خانه / اخبار و رویدادها / وتووێژ لەگەڵ جەلیل کاڤووسی ئەندامی سەرەکی و دامەزرێنەری بنکەی گەشە

وتووێژ لەگەڵ جەلیل کاڤووسی ئەندامی سەرەکی و دامەزرێنەری بنکەی گەشە

هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە منداڵان حەزیان تێدا دروست بێت بۆ خوێندنی کتێب

وتووێژ لەگەڵ جەلیل کاڤووسی ئەندامی سەرەکی و دامەزرێنەری بنکەی گەشە

ئامادەکار: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

تاقمێک خوێنەری کتێب کە زۆربەیان مامۆستا و وانەبێژن، لە بەهاری ساڵی ۲۷۲۲ی کوردی لە شارۆچکەی نەڵاس (لە ۱۲ کیلۆمەتری شاری سەردەشت)لەبواری کتێبەوە دەستیان داوەتە کارێکی پێرۆزەوە. ئەم کەسانە بە شێوەی سەربەخۆ بنکەیەکی کتێب خوێنییان دامەزراندووە بە ناوی«بنکەی گەشە» کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لەم بوارە بەردەوامن.

ئێستا لەگەڵ بەڕێز جەلیل کاڤووسی ئەندامی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم بنکە قسە دەکەین کە لەسەر بنکەی گەشە و چالاکییەکانی زانیاری زیاترمان بداتێ.

 لە سەرەتاوە تکایە بنکەی گەشە بەگشتی بە ئێمە بناسێنە.

 بنکەی گەشە بنکەیەکە سەربەخۆ کە لەسەر بواری کتێب خوێنی چالاکی خۆی بۆ ماوەی دوو ساڵە لە شارۆچکەی نەڵاس دەست پێکردووە و بەگشتی لەسەر دابەشکردنی کتێب بەسەر منداڵان و مێرمنداڵان و ڕاهاتنیان لەکەڵ کتێب و کتێب خوێنی چالاکی هەبووە.

 بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم بنکە لە سەرەتاوە چۆن بوو؟

 ئێمە لە سەرەتاوە تاقمێک خوێنەری کتێب بووین و کۆبوونەوەمان کرد لەسەر ئەوەیکە چی بکەین کە ئەم کتێب خوێندنەوانە سوودی هەبێت بۆ کۆمەڵگا؟ گەڕاین ڕێگا چارەیەک بدۆزینەوە کە لە ئەم هەلە کەڵک وەرگرین کە داهاتوویەکی باش بۆ کۆمەڵگا دابین بکەین. ئێمە بۆ چالاکییەکانی پێشوو خەسارناسیمان کردبوو و پێشتر زۆر جێگە کرابووەوە وەکوو کتێبخانه لە دێهات و شارەکان، بەڵام ئێمە جەختمان کردەوە لەسەر جیلی داهاتوو واتا منداڵان و مێرمنداڵان. پاشان دەستمان کرد بە پلان داڕشتن بۆ ئەوەیکە بۆ منداڵان و مێرمنداڵان دەتوانین چی بکەین؟ پاش وەرگرتنی هێڵانێک لە ئیدارەی ئێرشادی شاری سەردەشت بۆ چالاکی لەسەر کتێب خوێندنەوە بۆ منداڵان، بنکەی گەشە دامەزرا.

 ئەو بەرنامە و پلانی کە لەسەر ئامانجی ئەم بنکەیە داتانڕشتبوو چی بوو؟

 بەرنامەکەمان وا بوو کە ئێمە بتوانین لە پۆلی یەکەمی قۆناغی سەرەتایییەوە هەتا پۆلی نۆهەم کتێبیان بدەینێ و کتێب بخوێننەوە و ئەم منداڵانە چەند ساڵێک لای ئێمە بن کە هەر مانگێک یەک کتێب بەین پێیان کە بیخوێننەوە و ئەمە بەردەوام بێت. دواتر ئەم منداڵانە لە ماڵی خۆیان هەم ببنە خاوەنی کتێبخانەیەکی بچووک و هەروەها تاکوو سەردەمی پێش جحێڵی تاقمێک کتێبی باشیان خوێندبێتەوە و بە تێڕوانینێکی باشەوە پێ بننە نێو جحێڵی. بۆ نموونە ئەگەر هەر منداڵێک لە پۆلی سێهەمەوە بێتە لای ئێمە و هەر مانگێک یەک کتێب لە ئێمە وەربگرێت، تا پۆلی نۆ ئەگەر بەردەوام بێت، زیاتر لە حەفتا کتێب وەردەگرێت.

 ئەو منداڵانە چۆن دەدۆزنەوە؟ ئایا ماڵ بە ماڵ سەردانیان ئەکەن یان لەگەڵ قوتابخانەکان پێوەندیتان هەیە؟

 بۆ دابەشکردنی کتێبەکان لەنێو گوندەکانی دەوروبەری نەڵاس، سەرەتا ماڵ بە ماڵ دەڕۆیشتین بۆ لای منداڵەکان، پاشان لەبەر قوتابخانەی گوندەکە لە مزگەوت بە هاوکاری دێهیار یان شۆرای گوندەکە بانگەوازیان دەکردین و منداڵەکان دەهاتن بۆ وەرگرتنی کتێب. بەڵام لە شاری نەڵاس چونکە ڕێژەی منداڵانی زۆرە و لەبەر ئەوەیکە خۆم و چەند کەس لە ئەندامانی بنکەی گەشە وانەبێژین، بە هاوکاری لەگەڵ قوتابخانەکان و مامۆستای قوتابخانەکان کتێبەکان تەحویلی منداڵان دەدەین.

 کەواتە ئێوە جگە لە شاری نەڵاس، سەردانی گوندەکانی دەوروبەریشتان کردووە.

 بەڵێ ئێمە لە سەرەتاوە هاتین لە دێهاتەکانەوە چەند گوندمان بە هەڵکەوت هەڵبژارد کە بزانین کارەکەمان چۆن دەڕۆاتە پێشەوە و ئەزموون وەرگرین و ئاستەنگەکانی باشتر بناسین، خەسارناسی بۆ بکەین و بزانین پێشوازی خەڵک چۆنە؟ ئێمە سەردانی چوار گوندمان کرد کە بریتین لە گوندی واوان کە ۱۰۰ منداڵی هەیە، گوندی ئاغەڵان کە نزیکی ۳۰ منداڵی هەیە، گوندی وەرگێڵ کە ۷۰ منداڵی هەیە و گوندی مامەزینە کە ۸۰ منداڵی هەیە. ئێستا زیاتر لە یەک ساڵە کە جەختمان لەسەر شاری نەڵاس کردۆتەوە.

 کتێبەکانتیان بۆ منداڵان و هەروەها گەورەساڵان چ تەوەر و بابەتهایەک لە خۆ دەگرێت؟

 ئێمە هەروا کە لە سەرەتاوە لەسەری قسەمان کردووە و لەسەری ڕێک کەوتووین، هەڵبژاردنی کتێبەکان ئەبێ هیچ لایەنگرییەکی تێدا نەبێت. بەڵام بۆ منداڵان زیاتر چیرۆک و شێعر بە کار دێنین و بۆ گەورەکانیش ڕۆمان و دیوانە شێعری شاعیرانی گەورەی کورد و بەشی مێژوومان هەیە.

 کتێبەکان لە خودی بنکەکە چۆن ئەدرێت بە خەڵک و پێشوازی خەڵک تا ئێستا چۆن بووە و بنکەکە چ ڕۆژ و کاتێک ئاوەڵایە؟

 ئێمە دوو بەشی دیکەمان لە بنکەکە کردۆتەوە، بەشێکی ئەوانەی کە کتێب دەکڕن و بەشێک لە کتێبەکان کە نرخێکی گونجاویان هەیە دامانناوە بۆ فرۆش و بەشێکی هەیە بۆ ئەمانەت و سپاردنی کتێبەکان بە خەڵک. لە بەشی ئەمانەت، کتێبەکان هەم کوردی و هەم فارسین بەڵام بەشەکانی دیکە تەنها زمانی کوردییە. هەروەها بنکەی گەشە دوانیوەڕوانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەمە و پێنجشەممە کراوەیە و سەردانی خەڵکیش زۆر باش بووە. پێشتر خوێندنی کتێبی کوردی ڕێژەیەکی زۆر خواری هەبوو بەڵام ئێستا زۆر باش بووە.

 لەبواری ئابوورییەوە سەرچاوەکانتان چین؟ ئایا رێکخراوە دەوڵەتییەکان پاڵپشتی ئێوە بوون؟

 ئێمە لە سەرەتاوە نەمانویستووە سەر بە هیچ رێکخراوەیەک بین و بەشی ئابووری تەنها لەسەر شانی ئەندامانی بنکە و تاقمێک خێرخوازە. ئێمە زیاتر لە سی کەس خێرخوازمان هەیە کە مانگانە یارمەتیمان دەدەن.

 بەرنامە و داڕێژەتان بۆ داهاتووی بنکەی گەشە چییە؟

 ئێمە زیاتر لە پێنج ساڵ پڕۆژەمان هەیە کە بەردەوام بین. ئەگەر هەلەکە بڕەخسێت و لە بواری ئابووری و بوارەکانی دیکەوە ئاستەنگمان نەبێت، پەرەی پێ دەدەین. ئێمە لە سەرەتاوە لە منداڵانەوە دەستمان پێکرد، دواتر مێرمنداڵانیش هاتنە نێو بەرنامەکەمان. بەشی سپاردن کە تایبەتە بە لاوان و گەورەساڵان، لە بنکەکە زۆر باش وەڵامی داوەتەوە و خەڵک دێن و بەخۆڕایی ئەبن بە ئەندامی بنکەی گەشە و کتێب وەردەگرن و دەیخوێننەوە و دەیهێننەوە. ئەمانهەوێ لە داهاتوو بەشی سپاردن پەرە پێ بدەین.

 تکایە ئەگەر خاڵ یان بابەتێک ماوە کە شیاوی ئاماژەیە و من پرسیارم نەکردبێت، بیڵێن.

 لەڕاستیدا کارەکەی ئێمە کارێکی تیمییە و چەند کەس تێیدا بەشدارن و کارەکان دابەش کراوە و هەر کەس بەشی خۆی بەڕیوە دەبات. جگە لە ئەمەش بەداخەوە ئەگەر لە مێژوودا ورد بینەوە لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئەم جۆرە چالاکییانە کراون، بەڵام تەنها جەختیان لەسەر گەورەساڵەکان کردبووە. ئێستا ئەم کارەی ئێمە سەلمێنەری ئەمە بوو کە کار لەسەر منداڵان ڕەنگە زۆر ساکارتر بێت و زۆر خێراتر دەگاتە بەر و بەهرەی دەبێت. ئەم بابەتە لە درێژەی ئەم دوو ساڵەی بنکەی گەشە بۆمان ڕوون بۆتەوە. هەروەها ئەوەیکە منداڵ حەزی تێیدا دروست بێت بۆ خوێندنی کتێب،تەواو دیمانەی منداڵەکە دەگۆڕدرێت. ئەو منداڵە وەکوو قوتابی وانەکانی باشتر دەخوێنێت و فێریان دەبێت و هەم لە زۆر شت وەکوو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و شەڕەنگێزی لە دەرەوەی ماڵ و خولانەوە لە ئەم لا و ئەو لا و زۆر شتی دیکە دەپارێزرێت.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری باڵای دامەزراوەی کتێبخانە گشتییەکانی وڵات

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *