خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / نواندنەوەی بۆشایی لە کورتەچیرۆکی کوردیدا: خوێندنەوەی دەروونشیکارانەی نموونە بەرهەمی شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی و محەمەد ڕەمەزانی

نواندنەوەی بۆشایی لە کورتەچیرۆکی کوردیدا: خوێندنەوەی دەروونشیکارانەی نموونە بەرهەمی شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی و محەمەد ڕەمەزانی

نواندنەوەی بۆشایی لە کورتەچیرۆکی کوردیدا: خوێندنەوەی دەروونشیکارانەی نموونە بەرهەمی شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی و محەمەد ڕەمەزانی

بەختیار سەجادی

توورەج خوسرەوی

لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە بە پێی روانگەکانی لاکان و بۆچوونی دەروونشیکارانە لە سێ کورتەچیرۆکی کوردی بکۆڵدرێتەوە و بە گوێرەی پێگە، ژیان، زەینییەت و پاشخانی سووژەی کوردیی نوێندراو لەو بەرهەمانە، دەست بخرێتە سەر بۆشاییەکان. نموونەکان بریتین لە «لۆزان» بەرهەمی شێرزاد حەسەن، «من … تۆم … خۆش … دەوێ» نووسینی عەتا نەهایی و «عەینەک و سەمعەک» بەرهەمی محەمەد ڕەمەزانی. ئەم سێ نموونەیە هەوڵیان داوە سێ چەشنی جیاوازی بۆشایی لە سوبژێکتیڤیتەی کوردیدا بنوێننەوە کە بریتین لە بۆشایی ناسنامەی نەتەوەیی، ئەوینی ئازادانە و بۆشایی زەینییەتی مۆدێرن؛ بۆشاییەکانی نێو ناخودئاگای کەسایەتییەکان تێکچوویی و ناهاوسەنگیی دەروونیی دروست کردووە و ئەم دۆخە زەینییە لە زماندا خۆی دەردەخاتەوە. لە چیرۆکی «لۆزان»‌دا ئەوە پیشان دەدرێ کە چلۆن کاوە وەکوو نوێنەر و دەرکەوتەیەک بۆ سوژەی کورد بە دەست بۆشاییی ناخودئاگاوە دەناڵێنێ. نووسەر ئەم بۆشاییە لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی مەیل بۆ لۆزان، دڵبەرە ئەورووپییەکەی کاوە، و نەفرەت لە پەیماننامەی لۆزان و هەروەها نەبوونی ئەزموونی بابەتی خەیاڵی دەنوێنێتەوە. هۆکاری بیچم‌گیریی ئەم بۆشاییە دەگەڕێتەوە بۆ باری تایبەتی نەتەوەیی و بەخشینی مۆرکی سیاسی لە ناسنامەی کۆیی و تاکیی کەسایەتیی سەرەکیی بەرهەمەکەدا. لە چیرۆکی دووەمدا نووسەر بە مەبەستی نواندنەوەی بۆشایی سۆزدارانەی دکتۆر هێرۆ، شێوەیەکی گێڕانەوەیی نوێخوازانە هەڵدەبژێرێ. ئەم بۆشاییە لایەنێکی تاکی و مۆرکێکی سۆزدارانەی هەیە، بەڵام بە هۆی چەشنی تایبەتی جڤاکی کوردی و کۆت‌وبەندەکانی نەریتەوە بۆتە بەشیک لە ناسنامەی تاکیی کەسایەتییەکە. لە کورتەچیرۆکی سێیەمدا، چۆنیەتیی نائامادەیی سوژەی کورد، بە تایبەت کەسایەتیی مام عەزیز، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە و هەر بابەتێکی نوێ و وەرگرتنی، بە ڕەچاوکردنی دوانەی “چاو و گوێ” لێک دەدرێتەوە. لێرەدا بۆشایی ڕەنگێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و بۆتە مۆرکێکی فەرهەنگی لە ناسنامەی تاک و کۆمەڵدا.

لەم سێ چیرۆکەدا بە ڕەچاوکردنی دەور و کاریگەریی مەیل، ئاماژەش دەکرێ بۆ بۆشاییی ناخودئاگای کەسایەتییەکان. لە کاوەدا بە سەرنجدان بە دۆخی ئێستای کورد و نەبوونی وڵاتێکی یەکپارچە، بۆشاییەکە لە چەشنی نەتەوەیی و ناسنامەییە. لەبارەی دکتۆر هێرۆوە بە سەرنجدان بە نەبوونی دڵدارێک لە ژیانیدا، بۆشاییەکی سۆزدارانە بە ئەژمار دێت و ئاخێزگەکەشی کۆت‌وبەندەکانی کۆمەڵگای نەریتەوانە. لە کەسایەتیی مام عەزیزدا، بە نائامادەیی زەینییەتی سوژەی کورد بۆ وەرگرتنی ژیانی تازە و مۆدێرنیتە ڕەنگ دەداتەوە و زاڵبوونی زەینییەتی سونەتی بە هۆی بۆشایی و نەبوونی زەینییەتی مۆدێرنەوەوە، بەری بە دینامیزمی فەرهەنگی بە شێوەی بگۆڕ و چالاک لە کۆمەڵگای کوردیدا گرتووە. ئەم سێ چیرۆکە نەک هەر هەوڵی نواندنەوەی بۆشایی دەدەن، بەڵکوو دەشکرێ بڵێین لە سەر بۆشایی دامەزراون.

گەرچی سەرنجی ڕوانین لێرەدا لە سەر سوبژێکتیڤیتەی تاکەکەسییە، بەڵام ئاشکرایە لایەنی هاوشێوەی ئەم بۆشاییە لە سوبژێکتیڤیتەی کۆمەڵایەتیشدا دەرکەوتووە. ئەو جڤاتەی سووژەی کوردی تێیدا پەروەردە دەکرێت، لەبەر هۆکاری ئاماژەبۆکراو نەیتوانیوە وەک سیستەمی فەرهەنگی و ژینگەیەکی تەندروستی کۆمەڵایەتی ئامێز بۆ ناسنامەی نەتەوەیی، سۆز و ئەوین، مۆدێرنیتە و ئەزموونی نوێ بکاتەوە. بەرهەم‌هێنان و بەرهەم‌هێنانەوەی ئەم بۆشاییە لە لایەن تاکەکەس و جڤاتەوە، لە ئەنجامدا جۆرێک پێوەندیی لە نێوان سوبژێکتیڤیتەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا دروست کردووە کە دەتوانین وەک دیالێکتیکی ڕووخێنەر ناوی لێ بەرین، بە حوکمی ئەوەی کەشێکی خولقاندووە کە تێیدا هیچ جۆرە ئازادییەکی بۆ دەربازبوون لەو بۆشاییە بۆ سوژەی کوردی نەهێشتووەتەوە.

داگرتنی ته‌واوی وتاره‌که‌

دیزاین: خالێد محەمەدی

 بۆ داگرتنی تەواوی وتارەکە ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *