خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «کوردناسیی بەراوەژوو» خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پرۆژەی ئێران‌شاریی گارنیک ئاساتووریان

«کوردناسیی بەراوەژوو» خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پرۆژەی ئێران‌شاریی گارنیک ئاساتووریان

شناسنامه کتاب:کردها و خاستگاه آنها: روش‌شناسی مطالعات کردی، گارنیک آساطوریان، مترجم:صنعان صدیقی. تهران: نشر فرهامه، ١٣٩٧.

🔸«کوردناسیی بەراوەژوو» خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پرۆژەی ئێران‌شاریی گارنیک ئاساتووریان

دوکتۆر ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌

وشەی “کوردناسی” یان “کوردۆلۆژی” لە مانایەکی گشتی و لە مانایەکی بەرتەسک‌تر‌دا بەکار هێنراوە. لە مانا بەرتەسکەکەی‌دا کوردناسی به لقێکی ڕۆژهەڵات‌ناسی ئەژمار کراوە. لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵات‌ناسی یان ئۆریەنتیالیزم به کۆی لێکۆڵینەوەکانی زانا ڕۆژئاواییەکان لەمەڕ ڕەچەڵەک و مێژوو و زمان و داب‌ونەریتی گەلە ڕۆژهەڵاتییەکان گوتراوە، به گوێرەی ئەم مانایایه، بۆ نموونه نووسراوەی زانا مسوڵمانەکانی سەدەکانی ناوین یان لێکۆڵینەوەی زانا کوردەکان خۆیان دەربارەی فەرهەنگی کوردی لە خانەی کوردناسی‌دا جێگیر نابێ. بەڵام لە مانایەکی گشتی‌تردا کوردناسی به هەموو ئەو لێکۆڵینەوانه دەگوترێ که بابەتەکەیان دەکرێ وەکوو مەدخەل یان سەرناوی دایرەتولمەعاریف/ئەنسیکلۆپیدیایەکی کوردی کەڵکیان لێ وەربگیرێ؛ چ زانا ڕۆژئاواییەکان نووسیبێتیان، چ توێژەرە ڕۆژهەڵاتییەکیان و چ کورد خۆی نووسیبێتی.

له ڕوانگەی ئێمەوە مانای گشتیی کوردناسی زۆرتر جێگای داکۆکی‌یە. کوردناسی ئەگەرچی بوارێکی توێژینەوەیە کە یەکەم‌جار لە لایەن نووسەرە ڕۆژئاواییەکانەوە ـ وەک لقێکی زانستی ـ بناغەی دانراوە، بەڵام دواتر به توێژینەوەی توێژەرە ڕۆژهەڵاتییەکانیشەوە دەوڵەمەند کراوە. ناکرێ بۆ نموونه کتێبی گارزۆنی ئیتالی وەک سەرچاوەیەکی کوردناسی چاوی لێ بکرێ بەڵام شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی یان تاریخولئەکرادی مەستوورەی ئەردەلان وەک بەرهەمی کوردناسانه چاویان لێ نەکرێ.

بەڵگاندنێک کە پاڵپشتی هەڵبژاردنی مانا گشتتیەکەی وشەی کورد‌ناسی دەکا ئەوەیە که لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییەکان خۆیان به لێشاو کەڵکیان لەو سەرچاوه ڕۆژهەڵاتییانه وەرگرتووە.

کوردناسی هەندێک جار وەکوو بەشێک لە لقی ئێران‌ناسی چاوی لێ کراوە و هەندێک جاریش وەکوو لقێکی سەربەخۆ ئەژمار کراوە.

گرینگایەتی لەڕادەبەری کۆمەڵە لێکۆڵینەوەکانی کوردناسی لەوەدا بووە که کاریگەرێتی بەرچاوی لەسەر گوورانی شوناسێکی یەکپارچەی کوردی هەبووە. کوردناسی هەتا ئێستا به شێوەیەکی بەربڵاو تیشکی خستووەتە سەر مێژوو و زمان و ئەدەبیات و داب‌ونەریتی کورد. هەموو ئەو بوارانه به سازدەری گرینگی شوناسێکی سەربەخۆ و یەکپارچه بۆ کورد ئەژمار دەکرێن.

دیارە ئەو کەس و لایەنانەش وا ـ به هەر هۆیەک ـ دژی ئەو بۆچوونەن که داکۆکی لە شوناسێکی یەکپارچه و سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد بکرێ به سانایی لەگەڵ کوردناسی وەکوو لقێکی ئاکادێمیک یان وەکوو هۆکارێکی شوناس‌ساز پێک نایێن. ئەو دژایەتی کردنه به دوو شێوە دەکرێ:

ـ یان لە بنەڕەت‌دا دژایەتی لەگەڵ بوونی لقێکی وەک کوردناسی لە ناوەنده زانستی و ئاکادێمیکەکان دەکرێ،

ـ یان پێشنیارەکە ئەوەیە لقەکە به ڕەسمی بناسرێ بەڵام لەژێر چەتری کوردناسی‌دا ئەو تیۆرییانه پەرەیان پێ بدرێ که دژ به بیچم گرتنی شوناسێکی مێژوویی بۆ کورد وەکوو نەتەوەیەک بن و دژ به یەکیەتی نەتەوەیی ئەو گەلە بن که ئێستا و به درێژایی مێژوو به کورد ناسراوه. به دەربڕینێکی دیکه پێشنیارەکە ئەوەیە که به ناوی کوردناسییەوە ئەو باس‌وخواس و تیۆرییانه بەرهەم بێن و بڵاو بنەوە که تیۆرییه شوناس‌سازەکان پووچەڵ بکەنەوە.

شێوەی یەکەمی بەرەوڕووبوونەوەی دژبەرانه لەگەڵ بابەتی کوردناسی، شێوەیەکی کاریگەر نەبووە. چونکه ئەگەر کەسێک یان لایەنێک لە ناوەندێکی زانستیش‌دا دژ به پێک هاتنی لقی کوردناسی بێ، سوور دەزانێ لە وڵاتی دیکه و لە ناوەندی تر دا ئەو لقه دادەمەزرێ و کەسانێکی پسپۆر کاری تێ‌دا دەکەن. کەوابوو لە ڕوانگەی ئەوانەوە شێوەی شوێن‌دانەرتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کوردناسی ئەوەیە که به ناوی لێکۆڵینەوەی کوردناسی و به پاراستنی ڕواڵەتی ئاکادێمیکی لێکۆڵینەوەکان، ئەو سەرچاوانەی وا ئەو بوارە پاراو دەکەن به بەربڵاوی لێڵ بکرێن و لێکۆڵینەوەی چەواشه به هەراوی بخزێندرێنە ناو ژێدەرە ئاکادێمییەکانی تایبەت به کوردناسی و وای لێ بێ لێک هەڵاواردنی پاک و پیس، کاری نەکرده بێ.

هیچ ئامرازێک ئەوەندی دەست‌بەسەرداگرتنی ناوەندێکی زانستی و ئاکادێمیک بۆ بڵاو کردنەوە و چەسپاندنی کۆمەڵە بۆچوونێکی تایبەت شوێندانەر نییە.

گارنیک ئاساتووریان دامەزرێنەری ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوەی کوردناسی لە یەریڤانی پێتەختی ئەرمەنستانه. مامۆستای زانکۆیه و جگه لەم ناوەندە کوردناسییه، سەرپەرشتی ناوەندێکی ئێران‌ناسی له یەریڤان  و دوو بڵاڤۆکی ئێران‌نامه و ئاکتا کوردیکاـش دەکا. سەرنووسەری گۆڤارێکه بەناوی “ئێران و قەوقاس”. لەم دواییانەدا کتێبێکی به ناوی “کردها و خاستگاه آنها”[۱] به وەرگێڕانی “صنعان صدیقی” به زمانی فارسی بڵاو بووەتەوە.[۲]

پڕۆژەی ئاساتووریان لە راستی‌دا کوردناسی نییە. یان باشترە بڵێین کوردناسییەکی چەواشەیە. کوردناسیی ئاساتووریان بەشێکه لە پڕۆژەی ئێران‌ناسی ئەو. یەکێک لە تێزەکانی ئاساتووریان ئەوەیە که ئەگەر لە ئێران‌دا زمانێکی دیکه جگه لە زمانی فارسی له قوتابخانەکان‌دا به دەرس بگوترێتەوە، ئەوپەڕەکەی بیست ساڵ ناخایێنێ که وڵاتی ئێران لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.

ئاساتووریان له کتێبەکەی‌دا ڕەخنەی توند لەو کەس و لایەنانه دەگرێ که لە کاری “شوناس‌سازی” بۆ کورد دان. دیاره پێش‌گریمانەی ئەو قسەیە ئەوەیە که کورد خاوەنی شوناس نییە و کەسانێک به تۆپزی خەریکی ساز کردنی شوناسێکی ساخته بۆ کوردن.

نووسەر له پێشەکی کتێبەکەی‌دا دەڵێ:

“کوردناسی یەکێک لە سیاسەت‌بردووترین[۳] لقەکانی ئێران‌ناسی‌یە. دەوری خەڵکانی ئاماتۆری خۆجێیی لەم بوارەدا زۆر بەرچاوە. ئینشا نووسین لەم لقەدا پشێوی و هەڕەج مەڕەجێکی وەهای ناوەتەوە که هەندێک جار بووەتە لەمپەرێک لە بەردەم پێشکەوتنی ئەو بوارە گرینگەی ئێران‌ناسی. کەچی لە لقەکانی دیکەی ئێران‌ناسی‌دا چالاکی ئاکادێمیک، لە لێکۆڵینەوە زەوقی و ئاماتۆرەکان بەتەواوی لێک جودان و هەرگیز نابنه مڵۆزمی یەکتر. ئەو دەرەنجامانەی من لەم کتێبەدا پێیان گەیشتووم ڕەنگه بۆ هەندێک کەس ـ و بەر لە هەمووان بۆ ئاماتۆرەکان ـ چاوەڕوان‌نەکراو بن. بەڵام وا باشه بزانن هەرچی لە هەناوی ئەم بەرهەمەدا خۆی حەشار داوە، لەسەر بنەمای دەیتا و پارامێتری زانستی به گوێرەی مێتۆدۆلۆژییەکی وردبینانەوە شرۆڤه کراوە”[۴]

ئەوەی لە نووسراوەکەی ئاساتووریانەوە هەڵدەهێنجرێ ئەوەیە که ئەو، دوو کەمایەسیی بەرچاو لە نووسینی نووسەرە کوردەکان‌دا سەبارەت به فەرهەنگ و مێژووی خۆیان دەبینێ و نووسینی خۆی لەم دوو کەم‌وکووڕییانه به دوور دەبینێ. کەمایەسییەکان ئەمانەن:

یەکەم. نازانستی بوون و ئاماتۆر بوون

دووەم. ئایدۆلۆژیک بوون و سیاسەت‌بردوویی

لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە، هەر دوو کەمایەسی به‌شێوەیەکی بەرچاو پشتی نووسراوەی خودی ئاساتووریانی چەماندووەتەوە. بۆچوونی نووسەر لە زۆر شوێن‌دا هەم نازانستین و هەم به شێوەیەکی تۆخ ئایدۆلۆژیک و سیاسین.

نموونەیەک کە بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکات هەم مۆرکیێکی ئایدۆلۆژیکی پێوە دیارە و هەم دروشمی نازانستی بوونی لە ئادگاری دەخوێندرێتەوە کەڵک وەرگرتنی ئاساتووریان له تێرمێکی داتاشراو و نازانستی به ناوی “زمانی ناو لانک”ه.

ئاساتووریان پێی وایه ئەو زمانەی وا خاوەنی “وردە فەرهەنگەکان” به هەڵە ناوی زمانی دایک ـ یان لەسەر داناوە و بریتی‌یە لە زمانی خۆجێیی ناوچەی خۆیان، لەڕاستی‌دا زمانی ناو لانکه نەک زمانی دایکی. بەو پێیە وەڕاستگەڕاوی[۵] “زمانی ناولانک” له ئێران‌دا زمانگەلێکی وەک کوردی و بەلووچین.

ئاساتووریان دەڵێ:

“لە گوتاری هاوچەرخی ئێران‌دا […] “زمانی ناو لانک” کە لەڕاستی‌دا بریتی‌یە له زمانی ئاخاوتنی خەڵکی خۆجێیی و خەڵک لە ناو ماڵ‌دا قسەی پێ دەکەن [به هەڵە] به زمانی دایکی لە قەڵەم دەدرێ و بەم شێوەیە چەمکی دەرهەست و بەرهەست لێک دەدرێ و ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵه شوناسێکی ساخته”[۶]  

لە نووسینی زانستی‌دا، تێرمەکان پێناسە و پێشینەی خۆیان هەیە. ناکرێ کەسێک تێرمێک لە گیرفانی دەربهێنێ و بێ هێچ پێشینە و ئیرجاعێک و به بێ لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل و بێ شرۆڤەکاریی ورد لە نووسراوەکەی بئاخنێ؛ ئەگەر واشی کرد، ئیتر نووسراوەکەی زانستی نییە. من له هیچ سەرچاوەیەکی زمانەوانی باوەڕپێکراو‌دا زاراوەی “زمانی ناو لانک” م نەدیتەوە که ئاساتووریان  بۆ وەسفی زمانی وەک کوردی کەڵکی لێ وەرگرتووە. واته ئەو زاراوەیە نووسەر خۆی بە بێ پشت بەستن به هیچ بنەمایەکی زانستی و به مەبەستێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیک دایتاشیوە.

چوارچێوەی گشتیی باسی زمانەوانی و مێژوویی ئاساتووریان سەبارەت به کوردان، لە راستی‌دا کەم‌وزۆر هەر بریتی‌یە له باسەکانی مەکەنزی. بۆچوونەکانی مەکەنزی بەشێوەیەکی هەراو له سەرانسەری نووسراوەکەی ئاساتووریان‌دا بڵاون. ئەوە لە حاڵێک دایه که ئاساتووریان بۆچوونی هەر کوردناسێکی دیکه وەک مینۆرسکی و ویندفۆهێر و درایڤێر و … که به حاڵ بۆنی چەسپاندنی چەشنێک شوناسی کەونارا یان جۆرێک شوناسی یەکپارچەی بۆ کوردان لێ بێ، بێ سێ و دوو لێ‌کردن ڕەت کردووەتەوە. کەچی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نووسراوەیەکی زانستی چەشنێک ڕوانینی بەربڵاو و گشتگره نەک ڕوانینێکی حەزفی و بەرتەسک‌کەرەوە.

ئەوەی ڕاستی بێ بۆچوونەکانی مەکەنزی بۆ من  ـ لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بۆچوونەکانیم سەبارەت به کورد پێ ڕاست نین ـ سەنگی محەکێکی زۆر لەبارە بۆ دیاری کردنی ڕاست‌بێژی ئەو کەسانەی قسەکانی ئەو وەک بەڵگەیەکی قایم بۆ پشت‌ڕاست کردنەوەی بۆچوونەکانی خۆیان دەهێننەوە. مەکەنزی بەم بۆچوونه بەناوبانگه که “گۆرانی” به بەشێک لە زمانی کوردی نازانێ و حیسابی گۆرانەکان لە حیسابی کوردەکان جودا دەکاتەوە. هەموو ئەو کەسانەی ئەو بۆچوونه ناڕاسته بڵاو دەکەنەوە یەکێک له گرینگ‌ترین بەڵگەکانیان بۆچوونەکانی مەکەنزی‌یه و وەکوو دەقێکی پیرۆز و کتێبێکی ئاسمانی چاو له نووسراوەکانی ئەو دەکەن. بەڵام لە هەمان کات‌دا مەکەنزی، لەکی به دیالێکتێکی کوردی ئەژمار دەکا. هەر ئەو کەسانەی بۆ چەسپاندنی کوردی نەبوونی گۆرانی وەکوو قسەیەکی پێغەمبەرانه دەستەوداوێنی گوتەی مەکەنزی دەبوون، ئەوجار لە حاست به کورد زانینی لەکەکان لە لایەن مەکەنزییە‌وە گوێی خۆیان دەئاخنن و ئەو قسەی مەکەنزی به هێند وەرناگرن به بۆچوونێکی هەڵەی دادەنێن.

ئەوە کارێکه که ئاساتووریان دەیکا. گۆرانی به کوردی نازانێ و یەکێک لە بەڵگەکانیشی بۆچوونی مەکەنزی‌یه. بەڵام بۆ لەکی دەستەوداوێنی قسەیەکی هەڕەمەکی و نازانستی دەبێ که لەسەر زاری خەڵکی کووچه و بازاڕە. زۆر جار لەناو خەڵکی ڕەشۆکی دا دەبیسترێ که له وشەی “لەک”دا پیتی لام ئاماژه به وشەی لوڕ دەکا و پیتی کافیش ئاماژه به کورد دەکا. کەوایه لەکی تێکەڵاوێکه لە لوڕی و کوردی. ئەوە بۆچوونێکه که پرۆفیسۆری کوردناس بەپێچەوانەی زۆربەی وارەکانی[۷] تر وە پێش بۆچوونی مەکەنزی خستووە و لێرەدا به شێوەیەکی ئاوارته بۆچوونەکەی مەکەنزی به هێند نەگرتووە.

جگه لەمە مەکەنزی که گۆرانی لە زمانی کوردی دادەبڕێ، به زمانێکی سەربەخۆی دانانێ بەڵکوو به لكێکی زمانی فارسی دەقرسێنێ. لێرەش‌دا هەندێک له فاکت‌هێنەران لە مەکەنزی دیسان فاکت لە بەشی یەکەمی بۆچوونی مەکەنزی دەهێننەوە بەڵام بەشی دووەمی بۆچوونی ئەو به ناڕاست دەزانن. ئاساتووریان لێرەدا دەڵێ مەکەنزی ڕاستی بۆچووە و گۆرانی، لکێکی زمانی فارسی‌یە.

هەر ئەوە ڕادەی نایەکانگیر بوونی بۆچوونی ئەو کەسانه و ڕادەی ڕاست‌بێژییان سەبارەت به پشت‌بەستن به مەکەنزی دیاری دەکا.

مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی لەمەر مەکەنزییەوە دەڵێ:

“مەکەنزی لە دوو بەرەی جیاوازدا شەڕی باوەڕی باوی کوردانی دەکرد: یەکەم دژ به یەک‌بوونی زمانی مادی و کوردی دەوەستا و دووهەم زاراوە باشوورییەکانی زمانی کوردی (هەورامی و زازایی و به گشتی گۆرانی) له کوردی بوون دەشۆردەوە و به گشتی دەیکردن به فارسی”[۸]

من خاڵێکی دیکەش بەوخاڵانه زیاد دەکەم کە بۆچوونی مەکەنزی تێیان‌دا لەگەڵ باوەڕی کوردان لەمەڕ خۆیانەوە جیاوازیی قووڵی هەیە.

لە ڕوانگەی مەکەنزییەوە ئاخێزگەی زمانی کوردی دوور لەو ناوچەیە بووە که ئێستا زۆربەی کوردان تێیدا نیشتەجێن و بیچم گرتنی زمانی کوردی لە ناوچەیەکی باشووری‌تر دا ڕووی‌ داوە؛ واته لە باکووری پارێزگەی فارسی ئەمڕۆ. دەلالەتی ڕاستەوخۆی ئەو قسەیە ئەوەیە کە کوردان دواتر بۆ ئەو ناوچانه کۆچیان کردووە کە ئێستا تێیدا نیشتەجێن و کوردستانی ئەمڕۆ ولاتی ڕەسەنی کوردان نییە.

ئاساتووریان که بۆخۆی ئەرمەنی‌یە بەباشترین شێوە ئەو بۆچوونەی مەکەنزی بۆ چەسپاندنی ئەو مەبەسته دەقۆزێتەوە که گوایه هەموو ئەو ناوچانەی ئێستا پێی دەڵێن “کوردستانی تورکیه” وڵاتی ڕەسەنی ئەرمەنییان بووە و کوردەکان دوای کۆچێکی بەربڵاو که لە ناوچە باشوورییەکانەوە کردوویانه لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بوونه.

زۆر دەیتای مێژوویی و زمانی و ئەدەبی بۆچوونەکانی ئاساتووریان ـ که لەڕاستی‌دا هەمان بۆچوونەکانی مەکەنزی‌یە و هەندێک بۆچوونی ناڕاستی دیکەشی پێوە زیاد کراوە ـ ڕەت دەکەنەوە.

لەمێژووی کورددا هیچ بەشێک لە کوردان ئەوەندەی گۆرانەکان داکۆکییان لە کورد بوونی خۆیان نەکردووە و هێندەی ئەوان شانازییان به کورد بوونیان نەکردووە.

باوە سەرهەنگی دەودان لە شێعرێک‌دا دەڵێ:

سەرهەنگ دەودان، سەرهەنگ دەودان     ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان

چەنی ئێرمانان مەکێڵم هەردان             مەکۆشم پەری ئایینی کوردان

شاوەیس قوڵی دەڵێ:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جه کورد     بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جه کورد

من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی کورد      سڵسڵەی سپای زوحاک کەردم هورد

هەتا دەگاته خانای قوبادی. خانا دەڵێ:

ڕاستە مەواچان فارسی شەکەرەن          کوردی جە فارسی بەڵ شیرین ترەن

پەی چێش نە دەوران ئی دنیای بەدکێش   مەعلوومەن هەر کەس بە زمان وێش

دەمەوێ ئاماژه به ڕاستییەک بکەم. باوە سەرهەنگی دەودان لە ساڵی ٩٣٦ی زایینی لە دایک بووە. ساڵی لە دایک بوونی خانای قوبادی ١٧٠٤ه. مەودای ئەو دوو شاعیره نزیکەی هەشت سەدەیە. لە مەودای ئەم هەشت سەدەیە‌دا زۆر شت گۆڕاوە. بۆ نموونه دین و ئایین گۆڕاوە، نەریته ئەدەبییەکان گۆڕاون. دینی باوە سەهەنگ یارسان بووە، خانا مسوڵمانه. لە زەمانی باوە سەرهەنگ‌دا قالبی باوی شێعر دوو بەیتی بووە. لە دەورانی خانا دا، شێوەی باوی شێعر نووسین مەنزوومەی درێژی مەسنەوی بووە. بەڵام به درێژایی نزیک هەشت سەد ساڵ لە باوە سەرهەنگەوە هەتا خانا و تەنانەت دواتریش، سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکان و جوداوازییەکان، هەموو ئەو شاعیرانه لەسەر شتێک کۆکن و ئەو بابەتە بە درێژایی ساڵ و سەدان نەگۆڕدراوە: ئەوەی کە ئەو شاعیرانه به فەخرەوە خۆیان به کورد زانیوە. ئەو دیالێکتەی ئەو شاعیرانه کورد بوونی خۆیان پێ ڕاگەیاندووە دیالێکتی گۆرانی‌یە.

جگه لەمە فاکتەرەکانی یەک‌بوونی نەتەوەیی خۆ هەر بەتەنیا زمان نییه. داب‌ونەریت و ئەدەبیات و جل‌وبەرگ و یادەوەریی هاوبەش و زۆر فاکتەری دیکە وەها گۆران و لەک و باقی کوردەکان به جەستەی سەرەکی نەتەوەکەیانەوە دەبەستنەوە که به گوێرەی نەریته باوەکانی زانستی خەڵکناسی، ناتوانی گومان لە کورد بوونی ئەوانه بکەی. ئەوەی ڕاستی بێ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێتۆدۆلۆژیی زانستی خەڵکناسی ئەوەی گومانی دەخرێتە سەر کورد بوونی ئەو بەشە لە کوردەکان نییە، بەڵکوو زانستی بوونی کاری کەسانی وەک ئاساتووریانه.

میتۆدۆلۆژی زانسته مرۆڤییەکان لە هەندێک شوێن‌دا جوداوازیی گرینگی لەگەڵ مێتۆدۆلۆژی زانسته سروشتییەکان‌دا‌ هەیە. لە زانستی مرۆیی‌دا، جوداوازییەک لە نێوان تاوتوێ کردن له ڕوانگەی چاوەدێرەوە و تاوتوێ کردن لە ڕوانگەی بکەرەوە هەیە. لە تاوتوێ کردن‌ لە ڕوانگەی بکەرەوە توێژەرەوە دەبێ شێوەی ڕوانینی ئەو خەڵکەی لێکۆڵینەوەیەیان لەسەر دەکا بۆ بابەتە فەرهەنگییەکان به گرینگ بزانێ و بۆ ئەوەی ئەنجامی توێژینەوەکەی باوەڕپێکراو بێ، هەوڵ بدا لە ڕوانگەی خودی ئەو خەڵکەوە تماشای بابەتەکان بکا، نەک لە ڕوانگەی چاوەدێرەوە. کاتێک پسپۆرێکی زانسته مرۆییەکان دەیەوێ لەسەر شوناس و فەرهەنگی خەڵکێک لێکۆڵینەوە بکا، بۆی نییە بڵێ من کارم بەوە نییە ئەو خەڵکه به درێژایی نزیکەی هەزار سال چۆن چاویان له شوناسی خۆیان کردووە. ئەو شتانەی هەر بە تەنیا له ڕوانگەی چاوەدێرەوە توێژینەوەیان لەسەر دەکرێ دار و بەرد و خزۆک و خورۆک و تەیر و توورن، نەک کۆمەڵە مرۆڤێک کە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبیات و مێژوویان هەیە و لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خۆیان‌دا بێ‌پێچ‌وپەنا تەعبیریان لە شوناسی خۆیان کردووە.

بوارێکی دیکه که تاقیگەیەکی بێ وێنەیە بۆ تاوتوێ کردنی ڕادەی نزیکی و دووری دیالێکتەکانی کوردی، مێژووی ئەدەبیاتی کوردی‌یە. ئیجتهادی زمانی بە بێ شارەزا بوون لە مێژووی ئەدەبی کوردی کارێکی هەستیار و پڕ مەترسی‌یە. هیچ بوارێک ئەوەندەی مێژووی ئەدەبی کوردی لێک بەستراوەیی و تێک تەندراوی دیالێکتەکانی وەک گۆرانی و لەکی ئاشکرا ناکا. مێژووی ئەدەبیات دیاردە ناهاوکاتەکان هاوکات دەکا و نەخشەیەک لەبەر دەستی لێکۆڵەر دادەنێ که کۆمەڵە ڕاستییەکی قووڵ و نوێی تێدا بەدی بکا. ئاگاداری ئاساتووریان لە مێژووی ئەدەبی کوردی زۆر نییه.

سەبارەت به کۆچی کوردان لە باشوورەوە بۆ باکوور و دەست بەسەرداگرتنی ناوچە باکوورییەکان، هیچ بەڵگەیەک ئەوەندەی ئاناباسی زەینەفۆن ئەو بۆچوونه بەتاڵ ناکاتەوە. زەینەفۆن سوپاکەی لە ٤٠١ی پێش زایین به کوردستان‌دا تێپەڕیوە. ئەوە ڕاسته که به گوێرەی کتێبەکەی زەینەفۆنیش بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی ئەوڕۆ لەو سەردەم‌دا لەبەر دەستی ئەرمەنییەکان‌دا بووه؛ بەڵام ئەوەندە هەیە که لەو سەردەم‌دا واته نزیکەی دوو هەزار و پینسەد ساڵ لەمەوبەر زەینفۆن گوزارش لە بوونی کوردان له باکووری کوردستان وەک خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و جیرانی ئەرمەنییەکان دەکا و بەپێچەوانەی بۆچوونی ئاساتووریان که پێی وایه ئەو کوردانه سەرەتا لە ژێر گوشاری هێرشی عەرەبە مسوڵمانەکان و دواتر به شێوەیەکی بەربڵاوتر به هۆی ڕکەبەرایەتی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەوی پەڕیوەی ئەو ناوچانه بوونه، دەسەلمێندرێ که کوردەکان دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە بوونه.

زەینەفۆن دەنووسێ:

“[سوپای یۆنانی] هەمان ڕۆژ له گوندێکی هەڵکەوتوو لە سەرووی سەحرای نیزیک چۆمی کێندریت(سانتریت) مانەوە و ئۆردوویان لێ‌دا. بەرینایی ئەو چۆمه دوو پلیترا بوو و وڵاتی کاردۆخییەکانی لە ئەرمێنیا جیا دەکردەوە. کاتێک یۆنانییەکان چاویان بەو دەشته کەوت هەستیان به حەسانەوەیەک کرد. مەودای نێوان ئەو چۆمه و وڵاتی کاردۆخ شەش تا حەوت ستادیۆ دەبوو. ئۆردوو لێ‌دان لە نێوان گوندەکانی ئەو دەڤەرە بووە مایەی دڵخۆشی یۆنانییەکان. حەوت ڕۆژ ڕێپێوان بەناو گوندەکانی وڵاتی کاردۆخ‌دا زەرەد و زیانێکی فرەی پێ گەیاندبوون و زیادتر لە ڕەنج و ئازاری پاشا و تیسافێرن بوو و لێرە توانیبوویان ئازووقەیەکی فراوان وەدەست بێنن و خەیاڵیان ئاسوودە بێت و بە ڕاحەتی پاڵی لێ بدەنەوە. بە دوور لەو هەموو ناخۆشیانه بە ڕەزایەتەوە خەویان لێ کەوت”[۹] 

زۆربەی توێژەران چۆمی کێندریت به چۆمی بۆتان دەزانن. وەرگێڕی فەرانسەوی ئاناباس دەڵێ: زێی ناوەڕاست Centrites هەر دەبێ بۆتان‌سوو بێ. ئەو گوزەرگایەی که یۆنانییەکان پێیدا ڕۆیشتوون دەبێ کەوتبێتە شاری سێرتSert ی ئەمڕۆ.[۱۰]

بە ڕای مینۆرسکیش چۆمی کێندریت یان زێی ناوەڕاست که یۆنانییەکان پێیدا تێپەڕیون دەکاته مەڵبەندی بۆتان لە نزیک زنجیرە چیاکانی جوودی لە باشووری کوردستانی تورکیەی ئەمڕۆ.[۱۱]

خاڵێکی سەرنج‌راکێش ئەوەیه زەینەفۆن کاتێک هاتووەتە کوردستان که مادەکان ئیمپراتوورییەکان لێ ڕووخاوە و دەسەڵاتیان کەم بۆتەوە. بە پێچەوانه ئەرمەنییەکان حکوومەتێکی بەدەستەڵاتیان هەبووە و هیچ گومانم نییە ئەو بە دەستەڵات بوونەی ئەرمەنییەکان و بێ دەستەڵات بوونەی کوردەکان وای کردووە بەشێکی زۆر لە وڵاتی کوردان کە له جیرانەتی ئەرمەنییەکان‌دا هەڵکەوتووە بکەوێتە دەست حکوومەتی بەهێزی ئەرمەنییەکان.

دکتۆر فەرهاد پیرباڵ لە خویندنەوەی دەقی ئاناباس‌دا لە خاڵێکی جێگای سەرنج ورد بووەتەوە. پیرباڵ دەنووسێ:

“بەم قسەیەی ئێگزێنۆفۆن کاتێ دەڵێ چووین قسەمان لەگەڵ یەک دووانێکیان کرد [یەک دووانێک لە کاردۆخییەکان] دەردەکەوێ کە لەو سەردەمەدا کاردۆخەکان ژیانێکی عەشیرەتی و سیاسیی ڕێک‌وپێکیان نەبووە، هیچ ئاغا یان سەرکرده یان پاشایەکیان نەبووە، ئەگینا دەچووە پێشەوە و قسەی لەگەڵ سەرکردەی یۆنانییەکان دەکرد. ئەمە لە کاتێک‌دایه ئێگزێنۆفۆن کاتێ باسی ئەرمەنییەکان دەکات، باش ئاماژەی ئەوە دەکات که ئەو ئەرمەنییانه پاشایەکیان هەبووە و ناوی ئەو پاشایه تیریباز بووە.”[۱۲]

هیچ ڕێی تێ ناچێ کورد دەستەڵاتەکەی لێ ڕووخابێ و ئەرمەن حکوومەتێکی بەهێزی بە دەستەوە بووبێ و بۆ ماوەی چەند سەدە ناوچه سنوورییەکانی نێوان کورد و ئەرمەن وەک خۆی مابێتەوە و ئەرمەنییەکان لەو بۆشایی دەستەڵاته کەڵکیان وەرنەگرتبێ و نەهاتبنه ناو وڵاتی کوردان. بەڵام با هەر وای دابنێین لەو سەردەم‌دا سنووری نێوان کورد و ئەرمەن هەر ئەوە بووە که زەینەفۆن باسی دەکا. هەر ئەوە بۆچوونی ئاساتووریان هەڵدەوەشێنێتەوە که پێی وایه شاڵاوی هاتنی به کۆمەڵی کوردەکان بۆ ناوچه باکوورییەکان ڕووداوێکی مێژوویی نوێ‌یە. با لە قسەی زەینەفۆن باشتر ورد بینەوە. زەینەفۆن دەڵێ پێش ئەوەی سوپای یۆنانی بگاته زێی ناوەڕاست حەوت ڕۆژان بەناو وڵاتی کاردۆخ‌دا ڕێپێوانی کردبوو. ئەو قسەیە هەم هەراویی ولاتی کوردان دەگەیێنێ هەم ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە که ئەو ناوچانه زۆر پێش هاتنی ئیسلام و یەکجار زۆر پێش دەستەڵاتی عوسمانییان هەمووی وڵاتی کوردان بووە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین ئاماژه به ڕاستییەکی گرینگ له مێژووی کورددا دەکا. دەڵێ کوردستان دوو جار کەوته بەر پەلاماری توندی نەتەوە غەیرە کوردەکان، جارێکیان پاش سەرهەڵدانی ئیسلام کەوته بەر پەلاماری عەرەب و دواتریش پاش بڵاو بوونەوەی ئوغوزەکان و سەلجووقییەکان و مەغۆلەکان کەوته بەر شاڵاوی کۆچی تورکەکان. لە روانگەی نەوشیروان مستەفا ئەمینەوە ـ بە پێچەوانەی بۆچوونی ئاساتووریان ـ هێرشی عەرەب بۆ سەر کوردستان سیمای دیمۆگرافی وڵاتی کوردانی نەگۆڕی و ئەو کوردانەش که لە ئەنجامی شەڕی هێزی عەرەب و هێزی ساسانی کە لەسەر خاکی کوردان‌دا ڕووی‌دا پەڕیوەی وڵاتی دیکه بوون، به حەشیمەت کەم بوون[۱۳] و بۆ لای ناوچەکانی ناوەندی ئێران چوون نەک بۆ لای ناوچەکانی باکوور، بەڵام هێرشی تورک بۆ سەر کوردستان سیمای دیموگرافی کوردستانی هەتا ڕادەیەکی زۆر گۆڕی و تورکەکان شەپۆل دوای شەپۆل بە درێژایی چەندین سەدە هاتن و نیشتەجێی ئەو ناوچانه بوون.

ئاساتووریان تەنانەت مێژووی هاتنی کوردان بۆ باکوور دەگێڕیتەوە بۆ کاتێکی زۆر نوێ‌تریش و دەڵێ له سەدەی شازدە بە دواوە دوای شەڕی ١٥١٤ لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکان سوڵتانی عوسمانی به پێشنیاری مەلا ئیدریسی بیدلیسی که خۆی خەڵکی ناوچەکە بووە، کوردەکانی لە ناوچەکانی کوردستانی تورکیای ئەمڕۆدا نیشتەجێ کردوون. ئاساتووریان بۆ ئەوەی خۆی لە دەست گوتەی بێ‌پێچ‌وپەنای زەینەفۆن سەبارەت به شوێنی کۆنی نیشتەجێ بوونی کوردان ڕزگار بکا، زۆر بەسانایی دەڵێ کاردۆخەکان کورد نەبوونه.

پێم وایه بێ بنەما بوون و دەمارگیرانه بوونی ئەو بۆچوونانەی ئاساتووریان لە لای ئەو کەسانەی خوێندنەوەی ئاکادێمیکیان لەسەر مێژووی کوردستان هەیە زۆر ئاشکرایه. ئەو بۆچوونانه بێ‌بنەماتر لەوەن که له توێژینەوە مێژووییەکان‌دا به جیددی وەربگیرێن.

بەڵام دەمارگرژیی ئەرمەنییانە، ئاساتووریانی تووشی ناتەبایی زۆر زەق‌تری دیکەش کردووە. ئاساتووریان لە لایەکەوە کرمانجی ژووروو به یەکێک لە کۆن‌ترین دیالێکتەکانی کوردی دەزانێ، لە لایەکی دیکەوە پێی وایه لەبەر ئەوەی کوردی کرمانج له کۆنەوە تێکەڵاوییان لەگەڵ ناوچەی ژیانی ئەرمەنییەکان هەبووە، ئەو دیالێکتەی زمانی کوردی به خەستی کەوتووەتە ژێر کاریگەرێتی تایبەتمەندییەکانی زمانی ئەرمەنی. ئەوە لە حاڵێك دایه که ئاساتووریان لە بیری دەچێتەوە که هەر خۆی پێداگری لەسەر ئەو بۆچوونه کردبوو که کوردە کرمانجەکان لە سەدەی شازدە بە دواوە هاتوون بۆ ئەو ناوچانه. بۆیه ناچارە ئەو کەوانەیە به قسەکانی‌ زیاد بکا که یەکەمین پێک‌ گەیشتنەکانی کورد و ئەرمەن ڕەنگه بگەڕیتەوە بۆ سەدەی دوازدە. واته هەتا ئێرە سێ جار بۆچوونی خۆی سەبارەت به کۆچی (گریمانەیی) کوردان بۆ وڵاتی ئەرمەنییەکان گۆڕیوە: جارێک دەڵێ ئەو کۆچه لە سەدەی شازدەهەم و بە پیلانی مەلا ئیدریسی بدلیسی بووە. جارێک دەڵێ ڕەنگه لە سەدەکانی یازده و دوازدەدا بووبێ و جارێکیش دەڵێ لە سەدەی شەشەم لە ئەنجامی هێرشی عەڕەب‌دا ڕووی داوە.

یەکێک لەو بەڵگە زمانەوانییانەی ئاساتووریان بۆ چەسپاندنی کاریگەرێتی زمانی ئەرمەنی لەسەر دیالێکتی کرمانجی ژووروو باسی لێ دەکا جیاوازیی نێوان پیتی ڕێی کز و ڕێی قەڵەو لە زمانی کوردی‌ دایه و دەڵێ ئەو تایبەتمەندییە فۆنۆلۆژیکه لە زمانی ئەرمەنییەوە چۆتە ناو زاراوەی کرمانجیی سەرووەوە. جارێ هەر باسی ئەوە ناکەم کە جیاوازیی ئەو دوو پیتە لە کرمانجی سەروودا بوونی نییە و تایبەتە به کرمانجی ناوەڕاست. ئاساتووریان وا دیارە ئاگاداری ئەو ڕاستییە نەبووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە جیاوازیی فۆنۆلۆژیکی نێوان ئەو دوو پیتە بۆ دەبێ ببێتە بەڵگەی کاریگەرێتی زمانی ئەرمەنی لەسەر زمانی کوردی؟ ئەو بانگەشەیە چۆن دەچەسپێندرێ؟ وەک نموونەیەکی دیکه لە باسی چاوگی “پارزنین”دا دەڵێ ئەو چاوگه هەر لەناو کوردانی کرمانج‌دا هەیە و سۆرانییەکان ئەو چاوگەیان نییە و لە جیاتی ئەو کەڵک لە چاوگی “پاڵاوتن” وەردەگرن، کەوابوو کرمانجەکان ئەو چاوگەیان لە ئەرمەنییەکان وەرگرتووە. بۆچوونی ئاساتووریان به دوو بەڵگه هەڵەیە. مامۆستا مەسعوود محەممەد لە کتێبی زاراوەسازی پێوانەدا، ڕێک باسی ئەو چاوگە دەکا و دەڵێ لە ناوچەی کۆیە دەکار دەکرێ و تەنانەت ناویشی لێ ساز کراوە و خەڵکی ئەو ناوچەیە لە جیاتی وشەی “پاڵوێنە” دەڵێن “پارزۆنگ”، کە مامۆستا وەک هاوتای وشەی “فیلتێر” یان “صافی” پێشنیاری دەکا. بەڵگەی دووەم ئەوەیە که خودی ئاساتووریان دەڵێ ئەو چاوگه لە هەندێک ناوچەی ناوەندیی ئێرانیش‌دا لە نێو زاراوە کۆنە ئێرانییەکان‌دا ماوەتەوە. کەوابوو بۆچی نەڵێین ئەو چاوگه لە زمانی کوردییەوە چووەتە ناو زمانی ئەرمەنییەوە نەک به پێچەوانه؟

هەڵەی ئاساتووریان هەر لە بواری مێژوو و زمان دا نییە. ئاساتووریان لە بواری ئەدەبی کوردیش‌دا بۆچوونی ئەوتۆ دەردبڕێ کە یان تەعبیر لە ناشارەزایی ئەو لەم بوارەدا دەکەن یان نیشانەی ئەوەن که بەئاگایانه خەریکە ڕاستییەکان سەبارەت به زمان و مێژوو و ئەدەبی کوردان دەشێوێنێ. ئاساتووریان لە باسی گۆرانی و لوڕی‌دا دەڵێ:

“پێشینەی مێژوویی وەپاڵ دانی دیالێکتەکانی گۆرانی و لوڕی بۆ سەرچاوەیەکی کوردی ڕەنگه بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە که لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەم بەم لاوە ئەو دیالێکتانه بوون به زمانی پێوەندی و زمانی نڤیساری فیرقەی ئەهلی حەق لە ناوچە کوردنشینەکانی باشوور و ناوەنددا”[۱۴]

هەر کەس سووکە ناسیاوییەکی لەگەڵ مێژووی ئەدەبی کوردی‌دا هەبێ دەزانێ دیالێکتی گۆران زۆر بەر لە سەدەی شازدەهەمەوە زمانی ڕەسمی ئایینی یارسان بووە. پێشینەی بەکارهێنانی گۆرانی لەلایەن یارسانەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی بالوولی مایی. ئاساتووریان به سەخاوەتێکی بێ‌وێنەوە نزیکەی هەشت سەد ساڵ لە مێژووی ئەدەبی گۆرانی و پێشینەی ئەدەبی کوردی قرتاندووە و فڕێی داوە.

بابەتێکی دیکه کە ئاساتووریان زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە و لەم دواییانەدا بووە به تەرجیع‌بەندی ئەو کەسانەی بڕوایان به ئایدۆلۆژی ئێران‌شاری هێناوە ئەوەیە که “وشە”ی کورد له دەقە کۆنەکان‌دا ئاماژه به ناوی جەماعەتێکی ئەتنیکی تایبەت ناکا بەڵکوو بە مانای خەڵکی کۆچەر و خەڵکی ئاژەڵدار و شوانکارە بووە. یەکێک لە بەڵگەکانیشیان بۆ پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەو بۆچوونه ئەوەیە کە لە دەقە کۆنەکان‌دا ناوی کورد بۆ خەڵکێک بەکار هێنراوە که جوغرافیای ژیانیان زۆر لە کوردستانی ئێستا دوور بووە. ئەوانه ناتوانن ئەو ڕاستییه مێژووییه بپەژرێنن که لەگەڵ ئەوەی کوردستانی ئەمڕۆ لە کۆنەوە هەر شوێنی ژیانی کوردان بووە بەڵام بەربڵاویی جوغرافیایی شوێنی ژیان و کۆچ و کۆچ‌باری کوردان لە زەمانی زوودا زۆر بەربڵاوتر لە کوردستانی ئێستا بووە. دکتۆر جەمشیدی سەداقەت‌کیش لە کتێبی “کردان پارس” دا باسی ئەو هۆزە کوردانە دەکا کە شوێنی ژیانیان هەتا ئەم دواییانەش لە ناوچه باشووری و ناوەندییەکانی ئێران‌دا هەڵکەوتبوو.

ئەو قسەیەی ئاساتووریان که دەڵێ ناوی کورد له زەمانی زوودا ئاماژه به ناوی نەتەوەیەکی تایبەت ناکا، لەناو ئەوداڵانی دیکەی ئایدۆلۆژی پان‌ئێرانسمیش‌دا کڕیاری زۆره. ئیحسانی هووشمەند دەڵێ ناوی کورد نەک ئاماژه بۆ نەتەوەیەکی تایبەت، بەڵکوو ئاماژه بۆ شێوە مەعیشەت و بەڕێ‌چوونێکی تایبەت دەکا؛ جا خەڵکی خاوەن ئەو شێوە بەڕێ‌چوونه، چ کورد بووبن و چ غەیری کورد، ئەو ناوه لەبارەیان‌دا وەڕاست گەڕاوه.  ئەو شێوە بەڕێ‌چوونه بریتی بووە لە ژیانی ئاژەڵ‌داری و کۆچ و کۆچباری بەردەوام.

ئاساتووریان بۆ وشەی “کرمانج”یش هەر ئەو قسەیە دەکا و دەڵێ ئەو ناوە مانایەکی ئەتنیکی نییە بەڵکوو کرمانج بریتی یە له خەڵکی بەلەنگاز و فەقیر.

بەکارهێنانی هەر دووک وشەی “کورد” و “کرمانج” بەم مانایانەش ـ وەک یەکێک لە ماناکانی ئەم وشانه ـ  لەناو خودی کوردان‌دا باوە. بەڵام ئەوە بەم مانایه نییە ئەو وشانه لە مانای ئەتنیکی بێ‌بەرین. ئەو توێژەرانەی لە لقە جۆراوجۆرەکانی زانسته مرۆییەکان‌دا کار دەکەن ئەوەندە ژیر هەن بزانن زۆر جار وشەکان دەلالەتێکی تایبەت و دەلالەتێکی گشتی‌تریان هەیە و پشت‌گوێ خستنی هەر کام لەو دەلالەتانه دەبێتە هۆی ئەوەی توێژینەوەکەیان لە جیاتی ڕاستی، کاریکاتۆری ڕاستیمان پێشان بدەن.

لە زمانی عەڕەبیش‌دا ڕێک ئەو جیاوازییه لەنێوان مانای گشتی و مانای تایبەتی وشەی “عەڕەب”دا هەیە.  وشەی عەڕەب جاری وایه به هەموو خەڵکی عەڕەب دەگوترێ و جاری واشه (لەو کاتانه که به شێوەی کۆی “الاعراب” کەڵکی لێ وەردەگیرێ) به بەشێک لە عەڕەبەکان دەگوترێ؛ واته عەڕەبی دەشتەکی و کۆچەر، نەک عەڕەبی نیشتەجێ و شارەیی. ئەو دوو مانایه بۆ وشەی عەرەب لە دەقی قورئانیش‌دا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. لە هەر دوو ئایەتی خوارەوەدا وشەی (الاعراب) ئاماژه بۆ بەشێک لە عەرەب واته عەرەبی دەشتەکی یان کۆچەر دەکەن. ئەوە بەم مانایه نییە ئەو عەرەبه کۆچەرانه عەڕەب نین، بەڵکوو لێرەدا وشەی عەڕەب بە مانا تایبەتەکەی بەکار هێنراوە نەک به مانا گشتییەکەی:

قالَتِ الْأَعْرابُ آمَنَّا قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا وَ لکِنْ قُولُوا أَسْلَمْنا وَ لَمَّا يَدْخُلِ الْإيمانُ في‏ قُلُوبِکُمْ

وەگێڕانی مامۆستا هەژار: عەرەبەکانی دەشتەکی گوتیان باوەڕیمان هێنا. بێژه هێشتا باوەڕیتان نەهێناوە؛ بەڵام بێژن خۆمان بەدەستەوە داوە. هێمان بڕوای ئیسلامەتی نەچۆتە ناو دڵتانەوە.[۱۵]

الْأَعْرَابُ أَشَدُّ كُفْرًا وَنِفَاقًا وَأَجْدَرُ أَلَّا يَعْلَمُوا حُدُودَ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ عَلَىٰ رَسُولِهِ

وەرگێڕانی مامۆستا هەژار: عارەبەکانی دەشتەکی  لەمەڕ خودا نەناسین و دووڕوویی بێ‌ڕەزاترن و بۆ سنوور پێ‌نەزانینی هەرچی خودا بۆ پێغەمبەری ناردووە، کۆڵی‌ترن[۱۶]

لەناو بەشێک لە کوردیش‌دا کاتێک کوردە کۆچەرەکانی ناوچەکانی دیکە دەهاتن، پێیان دەگوتن: “کوردە”. یان کورد لەناو خۆی‌دا به بەشێک لە خەڵکی گوتووە “کرمانج”؛ بەڵام هەردووک بەشەکە هەر کورد بوون و وا نەبوو بەشێکیان کورد بن و بەشێکیان غەیری کورد بن. هەڵگرانی ئایدۆلۆژی پان‌ئێرانیستی وەک چۆن لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری دیاردە فەرهەنگییەکانی ناو کورددا نائاشنان، لەگەڵ ئەم شێوە بەکارهێنانانەش نامۆن. بەڵام جیاوازیی نێوان (اطلاق خاص) و (اطلاق عام) شتێک نییە پسپۆرێکی زانسته مرۆییەکان تێی نەگا، مەگەر ئەوەی مەبەستێکی تایبەتی هەبێ.

کۆتایی:

گارنیک ئاساتووریان که لە ناوەندە ئاکادێمییەکان‌دا خۆی وەک کوردناسێک ناساندووە، هەڵگری ئایدۆلۆژییەکی سیاسی توندئاژۆیانەیە. ئەو ئایدۆلۆژییە ئاوێتەیەکە له پان‌ئێرانیسم و ناسیۆنالیسمی زێدەڕۆیانەی ئەرمەنی. لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدا نووسراوەکانی ڕواڵەتێکی توێژەرانه و ئاکادێمیکیان پێوە دیار بێ، بەڵام نووسینەکانی لەباری زانستییەوە هەژارن و لە مێتۆدۆلۆژییەکی دروست بێبەرین. ئاساتووریان زیادتر لەوەی بە شوێن دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەمەڕ مێژوو و فەرهەنگی کوردەوە بێ، کارگێڕێکی سیاسی‌یە به هەندێک ئامانجی دەست‌نیشانکراوەوە. ئایدۆلۆژی ئێران‌شاری لە لقە جۆراوجۆرەکانی زانسته مرۆڤییەکان‌دا نوێنەری تایبەت به خۆی هەیە. ئەو ئایدۆلۆژییە هەتا ئێستا زیادتر له بواری ئەندێشەی سیاسی و مێژووی ئەندێشەدا کاری دەکرد. ئێستا خەریکه پەل دەهاوێژێ بۆ بوارەکانی زمانەوانی و مێژوو و خەڵکناسیش‌. ئاساتووریان لەم زەمینانەی دوایی‌دا کار دەکا. جێگای خۆیەتی پسپۆرانی کورد لە بواری جۆراوجۆری زمانەوانی، مێژوو و خەڵکناسی، بێ‌بنەما بوونی بۆچوونی کەسانی وەک ئاساتووریان به شێوەی زانستی نیشان بدەن.

______________________________________

[۱] گارنیک آساطوریان، کردها و خاستگاه آنها، روش‌شناسی مطالعات کردی، ترجمه صنعان صدیقی، تهران، نشر فرهامه، ١٣٩٧

[۲] جگه لەم کتێبه، کتێبێکی دیکەی ئاساتووریان که لەگەڵ ویکتۆریا ئاراکوولیان نووسیویه بە ناوی ” دین ملک طاووس: یزیدی‌ها و جهان معنوی آنها” وەرگێردراوەتە سەر زمانی فارسی و وەشانخانەی “فەرهامه” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

[۳] وشەی “سیاسەت بردوو”م به گوێرەی قالبی وشەیەکی وەکوو “تاوبردوو” وەک هاوتای “سیاست زده” به کار هێناوە.

[۴] کردها و خاستگاه آنها، ل ١٧

[۵] وەڕاستگەڕاو: مصداق

[۶] کردها و خاستگاه آنها، ل ١-٢٠

[۷] وار: به پێشنیاری خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەحمەد قازی، وەک هاوتای “مورد” دانراوە.

[۸] سوڵتانی، ئەنوەر، مەکەنزی و کورد، چاپەمەنی مانگ، ل ٩

[۹] گزنفۆن، ئاناباس، وەرگێڕانی لە یۆنیانییەوە عەلی فەتحی، هەولێر، خانەی موکریانی، ٢٠١٣، ل ١٦١

[۱۰] د فەرهاد پیرپاڵ، کورد له دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە، هەوڵیر، دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی ئاراس، ٢٠٠٦، ل ٩٣

[۱۱] سەرچاوەی پێشوو، ل ٧٦

[۱۲] سەرچاوەی پیشوو، ل ٧٨

[۱۳] بڕوانه: نەوشیروان مستەفا ئەمین، کورد و عەجەم، مێژووی سیاسیی کوردەکانی ئێران، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتێجی‌ی کوردستان، چاپی سێیەم، ٢٠٠٧

[۱۴] کردها و خاستگاه آنها، ل ٣٢

[۱۵] قورئانی پیرۆز، وەرگێڕاوی مامۆستا هەژار، انتشارات تازه نگاه، نشر احسان، ل ٥١٧

[۱۶] سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠٢

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە «سرنجێک لەسەر ڕۆمانی خەوزڕان»

یک نظر

  1. ئیسماعیل فه قی نه بی

    ئه وه نده ده آیم ئیمه ی کورد خو خورین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *