خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژیاننامەی چۆمان هەردی

ژیاننامەی چۆمان هەردی

ژیاننامەی چۆمان هەردی (١٩٧٤-  )

دکتۆر چۆمان هەردی، شاعیر، چیرۆکنووس، وەرگێڕ، توێژەر و مامۆستای زانکۆیە. چۆمان لە بنەماڵەیەکی ئەدەب‌پەروەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٤دا لە سلێمانی لەدایک‌بووە. ئەو کچی ئەحمەد هەردی، شاعیری بەناوبانگی کوردە. لە ساڵی ١٩٩٣دا چووەتە بریتانیا و لەوێ دەستی کردووە بە خوێندن. سەرەتا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کارناسیی دەروونناسیی تەواو کردووە و پاشان لە کۆلێجی لەندەن ماستێری فەلسەفەی وەرگرتووە. دواتر لە زانکۆی کێنت دەستی کردووە بە خوێندنی دکتۆرا و نامەکەی تەرخان کردووە بۆ تیشک خستنەسەر کاریگەریی کۆچی ناچاری لە ژیانی ژنانی کوردی عێراق و ئێران. هەروەهاش لە ساڵی ٢٠٠٥دا توانی بەشداریی خولی پۆست‌دکتۆرا بکات لە زانکۆی ئۆپسالا لە سوێد و لەوێ توێژینەوەیەکی لەسەر باری دەروونیی بێوەژنانی قوربانیی کۆمەڵکوژی بە ئەنجام گەیاند. ناوبراو دواتر بەشێک لەو توێژینەوانەی لە کتێبێکدا بە ناوی ئەزموونە جێندێرییەکانی کۆمەڵکوژی: پاشماوەکانی ئەنفال لە کوردستانی عێراقدا[۱] بە چاپ گەیاند.

چۆمان هەردی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی کرد بە هۆنینەوەی شیعر، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هەستی دەکرد ناتوانێ شیعرە کوردییەکانی بە تەواوی وەربگێڕێ بۆ هاوڕێیە بیانییەکانی، ڕووی کردە هۆنینەوەی شیعر بە زمانی ئینگلیزی. ئاوارەبوونی سەردەمی منداڵی بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە و ڕووداوەکانی ئەو قۆناغەی ژیانی هۆکار بوون بۆ داهێنانی زۆرێک لە شیعرەکانی. هەندێ لە کتێبەشیعرییە چاپکراوەکانی بە ئینگلیزی بریتین لە: گەڕانەوەی بێ یادەوەری،[۲] ڕووناکی سێبەرەکان،[۳] ئاوێنە ڕۆشنەکان و سێبەرەکان،[۴] ژیان بۆ ئێمە[۵]، شیعرەکانی کەژاڵ ئەحمەد، بە هاوکاریی میمی خلوتی.[۶]

 شیعرەکانی د. چۆمان هەردی لە کۆمەڵێ کتێبی هەڵبژاردەی تایبەت بە شیعری جیهان و شیعری ژنان بە زمانی ئینگلیزی دانراون. هەندێ لەو کتێبانە بریتین لە: لە تێکەڵاویدا،[۷] شێعری ژنانی هاوچەرخ بە ئینگلیزی،[۸] شیعرە تازەکان لە مێترۆدا،[۹] شیعری مۆدێرنی کوردی: هەڵبژاردن و ناساندن،[۱۰] چەکەکان بۆ بێدەنگی بهێنە سەما: سەد شیعر بۆ کن سارو-ویوا،[۱۱] گەرووی زیوینی مانگ،[۱۲] و خێرایی: باشترین سێو و مارەکان[۱۳]. چوار شیعری ئینگلیزیی چۆمان هەردی بە ناوەکانی لە سەر سنوور، پەلاماردان، موبەقەکەی دایکم و پەنەلۆپەکانی وڵاتی من لە هەندێ کتێبی وانەیی لە ئینگلتەرا دانراون و لە قوتابخانەکان دەخوێندرێن. هەروەهاش، شێعری «هاوینە سەربان» لە مانگی ئاگوستی ٢٠١٤دا لە لایەن ناوەندی ساوتبەنکی لەندەن-ەوە وەک یەکێک لە «پەنجا شیعری بەرزی ئەوینداریی جیهان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا» هەڵبژێردرا.

چۆمان هەردی لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هۆی وەرگێڕانی دیوانی شێعری دەربەندی پەپوولە، بەرهەمی شێرکۆ بێکەس، بۆ سەر زمانی ئینگلیسی بوو بە براوەی خەڵاتی «قەڵەمی وەرگێڕانی بریتانیا».

تێبینی:

ئەم ژیاننامەیە لە بەشێکی کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی (بەرگی شەشەم)، نووسینی د. بەختیار سەجادی، وەرگیراوە کە تایبەتە بە شیعری نوێی کوردیی ناوەندی. ئەم پەرتووکە لە نۆ بەرگ پێکهاتووە و هێشتا چاپ نەکراوە. بۆیەش لێرەدا زۆر سوپاسی بەڕێز د. سەجادی دەکەین کە بەو پەری دڵئاواییەوە و لەسەر داخوازیی ئێمە ئەو بەشەی بۆ ناردین.

____________________________________________

[۱] Gendered Experiences of Genocide: Anfal Survivors in Kurdistan-Iraq, 2011.

[۲] Return with no Memory, 1996.

[۳] Light of the Shadows, 1998.

[۴] Light Mirrors and Shadows, 2000.

[۵] Life for Us. Bloodaxe Books United Kingdom, 2004.

[۶] Kajal Ahmad, Poems. Enitharmon Press, 2008.

[۷] In the Mix. Cambridge University Press, 2008.

[۸] Women’s Work: Modern Women Poets Writing in English. Seren, 2008.

[۹] New Poems on The Underground. Cassell Reference, 2006.

[۱۰] Modern Kurdish Poetry: An Anthology and Introduction. Uppsala University, 2006.

[۱۱] Dance the Guns to Silence: 100 Poems for Ken Saro-Wiwa. Flipped Eye Publishing, 2005.

[۱۲] The Silver Throat of the Moon. Five Leaves Publications, 2005.

[۱۳] Velocity: The Best of Apples and Snakes. Black Spring Press Ltd, 2003.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *