خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / یەکەمین کونگرەی سەراسەری شاعیری‌ ناوداری کورد، خانای قوبادی بەڕێوە چوو

یەکەمین کونگرەی سەراسەری شاعیری‌ ناوداری کورد، خانای قوبادی بەڕێوە چوو

یەکەمین کونگرەی سەراسەری شاعیری‌ ناوداری کورد، خانای قوبادی لە شاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ۱۳ی گەلاوێژ یەکەمین کونگرەی سەراسەری شاعیری ناوداری کورد، خانای قوبادی لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی خانای قوبادی، ڕێکخراوی گوتاری نوێ و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو.

مەسعوود قادری (بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری جوانڕۆ)

مەسعوود قادری بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری جوانڕۆ ئاماژەی بە ئەوەدا کە: ئەگەر بمانەوێت میلەتێک بناسین، دەبێت لە گەڵ ئەو نەتەوەدا هەڵسووکەوتمان بێت و بە مەبەستی پاراستن و پەرەپێدان بە زمان و فەرهەنگی گەلەکەمان دەبێت کتێبە مێژوویی و ئەدەبییەکانی خۆمان بە گەلانی تر بناسێنین. هەروەها ئاماژەی کرد کە خەڵکی ئەم ناوچەیە، کەسانێکی لێهاتوون و له باری فەرهەنگ و ئەدەبەوە بە درێژایی مێژوو هەمووکات لە بوواری زانستە ئایینییەکان، عیرفان و ئەدەبیات ڕەوڵێکی تایبەتیان گێڕاوە و لە ئەم ناوچەدا کەسانێکی وەکوو: مەولەوی تاوگۆزی، کەیفی جوانڕۆیی، میرزا ئەحمەدی داواشی، جەهان ئاراخانم و مەڵکەی جوانڕۆیی و دەیان عالم و ئەدەیب سەریان هەڵداوە کە یەکێ لە کۆڵەکەکانی ئەدەب و ڕووناکبیری کوردی کەسایەتی مەزنی خانای قوبادییە. شایانی ئاماژەیە خانای قوبادی وەکوو نیزامی گەنجەوی بە خواوەندگاری وێژەی کوردی ناوزەد دەکرێت.

قادری لە درێژەی وتەکانی ئاماژەی بەوەدا: کونگرەی سەراسەری خانای قوبادی لە ساڵی ۱۳۹۸ هەتاوی دەستی پێکرد بڕیار وابوو کە ئەم کونگرەیە بە بەشداری کەسایەتییە ناودارکانی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەڕێوە بچێت بەڵام بە هۆی ئەم پەتایە ماوەی دوو ساڵە ئەم ڕێوڕەسمە دواکەوتووە و ماوەی چەند مانگێکە بە یارمەتی بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کرماشان و جێگرەکان، فەرمانداری شاری جوانڕۆ، جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی فەرماندار، ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی خانای قوبادی، شارەوانی و ئەندامی شەورا بۆ بەڕێوبردنی ئەم ڕێوڕەسمە یاریدەرمان بوون و ئەمە بوو بە دەستپێکێک بۆ پەرەپێدان بە ئەدەب و کەلتووری شار و نەتەوەکەمان.

قادری لە کۆتایید ئاماژەی کرد: لە ٤٤ بابەتی نێردراو بۆ دەفتەرخانەی کونگرە تەنها ۲۰ بابەت هەڵبژێدراوە و کۆمەڵە وتارە پەسەندکراوەکان له کتێبێکدا بە چاپ گەیشتووەو لە بەردەستی خوێنەراندایە.

بەهرام فازڵی زادە (بەرپرسی گشتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کرماشان)

پاشان بەهرام فازڵی زادە بەرپرسی گشتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کرماشان سپاسی خۆیان ئاراستەی فەرمانداری جوانڕۆ، ئەندامی شەورا و ئەو کەسانەی کرد کە ڕۆڵێکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە گێڕا، هەروەها ئاماژەیان بە ئەوەدا کە ئەم کونگرە هەنگاوێکی گرنکە بۆ یەکڕیزی و نیشاندانی کەلتوور و فەرهەنگی نەتەوەیەک و پێویستە ئەم خاڵە گرنگە بۆ هەمووکات لە بەرچاو بگرین.

شنۆ حسەینی

پاشان شنۆ حسەینی وەک نوێنەری ئەنجومەنی ئەدەبی خانای قوبادی و گوتاری نوێ وتەی کونگرەی پێشکەشی بەشداربوانی کرد:

لێرە خانا خانەخوێیەو و ئێرەش ماڵە رەنگین و بە پیزەکەی خانایە کە تێیدا هەموومان کۆبووینەتەوە. خانا ئەو زاتە مەزنە بوو کە لە هەرێمی بوون و مانەوەماندا زمانی کردە پەیژە و ئەندێشەی کردە پرد، بۆ پەڕینەوە بە هەنگاوی گومان و بۆ دەربازبوون لە وەستاوی و پەراوێزکەوتن. ئەو فەقیانەکەی ئەحمەدی خانی لە شاڵەکەی خۆی گرێدا و پشتێنەکەی خۆی بەستەوە بە جامانەکەی حاجی کۆییەوە. تا سێ کەسی و بە نووکی قەڵەم بکەونە هەڵکۆڵینی وێنەی دڵخوازی نیشتمان لە تەمتومانی ون بوون و لە تاریکی نەریتی قەتیس ماو و پەنگخواردوودا، ئەوە بوو کە لە ئەنجامدا هەگەبەیەک لە جوانیی هزر و نەخشەڕێی مانەوەیان بۆ دەستەبەر کردین.

پاشان لە درێژەی بەرنامەکەدا، سێ وتار پێشکەش کرا و خانا لە ڕوانگە جیاجیاکانەوە لێک درایەوە.

محەممەد ڕەشید ئەمینی

بەشی یەکەم لە ژێر ناوی “ناسنامەی خانا لە شیعرەکانی خۆیدا” لە لایەن محەممەد ڕەشید ئەمینی پێشکەش کرا و بەڕێز ئەمینی جەختی خستە سەر ئەوەی کە خانا یەکێک لە پایەبەرزترین شاعیرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردییە، و دەبێت لە ڕووی زۆربەی بابەتەکانەوە له ڕیزی بەتواناترین شاعیرانی ئەم مەیدانەش دەستنیشان بکرێت. هەروەها ئاماژەیان بە ئەوە کرد کە ئەگەر بمانەوێت له ڕوانگەی لێکۆلەران و براوردکاری، ئاستی شاعیرانی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی لە سەر ئەم بوارانەدا لە بەرچاو بگرین، شاعیرانی پایەبەرزی ئەم دەڤەرە وان له ڕادەی پەنجە ژمێردا، کە بێ گومان یەکێک لەوانەش کە دەبێ پەنجەی ئاماژەی بۆ ڕابکێشین خانای قوبادییە.

محێدین ئەمجەدی

لە وتارێکی دیکەدا له ژێر ناوی” ڕەخنە و لێکۆڵینەوەیەک لە سەر بە هەڵە خوێندنەوەی داهێنەرانی خانای قوبادی لە وەرگێڕانی خەسرەو و شیرین بە پێی تیۆری هاروڵد بلۆم لە لایەن محێدین ئەمجەدی پێشکەشی بەشداربووان کرا و ئاماژەیان بە ئەوەدا کە شاعیران له هەر سەردەمێکدا لە دڵەڕاوکێ و نیگرانیدا له سێبەری شاعیرانی پێش خۆیاندا بۆ هەر لایەک کە چاو دەگێڕن سێبەری شاعیرە بە ناوبانگەکانی خۆیاندا ئەبینن و ئەمە دڵەڕاوکێی و شڵەژان درووست دەکات. هەروەها ئاماژەیان بە ئەوەدا کە بلۆم دەڵێت: وەرگێڕان و مانای هۆنراویەک له لایەن شاعیرانەوە درووست بوونی هۆنراو و شیعرێکی ترە، واتا شاعیرێک کە بەرهەمێک دەخوێنێتەوە ماناکەی ئەبێت بە بەرهەمێکی تر و بۆ ئەوە لە ژێر ئەم کاریگەرییە دەرچێت شێوازێکە لە بەر دەم دەقی سەرەکی هەڵدێ و ڕا دەکات.

عوسمان نووری(ڕێبین)

سێیەم وتار له لایەن عوسمان نووری(ڕێبین) پێشکەشی بەشداربوان کرا و ئاماژەیان به ڕەوتی مێژووی زمانی کوردی و سێ ئەزموونی زمانی کرد.

کەماڵ ئەمینی(شەنگاڵی)

لە بەشی چوارەمی ڕێوڕەسمکەدا ئەندامی لێژنەی داوەران کە بریتی بوون له: کەماڵ ئەمینی(شەنگاڵی)، عەلی ئۆڵفەتی و پەیمان جسری کە کەماڵ ئەمینی بە نوێنەرایەتی داروەران پەیامی ئەم لێژنەیە ئاراستەی ئامادەبوانی بەڕێز کرد و ئاماژەیان بە ئەوە کرد کە لە ٤٤ بەرهەمی نووسەر و ڕەخنەگران لە قەوارەی وتار و یاداشتدا له سێ تەوەری گرنگی: ژیان و بەرهەمەکانی خانا، زمانی شیعری خانا و هزر و ئەندێشەی شاعیر، بە بێ ناوی نووسەر و له ڕێگەی کۆدەوە گەیشتووەتە دەستی لێژنەی داوەران و بە پێی فورمی تایبەتی داوەری لە سەر چەندین پێوەری گونجاو بابەتەکانمان هەڵبژاردوە. و لە کۆتایشدا سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ئەو کەسانەی کرد کە هەستاون بۆ بەڕێوەبردنی وەها کونگرەیەک و سپاسی ئەو قەڵەمە جیدییانەی کرد کە خۆیان بە بابەتەکانەوە ماندووکردوە.

ته‌حسین ڕه‌زایی

له کۆتای ئەم ڕێوڕەسمەدا بۆ سێ کەسی یەکەم خەڵات پێشکەشکرا، و ئەم سێ کەسە لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە بە پێی ئیمتیازێک کە پێیان درا بەم شێوەی خوارەوەیە:

پلەی یەکەم: عوسمان(ڕێبین) نووری بۆ وتاری: بنەماکانی چەمکی نیشتمانپەروەریی لە ئەندێشەی ئەحمەدی خانی و خانای قوبادیدا.

پلەی دووهەم بە شێوەی هاوبەش

 ئەحمەد غوڵامی بۆ وتاری: پیری؛ دالێکی بەتاڵ، یان پلانێکی شاعیرانە بۆ هەڵبەستنەوەی گەنجێتی (لێکدانەوەی شیعرەکانی خانای قوبادی لە سەر پیر بوون).

 عەتا ئەڵماسی بۆ وتاری:ارتباط غیر کلامی در منظومەی شیرین و خسرو خانای قبادی.

پلەی سێهەم موعتەسەم حسێنی بۆ وتاری: نمادشناسی رنگ در اشعار خانای قبادی.

جێگەی ئاماژەیە وتارەکان لە دووتوێی کتێبێکدا لە ژێر ناوی “کۆمەڵە وتاری کونگرەی خانای قوبادی” بە چاپ گەیشتووە.

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ده‌نگاوده‌نگی له‌ حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌راندا

2 بۆچوونه‌کان

  1. محی الدین امجدی

    پۆختەی وتاری محێدین ئەمجەدی لە کۆنگرەی خانای قوبادیدا

    خانای قوبادی لە وەرگێڕانی خەسرەو و شیرین دا زۆر جار دەقەی خۆی لە باری پەیڕەنگ و ڕوداوەکان ، ژماری کەسایەتیەکان و … بە دەقی نیزامیەوە گرێ داوە.
    بەڵام زۆر جاریش بە شێوازی بە هەڵە خۆێندنەوەی داهێنەرانە(تیوری بلۆم) جیاوازی خستوتە وەرگێڕانەکەی خۆی و دەقەکەی نیزامیەوە، بۆ نموونە خانا ۶۲۲ دێڕشیعری لە بەرهەمەکەی نیزامی سڕیوەتەوە. هەروەها پێشەکی نیزامی ‌۹/۱۴%هۆنراوەکەیە کە چی پێشەکی هۆنراوەی شیرین و خەسرەوی خانا۲/۳۸%بەرهەمەکەیە.
    لە بارەی کەسیاتیەکانی دو هۆنراوەشەوە دەبێ بڵێین کە فەرهادی کۆکەن لە لایەن خاناوە لە بەر چەن هۆکار ، کاسەیەتیێکی زو مەزن و بەرچاوە، کە چی لە لای نیزامیەوە ئەم کەسایەتیە هێندەی خانای ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە… هەر وەها خانا دەقی هونراوەکەی خۆی دەکاتە زەرفێک بۆ نیشاندانی داب و نەریتی کوردەواری سەردەمی خۆی.
    ئەمانەی باسمان کردن هەموو نیشاندەری لادانی ئاشکەرای خانا، وە بە گوێرەی تیۆری هاروڵد بلوم (بە پێچەوانەخوێندنەوەی داهێنەرانە) لە دەقەکەی نیزامیە.

  2. ناونیشانی وتار(ڕەخنەو لێکۆڵینەیێک لە سەر بەهەڵە خۆێندنەوەی داهێنەرانەی خانای قوبادی لە وەرگێڕانی خەسرە و شیرینی نیزامی بە پێی تیۆری هاروڵد بلۆم.)

    خانای قوبادی لە وەرگێڕانی خەسرەو و شیرین دا زۆر جار دەقەی خۆی لە باری پەیڕەنگ و ڕوداوەکان ، ژماری کەسایەتیەکان و … بە دەقی نیزامیەوە گرێ داوە.
    بەڵام زۆر جاریش بە شێوازی بە هەڵە خۆێندنەوەی داهێنەرانە(تیوری بلۆم) جیاوازی خستوتە وەرگێڕانەکەی خۆی و دەقەکەی نیزامیەوە، بۆ نموونە خانا ۶۲۲ دێڕشیعری لە بەرهەمەکەی نیزامی سڕیوەتەوە. هەروەها پێشەکی نیزامی ‌۹/۱۴%هۆنراوەکەیە کە چی پێشەکی هۆنراوەی شیرین و خەسرەوی خانا۲/۳۸%بەرهەمەکەیە.
    لە بارەی کەسیاتیەکانی دو هۆنراوەشەوە دەبێ بڵێین کە فەرهادی کۆکەن لە لایەن خاناوە لە بەر چەن هۆکار ، کاسەیەتیێکی زو مەزن و بەرچاوە، کە چی لە لای نیزامیەوە ئەم کەسایەتیە هێندەی خانای ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە… هەر وەها خانا دەقی هونراوەکەی خۆی دەکاتە زەرفێک بۆ نیشاندانی داب و نەریتی کوردەواری سەردەمی خۆی.
    ئەمانەی باسمان کردن هەموو نیشاندەری لادانی ئاشکەرای خانا، وە بە گوێرەی تیۆری هاروڵد بلوم (بە پێچەوانەخوێندنەوەی داهێنەرانە) لە دەقەکەی نیزامیە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *