خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی دانانی دکتۆر بەختیار سەجادی چاپ و بڵاو کرایەوە

فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی دانانی دکتۆر بەختیار سەجادی چاپ و بڵاو کرایەوە

فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی دانانی دکتۆر بەختیار سەجادی چاپ و بڵاو کرایەوە

ئەم کتێبە لە دووتوێی ٦٠٠ لاپەڕەدا لە لایەن ماڵی وەفایی لە هەولێر بڵاو کراوەتەوە. نووسەر دوو پێشەکیی دوورودرێژی بۆ کتێبەکە نووسیوە. پێشەکیی یەکەم سەبارەت بە مێژوو و ڕەوتی زاراوەسازی و وشەڕۆنان لە دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروودا پێشکەش‌کراوە. سەجادی نووسیویەتی: “یه‌کێک له‌ گرفته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و وه‌رگێڕانی دەقی سەر بە لقە جیاجیا زانستییەکان بۆ توێژەر و وەرگێڕی کوردی‌نووس بریتییه‌ له‌ چۆنیه‌تیی به‌کارهێنان و وه‌رگێڕانی زاراوه‌ و چه‌مکه‌ زانستی و تیۆریکەکان.” هەروەهاش ئاماژەی بەوە کردووە کە “زاراوەسازی، وشەڕۆنان و هاوواتادانان بۆ چەمکە زانستی و تیۆریکەکان، پێوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ بابەتی پەرەسەندنی زماندا.” سەجادی پێی وایە وشەڕۆنان بە گشتی و زاراوه‌سازیی ئه‌ده‌بی، ڕه‌خنه‌یی، تیۆریک و زانستی بە تایبەتی، له‌م ساته‌وه‌خته‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی کوردیدا بە هەر دوو بەشی ئەکادێمیک و دەرەوەی ئەکادێمیاوە و هەروەهاش بە سەرنجدان بە ئاست و چۆنایەتیی بەکارهێنانی ڕۆژانەی هەندێ دەستەواژە و وشەی گشتی لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە و لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا به پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌ژمێردرێ.”

نووسەر لە پێشەکیی دووەمی کتێبەکەدا پەنجا خاڵی سەبارەت بە گیروگرفتەکانی زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا و کۆمەڵێ ڕێکار و پێشنیازی ئاراستە کردووە. مەبەستی سەرەکیی سەجادی لە دانانی ئەم فەرهەنەگە وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە بریتییە “له‌ هه‌وڵدان‌ بۆ دانان و گشتگیرکردنه‌وه‌ و مسۆگه‌رکردنی شێوازی زانستی له‌ زمانی کوردیدا به‌ شێوه‌یه‌کی پاراو و یه‌کگرتوو.” نووسەر قامکی لەسەر ئەو خاڵەش داناوە کە “تایبەتمەندیی سەرجەم زار و بنزار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی یارمەتیدەری بوونە لەم پێناوەدا.” سەجادی پێی وایە “پێویستە کەڵک لە قامووسی بەرفراوانی وشەی سەرجەم شێوەزارەکان وەربگرین و لە وشەبژێریدا ڕەچاویان بکەین. پێویستە سەرنجی زیاتر بدەین بەو لایەنانەی پێوەندییان بە توانستی زمانی کوردییەوە هەیە لەم ڕووەوە (وەک ئاوڕدانەوە لە سەرجەم پێشگر و پاشگر و ناوگرەکانی سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردی). بایەخدان بە مۆرکە ئاشکرا و شاراوەکانی زمانی کوردی چ لە ڕووی ڕستەسازی، پێکهاتەناسی و بە تایبەت دەستەواژەسازییەوە و چ لە باری وشەناسییەوە ئاماژەن بۆ پۆتانسیەل و توانستەکانی ئەم زمانە لە وشەڕۆنان و زاراوەداناندا.

نووسەر ئەو نووسین و سمینارانەی لەسەر زاراوەسازی و شێوازی زانستیی زمانی کوردی نووسراون ناساندووە. هەروەهاش پێڕستێکی تیروتەسەلی لە سەرچاوەکانی بواری فەرهەنگ‌دانان و زمانی زانستی بە زمانەکانی ئینگلیسی، فەرنسی، فارسی و کوردیی ناوەندی و سەروو داناوە کە بەسەر دوو بەشی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکاندا پۆلێنبەندیی کردوون.

فەرهەنگەکە نزیکەی ٧٠٠٠ زاراوەی لەخۆ گرتووە و زاراوەکان زیاتر بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی دەگرنەوە، بەڵام زاراوەکانی زانستە مرۆییەکان و بە تایبەت دەڤەری زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و دەروونشیکاری تێدایە. هاوواتای فارسی و کوردی بۆ هەموو زاراوەکان دانراون. نووسەر کۆمەڵێ پێشنیازی تازەشی بۆ وەرگێڕانی دروستی زاراوەکان بە فارسی پێشکەش‌کردووە. لە وەرگێڕانی کوردیی زاراوەکاندا هاوواتاکان بە هەر دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروو دانراون. هاوواتای زاراوەکان لە کوردیی ناوەندیدا بە ئەلفوبێی عەرەبی و لە کوردیی سەروودا بە ئەلفوبێی لاتینی دانراون.

دکتۆر بەختیار سەجادی

سەجادی خاوەنی چەندین نووسینە سەبارەت بە زاراوەسازی و وشەڕۆنان بۆ چەمک و زاراوە ڕەخنەییەکان و کۆمەڵی وەرگێڕانیشی لە ڕواڵەتی کتێب و وتاردا پێشکەشی کتیبخانەی کوردی کردووە. دکتۆر سەجادی پرۆفیسۆری هاوکارە لە ئەدەبی ئینگلیزی و ئەندامی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستانە لە سنە. سەجادی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە و لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠ سەرۆکی ئەو بەشە بوو.

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *