خانه / اخبار و رویدادها / “باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

 “باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

مژدە سەڵاح

لە ڕۆمانی “باڵندەکانی دەم با” دا لەگەڵ گێڕانەوەیەکدا ڕووبەڕووین کە هێندەی سەردەرهێنان لە چۆنێتی پێکەوە گرێدانی چیرۆکەکان سەنجمان دەبات، هێندە ناپەرژێینە سەر چییەتی ڕووداو.

ئەم ڕۆمانە، وەک لە چەندین توێژینەوە و وتار و باسی دیکەدا لێی دواون، بە شێوازی میتاسەرهارت گێڕدراوەتەوە. ئەمیش جۆرێکە لە گێڕانەوە کە لەناو خودی بەرهەمەکەدا چۆنێتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی نووسینەکەش بۆ خوێنەر خراوەتە ڕوو. هەروەک د. حەمە مەنتک لە کتێبی ئارکیۆلۆژیای پۆلێنی ڕۆمانی کوردی-دا دەڵێت: “میتاسەرهات ڕۆمانێکە لەبارەی خودی ڕۆمان. بە واتایەکی دی توێژینەوەیە لەبارەی چۆنێتی نووسینی ڕۆمان” (مەنتک، ٢٠٢١، لاپەڕە ٤٤٩) هاوکات زاراوەکەی بەگوێرەی بەکارهێنانی لە زمانە جیاجیاکاندا شی کردووەتەوە، بەگشتی دەکرێ بڵێین لە هەموو ئەو زمانانەدا بەواتای “ئەودیو خەیاڵ” و گێڕانەوە هاتوون. دەتوانین وەها تەفسیری بکەین: ئەو دەقە گێڕانەوەییەی دەیخوێنینەوە (ڕۆمان، چیرۆ، کورتەچیرۆک و… هتد) خەیاڵە، گومان لە ناواقعیبوونی ناکرێ، ئەدی ئەم خەیاڵە چۆن چنراوە؟ میتاسەرهات لەبارەی ئەوەوە بۆمان دەدوێ و دەگێڕێتەوە. ئاخۆ لە پشت پرۆسەی نووسینی ڕۆمانێکەوە (یان هەر دەقێکی گێڕانەوەیی) چی دەگوزەرێت؟ نووسەر دۆخی چۆنە لەگەڵ کارەکتەرەکانیدا؟ پرۆسەی نووسینەکەی چۆن بەڕێوە دەچێت؟ هەموو ئەمانە بۆ خوێنەر دەخرێنە ڕوو. “باڵندەکانی دەم با” بەرهەمێکی لەو جۆرەیە.

سەرەڕای جوانی گێڕانەوەکەی، ئەم ڕۆمانە هەڵگری چەند دەلالەتێکە کە دەکرێ لێکبدرێنەوە و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. “دەبێ دەق وەکو پێکهاتەیەکی زمانی بارگاوی کرابێت بە مانا و دەلالات و مەعریفە… ئەو بابەتەی کە لە شیکردنەوەی بونیادی ڕۆماندا ئامانجی کارکردنە دەتوانرێت بگوترێت گوتارە” (قەرەداخی، ٢٠١٧، ل٤٨٠) عەتا قەرەداخی باس لەوە دەکات هەموو ڕەگەزە پێکهێنەرەکان ڕۆمان، وەک ڕووداو، کەسێتی، کات و شوێن… هەموو پێکەوە لە خزمەتی بەرهەمهێنانی گوتاری ڕۆمانن. کەواتە جەوهەری هەر دەقێک، ئەو پرسیار و جیهانبینیەیە کە لە خۆیدا هەڵیگرتووە. (هەمان، ل ٤٨٠)

لە ڕۆمانەکەدا نووسەرێکی بێ ناومان هەیە، یان دەتوانین بە نووسەری یەکەم ناوی ببەین، کارەکتەرێکی خوڵقاندووە بە ناوی “میهرەبان” کە ئەویش لە هەمان کاتدا نووسەرە؛ ئەم نووسەرە بێ ناوەی یەکەم دەیەوێت لەڕێی “میهرەبان”ەوە چیرۆکی فەرهاد بگێڕێتەوە. هاوکات لە درێژەی گێڕانەوەکەدا خوێنەر تێدەگات ئەم سێ کارەکتەرە لە بنەڕەتدا یەکن. پارچەپارچەبوونی یادگە و ڕابردووی ئینسان، کەرتبوونی کەسێتی لێ دەکەوێتەوە؛ وەک ئەو کەرتبوونەی لەنێوان گێڕەرەوەی یەکەم و کارەکتەرەکانی و چیرۆکی ئەم کارەکتەرانەدا بەدی دەکرێ. ئەمە چارەنووسی نەوەیەکە کە لە سەردەمی کودەتا و شۆڕشدا ژیاون، سەردەمێکی ئاوس بە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی. نەوەیەک کە دواتر چەندانیان ڕاهی ئەوروپا دەبن و کە دەگەڕێنەوە دەبینن هیچ شتێک وەک جاران نەماوە، نە مرۆڤەکان، نە خەونەکانیان، نە تەنانەت شار و گەڕەکەکانیش.

میهرەبان نوێنەری ئەو چینەیە، کە سەردەمانێک ڕۆڵیان لە شۆڕش و ئینقیلابدا هەبووە، گەنجێتی و ئەوینی خۆیان بە قوربانی خەونی وەدیهاتنی دنیایەکی باشتر کردووە، لە دواییدا دەبینێت تەنیا ئەوە شوێنی خەونێک کەوتووە کە ئێستا هیچ کام لە هاوڕێبازەکانی نەک هەر ئەو ڕۆژگارەیان لەبیرچووەتەوە، بگرە باوەڕیشیان بەو بنەمایانەی ئەوسا لەپێناویدا جەنگاون، نەماوە.

لە سەروبەندی نووسینی چیرۆکەکەیدا، میهرەبان کە خەرکی سازکردنی کەسێتییەکانیەتی، لە هەوڵیدا بۆ وێناکردنی فەرهاد تووشی کۆسپ دەبێت، چونکە فەرهاد کەسێکە هەموو ڕابردووی خۆی فەرامۆش کردووە. لێرەدا ئەو پرسیارە لە سەرهەڵدەدات: “بۆ دەکرا پیاو ژیان و ڕابردووی خۆی فەرامۆش بکات؟” (نەهایی، باڵندەکانی دەم با، ل ٣٨) ، بەڵام کە بە هاوکاری جەلالی دیدارێک لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانیاندا ساز دەکەن، دوای چاوپێکەوتن دەبینێت هیچ کامیان وەک خۆیان نەماون؛ “چەند پیاوێکی سەر و سمێڵ ماشوبرنجی… هیچیان لەو کوڕە گەنج و جەربەزانە نەچووبوو کە ئەو جێی هێشتبوون.” (هەمان، ل ٣٩)، ئیدی کاتێک گۆڕانەکان بە چاوی خۆی دەبینێت لە هەڵوێستی فەرهاد تێدەگات و دەزانێت هیچ چارەیەک نییە جگە لە دوورەپەرێز بوون و لەیادکردن. تاکە ڕێگەی زیندووهێشتنەوەی ئەو ڕۆژە پڕ خەون و ئومێدانە نووسینەوەیانە لە چیرۆکێکدا. کەواتە کاری میهرەبان کۆکردنەوە و پێکەوە گرێدانی بیرەوەری پەرتی ئەو ڕۆژگارانەیە تا لە لەبیرچوون ڕزگاریان بکات.

دوورەپەرێزی میهرەبان لە چواردەورەکەی بۆئەوەی چیرۆکەکەی بنووسێتەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی کاردانەوە و فشاری بارامی برای و خوشکەکانی دەکاتەوە. لە لاپەڕە ٤٠-٤١ی ڕۆمانەکەدا کاتێک بارام گلەیی لە براکەی دەکات بۆچی وەک بێگانەیەک سەیریان دەکات و لێیان دوورەپەرێزە؟ بۆچی لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە تا لە ماڵێکی کاولدا بژی؟ لێرەدا پرسێکی دیکە سەرهەڵدەدات، ئەویش تێگەیشتنی کۆمەڵ، یان مێگەلە بۆ “مرۆڤی عاقڵ”. دەبینین چینێک هەن لە بارام و هەندێ لە هاوڕێ دێرینەکانی میهرەباندا خراونەتە ڕوو، پیاوە بەئاوەز و براوەکانی کۆمەڵگە، براوەی گرەوێک کە خۆی لە بەدەستهێنانی هەرچی زۆرتری بڕی ئەو سامانەدا دەبینێتەوە کە گرنگ نییە گەر لەسەر حیسابی تێکدانی ژینگە، یان ڕووخان و کاولکردنی پاشماوە دێرینەکان، یان ئاسوودەیی مرۆڤەکانی تر بێت. پەڕگیری میهرەبان و مانەوەی لە دنیایەکدا کە لە کتێب و چیرۆک و کارەکتەری چیرۆکەکانی پێکیهێناوە، دەلالەتە بۆ ئەوەی ئەدەبیات هەمیشە پەناگەی مرۆڤە (نا عاقڵ)ەکانی کۆمەڵە، ئەو مرۆڤانەی کە بە پێی پێودانگەکانی کۆمەڵگە ژیر نین، کۆمەڵێک کە بۆ ئەوە ناشێت ستاندەرەکانی بە هەند وەربگیرێن لەو حوکمانەی بەسەر تاکەکانیدا دەیاندات.

گەڕانەوەی میهرەبان بۆ نیشتمان زۆر ڕاستی سەبارەت بەو باوەڕانەی پێش کۆچ هەیبوون بۆ ئاشکرا دەکات؛ یەکێک لەو بنەمایانە، بەدەستهێنانی مافی یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی لەڕێی شۆڕشەوەیە. کاتێک چاوی دەکەوێت بە کوورش-ی هاوڕێ و هاوخەباتی، پێی دەڵێت: “هەر ئەو برادەرانە کە مافی هەژار و کرێکاریان دەویست و گوریسیان بەدەستەوە دەگرت و زەوی زاریان لەناو جوتیاراندا بەش دەکرد، بەشێکیان بوون بە تاجر و قاچاغچی و خاوەن کارگە و… لە بەیانییەوە تا ئێوارە وەک سەگ دەیانڕەتاندم و تێر سکی خۆم و ماڵ و منداڵمیان نەدەدامێ.” (هەمان، ل٢٠٣) ئەم گێڕانەوەیەی کوورش پێکهێنەری پرسێکە سەبارەت بە دیوە ناشیرینەکەی شۆڕش و کاربەدەستەکانی. کە چۆن دوای دەسەڵات گرتنە دەست، خەونی کۆمەڵ ژێر پێ دەخەن و هەموو هەلێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەقۆزنەوە و هاوسەنگەرانی خۆشیان دەچەوسێننەوە.

لەم ڕۆمانەدا دوو گرووپ لە خەڵک دەبینین، کە نوێنەری دوو بیری هاودژن؛ دەستەی یەکەمیان پارێزەری میراتی پێشینان کە لەلایەن “جەلالی” بەڕێوەبەری ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و میهرەبان کە گەڕاوەتەوە تا خانووە کۆنەکەی باوکی چاک بکاتەوە، نوێنەرایەتی دەکرێ. دەستەی دووەمیان کە بارام و هاوشێوەکانی لە دەوڵەمەند و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە نوێنەرین، دەستەیەکن هەموو شوێنە کۆنەکان دەڕووخێنن و لە جێیان بازاڕ و دوکان و بانک و باڵەخانە بەرزدەکەنەوە. ئەم چینە گوێ بە هونەرکاری بینا قەدیمییەکان نادەن. کاتێک بارام دوو کارمەندی بانک دەهێنێتە سەر خانووەکە، وەسفی گەچبڕی و و جوانی دەرگا و پەنجەرە کۆنەکانیان بۆ دەکات، کە “دەسکردی باشوەستای سەدساڵ لەمەوبەرە”. هەڵبەت خوێنەر بارام دەناسێت و ئەمەی دەیڵێت وەنەبێ دەربەستی ئەو کارە جوانانە بێت کە لە درووستکردنی خانووەکەدا ئەنجام دراون، بەڵکو دەیەوێت نرخی موڵکەکە بباتە سەرێ، بەڵام گوێی کارمەندەکان بەم قسانە نابزوێت، چونکە ئەوان تەنیا هەڵکەوتەی جوگرافی خانووەکەیان بۆ گرنگە کە گونجاو دەیبینن بۆ ئەو کارە بازرگانییەی مەبەستییانە، بۆیە یەکێک لە کارمەندەکان دەڵێت: “ئاغای میهرەبان ئێمە دەرکە و پەنجەرەی شکاو ناکڕین. ئێمە زەوی دەکڕین. هەرکاتێ مامەڵەکەمان سەری گرت، بۆ بەیانیدا ماڵەکە دەڕووخێنین. بە گەچبڕی و پەنجەرە و…” (هەمان، ل ١٢٩-١٣٠).

دەتوانین لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکەدا نموونەی ئەم جۆرە بێدەربەستییە، بەرامبەر شوێنەواری مێژوویی و میراتی پڕبەهای شارستانییەتی مرۆڤایەتی، ببینین. کاتێک لەلایەن ئیدارەی میراتی فەرهەنگییەوە پێشانگایەک بۆ “گەنجینەی زێویە” دەکرێتەوە؛ جەلالی ڕوو بە میهرەبان دەڵێت: “بێگانە هەموو چەک و سیلاحەکانیان بردووە. مۆر و لۆحە مێژووییەکانیش. تەنانەت کاسە و کەوچک و قاپ و قاچاغەکانیش… هەموویان لەناو خۆیاندا دابەش کردووە. ئەوەی ماوە…” (هەمان، ل ٧٨) ئەمە هەمان کارە کە بارام کردوویەتی بەرامبەر میراتی باوکی، کاتێ شتە بەکەڵکەکان بۆخۆی هەڵدەگرێت و چەند پارچەیەکی لەکارکەوتوو بەناوی یادگاری بنەماڵەوە بۆ میهرەبان بەجێ دەهێڵێت. ئەمانە گرووپێک لە خەڵکن کە هەموو شتێک بە چاوی ماددە دەبینن، تەنانەت دەستدرێژی دەکەنە سەر سروشت و لە هیچ ناپرینگێنەوە، “سیمای شارەکەش گۆڕابوو. تازە بووبووەوە. گەورە بووبوو. ماڵ بە داوێنی شاخەکاندا هەڵگەڕابوون.” (هەمان، ل ٥٦) دیمەنی ئەو ساتەیە کە میهرەبان دەبینێ تەپۆڵکەکەی بەرامبەر ماڵیان، کە کانی و چەند درەختیشی لێ بووە، ئێستا بێ ئاسەوارن! هەمیشە ئەم دەستەیەن -ئەوەی کە میهرەبان نوێنەرایەتی دەکات- لەخەمی نەک هەر میراتی پێشینان، بەڵکو سرووشت و ئاژەڵ و باڵندەکانیشدا هەن. کاتێک لە دیمەنێکی لاپەڕە ١٧٢دا دەبینین بیر لەوە دەکاتەوە ماوەیەکی دی خانووەکە دەڕوخێنن؛ خەمی بڕینەوەی درەختەکان و تێکدانی ماڵی باڵندەکان و سەرلێشێوانی پشیلە بێ پەناکانی کۆڵان دایدەگرێت.

لەبەرامبەر دەستەی پیاوە چاوچنۆک و پارەپەرستەکانی کۆمەڵدا، کارەکتەرێکی وەک “لەیلا”مان هەیە، کە لەتەواوی ڕۆژانی پێشانگاکەدا سەردانی ئەوێی کردبوو، لە جوانی “میراتی پێشینان”ی ڕوانی بوو. هەرچەند دەشێ ئەوەی لە پێناو ئەوینێکدا کردبێ، چونکە چەند لاپەڕە دواتر هەڵوێستێکی پێچەوانەی لێ دەردەکەوێت، ئەویش لەڕێی شیعرێکییەوە خراوەتە ڕوو “قامووسەکان بدڕێنە… ڕابردوو بسڕەوە…” (هەمان، ل ٨٧) کارەکتەر جەلالی لەوێدا ڕەخنەی لێ دەگرێت، پرسیارێکی ئاراستە دەکات: “مرۆڤ بەبێ زمان و ڕابردوو چی هەیە؟” ئەویش وەڵام دەداتەوە: “شیعرێکی کورت و ساتێکی هەتاهەتایی…” (هەمان، ل ٨٧) لەم هەڵوێستەی لەیلادا هێز و قورسایی ئەوینمان بۆ دەردەکەوێ لای ژن، کاتێک ئامادەیە هەموو شتێک ببەخشێ لە پێناو عەشقەکەیدا. وەک ئەو ئازایەتی و ڕۆحە سەرکەشەی کاڵێ لە ئەوینییەوە بۆ فەرهاد بەدەستی هێناوە: “خۆشەویستی پەنهان ناکرێت. لە کۆڵانێکی تەنگەبەر و داخراودا نیگا و چرپەی عاشقانە و دزەژوانی پەنامەکی لە چاو و گوێی کەس ون نابێت. دەزانێت کاڵێ. بێ دەربەستە… با کۆڵان عەشقی لەقاو بدات…” (هەمان، ل ١١٩-١٢٠) لە کاتێکدا پیاوان بۆ ئامانجێک پشت لە هەموو شتێک دەکەن. ئەوینی ژن و تەنانەت کەس و کار و ئەوەی مایەی حەوانەوەی ئینسانە لە گەرمی ماڵ و خانەوادە و مانەوە لە نیشتیمان، دەکەنە قوربانی… جیاوازی ڕوانینی ژن و پیاو بۆ دیاردە و چەمک و وشەکان گوتارێکە لەم ڕۆمانەدا دەتوانرێ چەند نموونەی دیکەی بۆ بهێنرێتەوە. کاتێک کاڵێ لە فەرهاد دەپرسێ دەربارەی کەسێتی ڕاستەقینەی، ئەو بە “گرنگ نییە من کێم. گرنگ ئەوەیە ئێمە یەکترمان خۆشدەوێ. تا هەتاهەتایە…” (هەمان، ل١٤٣) وەڵامی دەداتەوە، هەر ئەمە دواتر ترسی ئەوە دەخاتە دڵی فەرهادەوە، نەکا ئەم گفتە لای کاڵێ مانایەکی دیکەی هەبێ. ترسی فەرهاد لەوەیە کاڵێ دڵ بەم قسەیە ببەستێ و بەمانای بەدیهاتنی خەونەکەی لێکی بداتەوە، خەونی لەگەڵ ئەودا بوون. “وشەکان مانای جیاوازیان هەیە لە لای ژن و لە لای پیاو” (هەمان، ل٤٤) کاتێکیش میهرەبان باسی چیرۆکی فەرهاد بۆ لەیلا دەکات ددان بەوەدا دەنێت ئەو هیچ ئاگای لە چارەنووسی کاڵێ نییە و نازانێ سبەی چی بەسەردێ، وەک چۆن خۆیشی لەمڕۆدا دەژی “هەمیشە وابووە. ژنان لە ئیمڕۆ و لە ئێستایاندا ژیاون و ئاگایان لە سبەینێ و لە داهاتوویان نەبووە… بە پێچەوانەی پیاوانەوە. پیاوان لانی کەم دەزانن سبەینێ دەگیرێن، دەکوژرێن، یان تووشی فەرامۆشی دەبن.” (هەمان، ل ١٦٢) ئەمە دەشێت بۆ ئەو نەسلە درووست بێ کە لەسەردەمێکی پڕ گۆڕانکاریدا ژیاون و پیاوان لەبەرەی شۆڕشدا و هەمیشە ئامادەباش بوون.
گوتارێکی دیکەی گرنگ کە دەتوانین لە سەروبەندی گێڕانەوەکەدا بەدی بکەین، هەڵوێستی پیاوانە بەرامبەر ئەوین و خۆشەویستەکەیان، گرێدانی چارەنووسی ئەوینەکەیان بە “سەرکەوتنی شۆڕش”ەوە و جێهێشتنی ئەو ژنانەی کە خۆشیانویستوون لە پێناو خەونی گۆڕینی دنیا، خەونێک کە تەمەنی خۆیانی لەسەر دادەنێن و دواتر بەسەر داروپەردووەکەیدا دۆشدادەمێنن. ئەم پرسە لە خۆشەویستی نێوان میهرەبان و ئەفسانە، فەرهاد و کاڵێ-دا ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەرچی لە ڕواڵتدا کەسەکان هەندێک لەیەک جودان، بەوەی ئەفسانە کچێکی هۆشیار و خوێندەوارە و هاوشانی پیاوان بەشدارە لە شۆڕشدا، لە کاتێکدا کاڵێ کچێکە دەڵێی هەر بۆ دڵبەری خوڵقاوە، ئەو هۆشیارییەش کە دواتر کەسبی دەکات و ئێمە دەتوانین لەوێدا بەدی بکەین کە دەیەوێت فەرهاد بپارێزێ و ڕێی دەربازبوونی بۆ دیاری دەکات تا نەکەوێتە چنگ دوژمن، لە میانەی عەشقی بۆ فەرهاد پێی گەیشتووە. هەروەک کەسایەتی میهرەبان لە ترسی گرتندا هەڵدێ و هەڵوێستەکەی ناڕەوایە؛ دەستبەرداری ئەوینەکەی دەبێت، لەکاتێکدا فەرهاد خوێندکارێکی هەڵاتووە و هەر ساتێک بێ دەستگیر دەکرێ. هەردوو ئەوینەکە چارەنووسیان دابڕان و مردنە. ئەفسانە دوای ڕۆیشتنی میهرەبان، لە دۆزەخی بەدگومانییەکانی ناسریدا دەسووتێ؛ کاڵێیش دوای ڕیشتنی فەرهاد لەو دۆزەخەدا کە ڕەحیمی برای بۆی خوڵقاندبوو…

“باڵندەکانی دەم با” هەڵگری چەندین پرسی گرنگە، کە هەریەکەیان دەکرێ بەجیا بکرێت بە بابەتی قسەلەسەر کردن و لەسەر وەستان.

درێژەی هەیە…

________________
• سەرچاوەکان:

• قەرەداخی،ع . گەڕان لەنێوان واقع و خەیاڵدا. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم .٢٠١٧
• مەنتک، ح. ئارکیۆلۆژیای پۆلێنی ڕۆمانی کوردی. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ٢٠٢١
• نەهایی، ع. باڵندەکانی دەم با. بانە: چاپەمەنی مانگ. ٢٠١٩

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

فروش ۴۹۷ میلیارد تومانی در ۱۰ روز فعالیت نمایشگاه کتاب

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *