خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «ئەفسانەکانی وڵاتی ئێمە» بڵاوکرایەوە

کتێبی «ئەفسانەکانی وڵاتی ئێمە» بڵاوکرایەوە

کتێبی «ئەفسانەکانی وڵاتی ئێمە» بڵاوکرایەوە

ئەفسانەکان بەشێکی زۆر گرنگ لە کولتوور و شارستانییەتی هەر قەوم و نەتەوەیەکن، کە دەکرێت لە ڕوانگە و بۆچوونی جیاوازەوە بخرێنە بەر توێژینەوە و شرۆڤەی لێکۆڵەران. “ئەفسانەکانی وڵاتی ئێمە” کۆبەرهەمێکی ٣ بەرگیی تیپ‌ناسانەی ئەفسانە هەورامییەکانە کە بە مێتۆدی ئارنە تامسۆن لە لایەن، نوسەر و توێژەری ناوداری وێژە و کولتووری هەورامان، کوورش ئەمینی بەرهەمهاتووە.

نووسەر لەم بەرهەمەدا بۆ یەکەمین جار لە سەر میتۆدی زانستیی ناسراو بە ” پێڕستی بابەتیانەی ئارنە تامسۆن” ناوەڕۆکی ئەفسانەکان شی و شرۆڤە دەکات. شێوازی پۆلێنکاریی ئەم بەرهەمە، بە گشتی مێتۆدی چیرۆکناسانی “ڕێبازی بەراوردکاری”یە کە بە “ڕێبازی فەنلاندی” ناسراوە. لەم ڕووەوە “ئەفسانە هەورامییەکان”یش دەبنە خاوەن پێگەی بەرچاوی خۆیان لە سیستەمی پۆلێنکاریی نێونەتەوەییدا. لەو نموونانەدا کە کۆدی پۆلێنکاریی ئەفسانەکان نەدۆزراونەتەوە، لە شێوازی پێشنیاریی توێژەر (H/AT/N) کەڵک وەرگیراوە و کۆدی ئەفسانە تۆمار کراوە. کۆکردنەوە، هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی ئەم بەرهەمە، بێجگە لە ئەرک و ماندووبوونی کۆمەڵکێکی زۆر لە هۆگرانی وێژە و فەرهەنگ، ٨ ساڵ لە کات و ژیانی نووسەر و لێکۆڵەر کوورش ئەمینی بۆ تەرخان کراوە تاکوو لەم ڕێگایەوە بەشێک لە ئەفسانەکانی ناوچەی هەورامان زیندوو بکرێنەوە و بە شێوەیەکی زانستیانە بخرێنە بەردەست خوێنەران و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە.

بەرهەمی ناوبراو لە سێ بەرگی گالینگۆریی قەوارە وەزیری پێکهاتووە و پتر لە ١٥٥٠ لاپەڕەیە. بەرگی یەکەم لە ٥٥٤ لاپەڕەدا، جیا لە ناساندنی “ئوستوورەیەکی هەورامی” بە زمانی هەورامی، بە زمانی فارسی نووسراوە. ئەم بەرگە لە ٤ بەش و ١٣ پاژ، هەروەها فۆنیتیکی هەندێک لە ڕستە گرنگەکان و نوانەی کۆتایی کتێبەکە پێکهاتووە. پێشەکیی سەرەکی کتێبەکە ٢٤ لاپەڕەیە و بە زمانی هەورامی نووسراوە. بەشی یەکەم بریتیە لە بابەتە گشتییەکان بە پاژەکانی: وێژەی زارەکی و فۆلکلۆر، پێویستیی لێکۆڵینەوە، چەمکە سەرەکییە بەکارهێنراوەکان، هۆ و گرنگایەتیی ئەفسانەکان، بناغەی ئەفسانە هەورامییەکان، تیۆرییە بنەماییەکان لە ئەفسانە هەورامییەکاندا، تیپ‌ناسیی ئەفسانە هەورامییەکان، لێکدانەوە و شرۆڤە، هەڵدانەوە و هەڵسەنگاندنی کورتی چەند ئەفسانە، ئوستوورەیەکی هەورامی، وەرگێڕاوی چەند ئەفسانە بە زمانی فارسی و نوانە.

بەرگی دووهەم لە ٤٨٧ لاپەڕەدا هەڵگری دەقی ڕەسەنی ئەفسانەکان تا کۆتایی تیپی سیحر و جادووە. ئەم بەرگە زیاتر لە ٨٥ ئەفسانەی لە خۆگرتووە، کە لە سەرەتای هەر ئەفسانەیەکدا، پاش ئاماژەدان بە تیپی سەرەکیی ئەو ئەفسانە، کورتە ئاماژەیەک دراوەتە سەر ئەفسانە هاوشێوەکانی لە نێە فارس‌زمانان و هەندێ جاریش نەتەوەکانی دیکەدا. لە کۆتاییشدا نوانەی هەورامیی کەسەکان، چەمکەکان، ئاژەڵەکان، مژارەکان و هته هاتووە.

بەرگی سێیەم، ٥٥٢ لاپەڕەیە و بریتیە لە: تیپە مێژووییەکان، کەسایەتییە ئایینی و رۆمانسییەکان، کورتە چیرۆکەکان، چیرۆکە کەنیناوییەکانە. بێجگە لەو نموونانەی کە لە بەشی دووەمدا شرۆڤە کراون و کاریان لە سەر کراوە، لەم بەرگەدا، زیاتر لە ٥٠ گێڕانەوەی مێژوویی و ناوچەیی، کە هەندێ جار لە لایەن لێکۆڵەران وەک ئەفسانە ناوزەد کراون، تۆمار کراوە. لێکدانەوەی ٣ ئەفسانەی تیتیل و بیبیل، سەلیم جەوهەری و نازمەرجان بەشێکی دیکە لەم بەرگەن. هەندێ پەندی نێو ئەفسانەکان لە گەڵ ژیاننامەی ٤ کەس لە وەگێڕە سەرەکییەکانی کتێب پاژێکی دیکە لە بەرگی سێهەم پێکدێنن. وشەنامە و نوانەش بەشی کۆتایی بەرگی سێیەمن.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *