خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ماڵئاوا، خواجەی زمان و زەمان

ماڵئاوا، خواجەی زمان و زەمان

ماڵئاوا، خواجەی زمان و زەمان

دوکتۆر حەمە مەنتک

بە بڕوای “نیتشە” مرۆڤی باڵا، یان بەرزە مرۆڤ بۆ ژیان پێویستییەکە، چونکە هەر ئەو جۆرە مرۆڤە دەتوانێت حەقیقەتەکان تێکبشکێنێت و لە دەرەوەی حەقیقەتەکان بژی. عەزیز گەردی، خواجەی زمان و زەمان مرۆڤێکی باڵا بوو، شەڕی ئەو، شەڕ بوو لەگەڵ گشت ئەو حەقیقەتانەی بەردەوام لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و بە کۆیلەکردنی دابوون. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی حەقیقەتی ژیانی هەرزان و کۆمەڵی کوردی بوویەوە. لەناو زانکۆدا شێوازی وانەوتنەوە و ئەو زانستەی پێشکەشی دەکرد تێکشکێنەری سیستەمی چەقبەستووی زانکۆ بوو. هەموو ئەمانەی لە ڕێی ئەدەب و هونەرەوە دەکرد. “نیتشە” لە کتێبی “ئیرادەی هێز”دا دەڵێت: حەقیقەت بێزراوە، پێویستە بە هونەر ڕووبەڕووی ببینەوە، بۆ ئەوەی داگیرمان نەکات. خواجەی زەمان، داهێنان دەکاتە پێشمەرجی بوونی خۆی. ئەو بوونێکی ناڕەسەن نییە، زۆربڵێ و دەنگە دەنگ بەرهەم بهێنێت. بوونێکە ئەدەب و زمان و وەرگێڕان دەکاتە ئیرادەیەک و لە ڕێیەوە بوون کامڵ دەکات. ئامانج لە ئەدەب و هونەر چییە؟ ئایا دەتوانین لە ڕێی ئەدەبەوە چی بکەین؟ بە گەڕانەوە بۆ بەرهەم و کتێبەکانی عەزیز گەردی، ئەوەمان بۆ دەسەلمێندرێت، ئەدەب و هونەر کامڵکردنی ژیانە و پێداگرییە لەسەر بوون.
زۆر لە هاوڕێیان و دۆستانی خواجە لەم چەند ڕۆژەی نەخۆشکەوتن تا مردنی پەیڤ و قسەی ئەویان لە لاپەڕەی فەیسبووکەکانیان نووسیوە. لە هەموو قسەکانیدا دەردەکەوێ ئەو بەرانبەر ژیان و مردن بی منەت بووە. هەر دوێنێ (٥/ ٦/ ٢٠٢٢) “کەریم کاکە” لە کنی بووە و بە هەناسەبڕکێوە گوتوویەتی: ژیان نەما، ئەگەر هەبووبێ، ها. ئەم بێ منەتییە لەوێوە دێت، کە وەک “نیتشە” خواجەی ئێمە گەیشتووە بە کەماڵ. مردن لێرەدا دەبێتە دەرمان و ئاواتی بۆ دەخوازێت. ئەم کەماڵییەی خواجە لەوێوە دێت بەردەوام لە بەرەی ڕەخنە و پرسیاردایە. ئەو بە واتای وشە یاخی بوو، یاخی لە هەموو حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕۆشنبیریی و سیستەمی. هەموو ئەو کارانەی کردوونی تاکوو مردنی گوێی بۆ هیچ قسە و ئافەرینێک ڕانەدەدێرا. هەموو گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی ڕەت دەکردەوە. تەنانەت زۆر توڕە دەبوو کاتێک دەیزانی کەسێک لەبارەی بەرهەمێک، یان ئەوەوە نووسینێکی نووسیوە. بیرمە لە قۆناغی خوێندنی بەکالۆریۆس زوو زوو سەردانیم دەکرد. جارێک لێم پرسی: کاک دوکتۆر دەتوانم چاوپێکەوتنێکت لەبارەی ڕەخنەوە لەگەڵ ئەنجام بدەم؟ جارەکی دی باسی ئەو شتانە نەکەی، ها. بە توڕەییەوە وای گوت. جارێکی تر لەناو کتێبخانە پەرش و بڵاوەکەی لە خانووەکەی گەڕەکی شۆڕش دانیشتبووین. گوتم: مامۆستا ئیزن دەدەن لەگەڵ برادەرێک بێین ئەم کتێبخانەیە خاوێن بکەینەوە و ڕێکی بخەین؟ دیسان، گوتی: محەمەد ئەو فکرانە لە مێشکت بینە درێ. هەر کەسێک بۆ جارێک بە دیداری خواجە گەیشتبێ، نەیتوانیوە سەرسام نەبێت، چونکە ئەو خۆی بوو. ژیانێکی هێندە تەنیاییانە ژیا، مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەیشی هێندە قەرەباڵغ نەبوو. دڵنیام خۆیشی هەر ئەوەی دەویست، چونکە ئەو لە قەرەباڵغی هەڵدەهات. هەر ئەمەیش بوو وای لێکرد لە گەڕەکێکی وەکوو شۆڕش بار بکات و بچێتەوە گوند و هەواری خۆی، بەحرکە. ئەوەی جێی سەرنجە، بە هەموو جۆرێک دەویست زانکۆ بکاتە ئەو ناوەندەی لە ڕێیەوە کۆمەڵ بگۆڕێت، بەڵام هەموو جار دەیگوت، هەتا ئەو کۆنە بەعسیانە لە زانکۆ مابن، قەت ناتوانین زانکۆیەکی باشمان هەبێت. بۆیەیش لەو دەمیدا زۆر پەلەی بوو خانەنشین بکرێت. کەم کەس هەیە لەو دەمیدا ئەوەی لە خواجەی زەمان نەبیستبێ. خواجەی ئێمە بۆ خۆی ژیا، ئەو ژیان و جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەبوو، بۆیە لە هەمووان ڕای دەکرد، تا جیهانە جوانەکەی نەشێوێنن. بەرگری کرد، نەیهێشت بیشێوێنن. ماڵت ئاوا خواجەی زمان و زەمان بۆ هەموو ماندووبوونەکانت لە بواری ئەکادیمیا و نووسین و وەرگێڕان. ماڵئاوا…

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *