۆمانەکە یادەوەری ئامادەیی هەیە، ئامادەییەکی لە هەندێ شوێن لێڵ و لە هەندێکی تردا ڕووناک، لە هەندێ شوێن ڕاستەقینە و لە هەندێکی تر فریودەر، لە هەندێ جێگا یادەوەری کەسێک و لەهەندێکی تر چەندەها و لە هەندێک شوێنی تر هەموو کەس و هیچ کەس.

پەیوەندی یادەوەری بەڕابردوو و داهاتووەوە، پەیوەندییەکی سەراسیمە و ئاڵۆزە، بە جۆرێک ڕێگای خوێنەر دەکاتە دوو ڕێگا، یان ئەوەی بە یارییەکی وشە، زمان تێی بگات یان ئەوەی بکۆشێت و خۆی ماندوو بکات و تا ئەو شوێنە بڕوات کە خاوەنی دەقەکە پێی گەیشتووە، بەلایەنی کەمەوە بیری بچێتە ئەو جێگەی کە بیرکردنەوەی نووسەری لێ بووە.

ئەمانە هەندێ پەرەگرافی ناو رۆمانەکەن، کە رەنگە یارمەتیدەربن بۆ تێگەشتن لەو دۆخە:

” ئەمجارە بەخواستی خۆم، خۆم لە تەنیای بەندکردبوو. بەندییەک کە یەک پاسەوان و جەلاد هەمیشە لە بەردەرگاکەی بوو، پاسەوانێک بە ناوی یادەوەری و جەلادێک بە ناوی ڕابردوو”

” پاسەوان و جەلادەکەش خۆم و چارەنووسم بووین ”

” تاریکییەک لە ڕەنگی ڕابردووی من لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا ئاسمانی داپۆشی ”

دەشکرێت لە ناو ڕۆمانەکە لە شوێنی تر و مانای تر پەیوەندی یادەوەری بە ڕابردوو و چارەنووسەوە بدۆزینەوە.

مرۆڤێکی دیل کە پاسەوانی زیندانەکەی یادەوەرییەتی، بەبێ دەرچوون لە یادەوەری ئازادی نابینێت، لە هەر هەوڵێکیشدا بۆ کوشتنی یادەوەری ڕابردووی وەک جەلادێک دێتە گیانی و ڕۆحی دەکێشێت. بەڵام پاسەوان و جەلادەکەش خۆی و چارەنووسین، ئیتر چ بەومانایە بێت کە خۆی دروستکەری یادەوەری و ڕابردوویەتی یان کورتهێنانی توانایەتی بە دەرچوون لەو یادەوەرییانە و سەرلەنوێ کێشانەوەی چارەنووسی خۆی بە ویستی خۆی؟

لێرەوە پرسیارەکانی ناو ڕۆمانەکە سەرهەڵئەدەن. ئەو پرسیارانەی دەبنە هۆکار بۆ بەزیندوو مانەوەی ئەم ڕۆمانە ئەمانەن:-

یادەوەری چییە؟

ئایا یادەوەری چارەنووسی مرۆڤ نەخشە دەکێشێت؟

مرۆڤ ئەتوانێت چارەنووسی خۆی بگۆڕێت؟

چ جۆرە ڕابردوویەک دەبێت بەیادەوەری؟

ئایا مرۆڤ ئەتوانێت لە چەند دەمووچاو و کاراکتەرێکدا بژی؟ کامیان رابردووی راستەقینەی ئەو پێکدێنن؟

کاتێک لە ناو بیرکردنەوەداین لە یادەوەری، ئایا لە دۆخێکی سایکۆلۆجیداین؟

لێکدانەوەی سایکۆلۆجی چەند لە یادەوەری تێمان ئەگەێنێت؟

ئایا مرۆڤ د ەتوانێت یادەوەری خۆی لە بیربکات؟ ئەگەر بەڵێ، مرۆڤی بێ یادەوەری چ جۆرێکە لە مرۆڤ؟

ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەن کە ئەکرێت دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە سەرهەڵبدەن، چونکە بە بڕوای من ئەم رۆمانە ئەوەندەی پرسیارت بۆ دروست ئەکات، ئەوەنە وەڵامت پێ نادات، ئەوەش ئەو حاڵەتەیە کە من لە هاوزێدا زۆر پێی کاریگەرم.

هەوڵ ئەدەم لە شوێنێکی تردا بگەرێمەوە سەر ئەو پرسیارانە و بە گوێرەی توانام شیکاریان بۆ بکەم.

دەسخۆشی لە دلاوەر ئەکەم و بە هیوای بەرهەمی زیاترین.

👇بۆ بەردەست خستنی ڕۆمانی “هاوزێ” دەتوانن سەردانی ئەم شوێنانەی خوارەوە بکەن…

🔸بانە، چاپەمەنی مانگ
🔹سەقز، چاپەمەنی خانی
🔸مەریوان، کتێبفڕۆشی هێژا
🔹مەهاباد: کتێبخانەی ئاگۆڕا، کتێبخانەی گزینگ
🔸بۆکان: کتێبخانەی موکریان

♦️ماڵی کتێبی کوردی” وێڕای سپاس و پێزانین بۆ هاوڕێیەتی و ناردنی بابەت لە لایەن بەڕێز بەهزاد ئەحمەد وە، پیرۆزبایی دەرچوونی ئەم کتێبە ناوازە لە نووسەری هێژا بەڕێز دلاوەر ڕەحیمی دەکات.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئالبۆمە شیعری «شپرز یانی من، دنیا، ئەفغانستان» بە دەنگی شاعر بڵاو کرایەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *