خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «تراژیدیای نووسەرانی ڕووس» بڵاوکرایەوە

کتێبی «تراژیدیای نووسەرانی ڕووس» بڵاوکرایەوە

پێشەکیی وەرگێڕ بۆ کتێبی «تراژیدیای نووسەرانی ڕووس»

سەباح ئیسماعیل

 ئەدەبی بەرگری، ئەدەبی شۆڕشگێڕی، ئەدەبی زیندان، ئەدەبی ساتیری…. ناوەیلێکن بۆ ئەو ئەدەبەی دژ بە ڕێژیمە ستەمکارەکان نووسراون، هەمیشە نووسەرەکانیان باجی نووسینەکانیان داوەتەوە، هەر لە لەداردانەوە، تاکو زیندانی و دوورخستنەوە و شاربەدەرکردن و سووتاندنی کتێبەکانیان و قەدەغەکردنی نووسینەکانیان.

ئەدەب بەگشتی و قەدەغەکراوەکەی بە تایبەت، لە کات و سەردەمی سەرکوتی دڕندانەدا، تا ڕادەیەکی زۆر ئەڵتەرناتیڤی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بووە.

فەیلەسووفی ئیتاڵی، جیۆردانۆ برۆنۆ بەهۆی داننانی بە دروستیی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا کڵێسای کاسۆلیکی بە زەندیقیان دانا و سووتاندیان.

تۆماس مۆر لەسەر نووسینی کتێبی “یۆتۆپیا” لە ملی درا.

ڤۆڵتێر بەرگریکاری سەرسەختی چاکسازیی کۆمەڵایەتی، لە سۆنگەی کارەکانیەوە تووشی گرتن و دوورخستنەوە هات.

ئیبن موقەفەعی وەرگێڕی کتێبی “کەلیلە و دیمنە”ی بەیدەبا، مەنسوور پارچە پارچەی کرد و پارچەکانی فڕێدانە تەندوورەوە.

زانای زمانەوان یەعقوب بن ئەلسەکیت، خەلیفە ئەلموتەوەکیل زمانی بڕی و بەوە مرد.

   حەلاج هەشت ساڵی لە بەندیخانەدا بەسەربرد و لەدواییشدا بەرەو سێدارەیان ڕاپێچکرد. دواتریش کوشتیان. کوشتنەکەی لە سۆنگەی دەسیسە و زمانلێدانی بە درۆوە بوو بە تۆمەتی کفر و لە ئاین دەرچوون. ئەم بیرمەند و فەیلەسوف و شاعیرە سۆفیگەرە شۆڕشگێڕە، وایدەبینی دەکرێت سیفەتەکانی خودا لە بەندەکانیدا ببینرێن. ئەوەبوو خەلیفە ئەلموقتەدیر بیللای عەباسی لەداری دا، ئەمەش دوای ئەوەی هەزار جەڵدەی لێ درا و چوارپەلیان بڕییەوە، پاشان سەریان بڕی و تەرمەکەی و کتێبەکانیان سووتاندن. خەلیفە هەڕەشەی لە هەندێک لە هاوەڵانی حەلاج کرد بەدرۆ شایەدیی دژ بدەن، گوایا داوای خوایەتیی کردووە. لە بەغدا بانگەوازیان کرد، کەس کتێبی حەلاج نەکڕێت و نەفرۆشێت.

   لە سەردەمی نوێشدا ئەلجەواهیریی شاعیر زۆربەی ساڵەکانی ژیانی لە ئاوارەییدا بەسەربرد، دوای ئەوەی سووکایەتیی پێ کرا و لە ناو عێراقدا زیندانی کرا و لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا ڕەگەزنامەی عێراقیی لێ سەنرایەوە، پاشان بە غەریبی لە دەرەوەی عێراقدا سەری نایەوە.

   لە كوردستانيش، جەمال عیرفانی ئەفسەر و ڕووناکبیری گەورە و کەسایەتیی سەردەمەکەی، ساڵی ۱۹۲۲ بە دەستی کۆنەپەرستان تێرۆر کرا.

عەبدولخالیق مەعرووفیش ساڵی ۱۹۸۵ لەسەر کتێبی (ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا) بەدەستی ئیسلامییەکان تێرۆر کرا.

بەکر عەلیی شاعیریش لە ئەنجامی هەڵوێستی جوامێرانە و لایەنگیریی چینی چەوساوە و هۆنراوە ئاگرینەکانی، بەدەستی ناسیۆنالیزمی کوردی تێرۆر دەکرێت.

   مێژوونووس مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە پای هەڵوێستی بوێرانە و هەمیشە سڵنەکردنەوەی لە وتنی ڕاستییەکان، لە ساڵی ۲۰۰۱دا لە ماڵەکەی خۆی لە بەغدا بە شێوەیەکی دڕندانە بەدەستی پیاوانی حزبی بەعس تێرۆر کرا.

   موسا عەنتەری نووسەر و ڕۆژنامەنووس ساڵی ۱۹۹۲ تیمەکانی تێرۆری دەوڵەتی فاشستیی تورکیا تێرۆریان کرد. ئەو بە تاوانی فیکە لێدان بە ئاوازی کوردی، پەلکێشی پۆلیسخانە دەکرێت و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت. کاتێک دەپرسێت بۆ وای لێدەکەن؟ کۆمیسەر دەڵێت: خائینی کوڕی خائین! نازانی خەتات چییە.

– نا.

– ڕادیۆتان نییە؟

– با، هەمانە.

– باشە سەگی لە سەگ بوو! ئەو هەموو قەوانە خۆشە تورکیە هەن، چ گوویەک دەخۆی وا بە کوردی فیکەفیکتە؟

   ڕەنگە هیچ میللەتێک هێندەی ڕووس نووسەران و داهێنەرانیان باجی بەرهەمەکانیان نەدابێتەوە. هەندێکیان لەداردران، یان خۆیان کوشتووە، بۆ دەرەوەی وڵات دوورخراونەتەوە، یاخود بۆ دورگەی سەرماوسۆڵی سیبریا، یانیش خراونەتە شێتخانەوە.

   زۆربەی زۆری نووسەران ئومێد و ئاواتیان بە گۆڕینی ڕێژیمی تزاری و شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەستبوو و بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان دا. مەکسیم گۆرکی هەندێک لە پارەکەی بە شۆڕش بەخشی. کەچی هەر هێندەی شۆڕش سەرکەوت، دەسەڵاتدارانی شۆڕش پشتیان تێکرد و کەوتنە وێزەی.

یەسینینی شاعیر بەرگەی ئەو دۆخەی نەگرت و ساڵی  ۱۹۲۵لە تەمەنی سی ساڵیدا لە ئوتێلێکدا خۆی خنکاند.

شکست و بێئومێدی مایکۆڤسکیشی گرتەوە و تووشی ئەوپەڕی خەمۆکی بوو، لە ئاکامدا گوللەیەکی بە سەری خۆیەوە نا.

ئیدی کارەسات و ماڵوێرانیی نووسەران و داهێنەرانی ناڕازیی گرتەوە:

شاعیری ناودار مارینا تسڤیتایڤا بەو گوریسەی باسترناک لە وێستگەی شەمەندەفەر دای پێی جانتاکەی پێ ببەستێت، خۆی خنکاند. بۆریس بیلینیاک و ئیزاک بابل لە ئەنجامی تۆمەتی هەڵبەستراو فەرمانی لەسێدارەیان بەسەردا درا. دوای مردنی ستالین ساڵی۱۹۵۳ ئاشکرا بوو بابل بە تۆمەتی هەڵبەستراو، دوای دادگایییەکی درۆینە تەنیا بیست خولەکی خایاندووە، لە بەرەبەیانی ۲۷ی ینایەری ۱۹۴۰دا گوللەباران کراوە.

   ئۆسیپ ماندڵشتام، لە سۆنگەی هۆنراوەیەکەوە لەسەر ستالین، دەستگیر کرا و لە یەکێک لە گرتیگە تۆقێنەرەکانی ستالیندا لەوپەڕی سیبیریا لە ۱۹۳۸دا لە دۆخێکی تەمومژاویدا مرد، کەس نازانێت لەکوێ نێژراوە.

 هەرچی ڕۆماننووس و شانۆنامەنووس میخائیل بۆڵگاکۆڤ (۱۹۴۰-۱۸۹۱) بوو، نۆڤلێتی “دڵی سەگ”ی ساڵی ۱۹۲۵ نووسی، دوای مردنی نووسەر بە نزیکەی بیست ساڵ، لە شەستەکاندا لە دەرەوە بڵاوبووەوە و تاکو ساڵی ۱۹۸۷ لە ڕووسیا بڵاونەبووەوە، تێیدا بێزاری و نیگەرانیی خۆی دژ بە شۆڕش دەردەبڕێت، ئەو لەو نووسەرانە بوو نەفرەتیان لێکرابوو و بە تەواوی لە ساڵانی دوایی ژیانیدا ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی گیرابوو.

 ڕۆمانی دایک، ئەو ڕۆمانەی لینین لەبارەیەوە دەڵێت: “دایک”ی گۆرکی چەند ساڵێک شۆڕشی بەڵشەڤیی پێشخست. هەندێک لە زمانلووسان بە ئاماژە بە کتێبەکەی گۆرکی نازناوی باوکی سۆڤیەتیان بە ستالین بەخشی، دەڵێن ڕۆژێک ستالین بە گۆرکیی وتووە: هاوڕێ گۆرکی تۆ ساڵانێک بەر لە ئێستا کتێبی دایکت نووسی، پێت وانییە کاتی ئەوە هاتووە کتێبی باوکیش بنووسیت؟ گۆرکيیش وتبووی: ئەم گەلە هێشتا بێ باوکە.

ئەم وڵامە لەسەر دڵی ستالین زۆر قورس دەبێت، ئیدی کوڕەکەی بە فێڵ دەکوژن و خۆیشی لە دۆخێکی تەمومژاویدا دەمرێت.

 ڕۆماننووس ئەلکساندەر فادێڤ، کە بۆ ساڵانێکی زۆر سەرۆکی یەکێتیی نووسەران بوو، کاتێک تاوانەکانی ستالینی بۆ دەرکەوت، بەرگەی ئەو فشارە دەروونییەی نەگرت، ویژدانی ئازاری دەدا، ئەوەبوو فیشەگێکی بە خۆیەوە نا.

باسترناکی نووسەری ڕۆمانی “دکتۆر زیڤاکۆ” کاتێک خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشی، لێنەگەڕان بچێت وەری بگرێت.

قەدەغە و گوشار تەنیا بەسەر ئەم داهێنەرانەوە نەبوون، بگرە داهێنەری تریشیان گرتەوە، لە دیارترین شاعیر و نووسەرانی وەک: دوو ناودارترین ژنەشاعیری ناوداری ڕووس لە سەدەی بیستدا، ئەوانیش مارینا تسڤیتایڤا و ئانا ئەخماتۆڤا بوون، کە زۆرێک لە کارەکانیان ڕێی بڵاوکردنەوەیان لێ گیرا.

قەدەغەکردن لە سەردەمی ستالیندا تەنیا بە نووسەرانی نەفرەتلێکراوی ڕووسەوە نەوەستا، بەڵکو بڵاوکردنەوە و دەستاودەستکردنی کارە ئەدەبی و هزرییەکانی ژمارەیەکی زۆری نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووفانی بیانيشی گرتەوە، بە پاساوی ئەوەی زیانبەخشن و لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمدا نایەنەوە. وەکو: بەرهەمەکانی جیمس جۆیس، جۆرج ئۆروێڵ، کافکا، فرۆید، نیتشە، سارتەر و هی تریش.

   ستالین لە وتارێکیدا بۆ بەرگری لە ڕووسیا دژ بە نازیزم بۆ خەڵک دەیگوت: “بەرگری لە وڵاتی پووشکین و تۆڵستۆی بکەن”.

ئەدەبی ڕاستەقینەی هاوچەرخی ڕووسی، ئێستا لە ژێرزەمینەکاندا خۆی گرمۆڵە کردووە، یاخود لە وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتە یەکگرتووەکاندا بڵاودەبێتەوە. هەرگیز ناکرێت بێژین، ئەدەبی ڕاستەقینە نییە، یاخود لە ڕووسیای ئەمڕۆدا نووسەری گەورە نین، بێگومان بە دەیان هەن، بەڵام تەنیا و گۆشەگیر و بزرن، ئەوەش بە ئارەزووی خۆیان نا، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی دەزگە پاوانکارەکانی پەخشەوە، کە تەنیا بایەخ بە ئەستێرەکانی ئەدەبی کاتبەسەربردن و ڕابواردن دەدەن، بەڵام ئەوە تەنیا پرسی کاتە، ڕووسیا وەک هەمیشە پڕە لە کەسانی خاوەن بەهرەی ئەدەبیی گەورە، ئەوانەی ڕێز لە خۆیان دەگرن، خۆیان بە دوور دەگرن لە دەزگە بازرگانییەکانی پەخش و پێشکەشکردنی بابەت بەپێی داخوازی، ئەو نووسەرانە بە هەموو توانایانەوە کاردەکەن بۆ ئەڤراندنی کاری ئەدەبیی وا شایانی مێژووی پڕ شکۆی ئەدەبی مەزنی ڕووسی بێت.  

   جەودەت هۆشیار ساڵی ۱۹۴۲ لە هەولێر لەدایک بووە. لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا یەکەم بووە، ساڵی ۱۹۵۹ لە تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریای شەشی زانستیدا یەکەمی شاری هەولێر بووە. لە کۆتایی ساڵی ۱۹۵۹دا بۆ خوێندن ڕەوانەی یەکێتیی سۆڤیەت کراوە. لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازەی کارەبا لە زانکۆی وزە لە مۆسکۆ بەدەستهێناوە. دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، لە بنیاتنانی پرۆژەی گەورەی پیشەسازی لە ساڵانی (۱۹۹۱-۱۹۶۷) بەشدار بووە. بووەتە بەڕێوەبەری گشتی، پاشان ڕاوێژکاری هونەریی وەزارەتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێستا تەرخانە بۆ توێژینەوەی هزری و کاری ئەدەبی. یەکەم کەسە ژمارەیەک چیرۆکی کافکا و ئیڤان بوونینی لە ساڵانی حەفتاکاندا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. زۆربەی وتارەکانی لەبارەی ئەدەبی ڕووسییەوە کراونەتە ڕووسی.

جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی، ڕووسی، ئینگلیزی دەزانێت.

ئەم کتێبانەی بە زمانی عەرەبی بە چاپ گەیاندوون:

۱٫ هەندێک لێکۆڵینەوەی هاوچەرخ: وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەغدا ۱۹۷۳٫

۲٫ گەنجینەکانی کەلەپووری کوردی لە خەزێنەکانی پیتریسبۆرگدا: هەولێر ۲۰۱۱٫ ساڵی ۲۰۱۵ د. شوکریە ڕەسووڵ کردوویەتی بە کوردی.

۳٫ دەسەڵاتی پێنجەم (ترپەی ژیان لە گوندی جیهانیدا): خانەی موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ۲۰۱۴٫

۴٫ ڕۆمان لە نێوان ئەندێشە و واقیعدا: دار نشر نور الالمانیە ۲۰۱۵٫

۵٫ تراژیدیای نووسەرانی ڕووس: دار الزمان، دیمەشق ۲۰۱۹٫

۶٫ گی دی مۆپاسان: دار الزمان، دیمەشق ۲۰۱۹٫

دەستنووسەکانی:

۱٫ کریستینا لە بەغدا : ڕۆمان.

۲٫ لەشکری وشەکان: ئیسحاق بابل (ژیان و ئەدەبی).

۳٫ ئیڤان بوونین (ژیان و ئەدەبی).

۴٫ ڕەگی مێژوویی تیۆری نەرمەهێز.

۵٫ ئەزموونی وەرگێڕانم لە نێوان تیۆریزە و پراکتیکدا.

۶٫ ئایا تێز (أطروحة) بۆ کتێب دەشێت؟

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئەمەبوو مەلا شوکور!

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *