خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «تۆ ئەوەیت، گۆڕانکاریی میتافۆرە ئاینییەکان» بڵاوده‌کرێتەوە

کتێبی «تۆ ئەوەیت، گۆڕانکاریی میتافۆرە ئاینییەکان» بڵاوده‌کرێتەوە

کتێبی ( تۆ ئەوەیت)[۱] گۆڕانکاریی میتافۆرە ئاینییەکان بڵاوده‌کرێتەوە

سەڵاح حەسەن پاڵەوان

ئەم کتێبەی کە دەیبینن یەکێکە لە کتێبەکانی ئەفسانەناس جۆزیف کامبڵ، لە دوو توێی خۆیدا بابەتێکی گرنگی کۆکردووەتەوە کە ئەویش میتافۆرە (قسەی بەمانا، کینایە، مانادار) لە نێو ئاینەکان، بەتایبەت گرنگییەکی زۆر دەدات بە بوونی ئەم میتافۆرانە لە نێو ئەفسانە و ئاین و شێوەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ سیمبول و بەسەرهاتەکاندا. کتێبەکە باس لەوەش دەکات کە چۆن ئەفسانە ڕێچکەی خۆی بۆ نێو ئاینەکان دۆزیوەتەوە و بووەتە بابەتێکی واقیعی و دوور لە خەیاڵ و فەنتازیا. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێ وتار و وانە و گفتوگۆی جۆزیف کامبڵ پێکدێت، لە هەمبەرییەکان و ئاین دەدوێ، سەرباری وردبوونەوەیەکی ناوازە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئەفسانە، زاراوە و باسەکانی ئاین لە هەمبەر ژیان و ئەندێشەی مرۆڤ لێکدەداتەوە، دووبارە چاوێک دەخشێنێ بە هەندێ لە پرسەکانی نەرێتی ئاینیی، بەتایبەت لە ئاینی مەسیحی و جوو، وەک ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و لە دایکبوون و لە خاچدان و هەستانەوەی مەسیح و هەروەها ئەو سیمبول و ڕازانەی لە نێو ئەم دنیایەدا دێنە بەکارهێنان، پاشان وێنەکان لە بەردەم ئاوێنەی ئەفسانەدا دادەنێ و مانا توێکڵدارەکانی لێ هەڵدەماڵێت و ئەو مانایانەی هەزاران ساڵە لە پشتەوەی ئەفسانەوە خۆیان خزاندووەتە نێو ئاینەکان.

ئەو دەڵێ رۆژئاواییەکان ئەو شتەی زیاتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئایندا پێوەی دەناڵێن، ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی وەک میتافۆر و مانا توێکڵدارەکان بڕواننە سیمبولی ئاینییان، بە شێوەیەکی مانای پڕ بە پێست شتەکانیان لێکداوەتەوە، کامبڵ پێی وایە نابێ وشە بە وشە و مانای فەرهەنگیانە تێکستەکانی ئاین شیبکرێتەوە، بەڵکو دەبێ بڕوانینە مانای پشتەوەی وشەکان، ئاماژەی وشەکان، ئەو توێکڵانەی دەوری وشەکانیان داوە.

بە پێی بۆچوونی جۆزیف کامبڵ، میتۆلۆلۆژیا بە یەک مانا ڕێک ئەو ئۆرگە گەورەی کڵێسا و ئەو ئاوازەیە کە دروستی دەکات، لە ڕێگەی نزیکەی سەد لوولەوە ئاوازەکان دێتەدەرێ ومۆسیقایەکی بێوێنە دەسازێنێ. دیارە ناونیشانی ئەم کتێبە لە دەستەواژەی (تۆ ئەوەیت)ی سانسکریتییەوە وەرگیراوە، واتە تۆ ئەو وێنەیە کە خۆت دەربارەی خۆت هەتە، نەک ئەو وێنەیەی چاوەکان و ئاوێنەکان پیشانت دەدەن، جۆزیف کامبڵ بەبێ سڵکردنەوە دەچێتە نێو وێڵگەکانی ژیانی ئاینی، لەوێدا ئەو ڕەمزوڕازانە دەدۆزێتەوە کە کرۆک و ڕۆحی ئەفسانە پێکدێنن و دزە دەکەنە نێو ئاینەکانەوە، بەمەش ناوەستێ زیاتر و زیاتر بەنێو قوڵایی ئاینەکانی تریشدا دەڕوات و لە دێرین زەمانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ژیانی مۆدێرن و ئاماژەکانی سەردەم لەگەڵ ئاین هاوبەرامبەر دەکات.

ئەم کتێبە دەکرێ بڵێین بۆ دوو جۆرە خوێنەر نووسراوە، سادەخوێنەران و دەستەبژێران، بابەتەکانی باس لە ژیانی سادە و سیمبولە سادەکان دەکات، بەڵام بە نێو مانا و سیمیۆلۆژیا و خوازیارەکانی ئاینیشدا شۆڕدەبێتەوە و هەندێ نموونەش لە کتێبەکانی خۆی (پاڵەوانی هەزارڕوو)، ( دەسەڵاتی ئەفسانە) و ( ژیان لە سایەبانی ئەفسانەدا) دەهێنێتەوە.

پاش پێشکەشکردنی پێشەکییەکە لە لایەن (ئاوگینس کەندەی) لەمەڕ لایەنە گرنگ و ڕوونەکانی بیرکردنەوە و تێفکڕینی جۆزیف کامبڵ، دەچینە نێو بەشی یەکەم ( میتافۆر و نهێنی ئاینی)، لەم بەشەدا نووسەر قسە لەسەر لایەنە گرنگەکانی مانای ئەفسانە دەکات، هەروەها رۆڵ و پلانی ئەفسانە لە دەستنیشانکردنی مەوداکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ و نەخشە دیارەکانی لە ژیاندا، پاشان دێتە سەر باسکردنی میتافۆر و زمانی خۆجێی ئەفسانە. بەمەش ڕاناوەستێ هەندێ نموونەی زیندوو پێشکەش دەکات لەمەڕ چۆنیەتی لێکدانەوەی خەڵکی بۆ میتافۆرە هەمەچەشنەکانی نێو حەکایەت و باسە میتۆلۆژیییەکان. لە بەشی دووەم لە ئەزموونی نهێنی ئاینی، باس لە سیمبولیزم (نیشانەناسی) و ئەزموونی ئاینی دەکات، ئینجا دێتە سەر ئەزموونە شاراوەکانی نێو ئاین و ئەفسانە، لە بەشی سێیەمی ئەم کتێبە قسە لەسەر تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ خواوەند دەکات، هەروەها ئەو سیمبولانەی لە دەرەوەی زەمەن و شوێنن شیان دەکاتەوە، لە بەشی چوارەم قسە لەسەر ڕوانگە ئاینیەکان و ڕۆڵی ئایینناسی تەقلیدی دەکات. بەشێکی تەرخان کردووە بۆ لێکدانەوەی سیمبولەکانی نێو ئاینی مەسیحی و جوو هەر لەسەرەتای ئەو بەشەدا لێمان دەپرسێ: ئەو خوایەی تۆ دەیپەرستی چۆنە؟ بەم پرسیارەش دەمانباتەوە بۆ لای باوکی باوکان ئیبراهیمی یەکەمین پەیامبەری خوای ئاسمانی و یەکتاپەرستی، لەوێشدا ماناکانی بە پێغەمبەربوون و هەڵهاتن و یاخیبوون شیدەکاتەوە. لە دواین بەش پێش ئەوەی ئامادەکاری کتێبەکە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی جۆزیف کامبڵ بڵاوبکاتەوە، کۆمەڵێ زاراوەی نێو ئاینەکانمان بۆ لێکدەداتەوە بە بەراوردکاری و دزەنیگای ورد بۆ مانا بنەڕەتی و ڕەسەنەکانی، بۆ نموونە ئاماژە بە (منداڵبوون لە پاکیزە) کات، واتە کرۆکی پرسی ئاینی مەسیحی ، چۆنییەتی گواستنەوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ نێو ئاین، چ مانایەکی شارە لەو شێوە لەدایکبوونەدا هەیە، بە وردی نموونە و سیمبولەکانی ئەم لەدایکبوونە شیدەکاتەوە، وەک میتافۆر لێکدانەوەی بۆ دەکات، باسێکی وردیش لەسەر زاراوەکانی نێو تەورات دەکات: وەک ( ئەشکەوت) کە ئێمە لە قورئاندا (یاوەرانی ئەشکەوتمان) هەیە.. پاشان جەند باسێکی تر لەسەر کۆرپەڵە لە ئاینەکاندا و ڕۆڵیان لە بە سیمبولکردنی ڕووداوەکان، لەوێشەوە باسێکی قوڵی منداڵ دەکات کە ڕۆڵی مامۆستا دەبینێ، وەک بودا لە بودیزم و یوسف کاتێ بە منداڵی پێشبینی گۆڕانکارییەکانی ژیان و گەردوون دەکات، هەروەها لە خاچدانی مەسیح و مەرگ وهەستانەوەی  لە ڕوانگەی شتنەوەی گوناهەکانی مرۆڤ و قوربانیدان بۆ کەفارەتکردن دەبێتە باسێکی تری نێو ئەم کتێبە. ڕەمزەکانی خیانەتی ئاینی شیدەکاتەوە، یەهودا بە نموونە دەهێنێتەوە، هەروەها لە ئاستی (ئاخر زەمان، پەسڵان) دەوەستێ و بە ڕوانگەیەکی میتافۆرییانە تەماشای دەکات، بە جۆرێ لە نوێبونەوەی گەردوون و ژیان لێکی دەداتەوە.

____________________________

[۱] – تۆ ئەوەیت، گۆڕانکاری میتافۆرە ئاینییەکان، نووسینی: جۆزیف کامبڵ، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەڵاح حەسەن پاڵەوان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ، ٢٠٢١

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *