خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / چامە کتێبی «نەمرەڕێ» بڵاوده‌کرێتەوە

چامە کتێبی «نەمرەڕێ» بڵاوده‌کرێتەوە

چامە کتێبی(نەمرەڕێ) بڵاوده‌کرێتەوە

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ چامە کتێبی (نەمرەڕی) لە نووسینی (پێشەوا کاکەیی) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت: ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (چامە_ کتێب)ـدا خۆی دەبینێتەوە. لەمەڕ دنیای نەمری و ڕاستی و بیر و تێڕامانەوەیە کە مرۆڤی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی لەو جیهانەی خۆی خۆی هەڵقەندووە و لە شوێنێکی دیکە خۆی چاندۆتەوە. باس لە دنیای مرۆڤە کە جووڵەی جووڵەیەکی دیکەیە. بە واتایەکی تر، مرۆڤێکی ئامێرە و کەوتۆتە بەر سیستەمی سەرمایەداریییەوە. ئەم بەرهەمە گەڕانەوەیەوە بۆ مێژوو و هێنانەوەی مێژووی شیعری پیرانی یارسان لە سێ قۆناغی مێژووییی هۆنەرانی یارساندا و دواتر تێکەڵ بە هەندێک لە شاعیران و عاریفانی ئێران و هیند و چین دەبێت و ڕۆحانییەتێکی بێلایەن دەداتە بەر باس. نەمرەڕێ؛ بە ڕێ دەست پێ دەکات بە چیرۆکی ئەو ڕێبوارانەی لە ڕێدا نەمرێتییان چنییەوە کۆتایی دێت. پیتەکان دێنەوە و باس لە شادی و بەختەوەری و ئارامی دەکات. زمان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و بیر دەکاتەوە و دەکەوێتە ڕامانەوە کە هونەری شیعر بهێنێتەوە نێو خۆی. ئەم (چامە_ کتێب)ـە، لەسەر یەک بابەتی گشتگیر دەڕوات و پەلوپۆ بۆ چەمکگەلێک لای هۆنەرانی یارسان دەهاوێژێ دواتر دەڕواتە دەرەی خۆی و خۆی دەچنێتەوە.

پەرەگرافیک لە کتێبەکەکە:

بەیانییەک دێت، دەبینیت

شێوەت داوە بە بێدەنگیی خۆت،

ڕازێکت پشکنیوە بۆ نەمرییت،

سەیری خۆت دەکەیت ئەو ڕووناکییەت چۆن داگیرساوە،

دەگەڕێیت لە مانای بوون و کات،

ئەوەندە دەزانیت ڕژاویتەوە شوێنێکی دیکەوە،

وەک ڕووبارێکی پشوودرێژ

لکاویت بە ژیانەوە.

بەیانییەک دێت، چیرۆکی نەمرانمان بۆ دەگێڕیتەوە،

وا دەکەیت هەموو ڕۆژێ ئەم ڕێیە بکوتینەوە،

وا بکەین هەموو ڕۆژێ خۆر ببینین و

چیرۆکێکی نوێی بۆ بگێڕینەوە.

پێشەوا کاکەیی

پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸۴٫ لە گەڕەکی “جووتکانیان”ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰۶-۲۰۰۵ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە دوو کتێبی وەردەگێڕدرێتەوە سەر زمانی فارسی و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردێن بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەند شیعرێکی وەرگڕدراونەتە سەر زمانی تر…

بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸٫

٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە/ شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠٠١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩.

٣. باغ: غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە (تاران،)۲۰۱۵٫

٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ،۲۰۱۷٫

٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ساڵی ۲۰۱۸٫

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر/قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ساڵی ۲۰۱۸٫

٧. گەردووننامە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، سلێمانی، ۲۰۱۹٫

٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠.

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *