خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / پێکهاتەی ماتریووشکایی میرنامە

پێکهاتەی ماتریووشکایی میرنامە

پێکهاتەی ماتریووشکایی میرنامە

ناسنامەی کتێب: «میرنامە»، جان دۆست، وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل، ده‌زگای غەزەلنووس ۲۰۱۷.

هاجەر هووشیار

میرنامە ڕۆمانێکی مێژووییە بەڵام ڕۆۆمانی مێژوویی بەدوای چییەوەیە و داخوازی چ ئاڵوگۆڕییەکە؟ کاری ڕۆمانی مێژوویی شیکاریی ئەم پێوەندییانەیە کە لە سەر نەتەواکاندا زاڵە و هەروەها کێشانەوەی بەرژەوەندی کۆمەڵگە، کەلتوور و بیر و باوەڕەکانی خەڵکی لە ئەستۆیە. هەن کەسانێک کە تامەزرۆی دۆزینەوەی نهێنیی ڕووداوەکانن چونکە زۆربەی کاتەکان ئەم ڕووداوە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییانەیان لەبەرچاوە و ڕۆمانی مێژووییش حەول دەدا وەڵامی خوێنەر و هۆگرانی بداتەوە. مێژوو وەکوو زانست، تەنیا باس لە ڕووداوەکان دەکا و گرینگی بە وردەکارییەکانی نادات بەڵام ئەو نووسەرەی کە ڕۆمانێکی مێژوویی دەنووسێ پێوەندییەکی سۆزدارانە لە نێوان بەرهەم و خوێنەردا ساز دەکا. بەم شێوەیە ڕۆماننووسێکی شارەزا مەبەستی سەرەکی خۆی پێکاوە و بە باس کردن و تێکەڵاوکردنی ڕووداو و هەر وەها کەسایەتییە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان هونەری خۆی نەمر دەکا.

جان دۆست

میرنامە بە تایبەتی لەسەر کەسایەتی «ئەحمەدی خانی»ییەوە نووسراوە؛ هەڵبەت نەک وەکوو نووسینی پەتی ژیاننامەیەک، بەڵکوو بە فۆڕمی ڕۆمان ڕۆحی هاتووەتە بەر. شێوەی داڕشتنەکەی بە شێوازی بووکەڵەی ڕووسی واتا ماتریووشکایە. پێکهاتەی چیرۆک بەم شێوەیەیە کە لە نێو هەر بووکەڵەیەکدا یەکی بچووکتری هاوشێوەی خۆی تێدایە، ئەم دوابەدوائییە، بەردەوامە تاکوو چکۆلەترینیان. بەم چەشنە لە ناخی چیرۆکە سەرەکییەکەدا، چیرۆکێک یان چەند دانەی نوێ و جیاواز هەڵبەت هاوتەریب لەگەڵ چیرۆکە سەرەکییەکە دەخولقێ. لە چیرۆکدا کەسایەتییەکان هەم لە خۆیان دەدوێن و هەمیش لە کەسانی ناسیاوی ژیانیان کە پێوەندیان لەگەڵ ئەو و ڕەوتی گێڕانەوەکەدا هەیە. ئینجا دەتوانین ئەگەر کەسایەتییەکان لایەنەنگرانە دوابێن ئێمە لە ئاخاڤتنی ئەوانیتردا ئەوەی ڕاستی و هەقیقەتە هەڵێنجین و بڕیاریان لەسەر بدەین؛ لە باری ئەرێنی یان نەرێنییەوە. وەکوو مامۆستا هەژار لە پێشەکی «مەم و زین»دا دەڵێ خانی ئەو سەرتاپا چاک و پاکەیە کە لە ڕق و کینە بە دوورە و وەها چیرۆکەکەی نووسیوە کە ئێمە تەنانەت وەکوو خانی نالەبارەکانیش دەبەخشین.  جان دۆست ڕێک لە میرنامەدا وەها نووسەرێکە و بە پشکنینەوەی ڕابڕدوو و ژیانی کەسایەتییەکان، هۆی ئاکاریانمان پێ نیشان دەدا و ڕەنگە بەزەییمان بە بکووژەکانیش دابێ و دەکرێ بڵێین ئەم دەروونپاکی و بەزەییەی خانی پاراستووە.

 ئەم شێوە پێکهاتنانە لە ڕۆماندا نابێ دەسکرد بنوێنێ ئەگینا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێ و ئەم شێوازە بۆ نیشاندانی نهێنی، لێڵی و ئاڵۆزکاوی کەڵکی لێ وەردەگیرێ. میرنامە ئەگەریش گرێپووچکەیەکی نەبێ بۆ کردنەوە بەڵام بە کەڵک‌وەرگرتن لە ماتریووشکا بێجگە لە باسکردن لە ژیاننامەی خانی و چالاکییەکانی؛ ئەو هەگبەیەیە  کە باروودۆخی ناوچەکە لە باری سیاسی، فەرهەنگی، ئایینی، ئابووری.. یەوە نیشان دەدا و بۆمان شی دەکاتەوە هۆکاری دووبەرەکی، ژێرچەپۆکەبوونی خەڵک، ئاستی زانیاری و سەوادییان چییە. ئەوەشمان لەبەرچاوە کە هەر کام لە کەسایەتییەکان وەکوو هێمایەک لە ژیانی هەرڕۆژەیی کورد نیشان دراون.

بارینی مەرەکەب:

ئەوەی کە جان دۆست لە ڕۆماندا بە زەقی خستییە بەرچاوی خوێنەر، بارینی مەرەک بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر لە هەموو بەشەکاندا دووپاتە کرابووە و ئاماژەی پێ کردرابوو. جان دۆست دەبێ لێرەدا کام مەبەستی پێکابێ؟! لێرەدا  دوو شت یان بڵێی وشەمان هەیە، یەک باران و ئەویتریش مەرەکەب؛ کە جان دۆست ویستوویە پێمان بڵێ ئەم دووانە دەتوانن وەکوو زۆر شتی تر، هەم خێر بن و هەمیش شەڕ، باران هەم هۆی سەوزایی و ئاوەدانییە و هەمیش بە لێشاو بارینی و لە نەکاو بارینی، دەبێتە هۆی زیان. ئەم دوو چەمکە گرێدانی مرۆڤ و سروشتیش بە یەکەوە نیشان دەدا. مەرەکەب هێمایەکە لە نووسین و زمان. زمان بە لەپەنای یەک هاتنی وشەکان ئاماژە بە هێمای ڕووداوەکان و هەموو شتێکە لە دەرەوەی خۆی کە دەتوانێ مانایەکی جیاواز بە کردارە وێکچووەکان بدات. زمان وەکوو بنەمای فەرهەنگ، جیهانی مروڤ، چۆنییەتی ژیان و ئاکار و پێوەندی و تێفکرینی مرۆڤەکان مەیسەر دەکا. زمان یەکێک لە هەرە گرینگترین چەمکەکانی فەرهەنگە کە دەبێتە هۆی پێوەندی هەموو نەتەوەکان، هۆکاری لە یەک تێگەیشتن و بڕیاردان. بە بڕوای ئەمین مەعلووف لە کتێبی _ هویتهای مرگبار _ ئەوەی بتوانێ کە نە تەنیا نەتەوە چکۆلە و پەراوێزەکان بەڵکوو زۆرینەیەکی چەند مەلیۆنی کە بە زمانێکی هاوبەش دەدوێن، تەنانەت خاوەن وڵات و دەسەڵاتێکی سەربەخۆش بن؛ لە دنیای ئەمڕۆدا زیندوو ڕاگرێ ئەوەیە کە ئەوان بتوانن و بیانهەوێ تاکوو فەرهەنگ و بە تایبەت زمانی خۆیان بپارێزێن و بەم چەشنە دەتوانن لە ناو جیهانی سازیدا سەر هەڵێنن؛ ئەگینا مەحکوومن بە لەناوچوون. دوو ڕوانگە سەبارەت بەم باسە هەیە کە بەجیهانیبوون هەم دەتوانێ ببێتە هۆی لە ناو چوونی نەتەوە ژێردەستەکان و هەمیش لە ڕوانگەیەکی گەشبینانە بەرچاوکردنی جیاوازییەکانە لە نێو نەتەوە جۆراوجۆرەکاندا و ئەمەش لە ڕێی گرینگترین ئامرازی پێوەندی یانی زمانەوە دەکرێ. هەر بۆیەش جان دۆست لە زمانی  ئەحمەدی خانییەوە پشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە کە دەبێ بە زمانی کوردی بنووسێ ئەگەریش لە لایەن میرەکانەوە وەکوو ئەو نووسەرە کوردە تورکینووس یان فارسینووسەکانەوە وەرنەگیرێ. زۆریشی لۆمەی ئەم نووسەرانە کردووە، لەبەر کەمتەرخەمییان سەبارەت بە کوردی نووسین. ئەوە خاڵی هەرە گەورەی مانەوەی خانییە کە ئەگەرچی کەسێکی ئایینی بووە و شارەزا بە زمانی عاڕەبی و تورکیە؛ بەڵام نیشتمانپەروەریی لە سەرووی ئەمانە داناوە.

 مەرەکەب هێمای زانست و زانایانە کە خۆیان خولقێنەرێکن، خاوەن مەرەکەب دەتوانێ لە خزمەت دەسەڵاتداران بێ و گوێ لە مستی ئەوان بێ و دەتوانێ پاڵ بە پاڵی خەڵکی چەوساوە بدا و لە ماڤی ڕەوای ئەوان بدوێ. نووسەر دەتوانێ خولقێنەری قەسیدەی ئەویندارانە بێ و هاوکات دەتوانێ ببێتە سووتووی زوڵمی دەسەڵاتدارەکان. جا هەر بەم مەبەستەیە کە جان دۆست هۆی هەرمان و لەبەردڵانی خانی ئەوە دادەنێ کە سەرەتا ملکەچی میر و بەگزادەکان نەبووە و بووەتە ئەو مەلە کە بۆ چریکاندنی ئەوین هیچ بەربەستێک ناناسێ و بایەخی پێ نادات و بوێرانە لە بەرامبەر قسە و بوختانەکاندا ڕادەوەستێ. خانی ئەو نووسەرەیە کە ژاری مردن سۆقڕاتئاسا دەخواتەوە بەڵام حازر نییە پشت بکاتە بیر و باوەڕە دروستەکانی و خەڵکی چەوساوە. بۆیەش لە کۆتایی ژیانیدا بارانی مەرەکەب دەبێتە هێمای پێداگری و خۆڕاگری و ڕەنگە بە جۆرێک بتوانین بڵێین چۆن باران دەبێتە هۆی شینبوونەوە، بەڵکوو کۆچی زانایەکی وەکوو خانی ببێتە هۆی بەخۆداهاتنەوەی میللەت. ئەدەبیاتێک کە خانی لە پێناویدا گیانی خۆی بۆ بەخت کرد ئەم ئەدەبیاتە پرسکەر و لاسارەیە کە لەم دنیایەی کە تێیدانین ڕازی نین و لە ڕێگای ئەدەبیاتەوە بەهیوای گۆڕانکارین. جان دۆست لە زمان خانییەوە خوازیاری بەخۆداهاتنەوەی گەلی کوردە و ئاواتی فێربوون و خولیای زانستی بۆ تاکی کورد هەیە بەڵکوو نەهێڵن چیتر چاولەدەستی میرە نەزان و خۆفرۆشەکان ببن.

سەرچاوەکان:

١- تعریف و توصیف مختصر رمان تاریخی، کارلوس ماتا ایندورین، ترجمه نرجس بانو صبوری

٢- رسالت واقعی رمان تاریخی، کامران پارسی نژاد

٣- مەم و زینی خانی، هەژار موکریانی

٤- نامە هایی بە یک نویسندە جوان، لاریو بارگاس یوسا

٥- چرا ادبیات، ماروی بارگاس یوسا

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *