آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / هەموو چیرۆکەکانی کارلۆس ڕویز زافۆن بە کوردی بڵاو بووەوە

هەموو چیرۆکەکانی کارلۆس ڕویز زافۆن بە کوردی بڵاو بووەوە

هەموو چیرۆکەکانی کارلۆس ڕویز زافۆن بە کوردی بڵاو بووەوە

«شاری هەڵم» کۆکراوەی هەموو چیرۆکەکانی نووسەری جیهانی کارلۆس ڕویز زافۆنە، ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە و وەشانخانەی پەیک بڵاوی کردووەتەوە

کتێبەکە ١١ چیرۆکی لەخۆ گرتووە و زافۆن لە ساتی کارکردن لەسەر چوارینەڕۆمانی «گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان» نووسیونی. ساڵی ٢٠٢٠، دوای کۆچی دواییی ئەم نووسەرە بەناوبانگەی ئیسپانیا و دنیا، ناوەندی چاپ و پەخشی پلانێتا کۆی کردوونەتەوە و بە زمانی ئیسپانی بڵاوی کردوونەتەوە.
وەشانخانەی پەیک مافی وەرگێڕانی «شاری هەڵم»ـی بۆ سەر زمانی کوردی لە ناوەندی خاوەنمافی ئەنتۆنیان کێڕیگان لە شاری بەرشەلۆنە وەرگرتووە و ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە. وەشانخانەکەی دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بڵاوی کردووەتەوە: «کوڕیژگەیەک بۆی دەردەکەوێت چیرۆکەکانی سەرنجی دڵبەرە دەوڵەمەندەکەی ڕاکێشاوە و بڕیار دەدات ببێت بە نووسەر. تەلارسازێک بە نەخشەیەکی تۆکمەی کتێبخانەوە لە قوستەنتینە هەڵدێت. جوامێرێکی نەناسیاو میگێل دێ سێرڤانتێس هەڵدەفریوێنێت تا کتێبێکی بێوێنە و سەمەرە بنووسێت. ئەنتۆنی گاودی گەشتێکی پڕنهێنی بەرەو نویۆڕک دەکات. چێژ لە ڕووناکی و هەڵمیش وەردەگرێت، دەهزرێت دەبێت هەموو شارێک بەم کەرەستانە دروست بکرێت. زایەڵەی کەسایەتییەکانی چوارینەی ‹گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان› لە چیرۆکەکانی زافۆندا دەبیسترێتەوە.»

پەیک وەشانخانەیەکی سەربەخۆیە، بنکەکەی لە شاری سلێمانییە و گرنگی بە ئەدەبیاتی وەرگێڕدراو دەدات. سەرچاوەی داهاتی وەشانخانەکە لە بەشی کتێبخانەی پەیکەوە دابین دەکرێت کە بۆ ماوەی شەش ساڵ زیادترە چاپی ئۆریجناڵی کتێبە ناودارەکانی دنیا بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و عەرەبی بۆ خوێنەرانی کوردستان و عێراق دابین دەکات. لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنیدا، وەشانخانەکە شەش بەرهەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. لە پەیک، بۆ هەر کتێبێک پێشتر مافی بڵاوکردنەوەی بە کوردی لە دەزگای خاوەنمافی کتێبەکە یان خودی نووسەرەکە وەردەگیرێت و دواتر کتێبەکە وەردەگێڕدرێت و کارە هونەرییەکانی دیکەی جێبەجێ دەکرێت. کتێبەکە لە پێگە و ماڵپەڕی خاوەنمافدا بە زمانی کوردی ئاماژەی پێ دەدەرێت. دواتریش چەند کۆپییەک لە چاپی کوردیی کتێبەکانیان بۆ دەنێردرێت و لە ئەرشیفی خۆیاندا هەڵی دەگرن. هەروەها تەواوی کتێبەکانی پەیک ژمارەی ستانداردی جیهانی بۆ کتێب ISBNـیان بۆ وەردەگیرێت.

کارلۆس ڕویز زافۆن نووسەرێکی هەرە ناسراوی دنیایە و دوای سێرڤانتێس پڕخوێنەرترین نووسەری ئیسپانییە. بەرهەمەکانی بۆ سەروو ٥٠ زمان وەرگێڕدراون و دەیان خەڵاتی بردووەتەوە. لەدایکبووی ١٩٦٤ـی بەرشەلۆنەیە. ساڵی ١٩٩٤ تا دواهەناسە، نیشتەجێی لۆس ئەنجڵسی ئەمریکا بووە. بەرهەمەکانی بریتین لە سێینەی تەم: شازادەی تەم (١٩٩٣)، کۆشکی نیوەشەو (١٩٩٤) و ڕووناکییەکانی سێپتەمبەر (١٩٩٥). مارینا (١٩٩٩). چوارینەی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان: سێبەری با (٢٠٠١)، گەمەی فریشتەکە (٢٠٠٨)، زیندانییەکەی ئاسمان (٢٠١١) و پێچەڵانی خێوەکان (٢٠١٦). ساڵی ٢٠٢٠، دوای دواکۆچی، کۆچیرۆکەکەی بە ناونیشانی شاری هەڵم بڵاو بووەتەوە.

ژیار هۆمەر وەرگێڕ و نووسیارە، لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. وەرگێڕی ئیسپانی و ئینگلیزی و پورتوگالی و عەرەبی و فارسییە، بەرهەمی پتر لە ١٠٠ نووسەری کوردی لە سەروو ٣٠ وڵات بڵاو کردووەتەوە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیان و وەشانخانەی باڵندەیە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی و پێنی کورد لە ئەڵمانیایە. کتێبی خوان کارلۆس ئۆنێتی، کارلۆس ڕویز زافۆن، شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵی وەرگێڕاوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نمایشگاه کتاب تهران «گردشگری ادبی» را ترویج می‌کند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *