خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «ئەفسانە و چیرۆکی کوردی» بڵاوکرایەوە

کتێبی «ئەفسانە و چیرۆکی کوردی» بڵاوکرایەوە

کتێبی «ئەفسانە و چیرۆکی کوردی» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «ئەفسانە و چیرۆکی کوردی»،گێرانەوەی: مام سەعید عەزیزی، نووسینەوە و ئامادە‌کردنی: ڕەحیم لوقمانی، چاپەمەنی خانی، سەقز ۱۳۹۹.

ڕەحیم لوقمانی

سەرهەڵدانی ئەفسانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی مرۆڤی ئاوەزمەند. ئەفسانە هەوڵدانی مرۆڤە بۆ شرۆڤە کردن و لێکدانەوەی جیهانی دەوروبەری خۆی.

ئەدەبی زارەکی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لە بیروباوەڕ و داب و نەریتی بیرکراوی مێژووی گەلان. ئەفسانەکان بە گشتی هەڵگری ئەندێشە و باوەڕ، ئاوات و ئارەزوو، ترس و خورافە و باوەڕی ئایینی ڕابردوانن. لەم ڕووەوە بۆ ناسینی هەموو ڕاز و ڕەمزی چیرۆک و ئەفسانەکان، بواری چیرۆکناسی، ئوستوورەناسی، گەلناسی، کۆمەڵناسی، دەروونزانی، ئەدەب و هونەر و مێژووی ئایینەکان، خوێندنەوە و تۆژینەوەیان کارێکی زۆر پێویستە. چونکە ئەم سامانە نەتەوەییە، بەشێکی گرنگە لە شوناس و میراتی فەرهەنگی نەتەوەیی هەر گەلێک.

ئەدەبی زارەکی لە سەدەی نۆزدەوە سەرنجی بیرمەندانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لەو کاتەوە لێکۆڵەران دەستیان کردووە بە کۆکردنەوە و نووسینەوەی ئەدەبی زارەکی گەلان. زمانەوانان بۆیان دەرکەوتووە کە چیرۆک و ئەفسانەی گەلان، هەندێکیان لێک نزیکن و بۆ ناسینی زمان و فەرهەنگ و ژیانی نەتەوەکان، باشترین سەرچاوەی باوەڕپێکراون. هەندێ ئەفسانەناسان گەڵاڵەیەکیان داناوە کە بەپێی ئەوە چیرۆکی هەموو جیهان لەسەر ئەو کارکردانە پێک هاتوون. ولادیمیر پراپی ڕووسی لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر ئەفسانە ڕووسییەکان کردووە و لەو باوەڕەدا بووە کە زۆربەی ئەفسانەکانی جیهان بە ٣١ کارکرد دابەش کراون. بەڵام دواتر ئەفسانەناسان هەموو کارکردەکانیان بە پێویست نەزانی و گوتیان پێکهاتەی سەرەکی ئەفسانە ئەم چەند خاڵەن:

ئەلف: قارەمان لە دووی شتێک دەکەوێ کە نیازی پێیەتی (کەمایەتی)

ب: مەترسییەک هەڕەشەی سەر قارەمان دەکات (شەڕەنگێزی)

ج: هەر دوو پێکهاتەی ئەلف و ب.

سەرچاوە: (بیچم‌ناسی ئەفسانەی جادوویی: پێگاه خەدیش ١٣٨٧)

دواتر ئەفسانەناسان لەسەر هەمان کارکردەکانی پراپ گەڵاڵەیەکی کورت و پوختیان داڕشت کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هەموو ئەفسانە و چیرۆکی گەلان لە سەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە ساز کراون:

یەک: دۆخی سەرەتا (لە دەستپێکی چیرۆکدا کەمایەتی و نیاز یان کێشەیەک دەبێتە هۆی سەرەکی جووڵەی داستان)

دوو: یارمەتی یاریگەر (ڕێنوێن و یارمەتیدەرانی قارەمان، هەر لە سەرەتای داستاندا لەگەڵ قارەمان ئاشنا دەبن و دەبنە ڕێنوێن و یارمەتیدەر، بە ئامۆژگاری یان یارمەتی ڕاستەوخۆ)

سێ: یارمەتی شاژن (کەسێکە لەگەڵ دوژمنی قارەمان دەژی یان ڕاستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ دوژمن هەیە، بەڵام قارەمانی خۆش دەوێ و بە نهێنی یارمەتی دەدات و لە پاش سەرکەوتن دەبێتە هاوسەری)

چوار: یاریگەریی دوژمن (دوژمنی یاریگەر، لەو دوژمنانە نییە کە لە جیهانی ئاساییدا لەگەڵ قارەمان ڕووبەڕوو دەبنەوە. هەڵسوکەوت لەگەڵ بوونەوەری شەڕانی و بەهێزی جیهانێکی‌ترە، کە هێزی شەڕەنگێزییان هەیە و داواکاری ئەنجامدانی کاری دژوارن، بەڵام قارەمان بە تەنیا ناتوانێ ئەنجامیان بدات و هێزی یارمەتیدەری جیهانێکی دیکەی پێویستە.

پێنج: گەڕانەوەی قارەمان (قارەمان سەرکەوتووانە بەماڵ و دارایی زۆرەوە دەگەڕێتەوە و لەگەڵ شازادە یان شاژن زەماوەند دەکات و ئەمەش کۆتایی چیرۆکە).

سەرچاوە: پیتر جلیت (پراپ و چیرۆکی زارەکی جیهانی، ١٣٩٧، ٦٥).

پیتر جلیت ئەم پێکهاتە گشتییەی لەگەڵ گەلێک ئەفسانەی گەلانی جیهاندا وەک ئەمریکا، ئەفریکا، ئوسترالیا، ئیرلەند، چین و نێپال، بەراورد کردووە و لە ئاکامی کارەکەیدا دەڵێ هەموو چیرۆکی جیهان جیا لە جیاوازی جوگرافی و تایبەتمەندی فەرهەنگی، بەڵام هەموویان لەسەر ئەو چەند پێکهاتەیە ساز کراون.

دەگونجێ هەموو ئەفسانەیەکی کوردیش بە هەمان شواز و لەسەر هەمان هەمان پێوەر پێک هاتبێتن. لە ڕاستیدا وردە جیاوازی لە ناو پێکهاتەی ئەفسانەی گەلاندا هەن، بەڵام لە پێکهاتەی سەرەکیدا وەک یەک ساز کراون. جوگرافیا و ئایین و ژیانی ژێردەستی و ستەمی هەمەلایەنە، تا ڕادەیەک دەتوانن کار بکەنە سەر چۆنیەتی و ڕەوت و ناوەرۆکی چیرۆک و ئەفسانەی نەتەوەکان.

سەرجەمی ئەفسانە و ڕاز، لە ڕاستیدا خولیا و باوەڕی ئەو مرۆڤانەیە کە بەردەوام دیلی نهێنی و ڕاستییەکانی دەرەوەی خۆیانن. مرۆڤی سەرەتایی ویستوویانە لە جیهانی ئەفسانەدا بە شوێن ڕاستییەکانی ژیاندا بگەڕێن و خولیا و ئاواتەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن. هەر کات لە بەندی ئەم ئەفسانانە دەرباز بووبێتن، چیتر نیازیان بە دروستکردنی ئەفسانە نەماوە. بە واتایەکیتر دەتوانم بێژم: مرۆڤ زەمانێک لە ئوستوورە و ئەفسانە ڕزگاری دەبێ کە لە کۆیلەتی هێزەکانی دەرەوەی خۆی ڕزگاری ببێت.

لێکۆڵەران، نزیکی و خزمایەتی ئەفسانەی هێندی و ئورووپایی و ئێرانی و کوردی دەگەڕێننەوە بۆ خزمایەتی مێژوویی ئەم گەلانە و دەڵێن زۆربەی ئەفسانەیان ڕیشەی ئوستوورەی کۆنی هاوبەشیان تێدایە. بە گوزەری زەمان هەندێ دیاردەی ناو ئەفسانەکان لە وڵات و نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. دەتوانم بڵێم ئەفسانەی گەلان سەرچاوەی باوەڕ و ئایینی گەلانی کەونارا پێک دێنن. تەنانەت ئەو دیاردانەی لە ئایینەکاندا بە پیرۆزمەندی ڕاگیراون، لە ڕاستیدا بنەمایان دەچێتەوە سەر هەمان ئەفسانە کۆنەکان. لە چیرۆکی کۆنی کوردیدا زۆربەی دیاردەکان بنەما و ڕیشەیان دەچێتەوە سەر ئایینە کۆنەکانی گەلانی مێزۆپۆتامیا و ئەو ناوچە دیرۆکی و دێرینەی کە پێی دەڵێن کوردستان.

کوردستان ئاخێزگەی سەرەکی هەندێ ئایینی وەک میترایی، ئێزیدی و یارسانییە، زۆر باوەڕ و نیشانەکانی ئەم ئایینانە لە ناو ئایینی زەردەشتی و مەسیحی و تەنانەت ئیسلامیش ڕەنگیان داوەتەوە. بۆ نموونە ئاماژە بە چەند خاڵێکی هاوبەش دەکەم: لە کۆتایی دوارۆژی پاییز لە ئایینی میتراییدا جەژنی لە دایکبوونی میترایە و بەو ڕۆژەیان گوتووە “ڕۆژی خۆر” لە کتێبی مەسحەفا ڕەشی ئێزیدیدا دەڵێ: “خودا لە لە هەفت ڕۆژدا هەفت فریشتەی دروست کردن. لە ڕۆژی یەکشەممەدا فریشتەیەکی ئافەریدە کرد بە ناوی تاووسێ مەلەک، کە سەرداری هەموو فریشتەکانە”. دەکرێ بڵێین مەلەک تاووس هێمای خودی هەتاوە. لە ئایینی کریستیاندا باوەڕیان وایە کە عیسا لە دەستپێکی زستان لە دایک بووە و بەو ڕۆژی پیرۆزەیان گوتووە “ساندەی” و وەک ڕۆژبوونی عیسا، هێمای سەری ساڵیان بە پیرۆزی ڕاگرتووە و هەموو ساڵێ لە جیهاندا یادی دەکەنەوە.

لە بەیتی کوردی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێدا، شێخ فەرخ لە کاتی لەدایک بوونیدا دێتە زمان، هەڕەشەی دایکی و مامانەکانی دەکات، بەڵام عیسای ناسری لە بەرانبەر بەدگومانی و تۆمەتبار کردنی مریەمی دایکیدا لە خزمانی دێتە زمان و پاکانە بۆ دایکی دەکات و دەڵێ من کوڕی خودام و پەیامی ئاسمانیم هێناوە بۆتان. هەر وەها لە ئەفسانەی کەللەزادەی ئەم کتێبەدا منداڵێک لە دەمی دایکیەوە لە دایک دەبێ و دەست دەکا بە قسەکردن و پاکانە بۆ دایکی دەکات. لە ئەفسانەی دارماردا، مارێک کە خواجە محەمەد دەیکوژێ و لە چاڵی دەنێت، پاش ماوەیەک دەبێتە دار وەکاز و خواجە بە دەستیەوە دەگرێ و هەرچی گرێوی پێ دەکات، هیچ کەس نازانێ ئەو دارە چییە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ وەکازی دەستی مووسا.

لە سەرەتای بەیتی مەم و زیندا، مەم و بەنگینەی هاوڕێی، شەو کە ئەستێران دەبینن، دەڵێن ئەوە خودایە. کە بەیان ئەستێرە نەما و هەتاو هەڵهات، دەڵێن ئەمە خودای داهێنەری جیهانە. پاشان کە ڕۆژ ئاوا بوو و شەو داهات، ئەمجار کەوتنە پرسیار و گەڕان بە شوێن ڕاستی و هەقیقەتدا. ئەم بە دواداچوونە لە ژیانی ئیبراهیمدا بە هەمان شێوە بەدی دەکرێت. لە ئەفسانەی کوردیدا دێو نیشانەی گەورەیی و هێز بووە، لە هێندوستاندا دێئوە یان هەمان دێو هێمای گەورەیی و پیرۆزمەندییە، بەڵام بە پەیدابوونی ئایینی دەوڵەتی زەردەشتی، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئایینی میترایی کە هەموو کوردستان پەیڕەوی بوون، دێو خرایە پاڵ ئەهریمەن و بوو بە هێزی خراپە؛ وەک لە شانامەی فیردەوسی و ئەفسانەی ئێرانیدا دەبینرێت.

هەندێ لەم باوەڕە کۆنانە لە لای هەندێ گەلان بوونەتە باوەڕی پیرۆزمەندی فەرهەنگی و تەنانەت بنەمای ئایینی و پشتاوپشت لە گەڵی ژیاون. ئەوان ئەم باوەڕانەیان کردووە بە بنەمای ئایینێک بۆ خۆیان و لەم ڕێگەوە جیهانیان پێ داگیر کردووە. بەڵام ئێمەی کورد هیچ باوەڕێک، ڕێبازێک، ئایینێک نەبووە لێکدابڕاوی و شپرزەیی خۆمان کۆمان بکاتەوە. خەڵک بە گشتی و خوێندەوار و دەسەڵاتدارانیش بە تایبەت، هەرگیز بیریان لە خاڵێکی بنچینەیی و هاوبەشی وەک شوناسی ئۆلی و نەتەوەیی نەکردوتەوە بۆ یەکگرتوویی گشتی و هاودەنگی و هاوسۆزی نەتەوەیەکی ڕەسەنی کەونارا.

مرۆڤی کەونارای بێ دەسەڵات، لە بەرانبەر سروشت و دیاردەکانی ژیاندا قارەمانی ئەفسانەیی و نەجاتدەری خەیاڵییان دروست کردووە و ئیتر خۆیان هیچ دەورێکیان بۆ ڕزگارکردن لە ئاستەنگەکانی ژیان نەبووە. ئەگەر هەژدیها سەرچاوەی ئاوی لێگرتوون، پاڵەوانی هەڵبژاردەیان بۆ ناردووە، ئەگەر لە تەلیسمی دێوان و خێوی ئەشکەوتی کێوان ترساون، پاڵەوانی بژاردەی خۆیان ناردووە و تەلیسمی دێوەکانی بەتاڵ کردووەتەوە. بەڵام لە ڕۆژگاری تازەدا ئەژدەها و تەلیسمی دێوان و دژەکان هەر خودی ئینسانە. بە هەزاران شێوە خەڵک کۆمەڵکوژ دەکەن، زیندان دەکەن، خاک و ماڵی داگیر دەکەن و دەیچەوسێننەوە و تەنانەت زمانی هاواریشی قوفڵ دەکەن…! بەڵام ئینسانی مودێڕنی بە هەموو شت ڕازی! هیچ ڕابوونێکی بۆ نییە و پاڵەوانێکی خەیاڵیش نانێرێتە بەربەرەکانێی ئەم دوژمنە تازەیە کە هەر لە خۆیەتی!

بەیت و چیرۆکی کوردی باشترین سەرچاوەن بۆ خوێندنەوەی سەربەردەی ژیان و گوزەران و بیر و باوەڕی ڕابردووانمان، جیا لەوە پەنجەرەیەکن بۆ تێڕوانینی مێژوویی، زمانەوانی، دەروونزانی، کۆمەڵایەتی، گەلناسی، خۆشەویستی و… لە هەندێ داستاندا جگە لە ئازار و ستەم، هیچ بەرژەوەندییەکی خەڵک بەدی ناکرێت. زیاتر پەسنی پادشاکانە کە وەک خودای سەر زەوی، دادگەر و مێهرەبان نیشان دراون. کلیلی ڕزگاری و مەرگ لە دەستی موبارەکی پادشا بووە و خەڵکیش تەنیا بارەبەر و نان هێنەر و بینەری حوکمی خوداکانی سەر زەوی بوونە! بێگومان ئەمە ڕوخساری ڕاستی مێژوو نییە. بەڵکو ترسی خەڵک یان حەزی کەسانی دەرباری بووە کە پادشایان وەک دادگەر نیشان داوە و ئەفسانەیان بۆ ساز کردوون. لە ڕاستیدا هەموو شاکانی سەفەوی و غەزنەوی کە لە چیرۆکی کوریدا دەوری سەرەکییان هەیە، هەموویان داگیرکەر و کوردکوژ و ستەمکار بوون. شاعەباس و سوڵتان مەحموود و هاوشێوەکانیان بۆ ڕەوابوونی کارەکانیان، خۆیان و حکومەتیان بە دیاردەی خودایی نیشان داوە و ڕەخنە گرتن و دژایەتی پادشایان بە کفر و دوژمنایەتی خودا لە قەڵەم داوە و سزای وەک هەمیشە کوشتن بووە! ئەگەر چیرۆکبێژانی ڕابردوو بە دادگەری باسیان لەو پادشایانە کردووە، چونکە کاراکتەرەکان زیاتر پادشا و وەزیر و گزیر و دەست و پێوەندەکانی دەسەڵات بوونە و خەڵک هیچ دەورێکیان لە داستانەکاندا نەبووە. ئەمەش لە سەردەمی بندەستی و کۆیلەتیدا ناتوانێ زمانحاڵی خەڵک و نیشاندەری ئەدەبی ڕاستەقینەی گەل بێت. لە هەموو دەورانێکی مێژووییدا نموونەی ئەدەبی دەرباری و دەسەڵات زۆر بوون کە بە باڵای پادشاکان و حاکمانی دەسەڵاتدا هەڵیانگوتووە. “کەم نین ئەو هونەرمەندانەی لە سەر زنجیرەکانی پێیان، شێعری ڕەنگاوڕەنگ و جوان دەنووسن! (عەلی ئەشرەف دەروێشیان، پێشەکی بۆ ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران)

چیرۆک و داستانی گەلی، کە بەرهەمی خەبات و ڕەنجی ئینسانە، پڕیەتی لە بیرو باوەڕی بەرزی ئینسانی و لە گوزەرگای زەماندا ئەو گەلانەی کە باری ژیان و زمان و کولتووریان لێک نزیک بووە، هەندێ فۆلکلۆر و داستان و ئەفسانەی هاوبەشیان هەیە. ئەمەش نیشانەی پێوەندایەتی و لێک نزیکبوونی سەرچاوەی فکری هاوبەشە. بەڵام لە کۆمەڵگای نابەرانبەردا زۆر جار ئەدەب و کولتووری گەلی بندەست، دەکەوێتە ژێر کاریگەری زمان و ئەدەبی گەلی باڵادەست یان دەیانکەن بە بەشێک لە سامانی ئەدەبی خۆیان.

هەموو گوند و شارێکی کوردستان دەیان خەزێنەی دەوڵەمەندی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی تێدایە، بەڵام بە داخی گرانەوە زۆربەی ئەو کەسانانەی فکریان پڕ بووە لەم سامانە گشتییە، لەگەڵ ئەم سامانە نەتەوەییە چوونەتە ژێر خاک و ئێمەی لێ بێبەش بووین.

سەقز یەکێک لەو ناوچە دەوڵەمەندانەی هونەر و فۆلکلۆری کوردییە. لەو گوندانەی کە مامۆستا بووم یان هەر کوێ گەڕاوم، بەردەوام سۆراغی ئەو پیرە بەبیرانەم گرتووە و هەواڵی چیرۆک و ئەفسانەی کوردەواریم پرسیوە. هەمیشە ئەم قسانە داخداری کردووم: فڵان کەسێکمان بوو هیچ سەوادی نەبوو، بەڵام دنیایەک بەیت و چیرۆک و بەسەرهاتی پێ بوو، داخی گران هەمووی بردە ژێر گڵ! پیاوێکی دەنگخۆش بوو، سەدان گۆرانی خۆشی بێوێنەی دەزانی، کەس نەبوو هەڵیبگرێ یان تۆماری بکات، ئەویش هەمووی لەگەڵ خۆی بردە ناو گۆڕ! پیرە ژنێک بوو سینگی پڕ بوو لە نەقڵ و حیکایەتی ژنان و منداڵان، ئای چەند قسەخۆش و نوکتەزان و ئاقڵمەند بوو، داخەکەم کەس هیچی لێ هەڵنەگرت، ئەویش لەگەڵ خۆی هەموو ڕازێکی بردە ژێر خاک!
مام سەعید عەزیزی، ڕۆحی شاد و ناوی چاکەی هەرمان بێت، یەکێک لەو چیرۆکبێژانەی “ئارەبوغڵوو”ی سەقز بوو کە وەک خۆی دەیگوت پەنجا ساڵ حیکایەتخوانی ئاغەکانی فەیزوڵڵابەگی بووە. چونکە زۆربەیان هۆگرییان لە گەڵ ئەدەبیات و فەرهەنگ و هونەری کوردی بووە و کەسایەتی باشیان لەم بوارانەدا لێ هەڵکەوتووە. دوکتور عەزیز فەیزنژاد یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە هەمیشە پاڵپشتی نووسەران و شاعیرانی کورد بووە. مامۆستا مەلا کەریمی زاری شاعیر خەڵکی ئەوێ بوو و مەزاری هەر لە ئارەبوغڵووە.

مام سەعید عەزیزی و ڕەحیم لوقمانی

ساڵەکانی ١٣٦٨ و ١٣٦٩ کە من مامۆستایەکی مەحکووم و مووچەبڕاو بووم، لەوپەڕی بێ دەسەڵاتیمدا بە زەبتە شڕەیەک و شریتی کۆنەوە، دەچوومە خزمەتی مام سەعید لە ماڵ کاک محەمەدی کوڕی لە سەقز. ئەویش بە ڕووی خۆش و بە ئارامی، سەبر سەبر و نەرم نەرم دەستی دەکرد بە گێڕانەوەی چیرۆکان. مام سەعید بەپێی ئەوەی خۆی خەڵکی نێوان سەقز و بۆکان بوو، زمانێکی خۆش و پاراو و ڕەوانی بوو، چ لە قسەکردنی ئاسایی چ لە چیرۆکەکانیدا. دەتوانم بڵێم زمانی گێڕانەوەی مام سەعید زمانی نووسین و پێوەری کوردییە. جیا لە هەر بابەتێکی‌تر، هەرچیرۆکێک ملوانکەیەکی پڕ لە ڕستەی جوان و شازی کوردانە و موورووی ڕەنگاوڕەنگ و زێڕینی وشە و دەستەواژەی نایابی کوردییە. لە کۆتایی کتێبەکەدا فەرهەنگیلەیەکم بۆئەو وشە ڕەسەنانە داناوە و واتاکانیانم نووسیوە، واتای هەندێ لە وشەکانم کاتی خۆی هەر لە خودی مام سەعید پرسیوە؛ زۆربەشیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی خۆمن.

چیرۆکی وا هەبوون لەو ڕۆژەدا تەواو نەدەبوو، یان من شریتم لێدەبڕا و ناچار دەکەوتە وەختێکی‌تر. داخەکەم یەک دووێک لەو چیرۆکانەم هەر بە نیوەناچڵی تۆمار کردن…

چیرۆکەکانم بەم شێوەیە دابەش کردووە: بەشی یەکەم ئەو چیرۆکانەن کە دیاردەی وەک دێو و پەریان و گیانداری‌تر لەگەڵ قارەمان دێنە گۆ و دەبنە بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی چیرۆک و ئەفسانەدا. بەڕای من ئەم جۆرە ئەفسانانە بنەمایان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای کاری ئەفسانەوانیی مرۆڤ. بەشی دووەم ئەو چیرۆکانەن کە قارەمان و کەسانی ناو ڕووداوەکان هەموو مرۆڤن؛ ئەم چیرۆکانە زیاتر باسی پێوەندی کۆمەڵایەتی و پاشاکان و ژیانی خەڵک دەکەن و لە باری زەمەنییەوە وەک بەشی یەکەم کۆن نین. بەشی سێیەم چیرۆکی ئاژەڵانە لە زمانی خۆیانەوە کە ئەوانیش ناڕاستەوخۆ باسی کێشەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ دەکەن. بەشی چوارەم و کۆتایی چەند وردە چیرۆکن کە بنەمای هەندێ پەندی پێشینانی کوردی پێک دەهێنن.

جێی خۆیەتی بەوپەڕی ڕێزمەوە سپاسی بنەماڵەی ڕێزداری مام سەعید عەزیزی و نەوەکانی بکەم کە ئەو ماوەیە دەبوومە هۆکاری زەحمەتیان. کاک فەرەیدوون عەزیزی کە نەوەی مام سەعیدە، بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە دنەی دام و ئامادەکاری پێویستی بۆ چاپی ئەم چیرۆکانە کردووە؛ پڕ بە دڵ سپاسی دەکەم و هیوادارم نموونەی زۆر بێت. هۆکاری دواکەوتنی ئەم کارە بەنرخە، تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی ئابووری و ڕۆژگاری ناباری ژیانی من لە سەقز و سنە…

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

یک نظر

  1. ڕێز و سڵاوی تایبەتم بۆ ئازیزانی ماڵپەڕی کتێبی کوردی. دەستخۆشی و سپاستان دەکەم بۆ دانان ئەو بابەتەی من لەسەر ئەفسانەی کوردی کە پێشەکی خودی کتێبەکەیە. لەگەڵ ڕێزمدا سپاستان دەکەم بۆ ناساندنی ئەو کتێبە تازەی من. براتان : ڕەحیم لوقمانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *