خانه / اخبار و رویدادها / کۆمەڵەچیرۆکی «مانگی نیوەڕۆ» بڵاوکرایەوە

کۆمەڵەچیرۆکی «مانگی نیوەڕۆ» بڵاوکرایەوە

کۆمەڵەچیرۆکی «مانگی نیوەڕۆ» بڵاوکرایەوە

کۆمەڵەچیرۆکی مانگی نیوەڕۆ لەپاڵ کۆمەڵەچیرۆکەکانی دیکەی مەندەنیپووردا، لەوانە “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” و “شینی ئەوبەر ئاوان” و “مۆمیا و هەنگوین”، دەچنە خانەی بەرزترین کۆمەڵە چیرۆکە هاوچەرخەکانی زمانی فارسییەوە. یەکێک لە ختوورەت و تایبەتمەندییەکانی مەندەنیپوور بەکارهێنانی ئەفسانەیە لە بۆتەقەی چیرۆکدا کە لەم کۆمەڵەچیرۆکە و بەرهەمەکانی دیکەشیدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها گرنگیدان بە زمان و داهێنانی زمان و نائاساییکردنی شتە ئاساییەکان زۆر شوێنی سەرنجە. چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکە چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت و گرنگی بە کاراکتەری تایبەت و دەگمەن دەدات کە ورد و داهێنەرانە داڕێژراون. کۆتایی سەیر و مکوومی چیرۆکەکان خوێنەر بۆسەگیر دەکات؛ کاریگەرییەکی وەها لەسەر خوێنەر دادەنێت بەوەی تاسەر لەگەڵ چیرۆکەدا بڕوات و هەتا دوای تەواوبوونیشی لە مێشکیدا بمێنێتەوە. چیرۆکەکان بە هەستی داهێڵان و تەمتوومان و گرێ و گۆڵەوە، داوا لە خوێنەر دەکەن هەتا بەشداری ئاواکردن و ئەفراندنی مانا و ناوەرۆک و ستراکتووری چیرۆکەکان بن و تەنێ بەردەنگێکی پاسیڤ و ناچالاک نەبن بۆ خوێندنەوەی چیرۆکێکی کورت.

هیوا عەزیزی «وەرگێڕ»

هەموو چیرۆکەکان نهێنییەکی سەیریان لەهەناو دایە چوون نهێنی دەرکەوتنی کاڵی مانگ لە کاتی نیوەڕۆدا. چیرۆکەکان قسە لە بابەتی هەتاهەتایی و بێزەمەنی مرۆڤ و سروشت دەکەن و دەتوانین ئەمەش لە ناونیشانی کۆی چیرۆکەکاندا ببینین. لە هەر چیرۆکێکدا شەڕێکی، جا بە ئەندێشە یان بە ڕاست، لەنێوان توخم و ڕەگەزە هەمەجۆرەکانی چیرۆکدا شێوە دەگرێت و زمانێکی شاعیرانەی پەخشانئامێز کە هەندێکجار شان لە شانی شیعر دەدات، لە فۆرمی سادەی و ئاسایی چیرۆک دەیباتە دەرەوە. هەر یەک لە چیرۆکەکان سەربەخۆن و سەربوردی خۆیان هەیە، بەڵام دەتوانین خاڵی هاوبەش لە بینینیان بۆ شت و دیاردەکان لەنێو تێکڕایاندا ببینین. تێماکانی عەشق و قەدەر و بێدەرەتانی مرۆڤ بەشێوەیەکی ئەفسانەیی لە هەر یەک لەم چیرۆکانەدا خۆیان دەردەخەن.

بێگومان وەرگێڕانی هەچ دەقێکی باش لە هەچ زمانێک و لە هەچ بوارێکدا بۆ سەر زمانی کوردی دەرگای دونیایەکی نوێ بەڕووی خوێنەری کورد و کولتووری کورددا دەکاتەوە. وەرگێڕان پردێکی پەیوەندییە لەنێوان گەل و شارستانییەت و کولتوورەکاندا و گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە. بەهۆی وەرگێڕانەوە ئاسۆی خەیاڵ و بینین و بیرکردنەوە و داهێنان و داڕشتنمان بەرفراوان دەبێتەوە. کێشە و گرفت و کەموکوڕیی و ئاڵنگارییەکانی خۆمان جوانتر دەبینین و دەناسین. دەتوانین پتر ڕوانین و دونیابینی خۆمان و گەلانی دیکە هەڵسەنگێنین و گەلەک شتی دیکەش کە دەتوانین زۆری لەسەر بڕۆین.

شەهریار مەندەنیپوور

شەهریار مەندەنیپوور ساڵی ١٣٣٥ بەرامبەر ساڵی ١٩٥٦ لە شاری شیراز لە دایک دەبێت. نووسەری نەوەی سێهەمی دونیای چیرۆک و چیرۆکنووسیی ئێرانە کە بە کۆمەڵە چیرۆکەکانی “هەموو سێبەری ئەشکەوت”، “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” و ” شینی ئەوبەرئاوان” و “مۆمیا و هەنگوین” و “هەشتەم ڕۆژی زەوی” وەک یەکێک لە دیارترین چیرۆکنووسەکان دێتە نێو دونیای ئەدەبی ئێرانەوە. بۆ چەند ساڵێک سەرنووسەری حەوتەنامەی “ئێوارەی پێنجشەمە” بووە کە دواتر دادەخرێت. ئێستاش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەژی.

لە بەشێک لە کتێبەکەدا هاتووە:

ئەوینداری بە بوونی ئەوین، ئەوینداری بەبێ بوونی ئەوین: شایلۆغان هەڵدە و وەخۆ هۆ ئەگەر بە هامێز و هەمێزی یاریت! شایلۆغان هەڵپژێنە و ماچ و مووچ وەخۆ هۆ لە جووت لێوی خۆت سا ئەگەر بە فیراق و فیراقیت! جا ئێستاکێ ئەگەر هۆگری تەنیایی بیت، یانەخۆ جەستەی تەنیاییت هەیە، بەوەی ئەمڕۆ فەتاریان کردووی درۆبازان و درۆزنانی زۆر و زەبەند، بەوەی خۆڵەمێش لە هەناسەت هەڵدێت ئەوەندە و ئەمەندەی ڕەجمبازانی سبەینێ ڕەجمت دەکەن و ئەوانەی ئاگردڵی سبەینێی سبەی ئاگرت دەدەن، دەسا لە ئێمە زویر مەبە بەوەی بۆچی باخە ڕەزی ئێمە بە هەر چوار وەرزان ترێی نییە. هۆ و هاا! سا ئەگەر ڕێنووسی پەلک و پۆی ڕەز بزانیت، هێمای ناونیشانی زۆرت پیشان دەدا بەوەی لە کوێڕا ئەم و ئەوی وشە، مەستی و ڕاستی دادەن و لە کوێندەر هێڵنجی درۆ و دەهۆ… وەتر ناونیشانی ڕامانی قنیاتیشت پیشان دەدا. جا وەخوێنە بەم هێڵە کە دێڕ بە دێڕ بە هەویای ڕێنووسی ڕەز دەڕوات؛ ڕۆشتنی بە باڵای ئێمە، گەڕانەوەی نەک لەسەر ئێمە. من ئەم پەڕلەیەم لە ڕەزەوە وەرگرت. قۆشمەی وشە لە پەلک و پۆی ڕەزەوە فێر بووم، شکێف و شکێڕی ڕستە، لە لۆفانلۆچی لقوچڵیەوە کە جووت دەستی شۆخە کچی قەرەجن؛ هۆ ئەو دەمەی سەما و سوڕدان، لەبەر نیگای تۆ، هەرتک باسک و بازۆڵەی بەرەو ئاسمان بادەدات.

ئەوا ئەمێستا ڕەگەڵ من کەوە! ئەگەر تەنیایت، یانەکوو ئەگەر ــ باشتر و خۆشتر سا ئەگەر ــ جەستەی تەنیاییت هەیە. بگەڕێوە تا قۆشمایەتی بکەین. کەڵپۆسی “فرمان” و “ئاوەڵفرمان” و “ئاوەڵناو” لەبەر داکەنین. پەڵاسی “ڕێزمان” ئاگر بدەین هەتا داب و دۆزی ناگوتن قڕان بکەین… وەرە و لەم ڕێچکەڕێیانەی ڕەز وەرە تا بەرەو ئەوبەری ئەوینداریی داگەڕێین! هەڵا و های دڵانخوازیی! ڕۆشتنی بە باڵای ئێمە، بەڵام هاتنەوەی نەک ئەڵێی لەسەر ئێمە…

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

فروش ۴۹۷ میلیارد تومانی در ۱۰ روز فعالیت نمایشگاه کتاب

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *