خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی«کارەساتێکی مێژوویی»

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی«کارەساتێکی مێژوویی»

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی«کارەساتێکی مێژوویی» 

عەزیز وەلیانی 

بێ‌شک هەر کۆمەڵگایەک لە پێناو مانا بەخشین بە هێما و ئامانجەکانی بۆ نیزیک بوونەوە لە ئاسۆی یوتۆپیای نەتەوەیی؛ ئەوەندەی پێویستیی بە قوربانی‌دان هەیە، چەند قات زێتر پێویستیی حەیاتی بە سەرکەوتن هەیە.

ئەگەر بەردەوام بوونی پرۆسەی قوربانی‌دان چ پێشکەوت و سەرکەوتنێک مسۆگەر نەکا، ئەوا کۆمەڵگا دەکەوێتە بازنەی چەق‌بەستوویی و ئیلیتەکانی تاوانبارن بە بیرتەسکی یان دواکەوتوویی. ڕەوتێک کە لانی‌کەم لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە تا ئاخرین ساڵەکانی دەیەی هەشتای سەدەی بیستەم، پرۆسەیەکی لێوڕێژ لە ڕەنجەڕۆیی بۆ کورد تۆمار کرد.
مەبەست وەڕوودانەوەی ئەم ڕاستەقینەیە کە لە بەر هۆکارگەلی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کورد لە ڕەوتی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی خۆی‌دا، بێ‌بەش بووە لە هاوکێش بوونی دوو مەقوولەی “قوربانی‌‌دان” و “سەرکەوتن”. قورسایی “قوربانی‌دان” گەلێ زێتر بووە تەنانەت لە “پێشکەوت” نەک سەرکەوتن. بە پێی لاپەڕەکانی مێژوو، توند‌و‌تیژی و ئیستبدادی دەوڵەتان، یەکێکە لە هۆکارە گرینگەکان بۆ خوڵقان و زاڵ ‌بوونی فۆرمۆلێکی ئەوتۆ بە سەر نەتەوەی کورددا.

لە هەمان کاتا نەک بە پێی هەڵکەوتی سیاسی و یاری کردن بە کارتی دیپلۆماسی، بەڵکوو بە گوێرەی لە‌ جۆش‌بوونی هەستی ناسیۆنالیستی، بەردەوام سوور بووە لە داوخوازیی نەتەوەیی.

بێ‌گومان ئەم پێداگرییە و سەرهەڵدانی تاک‌و‌‌تەرای بزووتنەوەکان لێرە و لە وێ، خۆ لە خۆی‌دا بۆتە هۆکارێک بۆ نەسڕینەوەی دۆزی کورد لە معادلاتی سیاسی ناوچە و تەنانەت لە ئارادا بوونی ئەو لە کۆشکی دەسەڵاتداران لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی‌دا.

ئەگەر سەردەمانێک کوردستان ببوو بە ئاوردووی شەڕەئاگری دوو زل‌هێزی سەفەوی و عوسمانی، لە شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا ئەم جارە لە نێوان ڕووسی تزاری و دەوڵەتی عوسمانی‌دا بوو بە گۆشتی سەرچەپەر!

لەم بەینەدا کەلک وەرگرتن لە پەتای دەمارگرژیی مەزهەبی لە لایەن بە‌تایبەت دەوڵەتی تورک، هۆکارێکی گرینگ بوو لە خوڵقان و زاڵ بوونی فۆرمۆلی ناوبراو. بۆ وێنە لە گەرمەی شەڕی یەکەمی عالەمی، ئەم شانۆ خوێناوییە لە ۲۰‌ی ژانوییەی ۱۹۱۶ بە گزە و پیلانی عوسمانییەکان و بە دەست سپای ڕووسی تزاری، لە بەشی موکریان نمایش درا.

ڕاستە جینایەتی سامناکی ڕووسی تزاری وەک یەکێ لە گەورەترین تاوانبارانی سەدەی بیستەم هیچ پاساوێک هەڵناگرێ، بەڵام ئەگەر تۆزقاڵێ لە کامێرای خەسار‌ناسییەوە لێی بڕوانین بۆمان دەردەکەوێ کە کوردستان، بە توێشوویەکی پشت بە سوننەت کەوتە مەیدانی کێ‌بەرکێیەکی مۆدێڕن؛ کێ‌بەر‌کێ و شەڕێک کە خوڵقاوی پرۆسەی مۆدێڕنیتە بوو. پرۆسەیەک کە دەمێک ساڵ بوو لەو دیوی سنوورەکانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرا. کەش‌و‌هەوایەک داسەپا بوو کە بزاڤی خوێندەواریی و ڕووناکبیریی کورد کەوتبووە ئەو پەڕی لاوازیی و کەنەفتی. بەرجی گۆڤاری “کوردستان”ی بەدرخانییەکان هیچ شوێنەوارێکی جیهانی مۆدێڕن لە کوردستان بەدی نەدەکرا. تەنانەت ئەگەر بە وردی “بەیت”ەکانی کوردیش بپشکنین، لە هیچ کامیان، ناوێک لە “شار”ێکی کوردنشین وەک نمادێک لە مۆدێڕنیتە نابیسی و نابینی. بەم چەشنە مۆدێڕنیتە یەکەم دیاریی خۆی لە بیچمی کۆمەڵ‌کوژی شارێک، پێش‌کێشی خەڵکی کورد کرد. دیاردەیەک کە ڕۆژاوای بەرەو پێشکەوت و زانست و زانیاری هەژاند، کەچی لە یەکەم خۆنواندنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەناوی کوردی تەزاند.

ئەم مەبەستە دیاردەیەکی ئاسایی و مێژوویی‌یە کە لە بۆشایی و نەبوونی زانیارییەکانی سەردەم، مەقوولەی دەمارگرژیی مەزهەبی، هەمیشە بۆتە کەرەسەیەکی شوێن‌دانەر لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان بە قازانجی زل‌هێزان و بە زیانی نەتەوەی بن‌دەست. نەتەوەی کوردیش بە پێی پێوەندییەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی، کەوتۆتە ڕیزی قوربانییەکانی دیاردەی ناوبراو.

لە کارەساتی ۱۹۱۶، لە گەرمەی کەڵەوەکێشی دوو زل‌هێزی ڕووس و عوسمانی، پڕوپاگەندەی خەلافەتی عوسمانی کەوتە گەڕ، شەڕێک کە هیچ فڕی بە ئایینەوە نەبوو بە ناوی “جیهاد” یا بەربەرەکانی دژ بە “کوففار”ی ڕووس، بانگەشەی بۆ دەکرا. بەرجی خەڵکی ساویلکەی نێوخۆ، بەشێک لە جەماوەری تەنکەبیری کوردیش، کەوتنە داو‌‌و‌‌تەلی هەلپەرستانەوە. بەڵام خاڵی جێ‌سرنج، هەڵوێستی کوردە لە حاست ڕووداوێکی ئەوتۆ.

قازی فەتاح، پیاوی ژمارە یەک و دەست‌ڕۆیشتووی ئەو کاتی دەڤەری سابڵاغ، بێ ئەوەی وەک بنەماڵە مریدی تەریقەتێکی مەزهەبی یان گیرۆدەی یەکێ لە بنەماڵە شێخەکان بێ، بوو بە مقاشی دەستی عوسمانییەکان و بە دنەی ئەوان فیتوای “جیهاد”ی قۆستەوە بۆ تێوەگلان لە شەڕێک کە قەڵت‌و‌بڕی نیزیک بە ۱۰۰۰۰ کەسی لێکەوتەوە، بێ ئەوەی هیچ فڕی بە چارەنووسی خەڵکی کوردەوە هەبێ!

ویلهێم لیتن (۱۸۸۰-۱۹۳۲) سەرکونسولی ئەوکاتی ئالمان لە تەورێز، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ قازی فەتاح دەڵێ: “… پاش ئەوەی دەسەڵات و دەست‌تێوەردانی تورکەکان لە کاروباری ناوچەی کوردستان پەرەی سەند، سروەت و سامانی ئەویش [قازی فەتاح] وەک ڕان و پاتاڵ و مڵک‌و‌ماش تا بڵێی پەرەی سەندبوو. کە وا بوو ئەگەر هاتوو ڕووسەکان سەر‌لە‌نوێ بە سەر ئەم ناوچەدا زاڵ ببنەوە، لە چاو ترووکانێکا لە حاکمێکی بە ‌زیبک و زاکوون دادەبەزێ بۆ ڕاکردوویەکی ئاتاج و دەست‌کورت. بەم هۆیە لە شکستی تورکەکان گەلێ مات و پەرۆش بوو.” هەر لەم پێوەندییەدا لەمەڕ پەیمان‌نامەی سیڤەر کە بۆ ڕاگەیاندنی خودموختاری کورد یا دامەزرانی وڵاتێکی سەربەخۆ، دەرفەتێکی گونجاو ڕەخسا؛ یلدیز لە سەر ئەم باوەڕەیە کە “دەوڵەتی ئەو کاتی بریتانیا؛ دیاری کردنی مافی چارەنووسی بۆ کورد سەلماند، بەڵام بەم بیروبڕوا نابەجێیە، چەتی تێخست کە ناتوانی ڕێبەرێکی کورد بدۆزییەوە کە لە پێناو ئامانجی بەرز و گەورەتر، دەست لە بەرژەوەندی خۆی و عێلەکەی هەڵگرێ”

بێ‌شک بەرپەرچ‌دانەوەی ئەم هەڵوێستەی بریتانیا، شرۆڤە و تەفسیری سەربەخۆ هەڵدەگرێ، بەڵام ئەگەر خۆمان بە لاڕێ‌دا نەبەین، هەندێ ڕەگەی ڕاستیشی تێدا بەدی دەکرێ.

خوێنەری هێژا!ئەم ڕستانە هیچ لە جینایەتی ڕووس کەم ناکاتەوە، بەڵام بە لەبەر چاو گرتنی تایبەتمەندییەکانی سەردەمی نوێ و تەنینەوەی زەنگی گۆڕانکاری خێرا لە هەموو بەستێنەکانی سەر بە ژیانی کۆمەڵگا، دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کە لە دەربیجەی “نەقد” و ‌‌هەڵسەنگاندنەوە بڕوانینە مێژووی لانی‌کەم سەد ساڵ لەمەوبەری نیشتمان. “نەقد”ێک نەک بە مەبەستی بەرد تێگرتن لە ڕابردوو و تێک‌ڕمانی ساباتی دەسکەوتەکان، بەڵکوو “نەقد”ێك کە پشت‌ئەستوور بێ بە پرنسیپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و عەقڵانییەت. عەقڵانییەتێک دامەزراو لە سەر بنەمای بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵگا و بە دوور لە جەغزی تێل‌بەندی هەر ئایدۆلۆژییەک و پاوانی بەرتەسکی بیری عەشیرەیی.

گەشە و جێ‌کەوتنی “نەقد”ێکی ئەوتۆ، لە هەر کۆمەڵگایەک، سەمبولێکە لە گەورەیی و کەرامەتی ئینسانەکانی ئەو کۆمەڵگایە. فەخر و شانازی بە مەزنەپیاوان و پەسنی بوێری و لە ‌خۆ بوردوویی ڕۆڵەکانی نیشتمان بە‌تایبەت بۆ گەنج و لاوەکان، یەکەم دەرسە لە پێناسەی نەتەوەیی، بەڵام لە هەمان کاتا بۆژە کردن لە نەقد و لێکدانەوەی هەڵوێستی چەوتی مەزنەکان، باریکەڕێیەکە بەرەو کاولەمەنزڵی مێژوو کە تاقە بەرهەمی ئەو وەستان و گنخانی بیر و زەینی کۆمەڵگایە و بەس.

ئەوەی ڕاستی بێ هەر لە سەردەمی یەکەم برووسکەی بزووتنەوەی کلاسیکی کورد لە ساڵی۱۸۸۰(بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی)تا ۱۹۳۷(بزووتنەوەی شێخ ڕەزا دەرسیمی)، ڕاسان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تەنیا بە ‌ڕێچکەیەک‌دا تێپەڕ بووە:

گووران سەرهەڵدان خەبات و قوربانی‌دان نسکۆ بردن و ئینجا شکست

دووپات بوونەوەی ڕەوتی تراژدی‌ئاسای لەم چەشنە، بەشێکە لە تایبەتمەندی کۆمەڵگا سوننەتییەکان کە بە هۆی نەگۆڕ‌ بوونی بیروڕای گشتی، چ ئاڵ‌و‌گۆڕێک لە میکانیزمی بەرەنگاری بەدی نایە. ئەم دۆخە تەنانەت سەردەمی پاش شەڕی یەکەمی جیهانیش دەگرێتەوە کە کێشەی کورد کەوتە پڕۆسەی “دەوڵەت، میللەت”ەوە. بەڵام بە هۆی بێ بەهرە بوون لە دەسکەوتەکانی مۆدێڕنیتە و نەبوونی ئیستراتیژییەکی دیاری‌کراو، هەر بە دەوری بازنەی سیاسی پێشینیان لە خول‌دا بوو، بە چەشنێ کە بە هۆی بێ‌بەشی لە: ڕێبەری کاریزماتیک، دیپلۆماسییەکی کارا، کۆدەنگیی پێویست، نەیتوانی لە وەدی‌هێنانی گەڵاڵەکانی پەیمانی سیڤەردا دەورێک بگێڕێ. هەمیسان ئەژنۆی کەسەر لە ئامێز و چاوەڕوانی “قارەمان”ێکی ‌تر و سەرهەڵدانێکی ‌تر!

یەکێک لە گەمەکانی دنیای سیاسەت، ئەم ڕووداوە بوو کە پاش ۲۹ ساڵ، لە سەردەمی کۆماری کوردستان، سپای ڕووس، هەڵبەت بە سیاسەت و مەبەستی جیاواز و بە ناوی یەکێتی سۆڤیەت و ئەرتەشی سوور، پێی نایەوە شاری سابڵاغ. بەڵام تۆ بڵێی بەڵگە و دیکۆمێنتێک دەست کەوێ کە بە پێی ئەو، ڕێبەرانی پایەبەرزی کۆمار لە سەر ئەم مافە پێداگریان کرد‌بێ کە بەرپرسانی یەکێتی سۆڤیەت دان بە کارەساتی گورچوبڕی ۱۹۱۶ دابنێن و بە فەرمی داوای لێبووردن لە خەڵکی موکریان بکەن و تاوانەکان قەرەبوو کەنەوە؟! هەر چەند پشتگیری ئەوانیش لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی سارد، دوای ڕێک‌کەوتن لەگەڵ دەوڵەتی قەوام، فەشەلی هێنا و ئەم گرفتە وێڕای بەتایبەت دژ‌بەری زۆربەی عێل و عەشیرەتەکان، بوو بە هۆی تێداچوونی کۆماری کەم‌تەمەن و هەمیسان لە بەهارا ڕەشەبا هەڵیکردێ و خەزانێکی تووش و وەیشوومە بوو بە تاقە وەرزی دەیان ساڵ.

یەکێ لە گرینگترین پەراوێزەکانی جینایەتی دڵ‌هەژێنی ڕووسی تزاری، پوش‌بەسەر کردنی هەواڵی ئەم کارەساتە بوو. ئەم ڕووداوە هەم لە لایەن دەوڵەتانی قاجار و پەهلەوی، هەمیش لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت، ئینگلیز و تورکیا، لە سەر دارەمەیتی خوێن بەڕێ کرایە گۆڕستانی فەرامۆشی. تەنانەت لە پەیمان‌نامەی “وەرسا”ش کە تایبەت بوو بە سکاڵای ئێران لە دەوڵەتانی بەشدار لە شەڕ، بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکان، هیچ ئاماژەیەک بەم جینایەتە نەکرا.

ئەم بێدەنگییە پڕ ڕەمز و ڕازە، هەڵوێستێک بوو بۆ سڕینەوەی ئەو لە لاپەڕەکانی مێژوو. بە چ مەبەست ؟!

لە کاتێکا سەدان ساڵ لەمەوبەر، دەیان ڕووداوی سەیر‌و‌سەمەرەی بارەگای شاهانی قەجەر و سوڵتانانی عوسمانی لە مێژوودا تۆمار کراون، وەک: ئاغا‌محەممەد خانی قاجار بە هۆی چڵێسی لە سەر کووزێک کاڵەک سەری تێداچوو! شێوازی هەڵس‌و‌کەوتی نادرشا و سوڵتان سەلیم و سولەیمان لەگەڵ کوڕەکانیان! بەرچایی شاعەبباسی سەفەوی و مرخ و ئیشتیای سمایل‌شای سەفەوی چ بووە؟ شاهان و خەلیفەکانی عوسمانی چەند حەرەمسەرا و کەنیزەکیان هەبووە؟ و… . بەڵام ڕووداوێک کە تەمەنی لە ۱۰۰ بەهار هەوراز ناچێ، بە جارێ کەوتە سیاچاڵی مێژوو. بۆچ؟ وروژاندنی پرسیارێک بۆ لێکۆلەرانی بەشی سیاسەت و مێژوو.

ڕاستە تەمەنی ئەدەب و مێژووی نووسراوەمان چی بە بەرەوە نییە، ڕاستە کوتوویانە مێژوو لە سەر پشتی ئەسپ نانووسرێ، بەڵام جینایەتی باسکراو ڕێک لەبەر دەروازەی دنیای مۆدێڕن ڕووی دا! ئەی بێدەنگی و خەم‌ساردی نوخبەی کورد چی؟

تەنیا ئەم کورتە ئاماژەیە شک دەبەم کە پاساوێک بێ بۆ دم ‌وێکنان و دەنگ هەڵنەبڕیی نوخبەی کورد:

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ۱۹۱۷، زۆربەی بزووتنەوە ڕزگاری‌خوازییەکانی جیهان کەوتنە ژێر پاوانی ئایدۆلۆژی مارکسیسم لنێنیسم. بێ‌شک بیرگەی مێژوویی(حافظەی تاریخی) گەلانی ڕۆژهەڵات کە هەڵگری گەلێ بیرەوەری تاڵ و ڕابردوویەکی لێوڕێژ لە چەوسانەوەی بێ بڕانەوە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی بوو، کەش‌و‌هەوایەکی پێک‌هێنا کە تێئۆری چەپ لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە وەک ئیلهامێک بۆ ڕزگاری لە دۆزەخ وەرگیرا و پایەندازی بۆ کرا. لە پاش دامەزرانی ئەحزابی چەپ سەر بە بلووکی یەکێتی سۆڤیەت لە ئێران، عێڕاق، تورکیا و سوریا، تا ڕادەیەکی بەرچاو بزاڤی ڕووناکبیری و جووڵانەوەی نەتەوەیی کوردیش کەوتنە ژێر کارتێکردنی ئەوان و بەشێکیش بوون بە ئاڵاهەڵگری ئەندێشەی “مائۆ” ڕێبەری شۆڕشی چین.

بە واتایەکی‌ تر، وێڕای ڕوانگەی گشتیی ئەحزابی چەپ، ئەمانیش چ لە حاست سۆسیالیزمی دامەزراو یا لە حاست بنەمای ئەندێشەی بناغەدانەری یەکێتی سۆڤیەت (لێنین)، جگە لە کڕنۆش و قبووڵی ئەم تێئۆرییە، چ هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەیان نەبوو. بەم پێ‌ودانە، دەبێ بە مەسڵەحەتیان زانیبێ، لێفە لە سەر ”ئاغا” لا نەدەن.

ئەگەر ئەم شیمانە چەتی تێنەکەوێ و ڕووی ڕاستی بە خۆیەوە ببینێ، دەتوانین بێژین ئەوا لە قاودانی کوشتاری هەزاران پەپوولەی بێ تاوان، بوو بە پێخوستی مل‌کەچ بوون بۆ ئایدۆلۆژیایەک!

وێدەچی ئەم وڵامە بەرەو ڕووم بێتەوە کە زۆرینەی کورد بە‌تایبەت و جیهان بە‌گشتی، ئاگاداری ئەم کارەساتە نەبوون و نین و چ بەڵگەی یاساپەسندیش لە ئارادا نییە و هەر ڕێیەکی بگرینە بەر، بە سەر هەواری خاڵی‌دا دەکەوین. کە وا بوو وا باشە دیزە بە دەرخۆنە بکرێ و کای کۆن بە با نەکەین.

ڕاستە لە یەکەم مانگ و ساڵانی پاش کارەسات، وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەت، تورکیا، ئینگلیز، کپ داکەوتن و لە هیچ کۆڕ و ئاقارێکی نێونەتەوەیی، تەنانەت کە گەرمەی کێ‌بەرکێی سیاسی دژ بە یەکیش، متەقیان لێوە نەهات.

هەر وەها وەزارەتی شەڕ و ئەسنادی نیزامی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە تا ساڵی ۲۰۵۳، لەمەڕ شەڕی یەکەمی جیهانی و بە‌تایبەت لە سەر مێژووی ساڵانی ۱۹۱۴ تا ۱۹۲۱ی ئێران، هیچ بەڵگە و دیکۆمێنتێک بڵاو ناکاتەوە و هەر وا بە مەحرەمانە دەمێنێتەوە، بەڵام لە سەردەمێک‌دا کە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر زۆربەی بەستێنەکانی سەر بە ژیانی کۆمەڵگا کاریگەری بەرچاویان هەیە، لانی‌کەم:

لە دەستوو دێ بە یارمەتی کەسانی ئاکادێمیک و پسپۆڕ، لە ئاستی جیهانی ئەم کارەساتە لە قاو دەن تا بێتە ڕیزی فایلی ژێنۆسایدەکانی تری کوردستان.

خۆ لە دەستوو دێ تا ئەم کارەساتە لە زوڵماتی شەو دەرکەوێ و بە تیرێژی خۆری زانست، پەپوولە باڵ خوێناوییەکان بترووسکێنەوە. بەڵێ لە دەستوو دێ بە ئاه و سۆزی دەروونتان ژیلەمۆی فەرامۆشی لە سەر وەلابەرن؛ سەر‌لە‌نوێ دێڕ بە دێڕ بیخوێننەوە تا نەبۆتە ئەفسانەیەکی دوورە دەست. لە دەستوو دێ بە نووکی قەڵەم درگای گاڵە‌دراویان لە سەر بترازێنن تا گوڕڕە و هاواری هەزاران لاوی سەربڕاو، زیقەی هەزاران ژن و کیژی مێرمنداڵ لە کاتی دەست‌درێژی و ناڵە و کڕووزانەوەی دایکانی زگ‌سووتاو و باوکانی پشت‌چەماو و نووزەی نیوە‌گیانان … ببنەوە شاهید بۆ کردەوەی دزێوی ڕووڕەشانی مێژوو، دەرحەق نەتەوەیەکی بێ‌پەسار.

وتەی کۆتایی

خوێنەری هێژا! دەمێک بوو ــ لە سەر پێشنیاری هاوکار و دۆستی خۆشەویستم کاک ئەحمەد بەحری ــ دەبەردا بووم بە بۆنەی سەدەمین ساڵوەگەڕی ئەم کارەساتە (۲۰ی ژانویەی ۲۰۱۶) سەرجەم ئەو وتار و بەڵگە و بیرەوەرییانەی پێوەندییان بەم بابەتەوە هەیە وێڕای هەندێ وتار و بیرەوەری‌ تر لە سەروبەندی ڕۆژی ساڵیاد، لە توێی کتێبێک‌دا بکەوێتە دەست هۆگرانی مێژووی وڵات.
بەڵام بەداخەوە ئەو هەلەم بۆ نەڕەخسا و لە کیس چوو. تا ئەوەی کە لە سەرەتای بەهاری ئەوساڵ، وێڕای گڤەی شەماڵ، کۆگا بەفری کەترەخەمیم تواندەوە تا بەڵکوو بتوانم کەموسکەیەک لە ئەرکی سەر شانم ڕاپەڕێنم.

بە ئاواتم ئەم بەرهەمە ببێتە بیانوویەک بۆ چازان و لێکۆلەرانی بەستێنی: سیاسەت، مێژوو، مافی مرۆڤ، تا هەر یەک بە پێی لێوەشاوەیی خۆیان بیخەنە بەر سرنج و وردبوونەوەی پێویست. بێ‌شک ئەو شەقاوەی منی بێ‌بەش لە هەوێنی زانستی مێژوو، ناکەوێتەوە خانەی خوێندنەوە و تۆژینەوەی مێژوویی، بەڵکوو تەنیا بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکانە و مەبەستی سەرەکیش ورووژاندنی باس‌و‌خواس لەمەڕ ئەو کارەساتەیە تا لە داهاتوویەکی چاوەڕوان نەکراو “دەرفەت”ێک بڕەخسێ بۆ بە ژێنۆساید ناساندنی ئەم جینایەتە لە ئاستی جیهانی‌دا.

بە هیوای ئەو ڕۆژە

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *