خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمانی «بێگانە»ی ئەلبێر کامو بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «بێگانە»ی ئەلبێر کامو بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «بێگانە»ی ئەلبێر کامو بڵاوکرایەوە

ژان پۆل سارتر

ڕۆمانی «بێگانە»ی ئەلبێر کامو تازە بڵاو ببووەوە، ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردبوو؛ ئەوسا دووبارەمان دەکردەوە و دەمانگوت لەوەتەی «ئاگربەست» لە ٢٢/٦/١٩٤٠دا ئیمزا کراوە، باشترین کتێبە کە بڵاو بووبێتەوە. لە ناو بەرهەم‌هێنانی ئەدەبیی ئەو سەردەمەدا، ئەم ڕۆمانە بۆخۆی بێگانەیەک بوو. لەودیوی هێڵەوە بۆمان هاتبوو، لەوبەری دەریاوە، لەم بەهارە ژاکاوە بێ گەرم‌وگوڕییەی ئێرەدا باسی خۆری بۆ دەکردین[۱]؛ ئەمەش نەک وەک جوانییەکی دەگمەن و نامۆ، بەڵکوو وەک هۆگرییەک و ناسینێکی ماندووی ئەوانەی زۆر شادییان بینیوە.

ئەم ڕۆمانە خۆی بەوە خەریک ناکا کە لەم سەردەمی جەنگەدا بە دەستەکانی خۆی ڕژێمی کۆن لە گۆڕ بنێ یان ڕق و کینەمان بەرز بکاتەوە؛ بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی، ئەمەمان بەبیر دێتەوە کە جاران هەبووە کاری ئەدەبی وەک خۆی نرخێکی گەورەی هەبووە، بەڵام هیچ شتێکی نەسەلماندووە.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە، ڕۆمانەکە هێشتا پڕ لە تەم‌ومژە: چۆن لەم کەسایەتییە بگەین کە بۆ ڕۆژی دوای مردنی دایکی، دەچێتە مەلەوانی، پێوەندییەکی جەستەیی دادەمەزرێنێ و دەچێ لە بەرانبەر فیلمێکی کۆمێدیدا پێدەکەنێ؛ دواتر دەچێ عەرەبێک دەکوژێ «بە هۆی کاریگەریی خۆر» و بۆ ڕۆژی لەداردرانیشی، بە دڵنیاییەوە دەڵێ: بەختەوەر بووە و ئێستاش بەختەوەرە و هیوای ئەوەش دەخوازێ کە ئەوانەی دێن بۆ سەیرکردنی لەداردرانی، گەلێک زۆر بن و بە «هاوار و ڕق و کینەوە پێشوازیی لێ‌بکەن.» لەوانەیە هەندێک بڵێن: «ئەم گێلە کوڕێکی هەژارە.» هەندێکی دیکە باشتر، وێڕای ڕوانینێکی قووڵتر بڵێن: «ئەمە بێگوناهە». ئایا پێویست بەمە ناکا لەم بێ‌گوناهییە بگەین؟

بەڕێز ئەلبێر کامو لە کتێبی «ئەفسانەی سیزیف»دا کە چەند مانگێک دواتر بڵاو بووەوە، شی‌کردنەوەیەکی دروستی لە بارەی کارەکانییەوە پێشکەش کردووین: پاڵەوانەکەی نە باشە، نە شەڕانگێزە، نە ئەخلاقییە، نە نائەخلاقی؛ ئەم جۆرە ڕوانین و وەسفانە لەگەڵ ئەم کەسایەتییە ناگونجێ، دەبێ لە جۆرێکی تری بینین و ڕوانینی زۆر تایبەتی بۆی بچین کە نووسەر بە بێهوودە، پووچی، ئەبسێرد (Absurde) ناوی دەهێنێ. بەڵام ئەم وشەیە لە ڕوانگەی ئەلبێر کامووە دوو مانای زۆر جیاواز دەگەیەنێ: بێهوودە (Absurde) لە یەک کاتدا ئەو حاڵەتەیە کە تێیداین (واقیع)، ئەو هوشیارییە ڕوونەشە کە ئەو کەسە لە سەر ئەو حاڵەتە (واقیع) هەیەتی. ئەو کەسە بێهوودەیە کە لە بێهوودەییەکی سەرەکی یان بنچینەیی بێ هیچ لاوازییەک ئەو ئەنجامانە بە دەست دەهێنێ کە خۆیان دەسەپێنن. (…) بێهوودە، پووچی، چییە وەک حاڵەت و وەک هەڵکەوتی یەکەم؟ چ نییە جگە لە پێوەندیی مرۆڤ بە جیهانەوە. هەڵکەوتی یەکەمینی بێهوودەیی پێش هەموو شتێک وەک جیابوونەوە دەردەکەوێ: جیابوونەوە لە نێوان هیوا و ئاواتی مرۆڤ بۆ یەکێتی و دوالیزمی ماندووکەری ئەقڵ و سروشت، لە نێوان هەوڵی مرۆڤ بۆ نەمری و تایبەتمەندی، «پایان یان بەکۆتاهاتنی» بوونی؛ لە نێوان «نیگەرانی» کە جەوهەری ئەو کەسەیە و خودپەرستی بۆ هەوڵەکانی خۆی. مەرگ، پلورالیزمی ئەستەمی هەقیقەتەکان و بوونەکان، تەم‌ومژی واقیع، ڕێکەوت، ئەمانە پێکهاتووەکانی بێهوودەیین. لە ڕاستیدا ئەمانە بابەتی (thèmes) زۆر نوێ نین و بەڕێز کاموش ئەوها باسیان ناکا. ئەمانە لە سەدەی حەڤدەوە باسیان کراوە، لە لایەن جۆرێک لە ئەقڵی وشک و کورت و سەر بە ڕامان و بیرکردنەوەی فەڕەنسییانە: وەک هەڵکەوتێکی هاوبەش بۆ ڕەشبینیی کلاسیک سوودی هەبووە. ئەوە نییە بلێز پاسکال باسی ئەمە دەکا و دەڵێ: «بەدبەختیی سروشتی مەرجی لاوازیی ژیانمانە کە بکوژە؛ ئەوەندە پڕ لە کوێرەوەرییە کە هیچ شتێک ناتوانێ ئارامیمان پێ‌ببەخشێ ئەو کاتەی کە لە نزیکەوە بیری لێ‌دەکەینەوە.» ئەی ئەمەش شوێنی پاسکال لە ناو ئەقڵدا پێشان نادا؟ ئایا ئەمەش لەو ڕستەیەی بەڕێز کامو نزیک نییە و ئەمە ناسەلمیێنێ کە «جیهان نە (بە تەواوی) ئەقڵانییە و نە تا ئەو ئاستەش نائەقڵانییە.» ئایا ئەمەش ئەوەمان پێشان نادا کە «نەریت» و «سەرگەرمی و خۆخافڵاندن»، ئەم حاڵەت و هەڵکەوتانە: «نەبوون، ویڵیی مرۆڤ لە جیهاندا، ناشایستەگی، بێ‌هێزی و بێ‌توانایی و بەتاڵی»، لە مرۆڤ دەشارنەوە؟

مرۆڤی بێهوودە فڕێ دراوەتە ناو ئەم جیهانە؛ ئەو ڕاپەڕیو و نابەرپرسە، ئەم مرۆڤە هیچی نییە بەڵگەی بۆ بهێنێتەوە و ڕوونی بکاتەوە. ئەو «گوناهە». گوناە وەک ئەو حاڵەتە سەرەتاییەی کە نووسەر «سۆمەرست مۆم» باسی دەکا، کە قەشە دەگاتە کڵێسە باسی چاکە و خراپە، ڕێ‌پێدراو و ڕێ‌پێنەدراو بۆ خەڵکەکە دەکا. بۆ پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە «هەموو شتێک ڕێ‌پێدراوە»، ئەو بێگوناهە وەک «میر میشکین»ی پاڵەوانی ڕۆمانی «گێلە»ی دەستۆیۆڤسکی کە هەردەم لە ناو «ئێستایەکی ئەبەدیی پڕ لە زەردەخەنە و بێ‌باکیی جیاجیادا دەژی.» بێگوناهێک بە هەموو مانای وشە، «گێل»ێک ئەگەر حەز بکەن.

لێرەوە ئێمە بە جوانی لە ناونیشانی ڕۆمانەکەی کامو دەگەین. کامو ئەو بێگانەیەی کە دەیەوێ وێنەی بکێشێ، یەکێ لەو بێگوناهە تۆقێنەرانەیە کە دەبێتە هۆی سکاندال لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە پێی ڕێساکانی ئەو ڕەفتار ناکا. ئەو لە ناو بێگانەکاندا دەژی، بەڵام ئەو خۆیشی لە ڕوانگەی ئەوانەوە بێگانەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە هەندێ کەس خۆشیان دەوێ؛ وەک کچە دۆستەکەی: ماری. ماری برادەرایەتیی ئەوی پێ ‌خۆشە، چونکە پێی وایە کەسێکی سەیرە. خەڵکی تریش ڕقیان لێی دەبێتەوە، وەک ئەوانەی دێن بۆ سەیرکردنی لەداردرانی، هەست دەکا کە لەناکاو ڕق و کینە بەرەو ئەو دێ. بۆ ئێمەش بە هەمان شێوە، لەگەڵ کردنەوەی کتێبەکە، هێشتا لەگەڵ هەست و عاتیفەی بێهوودە (پووچی) ڕانەهاتووین. بێهوودە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێین کە بە پێی نەریت و تێگەیشتنەکانی خۆمان بڕیاری لە سەر بدەین؛ بۆ ئێمەش ئەو کەسە بێگانەیە.

 بێگانە کتێبێک نییە کە شی‌کردنەوە و ڕوون‌کردنەوە بێ. مرۆڤی «بێهوودە» شی‌کردنەوەی ناوێ؛ ئەو زیاتر وەسف دەکا. هەروەها کتێبێکیش نییە کە شتێک بسەلمێنێ. بەڕێز کامو تەنیا پێشنیار دەکا و خۆی نیگەران ناکا شتێک ڕوون بکاتەوە کە بە پێی پرەنسیپی گشتی ڕوون ناکرێتەوە.[۲]،[۳]

___________________

[۱]. مەبەستی سارتر، ژیانی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووهەمە لە پاریس.

 

[۲]. بۆ ئەم چاپە پێداچوونەوەیەکی گشتی کراوە و جارێکی تر لەگەڵ فەڕەنسییەکەی بەراورد کراوەتەوە.

[۳]. سەرچاوەی ئەم پێشەکییە:

Jean Paul Saertre (1943), Situation 1, essai critiques, Gallimard.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *