خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ماشینی مەیلاژۆی ئەلف/یا و خنەخنی ڕەخنە

ماشینی مەیلاژۆی ئەلف/یا و خنەخنی ڕەخنە

ماشینی مەیلاژۆی ئەلف/یا و خنەخنی ڕەخنە
یان
بۆچی وتاری “بووتیقای نەگونجاوی پاژەکان” پووچەڵە؟

ڕەزا عەلی‌پوور

بەرایی

پرس ئەوەیە ڕەخنە چۆن بە پێچەوانەی مەبەستی خۆی دەکەوێتەوە و چلۆن ماشینی مەیلاژۆی دەق، بە مانای دۆلۆزی، ڕەخنە لە کار دەخات. وتاری “بووتیقای نەگونجاوی پاژەکان” نووسینی کاوان محەمەدپوور، وتارێکی قەتارۆکییە کە بۆ خەونێک خۆی لەبەریەک کێشاوەتەوە؛ بە ئاواتەوەیە ڕۆمانی ئەلف/یا لە کار بخات. نووسەر لە پێنج پاژدا (پێشەکی، ئەلف/یا لە سەر چ شێوازێک نووسراوە؟ سەرەتای چیرۆک، دەستنووسەکانی ئامێدی و نەگونجانی شێوە گێڕانەوەکان) کۆمەڵێک باسی پەرێشان و لێک‌بڵاوی ئاراستە کردووە. لەم نووسینەدا نیشان دەدەرێت کە زۆربەی چەمک و دەستەواژەکانی یان بە هەڵە و ناتەواو وەگەڕ خستووە، یان نەیتوانیوە بانگەشەکانی سەبارەت بە ئەلف/یا بسەلمێنێت.

ئەم نووسینەی بەردەست ڕێ لەوە ناگرێت ئەلف/یا وەبەر خوێندنەوەی ڕژد نەخرێت، چونکوو لە سەر ئەو بڕوایەم ڕەخنە لانیکەم دەبێ بە دەق بڵێت لەگەڵ خۆیدا هاوسان نییە. بەبێ هیچ پێچ و پەنایەکی ڕیتۆریک، دەمەوێت ئەوە دەربخەم کە سەرەڕای بانگهێشت‌کردنی چەندین تیۆریی لێک‌‌ دوور، گەلێک بیرمەند، شێواندنی ئەدگار و کپکردنی دەنگی ئەلف/یا، وتاری “بووتیقای نەگونجاوی پاژەکان” لە مسۆگەرکردنی ئاواتەکەیدا نوشوستی هێناوە.

بە تەمابووم لەسەر یەکەیەکەی کێشە و هەڵەکانی “نەگونجاو” وەک نموونەی زۆپی ڕەخنەی زۆربڵێی هیچ‌نەڵێ، بدوێم. بەڵام لێرەدا بەتەنێ لەسەر جومگە سەرەکییەکان و هەندێک پاژی بناغەیی وتارەکە دەدوێم کە ڕاستەوڕاست بەرەنگاری ئەلف/یا بوونەتەوە.

دەستەونەزەر، تیۆری‌بێز، داهێنەر

بنکۆڵییەکی ئەوتۆی ناوێت تاکوو بزانرێت وتاری “نەگونجاو”، ئایدیال تایپی چەشنێکی ڕەخنەیە کە سەر بە گوتارێکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆیە؛ دەستەونەزەر دەوەستێت و ئەوەی وەک فەرمان پێی گوتراوە، قڕوقەپ لە گوێی دەکات و سەرەڕای هەراوهوریاکەی لە زەین و زاری خۆیەوە هیچ دەرنایەت. پێشتریش باسم لە هەندێک کێشەی ڕەخنەی ئەدەبی کردووە، کە یەکیان تیۆری‌لێدراوییە. واتە ڕەخنە لەباتیی ئەوەی بە پاڵپشتیی تیۆری، لە سەر لاقی ئیستیدلال و بەڵگەهێنانەوەکانی خۆی ڕابوەستێت، پەلاوپەل خۆی دەسپێرێتە تیۆری و بێ خوست و دەستبەتاڵ ملکەچی حوکمی تیۆری دەبێت. لەباتیی ئەوەی لە گوزەری تیۆرییەوە ئایدیاکانی خۆی پەروەردە و فراژو بکات، یانژی چەمک و تێرمەکان ساو و سیوسیوە بدات، یاخۆ لە ڕێڕەوی ڕەنێوهێنانی ئایدیاکانی خۆی، تووشی خواروخێچیی داهێنەرانەیان بکات، دێت و ڕاستەقانی و میکانیکی لەگەڵ چەمکەکاندا دادوبەست دەکات؛ هەر ئەمە چەمک گەندەڵ و پەیڤی خۆی هەرۆڵ دەکاتەوە.

ئەو گوتارە بە دالی مەزن و زەبەلاحەوە خۆی هەڵدەنێت، دەبێ هەندێک دالی وەک مۆدێرنیزم، پۆست‌مۆدێرنیزم، و… هەبن تا خۆی لە قاپێلکەیدا بتوێنێتەوە. خۆی ژێرناوی یاسای باوکە، بە مانای فرۆیدی، بۆیە ناتوانێت هیچی دیکە ناودێر بکات. لە ژێر سێبەری دالی ئەعزەمدا ناتوانێت چەمک و دەستەواژە ڕۆبنێت، هەموو هێڵە سەرەکییەکان بە جۆری پێشینی بۆی داڕێژراون. خەریکم باسی وتاری “نەگونجاو” دەکەم. حەز دەکات کارگەی بەرهەمهێنانی دەقانێک لێ بدرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئەودا بن. چونکوو بڕوای بە شلک و چەمەوازی و باری ئێلاستیسیتی ئەدەبیات نییە ئیدی ناتوانێت دەقانێک قەبووڵ بکات کە لەگەڵ پۆلێنکاری و هێڵبەندییە ڕەقەکانیدا یەکانگیر نین و کەوشەن دەبەزێنن. دەسڵەمێتەوە کە کتوپڕ لەگەڵ زمانێکی نامۆ و تیکەڵکردنی زاراوەی دیکە و جومگەبەندیی نوێ و بەگشتی ماشینی مەیلاژۆ بەرەوڕووببێتەوە. ئەم چەشنە ڕەخنەیە هەمیشە دڵی لای ڕێگا کوتراوەکانی ئەدەبیاتە. بۆیە زەینییەتێکی ئەلگۆریتمیی هەیە، ڕێگە بە خۆی دەدات بڵێت ئەم بەشە لەسەریەتی یان لەسەری نییە وەها بێت، فڵانە تەکنیک دابنێ و فیسارە دامەنێ. نازانێت دەقی داهێنەرانە لە سەر ئەساسی ئەو ڕاسپێری و فەرمایشتانە گشتییەتی دژوازی خۆی ڕۆنانێت و مل لە لاڕێ دەنێت. کۆنکرێتتر بێمەوە سەر وتاری “نەگونجاو”؛ دەڵێت ئەو تەکنیکە پێویست نییە و نەدەبوو ئەو گۆشە نیگایە بگۆڕدرایە، چونکوو هەموو ڕۆمانەکەی تووشی کێشە کردووە. گەرچی باسی ناکات چ کێشەیەک، بەڵام ڕوونە زەینییەت و ئاسۆی چاوەڕوانیی ئەوی تووشی تەنگژە کردووە.

ڕەخنەی بەربار و بەو پێیەوش وتاری “نەگونجاو” ڕەخنەیەکی کەم‌بینا و بوغزنە. کەم‌بینایە چونکوو مەودای بەجێی خۆی لەگەڵ دەقدا دیاری نەکردووە. ئەو چەشنە ڕەخنەیە یان لە دوورەوە دەوەستێت و نمایەک دەبینێت دوورە دیمەن، یان نزیک و داخراو دەڕوانێت کە هەندێ پاژی ورد و گچکە، لە خۆی زل و زەبەند دەکاتەوە. لە باری یەکەمدا تووشی گشتی‌بێژی دەبێت. لە دۆخی دووەمدا دەبێتە وتاری “نەگونجاو”. واتە چەند پاژ وەردەگیردرێت و کۆی ڕۆمان لەوێوە دەخوێندرێتەوە؛ غافڵ لەوەی خوێندنەوەی ڕۆمان بە تەنێ خوێندنەوەی پاژێک و پارێکی هەڵقەندراو و دەرهەستکراو، شیکاریی کەسێتییەکی دەرهاوێژراو، یانژی بوون و نەبوونی تەکنیکێک نییە. ئەم ڕەخنەیە، بەپێی ئەخلاقی کۆیلە، ڕقاژۆ و بوغزنە. بۆچی وایە؟ چونکوو خۆی نەزۆکە و هیچ داناهێنێت. پێملی هەندێک حوکمی پێشینییە بە مانای کانتیی، بۆیە ڕقی لە دەقی ئەزموونییە و حەزی لە بواری سەلماو و ڕێگەی پێوراوە. وا نەبێت ناکام دەبێت لە گەیشتن بە داخوازییە پوواو و سواوەکانی خۆی و تووڕە دەبێت لەوەی کە دەقێک ئایەرەکانی ویی لار و لەرۆک بکات. بۆیە ئیلکەم و بیلکەم دەخوازێت دەق بترنجێتە بازنە و قاڵبێکەوە و ئەوجا سووکایەتیی پێ بکات. هەر دەقێک ئەو ئارامییەی تێک بدات، ناوی نەگونجاویی، شپرزەیی، کێشەسازی و نالەباریی… لێدەنرێت. لە کاتێکدا بە خوێندنەوەی دیکە هەمووی ئەوانە دەتوانن وەسفی لەبار و پۆزەتیڤ بن. وتاری “بووتیقای نەگونجاو” لەو بازنەیەدا خول دەخوات.

لەوانەیە ئەم باسە بەدحاڵیبوونی بۆ هەندێک زەینی تەوەزەل هەبێت و بگوترێت با لەبەر تیۆری لێدراوی، بە پشت لە تیۆری هەڵبرێت و ڕەوایی بە ڕەخنە و خوێندنەوەی نەریتی و بێ ناوکۆ بدرێت، ڕێک بەرەواژی ئەو تیۆریی بێزییەم مەبەستە. هەژاریی تیۆریک و ڕەخنەی پڕ، کە لە سەر بنەچەکی وریایی تاکی و عەقڵی سەلیم وەستابێت هیچی لێ شین نابێت. بابەتگەرێتیی بەباو و خۆ دوورخستنەوە لە ڕوانگەی دەرهەست و تیۆریک، ناکارێت بە ڕاستۆکی چ نیشانەیەک لە دەق بپێکێت. کەواتە گەرچی تیۆری‌لێدراوی جێگەی ڕەخنەیە، بەڵام لە چاو خوێدندنەوەی خاو و تێگەیشتنی بەباو، لە ڕاستی نزیکترە.

لێکەوتەی تیۆری‌لێدراوی زۆرن، لەباتیی ئەوەی ڕۆمان بخوێنێنتەوە، بەوە ڕازی دەبێت دەربارەی ڕۆمان بخوێنێتەوە. ئەمەش لە وتاری “نەگونجاو”دا دەبریقێتەوە. ئەستەمە خوێندەی ڕۆمان وا لە لۆژیکی ڕۆمان تێبگات کە وتاری “نەگونجاو” تێگەیشتووە. چۆن؟ بە نموونە هەندێک باسی لە مەڕ زمان و عەینییەتەوە کردووە، بە خوێندنەوەی ڕۆمانە مۆدێرنیستییەکان تێدەگەیشت چەندە لەو چەشنە داڕشتن و ڕستەسازییانە هەنە و بوونی ڕشت و ڕستی لەو چەشنە دەق دانالەکێنێت. بەودیویدا کارگێڕی تیۆری بێز، ڕەخنە و تیۆری بە ئەدەبیات و بە ناوکۆی تێگەیشتنی باشتر لە ئەدەبیات دانانێت، بۆیە گەر بەشێکی باشی ئەدەبیاتیش بخوێنێتەوە ناتوانێت قسەیەکی ئەوتۆی هەبێت.

ئەدی چی بکرێت؟ دەبێت ڕەخنەی داهێنەر وەگەڕ بخرێت.

بە پێچەوانەی ڕەخنەی تیۆری‌لێدراو و تیۆری‌بێز، ڕەخنەی داهێنەر بەجێترین بەینوبەست لەگەڵ تیۆری دەگرێت، نە یەکسەر پێملی دەبێت و نە لێی تەرە دەبێت. ئێرە تاوشتی ئەم باسەی نییە بەڵام ڕەخنەی داهێنەر بە دەر لە ئایدیا بەشینەوە، چەندە ڕووی لە ڕابردووی دەقەکانە، هێندەش هێڵ و ئاسۆی دەقانی داهاتوو دەنەخشێنێت. میکانیزمی ڕەخنەی داهێنەر، بە دوو ڕێڕەوی ناتەبادا ڕێ ‌دەکات؛ سەلماندنی تاقانەبوونی دەق، پەیدۆزیی پێوەندییەکانی دەق. ئەمەش بە ستراتێژی و ڕێکاندنی مەودای دروستی خۆی لەگەڵ دەق و تیۆری دەکرێت.

بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که‌ لە دووتوێی ٤٥ لاپەڕەدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF.

داگرتنی PDF

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *