خانه / ناساندن و ڕه‌خنه‌ / دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن

دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن

ناسنامەی کتێب: کۆمەڵە چیرۆکی ” مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن “: بەختیار حەمەسوور ؛ ناوەندی غەزەلنووس

دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن

کارۆ حسێن

لـە ڕۆمان و چیرۆکدا ، هەمیشە فۆڕم گرنگیەکی تایبەتـی هەبووە. چونکە فۆڕمـی گێرانەوە گێڕانەوەیەکـی ئەدەبـی جیادەکاتەوە لـەگـەڵ گێڕانەوەیەکـی زارەکـی مرۆڤەکاندا… گێڕانەوەی زارەکـی مرۆڤەکان، دەشێت پەلەیـی تیادابێت یاخود یەک مەبەستـی تیادابێت، بەڵام لە ئەدەبیاتدا گێڕانەوە دەبێت وردبێت و دەستبخاتە سەر ئەو لایەنانەی کەدەشێت زۆر جار مرۆڤێک خودی خۆی لەناو ڕووداوەکاندا بوبێت یان بینەری بوبێت بەڵام هێندە هەستی بەلایەن و کاریگەریە جیاوازەکانی نەکردبێت.

بـۆ نمونە لەوانەیە هەمـوومان سـووتانـی دارێکـی وشکەوەبوومان بینیبێت، بـەڵام هەموومان هەستمان بە بێلانەبوونـی باڵندەکانـی سەری نـەکردووە. هەمـوومان هەست بـەوە ناکەین کەلەوانەیە بـۆ کەسانێک ئـەم دارە پێش وشکبوون و سووتانەکەی سێبەر بوبێت و لـەبەریدا حـەسابێتنەوە، بـەڵام ئەدەبیات دەبێت هـەمـوو ئەمانـە دەربـخات و کاریگەرییـە شاراوەکـانـی وشـکبـوون و سـووتانـی دارەکە لـە سیاقـی گێڕانەوەکەدا ئاشکرا بکات.

بۆمن یەکێک لەو کۆمەڵە چیرۆکانەی کە بەم دواییانە خوێندمەوە و جێـی سەرنجم بوو، کۆمەڵە چیرۆکـی (مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن). نووسینی بەختیار حەمەسوور

کۆی کتێبەکە (حەوت) چیرۆکـی لێک نزیک و یەک هێڵـی گشتی هەیە. نزیکن لە ڕووداوی واقعیەوە و دەشێت زۆرمان بەری کەوتبین یـان بـەری بکـەویـن، بەڵام ڕووداوەکـانمان بـۆگـرنگ نەبـن و ئاسایـی و بـێ وردبوونەوە تێیانپەڕێنین،  بـەڵام شێوازی گـێـڕانـەوە لـەم کـۆمەلە چیرۆکەدا وای کـردووە هەم وەک چیرۆک بچنـە خانـەی ئەدەبیاتەوە و ئـەرکەکـەی بەجێبهێنن. هـەم بـۆ ئێمەش جـوان و چـێـژ بەخش بن وردترمان بکەنەوە لەسەر ڕووداوەکان.

بەگشتـی لـەو چیرۆکانەی کـە ڕووداوی سادە و واقعین، پێویستە خوێنەر بۆ قوڵایـی دەقەکان بچێت و مەبەستـی شکاندنـی کۆدەکان بێت چـونکە ڕووداوەکان سەیـر نین بەقەت ئەوەی کە مەبەستێکی گرنگ و زۆر جار هەست پێنەکراویان هـەیە…  نمونەکەی سەرەوە بـاس بکەینەوە، ئەگەر لەکاتـی سووتانـی دارەکەدا شـوانێک ببینین لەوانەیە لە حاڵێکدا بگری هـەست بەناخـی بکەین، بەڵام گەر نەگـری یـان بەزمان شتێکامان بۆ دەرنەبڕێت ئەستەمە هەست بە ناخـی بکەیـن، بەڵام گێڕانەوەی ئەدەبـی دەبێت ئەم ناخەمان بـۆ دەربخات لـەهەمـان ئەو حاڵەتەدا. کە بەڕای من لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا ئەمە دەبینین.

چیرۆکەکان ڕووداوی سـادە و کـورتن، هـەرچـیرۆکێک کاتێکـی کورتخایەنـی کارەکتەرێـکە لـە شوێنێکـی دیاریکراودا و بەرکەوتنێتـی لەگەڵ کارەکتەرانێکی  دیکەدا کە دەشێت هەڵگری چیرۆکێکی دیکە بن… نـووسەر دوورە لەهەر وەسفێک لـە گێڕانەوەکەیدا بـەڵکو لـە ڕێگەی بەرکەوتنی کارەکتەرەکانی لەگەڵ مرۆڤ یان شتەکانی دەوروبەریەوە ناخ و بیرکردنەوەی کارەکتەرەکەمان بۆ دەردەخات، وەبە دیوە تاریک و شاراوەکەی کارەکتەرانی ناو چیرۆکەکان ئاشنامان دەکات. زیاتر وردمان دەکاتەوە لەسەرنجدان بۆ ڕووخساری شێواوی کەسەکان و لەوێشەوە هەستکردن بە تێکشکاویەکانی ناوەوەیان و ئەو گرێیانەی کردنەوەیان قورس و زەحمەتە.

ئەم کتیبە ساڵی ٢٠١٥ ناوەندی  غەزەلنووس چاپ و بڵاویکردۆتەوە

کارۆ حسێن

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *