خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان» بڵاوکرایەوە

کتێبی «خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان» بڵاوکرایەوە

چاپێکی نوێی «خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان» بڵاوکرایەوە

ئەم ڕۆژانە چاپێکی نوێی کتێبی “خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان”، وەک پڕۆژەیێکی هاوبەشی بڵاوکردنەوەی نێوان “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” و “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان”، بڵاوکرایەوە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، خۆشحاڵە کە بۆ دووەم‌جار کتێبی گرانبەهای “خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان” بڵاودەکاتەوە. ئەم کتێبە پاش چاپی یەکەمی هەوەڵ بەرگی لە ١٩٣١دا، جارێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٨٠دا “کتێبفرۆشیی سەییدیان” لە مەهاباد بە زەنکۆگراف، جارێکی‌دی “کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا” لە لەندەن، ساڵی ٢٠٠٠ دەزگای سەردەم، جاری چوارەم “بنکەی ژین” لە ٢٠٠٦دا لەچاپی‌دایەوە و ٢٠١٨یش دەزگای “مانگ” لە شاری بانە چاپێکی‌تری کردەوە. بەوپێیە، ئەم چاپی دووەمەی بنکە، دەبێتە حەوتەم چاپ بەگشتی. ئەمە جگە لە چاپەکەی دەزگای نووبەهار بە کوردیی باکوور.

ئەوەی ڕاستی بێ، “خولاصە” کتێبێکی لە بواری خۆی‌دا دانسقەیە و بە گیانێکی بەرزی زانستیی دوور لە بیری تەسکی نەتەوەیی و ناوچەیی و بێ‌لایەنانە و بە ڕەچاوکردنی ئەمانەتی زانستی و مێژوویی نووسراوە، لە سەردەمێک‌دا کە -بەبێ گومان- سەرچاوەکانی پڕۆژەیەکی وەها گەورەی هەمەلایەنە، وەک ئێستە، زۆر و بەردەست نەبوون. بەڵام بەهەشتی محەمەدئەمین زەکی‌ توانیویە بە لێزانی و وردبینی و پشوودرێژی و شارەزاییی خۆی لە چەند زمانێکی بیانی‌دا، لێبڕاوانە مێژوویەکی سەرتاسەریی کورد وەک یەک‌نەتەوە و مێژووی کوردستان وەک نیشتمانێکی یەک‌پارچە بنووسێتەوە؛ هەم کەلینێکی گەورەی کتێبخانەی کوردیی پێ ­پڕبکاتەوە و هەم لەو ڕۆژگارەی سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی تازەی عیراق‌دا، بیکاتە نموونەیەکی بەرچاوی شانازی و بەڵگەیەکی پشت‌پێ‌بەستراوی دەست خوێندەوارانی خۆوڵاتی و نەیارانی کوردیشی پێ‌ بێ‌دەنگ‌‌بکا. بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە لەو ڕۆژگارەدا، دەوروبەری نیگەران‌کردووە و وەک بە ڕوونی دەرکەوتووە، بە بەرنامە هەوڵیان‌داوە ئەو مێژووە بشێوێنن و مێژوویەکی‌تری لە بەرامبەردا قوت‌بکەنەوە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لەو ڕوانگەیەوە کە -بە داخەوە- پاش تێپەڕینی نەوەد ساڵ بەسەر نووسین و یەکەم‌چاپی “خولاصە”دا، هێشتا نەمانتوانیوە مێژوویەکی هەمەلایەنەتر و زانستیتر بنووسینەوە؛ دانەر خۆیشی لە پێشەکیی کتێبەکەی‌دا ئاماژەی‌کردووە بۆ ئەو ڕاستییە کە کتێبەکەی “نوقصانە و تەنیا ئەساسێكە بۆ لاوان و خوێندەوارانی كورد و ئەتوانن بە شێنەیی ئیكمالی‌بكەن”؛ پێنج‌ساڵێک پتر لەمەوبەر پێی باش‌بوو ڕووبنێ لە بەڕێزان دکتۆر حوسامەدین نەقشبەندی، پسپۆڕی مێژووی کورد لە سەردەمی ئیسلامی‌دا و دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد، پسپۆڕی شوێنەوارناسی و مێژووی پێش زایینی کوردستان، تا بە کتێبەکەدا بچنەوە و هەر جێیەکی پێویستی بە ڕاستکردنەوە، پشتیوانی و ڕوونکردنەوەی پتر هەبوو، پەراوێزی ‌لێ‌بدەن و لەو ڕێگەیەوە دەوڵەمەندی‌بکەن. کاریان ڕاست‌بێ، هەریەکەیان بەشەئەرکی خۆی -بە سپاس و منەتبارییەکی بێ‌ئەندازەوە- بەجێ‌هێنا و خستیانە بەردەست.

بەڵام لەبەرئەوەی چاپەکەی پێشوومان، هەم جۆری پیتەکەی بۆ ئێستە -تا ڕادەیەک- لەبەردڵان نەبوو و هەم هەڵەی خوێندنەوە و چاپ و نووسینەوەیشی کەم‌نەبوون، ناچار سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی لەچاپدراوەکانی بنکەی ژین، ئەرکی گۆڕینی فۆنتەکەی، سەرلەنوێ بەراوردکردنەوە، پێداچوونەوەی دەقە ئەسڵییەکە و ئامادەکردنەوەیی گرتە ئەستۆی خۆی. ئەمجا بە پێویستی زانی -لە لایەکەوە- ناساندنی ئەو شوێن و جێگایانە کە دکتۆر حوسامەدین بەسەریان‌دا تێ‌پەڕیبوو، پشت‌بەستوو بە سەرچاوەی جێ‌بڕاوی زانستی-ئەوەندەی بکرێ- تەواوبکا و -لە لایەکی‌دیکەوە- هێندێ شوێنی مێژووی نوێ و کەمتر کۆنی کە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەبوو، پەراوێزی‌ لێ‌بدا. دیارە هێشتا بەشێکی قۆناغەکانی ئەو مێژووە درێژمەودایە، هەروا وەک خۆی بەجێ‌هێڵرا و پێویست‌نەبوو بە هەمان شێوە کاریان لەسەر بکرێ، چونکە هەم مامۆستا محەمەدئەمین زەکی -بەگشتی- ئەوەندەی لەسەر نەنووسیون و هەم ئێستەیش سەرچاوەیان لەبارەوە زۆر و فەراهەمە و گەلێکیشیان لە بارەوە نووسراوە. بۆ ئەم بەشەی کتێبەکە، لە پەراوێزدا ئاماژەدراوە بە سەرچاوەی گرنگی زانستی، کە خوێندەوار ئەگەر مەبەستی بێ، دەتوانێ بچێتەوە سەریان.
ئەم دوایییە بە پێویست زانرا ئامادەکراوی هەردوو بەرگەکە بخرێتە بەردەستی بەڕێز دکتۆر زرار سدیق تۆفیق، پسپۆڕی مێژووی سەردەمی ئیسلامیی کورد، بۆ پێداچوونەوە و دەوڵەمەندکردنی پەراوێزەکان. ئەویش بە دووسێ جار –بە دەست‌خۆشی و پێزانینەوە- کۆمەڵێک پەراوێزی خستە سەر و کۆمەڵێک هەڵە و کەم‌وکورتیی کتێبەکەی دەست‌نیشان‌کرد و ڕاست‌کردەوە.
شایانی باسە، بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە لە لایەن بەهەشتی محەمەدعەلی عەونی‌یەوە کراوە بە عەرەبی و ساڵی ١٩٣٩ لەچاپ‌دراوە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *